#بۆکان# یەکێکە لە شارە خۆش و دڵڕفێنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە دەکەوێتە پارێزگای #ورمێ# و سەعاتێک لە #مهاباد#ەوە دوورە. بۆکان جیا لە سروشتە ناوازە و مێژووە کۆنەکەی؛ چونکە زێدی گەورە هونەرمەندی کورد؛ #حەسەن زیرەک#ە، وەکوو شاری دەنگخۆشەکان ناسراوە. ئەم شارە جیا لە گەرووی بێهاوتای حەسەن زیرەک، چەندین گەرووی زێڕینی دیکەی لەخۆ گرتووە، کە وەکوو پێویست نەناسراون و نامۆ ماون. یەکێک لەو دەنگانە، کە چریکەیەکی ناوازەیە لە جیهانی گۆرانی و ئاوازی کوردی، سەعدوون عەسکەرییە.
ئەم هونەرمەندە لە ساڵی 1944 لە شاری بۆکان چاوی بە دنیا رۆشن دەبێتەوە؛ منداڵێکی هاروهاج، بەڵام دڵناسک دەبێ. هەر لە منداڵییەوە تاقەتی دەرسخوێندنی نابێ و قوتابخانە بەجێدێڵێ. رۆژانە خەریکی فرۆشتنی وردەواڵە دەبێ و شەوانیش دەست دەکات بە فرۆشتنی چەرەسات لەناو چایخانەکان، کە لەو سەردەمەدا بەیتبێژ و گۆرانیچڕەکان تێیدا تا درەنگانی شەو خەڵکیان بە دەنگە خۆشەکانیان سەرقاڵ دەکرد. ماڵی سەعدوون عەسکەری لە گەڕەکێک بەناوی (حەسارەگەورە) بووە، کە زیاترین سەوزەواتی بۆکان لەوێ دەچنرا و سەعدوونی مێرمنداڵیش هەموو رۆژێک عەرەبانەیەکی لەو سەوزەواتە پڕ دەکرد و لەناو گوند و کووچە و کۆڵانەکان دەگەڕا و بەدەم گۆرانیچڕینەوە خەڵکی لەدەوری کۆدەبوونەوە و سەوزەواتەکەی پێ دەفرۆشتن.
لە تەمەنی پازدە ساڵان لە کارگەی تووتن و دوخانیاتی بۆکان وەکوو کرێکار وەرگیرا، بەڵام مانگێکی نەخایاند سەری خۆی هەڵگرت و بزر بوو و کەس نەیدەزانی ماوە یان مردووە؛ تا دوو ساڵ دواتر کەسێک بەناو هەمزەی حەمیدی بە بنەماڵەی گوت، لەناو فرۆکەخانەی تاران بینیویە خەریکی بۆیاخچێتی بووە. دواتر تاران بەجێ دێڵێ و روو دەکاتە ماڵی کەسێک بەناو (مەشەدی سمایل) لە شاری #تەورێز#. مەشەدی سمایل، سەعدوون عەسکەری دەکاتە کوڕی خۆی و هەموو کارێکی بۆ دەکا. لەوێ فێری زمانی تورکی دەبێ و جاروباریش بە تورکی دەچڕێ، بەڵام دوای نۆ ساڵ، تاقەتی شاری تەورێزی نامێنێ و روو دەکاتە شاری #سەلماس#، لە شاری سەلماس عاشقی کچێک دەبێ و ئەو عەشقە وا فێری تورکیچڕینی دەکات، کە کەس نازانێ کوردە.
ئەم هونەرمەندە باشترین گۆرانییە تورکییەکان لەو شارە بۆ دڵدارەکەی دەچڕێ. سێ ساڵ لە سەلماس دەبێ و دواتر دەچێتە شاری #شیراز#. لە شاری شیراز دەبێتە پینەچی، لە شیرازیش سێ ساڵ دەمێنێتەوە و دیسان دەگەڕێتەوە بۆ شاری سەلماس. بۆ ماوەیەک لە #سابڵاغ# دەبێ، کە کەس و کاری پێی دەزانن و دوای 17ساڵ دەیگەڕێننەوە بۆ ماڵەکەیان لە بۆکان.
ئەم هونەرمەندە بە زمانی کوردی و فارسی و تورکی گۆرانی دەچڕێ، بەڵام ناهێڵێ کەس دەنگی تۆمار بکا و تەنیا بۆ دڵی خۆی و لەناو کۆڕ و مەجلیسی هاوڕێیانی نزیکی گۆرانی دەچڕێ و هەر کەس بیویستایە دەنگی تۆمار بکا لێی تووڕە دەبوو، بەڵام لە ساڵی 1980 بۆ ئەوەی یارمەتیی دارایی دوو ژەنیاری هاوڕێی بەناوەکانی عەبەبچکۆلی تەپڵژەن و تۆفیقی تارژەن بدات، دوو کاسێت تۆمار دەکات و پێیان دەبەخشێ، تا لە رێی فرۆشتنی ئەو دوو کاسێتەوە تۆزێک باری داراییان باشتر ببێ.
ئەم هونەرمەندە ئەگەرچی ئێستا زیاتر لە 80 ساڵی تەمەنە، بەڵام هێشتا گەرووێکی زێڕینی هەیە و هەگبەیەکە لە گۆرانیی کوردی و فارسی و تورکی و یەکێکە لە ئەستێرەکانی جیهانی هونەر و گۆرانیی کوردستان ،کە وەکوو پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە و نامۆ و غەریب ماوە. [1]
ئامادەکردنی: #عەزیز مورادی#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=