ڤانە حەمە
#بەختیار هەڵەبجەیی# ، پەیکەرتاش و هونەرمەند لە هەرێمی کوردستان، ماوەی نزیکەی 20 ساڵە بەچڕی هەوڵیداوە بۆ ئەوەی یەکێک لەپەیکەرەکانی کە لەسەر بنەمای شێوەی قوربانیانی ئەنفال درووستیکردووە بکاتە ڕەمزی ناساندنی ئەنفالی هەر ناوچە، گوند، یان شارێک کە ئەنفال کراوە.
بەختیار هەڵەبجەیی، کە خۆی هیچ کەسێکی ئەنفال نەکراوە، بەڵام دەڵێت پێویستە ڕەمزی ئەنفال لە هەموو ناوچەکان هەبێت «من هەموو ئەنفالکراوەکان بە کەسی خۆم دەزانم. تا ئێستا هونەرمەندەکە شەش پەیکەری لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان داناوە و دەڵێت بەنیازە پەیکەرێکیش لەشەنگال دابنێت.
هاووڵاتی: ئەم پەیکەرەی ئەنفال لە کوێوە بیرۆکەکەیت بۆ هات کە دواتر کردت بەڕەمزی ئەو ناوچانەی ئەنفال تێیدا ڕوویداوە؟
بەختیار هەڵەبجەیی: نزیکەی بیست ساڵ لەمەوبەر، بەهۆی بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنییەوە کەدەربارەی نوگرە سەلمان و ئەنفال بوو بیرۆکەی ئەم کارەم بۆ هات و زۆر کاری تێکردم، لە دوای ئەوەوە بیرم لەوە کردەوە کارێک بۆ ئەنفال بکەم و ماوەیەکی زۆری خایاند تاوەکوو کارەکەمم دیزاین کرد.
هاووڵاتی: مانای ئەم پەیکەرە چییە کە درووستت کردووە و چۆن ڕەنگدانەوەی تاوانی ئەنفالە؟
بەختیار هەڵەبجەیی: دەبێت سەرەتا باسی پڕۆسەی ئەنفال بکەم، ئەوەی لەئەنفالدا کراوە لە شوێنەکانی دیکەی جیهاندا ئەو تاوانانە بەجیاواز کراوە، بۆ نموونە هۆڵۆکۆستی جوویەکان. ئەوان بەچەند شێوەیەک مرۆڤیان لەناوبردووە یەکێک لەوانە خستویاننەتە ناو هۆڵێکەوەو بەهۆی دوکەڵی ئۆتۆمبیلەوە خنکاندویانن، یان کردویاننەتە کورەوە، یان بە ڕەمییکردن ئەو کۆمەڵکوژیانەیان ئەنجامداوە؛ بەڵام ئەگەر سەیری گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفال بکەین، مرۆڤەکان دەست و چاویان بەستراون و ڕەمییان کردوون پاشان خۆڵیان کردووە بەسەریاندا، تۆ کاتێک گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵدەدەیتەوە کەلەیەکی سەر دەبینی پەڕۆیەکی پێوە بەستراوە، منیش لەوەوە دیزاینی پەیکەرەکەمم وەرگرت، ئەم کە لە سەرەم دیزاین کرد کەچاوی بەستراوە و دواتر وەک کۆتر یان پەپولە باڵم بۆ درووستکرد و قەدێکم بۆ درووستکرد. بیرۆکەی باڵەکانی گوزارشت لەوە دەکات ئەو کەسانەی ئەنفال کراون کەسانی سڤیل و بێگوناح بوون کەخەریکی کاری شوانکارەیی و کشتوکاڵ بوون کە بەو جۆرە کۆمەڵکوژ کران.
هاووڵاتی: چۆن بڕیارتدا لە هەر جێگایەکی کە ئەنفال کراوە دایبنێیت، تاوەکوو ئێستا لە چەند شوێن داتناوە؟
بەختیار هەڵەبجەیی: ساڵی 2004 پێشانگایەک کرایەوە ، نمایشی کارەکەمم کرد بەڵام کارەکە هەڵنەبژێردرا نازانم بەچ هۆکارێک بوو بابەتەکە تاڕادەیەک کەسیی بوو، بەڵام ساڵی 2005 کاتێک بەتەواوی گەڕامەوە بیرم لەوە کردەوە خۆم و برادەرەکانم هەوڵبدەین بۆ ئەوەی هەر پەیکەریک لە شوێنێکی کە ئەنفال کراوە دابنێم، چونکە ئەنفال لە چەندین شوێنی جیاوازدا ئەنجامدراوە بۆ نموونە هەڵەبجە، بالیسان، چەمچمەماڵ، بادینان هەمووی ئەنفالی کراون، خۆشبەختانە لە چەندین جێگا دام ناوە تا ئێستا کەژمارەیان « شەش» پەیکەرە.
هاووڵاتی: چۆن پەیکەرەکانت دانا، حکومەت هاوکارت بووە؟
بەختیار هەڵەبەجەیی: کارەکان بەشێکی زۆریان بەهۆی کەسانی سەرمایەدار یان برادەر ئەنجامم داون، هەندێکیشیان وەک پەیکەرەکەی هەڵەبجە تەنیا پارەی کەرەستەکانی پەیکەرەکەمم بۆ سەرفکراوە. دوو کاری دیکەشم بۆ ناوچانەی بەرزان وەزارەتی شەهیدان لە ئەستۆیان گرت، جگە لەمانە کارێکیانم کە لەدهۆک دام نا نازانم بەهۆی ئەوەی من لە سلێمانییەوە بووم و ئەو کارەم کردووە کەمێک تەگەرەیان خستە بەردەمم، بەڵام من کۆڵم نەدا و دام نا چونکە من کارەکەم نیشتمانییە.
هاووڵاتی: بۆچی بیرت لەوە کردەوە کەهەر شوێنێک ئەنفالی تێداکراوە لەوێ دایبنێیت؟
بەختیار هەڵەبجەیی: من ئەو پەیکەرەم وەک ئەوە داناوە کاتێک دەچیتە ئەو ناوچانە بزاندرێت کە ئەنفال لەو شوێنە کراوە، واتە بۆ نموونە ئەگەر گەشتیارێکی بیانیش کاتێک دێتە ئەو ناوچانە یەکسەر بزانێت وەک هەر هێمایەکی فەرمی کە بۆ بابەتە جیاوازەکان دادەنرێت.
هاووڵاتی: جگە لەم شوێنانە داتناوە، پلانت هەیە لە هیچ شوێنێکی دیکە دایبنێیت؟
بەختیار هەڵەبجەیی: ئێستا هەوڵ دەدەم بیبەم بۆ شنگال، بەڵام کارەکە لە ئێستادا سەختە چونکە دۆخی ئەمنی و داراییش گرفتە بەڵام هەر لەهەوڵدام.
هاووڵاتی: زۆر بەقووڵی کارت لەسەر ئەم پەیکەرە کردووە، ئایا خۆت کەسێکت لەئەنفالدا لەدەستداوە؟
بەختیار هەڵەبجەیی: نەخێر وەک خۆم کەسی نزیک و دەرەجە یەکم ئەنفال نەکراون، بەڵام هەموو ئەوانەی کە کۆمەڵکوژ کراون هەموویان بەکەسی خۆم دەزانم، ئەوەی داعش بردویەتی و کۆمەڵکوژی کردوون هەمووی خوشک و برای منن، ئەگەر من هەموویان بەکەسی خۆم نەزانم مرۆڤ بوونم لە کوێدایە.
هاووڵاتی: ئەو شوێنانەی پەیکەرەکەت بۆ داناوە و پێشکەشت کردوون چی زۆر سەرنجی ڕاکێشاویت لەبارەی ئەو ناوچانەوە؟
بەختیار هەڵەبجەیی: هەموویان بێ خزمەتن و وەزارەتی شەهیدان و حکومەت پشتگوێیان خستوون، هەندێک گوند هەن کە شەوو ڕۆژ خزمەتی پێشمەرگەیان کردووە هەر شەقامەکانیشیان بۆ قیرتاو نەکراون، خۆ ئەگەر ناوچەکانی دیکە قیرتاویش کرابن ئەوە لەئاستی پێویست نییە ئەو خزمەتانە.
هاووڵاتی: پێشوازی خەڵک چی بووە بۆ ئەو شوێنانەی کە پەیکەرەکەت داناوە؟
بەختیار هەڵەبجەیی: هەموویان کەسی سادەن و زۆر پێشوازیان لێکردووم و میوانداریان کردووم کە ئەو کارەم پێشکەش کردوون، من دەمەوێت لەشێوەی هێمایەک یان لۆگۆیەکدا بیخەمە سەر دەرگای هەر ماڵێک کە شەهیدیان هەیە و کەسانێکیان ئەنفال کراوە.
هاووڵاتی: کارەکانت لە چەند پێشانگەدا نمایش کردوون تا ئێستا، ئایا داهاتێکی وەهایان هەبووە کە بتوانیت سوودیان لێوەرگریت؟
بەختیار هەڵەبجەیی: تاوەکوو ئێستا لە ناوخۆی ئێراق و هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش نزیکەی سەدو بیست پێشانگە بەشداریم کردووە، بەڵام بەداخەوە داهاتی ماددی وەهایان نەبووە ئەگەر بەختت هەبێت کارەکەت دەفرۆشرێت بەڵام ئەوە زەحمەتە لای ئێمە چونکە هونەر جارێکە لێرە نەگەشتووەتە ئەو ئاستە.
هاووڵاتی: هەموو کارێکی هونەری چیرۆک و مەبەستێکیان لە پشتە، لەکارەکانتدا چ ژانرایەک زۆر گرنگیت پێداوە؟
بەختیار هەڵەبجەیی: کارەکان فرە لایەنەن، بەڵام جگە لەم کارەی ئەنفالم کارەکانم لەسەر خوێندنەوە و ژن زۆر کردووە، چونکە ژن زۆر بەنرخە بەڵام بەداخەوە لای ئێمە زۆر دەچەوسێندرێتەوە.
هاووڵاتی: چۆن دەستت کردووە بەکاری پەیکەرتاشی، ئەکادیمی خوێندووتە یاخود تەنیا بەهۆی حەز و خولیاوە هاتوویتە ناو ئەم کارەوە؟
بەختیار هەڵەبجەیی: لەوەتەی چاوم کردووەتەوە لە منداڵییەوە لە کاتی خوێندنگەی سەرەتاییەوە هەر حەزم بەم کارە بووە و کاری سادەم دەستپێکردووە، من لە بەردەکان پەیکەرم دەتاشی، لەخوێندنگەشدا مامۆستاکانم زۆر گرنگیان پێداوم. بەڵام من ئەم کارەم بە ئەکادیمی نەخوێندووە و بەشێکی پزیشکیم خوێندووە لە زانکۆ، چونکە ئەو کاتەی من لە قۆناغی سێی دواناوەندی بووم دۆخەکە نالەبار بوو کیمیاباران و ڕاکردن بۆ ئێرانی بەسەردا هات، دواتر کە گەڕاینەوە تەنیا پەیمانگای مامۆستایان و هونەرە جوانەکان هەبوون کە بچم بەڵام من منداڵی هەڵەبجە بووم وەرنەدەگیرام بۆ ئەوەی باسی ئەو تاوانانە نەکەین دوریان دەخستینەوە. هەر بۆیە لەبەر ئەوەی نەمبەنە عەسکەر چووم بۆ بوارە پزیشکییە و خوێندم.
هاووڵاتی: هیچ لەو بوارەدا کارت کردووە کە دوور بووە لەحەزی خۆت؟
بەختیار هەڵەبجەیی: بەڵێ من ماوەیەک پێشمەرگە بووم و لە نەخۆشخانەشدا کارم کردووە، ئەزموونێکی خۆش و پیرۆز بوو.
هاووڵاتی: لەم کارەتدا کە بوارەکەت هونەریە، گەشتویت بەو ئاستەی خۆت دەتەوێت؟
بەختیار هەڵەبجەیی: نەخێر چونکە هونەر هەمیشە لەبرەودایە و ئاستیک نییە بڵێی تەواو، ئەگەر دەربارەی ئێرە قسەبکەم هەستەکەم دەبێت بڵێم ئاستەکەمان سفرە، چونکە لێرە هونەر زۆر کۆت و بەند دەکرێت هەم لەڕووی ئایین و کوولتورەوە، هەمیش لەڕووی حکومەتەوە پستگوێ خراون، ئەکادیمیاکانیش لەئاستی پێویست نین.
هاووڵاتی: ئەو کارانەی بۆ تاوانەکانی دژی کورد کردووتە تەنیا ئەم پەیەکەرەی ئەنفالە، یاخود پڕۆژەی دیکەتان هەیە؟
بەختیار هەڵەبجەیی: بۆ کیمیابارانی هەڵبجەش کارێکی لەو جۆرەم کردووە، پەیەکەریکە لە شێوەی ڕێنیشاندەر « جی پی ئێس» درووستم کردووە کە ئاماژە بەو بۆمبانە دەکات کە لەو گەڕەکانە بەردراوەتەوە لەگەڵ ژمارە و ناوی قوربانییەکان و گەڕەکەکە، دەمەوێت لە جیگای هەر 22 بۆمبەکە دایانبنیم.[1]