بەوتەی ئەمینداری گشتی #وەزارەتی پێشمەرگە#، ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە دەگاتە 200 هەزار کەس. ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ڕێژەی کورد لە سوپا و هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێراق کەمبووەتەوە بۆ لەسەدا دو. هاوکات باسلەوەش دەکات کە حکومەتی ناوەند دەیان ملیۆن دینار قەرزاری پێشمەرگەیە.
#هەولێر#، ئاوێنەنیوز: حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ درووستکردنی هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرت و دەکات کە ئێستاشی لەگەڵدابێ بەهۆی شەڕی ناوخۆو ڕووداوەکانی پێش ساڵی 1998 ئەو هێزە سەربە حزبەکان بوون و هێشتاش بەشێکیان لەو چوارچێوەیەدان.
پڕۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە ساڵی 2010وە دەستی پێ کردووە، لە کۆتایی ئەمساڵدا 13 لیوای تەواودەبێت و کۆتایی پڕۆسەکەش بەپێکهێنانی 22 لیوای یەکگرتوی پێشمەرگە کە 20یان پیادەو دوو لیوای پشتیوانی پێکدێت.
سەبارەت بەهەنگاوەکانی پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، ئاژانسی ئەنادۆڵ لەزاری فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەوە بڵاویکردووەتەوە کە بەهۆی توانای دیاریکراوی ماڵی وەزارەت و نەبوونی سەربازگەی پێویست، پڕۆسەی یەکسختنەوەی پێشمەرگە دوا دەکەوێت و بەخێرایی ناچێتە پێشەوە.
لەو ڕوەوە ڕایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان بەنیازە 22 لیوای پێشمەرگە دابمەزرێنی و ئێستا 13یان تەواوبوون. بەگشتی لیواکان 160 هەزار پێشمەرگە لەخۆ دەگرن.
جەبار یاوەر لەبارەی ژمارەی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئێستا ژمارەیان دەگاتە 120 هەزار کەس، بێجگە لە 40 هەزار پێشمەرگەی دیکە کە هێزی یەدەگن، هەروەها 40 هەزار پێشمەرگەی خانەنشین. کۆی گشتی دەگاتە 200 هەزار پێشمەرگە.
ئەگەرچی ساڵی 2007 بودجەی گشتی ئێراق بەبڕگەیەک ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە هێزی پێشمەرگە بەشێکە لەسیستمی بەرگری ئێراق و دەبێت لەبودجەی سیادی بودجەیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێن لەو کاتەوە هیچ بودجەیەک بۆ پێشمەرگە تەرخاننەکراوە.
یاوەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە ساڵی 2007وە هیچ بڕە بودجەیەکیان لە ئێراق وەرنەگرتووە کە دەگاتە 13 تریلیۆن دینار. ئەو دەڵێت: پێشمەرگە بەشێکە لەسیستمی بەرگریی ئێراق لە ساڵی 2004وە تا 2013 بڕی 13 تریلیۆن دینار پشکی پێشمەرگەیە لەو بودجەیە، ئەگەر هیی ساڵی 2014شی بخرێتە سەر دەکاتە 15تریلیۆن دینار کە هیچی بەپێشمەرگە نەدراوە.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونیدەکاتەوە کە ساڵانە حکومەتی هەرێم لە ڕێی بڕینی بەشێ لەبودجەی وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان، بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە پێکدێنێت، ئەو بودجەیەش نیوەی پێداویستییەکانی ئێمە دابین ناکات.
لە دەستووری ئێراقدا کە ساڵی 2005 لەراپرسییەکی گشتیدا لەلایەن ئێراقییەکانەوە پەسەند کرا، پێشمەرگە بەهێزێکی یاسایی و دەستووریی دەناسێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە باسلەوە دەکات کە یاداشتی لێکتێگەیشتینیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ئێراق هەیە کە ژمارەی هێزەکانیان 120 هەزار کەس بێ بۆ ئەوەی هەرێم بەباشی بپارێزن لەمەترسییەکانی تیرۆر بەهۆی نزیکیی هەرێم لە چەند پارێزگایەکی جێ مەترسیی ئێراق. [1]
#18-12-2013#