تەنیا ئەحمەد
سەرۆکی لیژنەی سیاسیی یەکێتیی ئەوروپا لە ژووری نوێنەرانی ئیتاڵیا هیوای دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەخوازێت و دەڵێت: ئەو دەوڵەتە بۆ سەقامگیربوونی ناوچەکە گرنگە. لەبارەی ڕۆژاوای کوردستانیشەوە ڕایگەیاند: هیوادارین هاوشێوەی هەرێمی کوردستانی ئێراق، هەرێمێکی بەهێز بە توانای بەڕێوەبردن و یاسادانان لە سووریاش هەبێت.
ڕۆژی شەممە، #11-01-2025# ، ئەلێساندەر جیلۆ ڤینیا، سەرۆکی لیژنەی سیاسیی یەکێتیی ئەوروپا لە ژووری نوێنەرانی ئیتاڵیا و بەرپرس لە کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا -لقی ئیتاڵیا بە ڕووداوی گوت: دامەزراندنی دەوڵەتێکی فیدراڵیی کوردی کە لەلایەن کوردەوە بەڕێوە ببردرێت، هۆکارێکی زیاتری سەقامگیری دەبێت بۆ ئەو ناوچەیەی کە ئەمڕۆ بە تووندی تووشی ناکۆکی و دۆخی جۆراوجۆر بووە.
ڤینیا لەبارەی ڕۆژاوای کوردستان لەم دۆخەی ئێستای سووریا وتی: ئەوەی ئێمە وەک پەڕڵەمانتارانی ئیتاڵی و دامەزراوە ئیتاڵییەکان هیوای بۆ دەخوازین ئەوەیە کە هاوشێوەی ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێراق هەیە بە دەسەڵاتێکی هەرێمیی بەهێز، دەسەڵاتێکی هەرێمیی کوردی گرنگ بە توانای بەڕێوەبردن و یاسادانان هەیە، لە سووریاش ڕووبدات. بۆ کوردی سووریاش، دەوڵەتێکی فیدراڵی هەرێمێک بە خۆبەڕێوەبەریی و یاسادانان هەبێت.
بەرپرسە ئیتاڵییەکە ستایشی ئازایەتیی کورد لە شەڕی دژی داعش دەکات و دەڵێت: ئەوروپا دەزانێت و ئەمریکاش دەزانێت کە گەلی ئازای کورد دژی سەربڕەکانی داعش بەرگرییان لە وڵاتانی ڕۆژاوا کرد. ژن و پیاوی هێزە کوردییەکان لەگەڵ سەربڕەکانی داعش شەڕی دەستەویەخەیان کرد. ڕۆژاوا ناتوانێت ئەمە لەبیر بکات.
ڕێکەوتی #08-12-2024# چەکدارانی هەتەشە چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە ڕژێمی 24 ساڵەی بەشار ئەسەد هێنا. ئێستا ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی ڕاگوزەری سووریا لە دەسەڵاتدایە و خەریکە پەیتاپەیتا پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان درووستدەکات.
ئەلێساندەر جیلۆ ڤینیا وتی: ئەوەی ئێستا سووریا بەڕێوەدەبات هێشتا بۆ ئیتاڵیا، ئەوروپا، ئەمریکا و بۆ جیهانی ڕۆژاوا نادیارە کە چۆنە. چەندە دەتوانین گفتوگۆ لەگەڵ ئەم شێوازە نوێیەی دەوڵەت بکەین؟ چەندە دەتوانین پەیوەندیمان لەگەڵ ئەم حکومەتە نوێیەدا هەبێت؟ هەمووی هێشتا لە قۆناخی سەرەتادایە و نادیارە. لە ڕوانگەی ڕۆژاواوە، زۆر گرنگە سووریا بەرەو دەوڵەتێکی فیدراڵی بڕوات کە تێیدا ناوچە جۆراوجۆرەکان، نەتەوە جیاوازەکان و کولتوورە جیاوازەکان نوێنەرایەتیی خۆیان تێدا هەبێت. دیارە بەتایبەتیی بیر لەو بەشەی کوردستان دەکەینەوە کە ئەمڕۆ لە سنوورەکانی سووریای نوێدایە.
دەقی لێدوانەکەی ئەلێساندەر جیلۆ ڤینیا:
ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا بێگومان کێشەیە بۆ مۆسکۆ. پووتین هاوپەیمانێکی گرنگی لەدەستدا. ڕووسیا دۆستایەتیی وڵاتێک، ناوچەیەکی ستراتیجی و دەرچەیەک بۆ دەریایەکی گرنگی لەدەستدا. لە ڕوانگەی ئەوروپا و ئەمریکاوە، ئەم بابەتە ناکرێت پشتگوێ بخرێت. کەواتە لە دیدی ڕۆژاواوە، ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد شتێکی ئەرێنییە؛ خاڵێکە بە قازانجی ڕۆژاوا دژی ڕووسیا و دژی پووتین. ئەمە هۆکارێکە کە هەر لێکدانەوەیەک لەسەر ئەو ناوچەیە و بەتایبەت سووریا دەبێت لێیەوە دەست پێبکات. هەروەها ڕاستە کە دەوڵەتی نوێ، شێوازی نوێی بەڕێوەبردن، ئەوەی ئێستا سووریا بەڕێوەدەبات، هێشتا نادیارە بۆ ئیتاڵیا، بۆ ئەوروپا، بۆ ئەمریکا، بۆ جیهانی ڕۆژاوا کە چۆنە. چەندە دەتوانین گفتوگۆ لەگەڵ ئەم شێوازە نوێیەی دەوڵەت بکەین، چەندە دەتوانین پەیوەندیمان لەگەڵ ئەم حکومەتە نوێیەدا هەبێت، هەمووی هێشتا لە قۆناخی سەرەتادایە و نادیارە. لەم بارەیەوە، دیارە بەتایبەتیی بیر لەو بەشەی کوردستان دەکەینەوە کە ئەمڕۆ لە سنوورەکانی سووریای نوێدایە.
ئەوروپا دەزانێت، ئەمریکاش دەیزانێت کە گەلی ئازای کورد دژی سەربڕەکانی داعش بەرگری لە وڵاتانی ڕۆژاوا کرد؛ ژن و پیاوانی هێزە کوردییەکان لەگەڵ سەربڕەکانی داعش دەستەویەخە شەڕیان کرد؛ ڕۆژاوا ناتوانێت ئەوە لەبیر بکات. ئەوەی ئێمە وەک پەڕڵەمانتارانی ئیتاڵی، ئەوەی زۆرینەی پەڕڵەمان و دامەزراوە ئیتاڵییەکان هیوای بۆ دەخوازین ئەوەیە کە هاوشێوەی ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێراق هەیە، دەسەڵاتێکی هەرێمیی بەهێز، دەسەڵاتێکی هەرێمیی کوردی گرنگ بە توانای بەڕێوەبردن و یاسادانان، لە سووریاش ڕووبدات. بۆ کوردانی سووریاش، دەوڵەتێکی فیدراڵ، هەرێمێک بە خۆبەڕێوەبەریی بەڕێوەبردن و یاسادانان هەبێت. ئەمڕۆ دەزانین کە ناکۆکی هەیە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس، لەنێوان دەوڵەتی دیموکراسیی ئیسرائیل و تیرۆریستانی حەماس. دامەزراندنی دەوڵەتێکی فیدراڵیی کوردی کە لەلایەن کوردەوە بەڕێوە ببردرێت، هۆکارێکی زیاتری سەقامگیری دەبێت بۆ ئەو ناوچەیەی کە ئەمڕۆ بە تووندی تووشی ناکۆکی و دۆخی جۆراوجۆر بووە.
کەواتە لە کاتێکدا دیپلۆماتەکان خەریکی کارن، هەموو شتێک هێشتا زۆر ناجێگیرە. هەڵوێستی فەرمیی وڵاتە جیاوازەکان لەم کاتەدا بێگومان لەلایەنی پاراستنی زیاتر و خۆبەڕێوەبەریی زیاترە بۆ گەلی کورد. لەلایەنی سووریاوە، هیوای زۆرێک لە پەڕڵەمانتاران و هاووڵاتییانی ئیتاڵی ئەوەیە کە کوردانی سووریا دەرفەتی خۆبەڕێوەبەرییان لەنێو دەوڵەتی نوێدا هەبێت. ڕایدەگەیەنم کە لێرە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی کۆماریی ئیتاڵیا، گرووپی دۆستایەتی ئیتاڵیا-کوردستان دامەزراوە، گرووپێکی دۆستایەتی کە بە هاوکاری و یارمەتیی نوێنەرانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی ئێراق لێرە لە ڕۆما پشتیوانی دەکرێت. بەم زووانە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکی دۆستانەی گرنگ لەنێوان هەردوو گەلەکەماندا، کۆبوونەیەکمان دەبێت.[1]