شاعیر و ڕۆشنبیری گەورەی کورد.
خانی ناوی ئەحمەد بووە، کوڕی ئەلیاس کوڕی ڕۆستەم نازناوی هەڵبەستی لە هۆزی خانیان وەرگرتووە، بەشێکی ئەم هۆزە لە دەوروبەری ناوچەی #بۆتان# بوون، بەڵام بنەماڵەی شاعیر باریان کردووە بۆ شاری #بایەزید#.
ئەحمەدی خانی لە ساڵی 1650 لە شاری بایەزید لە دایک بووە، وەک لە سەرچاوەکانی ژیانی و کردەوە ئەدەبییەکانی شاعیر دەردەکەوێت باب و باپیرانی لە ڕووی داراییەوە ژیانیان ئاسان بووە و بە بەختیاری ژیاون. ئەحمەدی خانی هەموو ژیانی بۆ خوێندەواری و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری و هۆشیاریی سیاسی خەرج کردووە لە کۆمەڵی کوردەواریدا. ئەمە دوو لایەنی ڕووناکی بووە، یەکەمیان بەرهەمهێنانی داهێنانی ئەدەبی، واتە هەڵبەستی، دووەمیان فێرکردن و پێگەیاندنی منداڵان و لاوی کورد لە ڕووی خوێندەوارییەوە.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/1750/0003.JPG=KTML_Photo_Alt=ئەحمەدی خانی=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/1750/0003.JPG=KTML_Photo_End=
شاعیر لە مەڵبەندی لە دایکبوونی، شاری بایەزید، لە ساڵی 1707 کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێش نێژراوە، ئەو زانیارییانەی لە ناوەوەن ئەم مێژووە ڕاست دەزانن، جگە لەمە بەڵگەیێکی تریشمان بەدەستەوەیە، پشتگیری ئەم ڕایە دەکات ئەویش ڕستەی عەرەبی (طار خانی الی وبە) کە بۆ مردنی شاعیر دانراوە بە حسێبی ئەبجەد دەکاتە ساڵی (1119ه)، ئەم ساڵە بەرانبەر بە ساڵی 1707ی کریستێدانییە و ڕاستتر کەوتووەتە نێوان هەردوو ساڵی 1707 و 1708.
کوردایەتی و زمانی کوردی:
لە پەرتووکی (دیالۆگ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)دا نووسراوە: ئەحمەدی خانی هەر لە سەرەتاوە دەیزانی کە کەلووپەلی کوردی بازاڕیان نییە، واتە ئەو پەرتووکانەی کە بە کوردی نووسیبوونی نەیاندەتوانی بگەنە ژمارەیەکی زۆر خوێنەر، ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، لەلایەک ئەو کۆمەڵگەیەی کە ئەحمەدی خانی تێدا دەژیا، بەشی هەرەزۆریان نەخوێندەواربوون و لەلایەکی دیکەشەوە زمانی نووسین و خوێندنی ئەو سەردەمە زیاتر بە عەرەبی و فارسی بوو، نووسەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش بەنووسەرانی کوردیشەوە بەو زمانانە پەرتووکیان نووسیوە.
ئەحمەدی خانی یەکەم شاعیرە کە گلەیی لەسەرۆک هۆزەکانی کورد دەکات لە بەرانبەر یەکنەگرتنیان و پشتبەستنیان بەنەیارانی گەلی کورد ئەو وتوویەتی:
گەر دێ هەبوا مە ئیتیفاقەک
ڤێگرا بکرا مە ئینقیادەک
ڕوم و عەرەب و عەجەم تەمامی
هەمیا ژ مە تا دکر غولامی
تەکمیل دکر مە دین و دەولەت
تەحلیل دکر مە عیلم و حیکمەت
ئەحمەدی خانی، گرنگییەکی زۆری بە زمانی کوردیی داوە و کاتێک بە زمانی کوردی هەڵبەستی نووسیەوە، تەنیا هەربۆ ئەوە نەبووە کە بەو زمانە بنووسێت، بەڵکوو بە کوردیی نووسینی وەکوو هەڵوێستێک بووە لە دژی دەسەڵاتداران، هاوکات وەکوو ڕەخنەیەکیش لەکوردەکان بەکاریهێناوە، چونکە خانی پێیوابووە کە زوو خۆیان دەدەنە دەست ئاغاو دەسەڵاتدارە بێگانەکان.
بەرهەمەکانی:
عەقیدەیا ئیمانێ، بەپەخشان و هۆنراوە سەبارەت بەپێنج کۆڵەکەی ئیمان لەئیسلامدا نووسراوە. ساڵی 2000 لەسوید چاپکراوە.
نووبەهارا بچووکان، 1683، فەرهەنگۆکێکی عەرەبی کوردی کە بەهەڵبەست، بۆ منداڵانی کوردی داناوە کە فێری زمانی عەرەبی ببن کە ئەو سەردەمە زمانی دین و زانست بووە. یەکەمجار لە ساڵی 1926 لەڕەواندز چاپکراوە.
مەم و زین، ساڵی 1692، یەکەمجار لە ساڵی 1919 لەئەستەنبوڵ چاپکراوە.[1]