دیسان هەر لە قسەی گوێ ئاگردانی کوردییە ئەڵێ:
کابرایەک لەو دەشتە، بڕە مەڕێکی هەبوو، یەکێ لە مەڕەکانی لە شەوی نەورۆزا زا و بەرخێکی هێنا، کابرا دەستبەجێ کێردێکی هەڵگرت و چووە سەر بەرخەکە سەری ببڕێ، بەرخە هاتە زمان و وتی: ئەوە چی ئەکەی؟ کابرا وتی: چی ئەکەم؟ سەرت ئەبڕم و ئەتخۆم! بەرخە وتی: کاکە برا تۆ ئەزانی من ئێستا پێم ناوەتە ئەم دنیایە، نازانم دنیا چۆنە و چۆن نییە، هەر ئەوەندە ئەزانم تاریکە، بۆچی دنیا هەر وایە؟ وتی: وا نییە ئەمە شەوە، بۆیە تاریکە، کە کەوتینە ڕۆژ دونیایەکی ڕووناکترە. وتی: کە واتە سەرم مەبڕە با ئەو دنیا ڕووناکەش ببینم! وتی: باشە. ئەو شەوە لێی گەڕا و ڕۆژ بۆوە. دنیایەکی ڕووناک هاتە پێشەوە، ئەو ڕۆژەش بەسەر چوو و کەوتنەوە شەوێ، کابرا بە خۆی و کێردەکەیەوە چووەوە سەری وتی: وا ڕۆژیش بەسەر چوو و کەوتینەوە شەوێ، ئیتر سەرت ئەبڕم. بەرخەکە وتی: کاکە، بۆچی ئەمە چ وەختێکە؟ کابرا وتی: ئەم وەختە سەرەتای بەهارە و دنیای دڵدارانە. وتی: کاکە تۆ ئەزانی من بەهارم نەدیوە، لێم گەڕێ با بەهار ببینم چۆنە و ئەو وەختە سەرم ببڕە! وتی: باشە. بەهار بەسەر چوو و کەوتنە هاوین. کابرا بە خۆی و کێردەکەیەوە چووە سەری، وتی: ئەوا بەهاریش بەسەر چوو، ئیتر سەرت ئەبڕم. وتی: بۆچی کەوتوینەتە کەی؟ وتی کەوتوینەتە هاوین. وتی: کاکە! تۆ ئەزانی من هاوینیشم نەدیوە، لێم گەڕێ با سروەی هاوینیش ببینم! وتی: باشە.
هاوین بەسەر چوو و کەوتنە پاییز. دیسان کێردی هەڵگرت و چووە سەری وتی: وا هاوین دوایی هات و ئەبێ سەرت ببڕم! وتی: بۆچ ئێستا واین لە چیا؟ وتی: واین لە پاییزدا و لە گەڵا خەزانی پاییزا. وتی: کاکەی بە دەورن! تۆ لە من چاکتر ئەزانی کە پاییزم نەدیوە، وازم لێ بێنە با پاییزیشم چاو پێ بکەوێ! وتی: باشە. پاییز بەسەر چوو و پێ نرایەوە زستان. کابرا کێردی هەڵگرت و چوو بۆ لای بەرخەکە. وتی: برا ئەوا پاییزیشت چاو پێ کەوت و پاییزیش بەسەر چوو، ئیتر سەرت ئەبڕم! وتی: بۆچی ئێستا چ وەختە؟ وتی: وەختی زستانە و کڵێڵەی کاوانە! وتی: کاکی مۆبەت خۆ ئەزانی کە من نە زستانم دیوە، نە کڵێڵەی کاوان! کە واتە لێم گەڕێ با ئەم زستانی توەش ببینم. وتی: باشە. زستان بەسەر چوو و کەوتنە شەوی نەورۆز و کەوتنە بەهار، کێردی هەڵگرت و چووەوە بۆ لای بەرخە، وتی:
ئەوا زستانیش بەسەر چوو، ئێستا چی ئەڵێی؟ وتی: بۆچی کەوتینە چی؟ وتی: کەوتینەوەی بەهار، وتی وەکوو بەهارەکەی پار؟ وتی: ئا. وتی: بۆچی شتی تر نەماوە؟ وتی: نەء. وتی: کە واتە ئیتر سەرم ببڕە، دنیا عیبارەتە لە شەو و ڕۆژ و چوار وەرزە، لە بەهار و هاوین و پاییز و زستان، هەر شتێکی تر بە شوێنیا بێت دەورکردنەوەیە. وە نەبێ شتێکی تازە بێت، لەگەڵ ئەوەشا هەر ئەم هەناسەیەیە کە تیایام، ئیشی خۆت بکە و خوات لەگەڵ![1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=
Questo articolo è stato scritto in (کوردیی ناوەڕاست) lingua, fare clic sull'icona

per aprire l'articolo in lingua originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Questo oggetto è stato visto volte 946
Scrivi il tuo commento su questo articolo!