=KTML_Bold=ئاییندەی سووریا و ڕۆژاوای کوردستان لەنێوان لامەرکەزی و جەنگێکی گەورەدا=KTML_End=
#کارزان گلی#
لە 2ی ئەیلوول، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا، لە کاتی گەڕانەوەیدا لە چین، لەناو فڕۆکە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان دەمەتەقێیەکی درێژی ئەنجامدا و باسی لە ڕۆژئاوای کوردستان و #هەسەدە# کرد، ئاماژەی دا هەر لایەنێک ڕوو لە ئەنکەرا و شام بکات دەیباتەوە، بەڵام ئەوانەی ڕووی قیبلەیان لێ تێکچووە بەدوای سەرۆکی تردا دەگەڕێن، ئەوان دەیدۆڕێنن. ئێمە دەمانەوێت هەموو ڕەنگەکانی سووریا یەک بخەین و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاش وەکوو ئێمە بیر دەکاتەوە“ ئەم گوتانەی ئەردۆغان و قسەی باسی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
#ساڵح موسلیم#، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی پەیەدە دەڵێت ”ئەگەر بێت و سووریا بەوە ڕازی نەبێت ڕۆژئاوای کوردستان لامەرکەزی بێت، ناچارین بیر لە سەربەخۆیی بکەینەوە“ جیا لەویش چەندین لێدوانی بەرپرسانی تورکیا و پەیەدە بەمدواییانە دەریدەخات، نێوان هەسەدە و حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا باش نییە، بۆیە باس لە ئەگەری پێکدادان دەکرێت.
ئەوەی ئاگری بە ناکۆکی نێوان هەسەدە و سووریادا کرد، لێدوانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بوو لە 2ی ئەیلوول، کاتێک گوتی: ”ئەگەر بێت و #یەپەگە# ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ سووریادا کردوویەتی جێبەجێی نەکات، ئەنکەرا و شام بەیەکەوە دەبێت دەستوەردانی سەربازی بکەن.“
مەسعوود یەگان، سیاسەتمەداری باکووری کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی (BBC) تورکی، پێیوایە ڕۆژئاوای کوردستان لەڕووی سەربازی و سیاسییەوە گۆڕانی بەسەردا دێت.
یەگان دەڵێت: ”ئەوەی لە 10ی 3 ڕوویدا، ڕێککەوتنی نێوان
مەزڵوم عەبدیمەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، ئێستا ئەو پەیوەندییە لە نێوانیاندا بوونی نەماوە“
لە ڕێککەوتنی نێوان شەرع و عەبدیدا هاتووە، هێزی هەسەدە دەچێتە سەر وەزارەتی بەرگریی، هەروەها هەموو سەرچاوە سروشتییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، دەبێت بدرێتە دەستی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا.
=KTML_Bold=کورد بڕوای بە شام نەماوە=KTML_End=
کۆنفڕانسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە هەموو پێکهاتەکانی کۆکردبووەوە، بەتایبەت دوورزییەکان و عەلەوییەکان، حکوومەتی سووریای توڕە کردووە، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بەشداری کۆبوونەوەی پاریس نەکەن، کە حکوومەتی فەڕەنسا ڕێکی خستبوو، تا ئەو دوو لایەنە بگەیەنێتە ڕێککەوتن.
ئاژنسی (فڕانس 24) بڵاوی کردبووە، لەو کۆنفڕانسەدا هەموو پێکهاتەکان داوایان لە حکوومەتی سووریا کردووە، دان بە لامەرکەزیدا بهێنێت و لە دەستووری تازەی سووریاشدا جێگەی بۆ بکاتەوە، ئەمەش نیگەرانی سووریای بەدوای خۆیدا هێنا.
بەبۆچوونی مەسعوود یەگان، دوای ئەوەی حکوومەتی ڕاگوزەر بەشێوەیەکی زۆر توند ڕووبەڕووی دوورزییەکان و عەلەوییەکان بووەوە، ئەمە کوردی زۆر نیگەران کرد و ترسیان لێ نیشت بەوەی شەرع ئەو سەرۆکە نییە بتوانێت بەیەک چاو سەری هەموو پێکهاتەکان بکات، بۆیە بەدەنگی بەرز ڕێککەوتنی 10ی 3یان ڕەتکردەوە.
شەرع، دوای ئەوەی لە #08-12-2024#، دەسەڵاتی گرتە دەست، بەڵێنیدا کە بەیەک چاو سەیری هەموو پێکهاتەکان بکات، بەڵام لەوەیاندا سەرکەوتوو نەبوو. مەزڵووم عەبدی، لە دیمانەیەکدا لە #01-08-2025# ئاماژەی دا، دوای ڕووداوەکەی سوەیدا کە زۆربەی دانیشتوانەکەی دوورزین، شەرع سەلماندی کە سیاسەتی دەرکردنی پێکهاتەکان پەیڕەو دەکات، بۆ ئەوەی سووریا ئارامی بەخۆیەوە ببینێت، پێویستە هەموو پێکهاتەکان لە باوەش بگرێت.
=KTML_Bold=سیاسییەکانی ئەمریکا قبوڵی لامەرکەزییانە بۆ سووریا=KTML_End=
سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە حکوومەتی شەرع گۆڕاوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەشێوەیەکی دڕندانە ڕووبەڕووی دوورزییەکان و عەلەوییەکان بووەوە. لامەرکەزیش بۆ کورد لای سیاسییەکانی ئەمریکا بەجیدی باسی لێوە دەکرێت. مێغان بۆدەیت، سەرۆکی ئەنیستیتۆی ئاشتی کورد لە لە واشنتۆن، پێیوایە پێویستە بەشێوەیەکی ئاشتیانە سووریا قبوڵی بێت ڕۆژئاوای کوردستان خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن، واتە لامەرکەزی پەیڕەو بکەن.
ئەو سیاسەتمەدارە دەڵێت: ”دوای ئەوەی لە سوەیدا حکوومەتی شەرع ئەو کوومەڵکووژییە نا مرۆڤانەی ئەنجامدا، سیاسییەکانی ئەمریکا دەگەنە ئەو بڕوایەی لامەرکەزی بۆ سووریا زۆر گرنگە و قسەی لەسەر دەکرێت.“
تۆم باراک، نوێنەری ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرکونسوڵی ئەمریکا لە تورکیا، پێشتر دەیگوت، ئەمریکا بەهەموو شێوەیەک دژی ئەوەیە کورد لە سوووریا داوای دەوڵەتێکی سەربەخۆ بکەن و دەیگوت دەبێت هەسەدە بچێتە سەر وەزارەتی بەرگری سوووریا، بەڵام دوای سوەیدا بۆچوونی گۆڕاوە و تۆنی قسەکانی لەبەرژەوەندی کوردە.
=KTML_Bold=ئایە تورکیا بیر لە ئۆپەڕاسیۆنی سەربازی دژی هەسەدە دەکاتەوە؟=KTML_End=
دەوڵەت باخچەلی، کە بەشێک لە شڕۆڤەکارانی سیاسی لە تورکیا دەڵێن ئەو دەوڵەتی تورکیا بەڕێوە دەبات، بەئاشکرا دەڵێت ئەگەر هەسەدە نەچێتە سەر وەزارەتی بەرگری سووریا، پێویستە شام و ئەنکەرا هێرشی سەربازی دژی هەسەدە ئەنجام بدەن. ئەردۆغانیش چەند جارێک هەمان هەڕەشەی کردووە، بەڵام ئۆپەڕاسیۆن لەم کاتەدا وا ئاسان نابێت بۆ تورکیا.
یەگان لەوڕووەوە دەڵێت: ”بۆ تێکنەدانی ئارامی سووریا، ئەستەمە تورکیا ئۆپەڕاسیۆنی سەربازی ئەنجام بدات، چونکە لە سووریا ترسی هەیە ڕووبەڕووی ئیسرائیل ببێتەوە، بۆیە تورکیا لەم کاتەدا بیر لە سیناریۆیەکی لەو شێوەیە ناکاتەوە. بەڵام تورکیا بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی سووریا بکات، لەڕووی سەربازی و لۆجستی پشتگیری لە شام دەکات، ئەمەش ئەنجامێکی باشی نابێت، چونکە ئیسرائیل و ئەمریکاش بەرامبەر بەو هەنگاوەی تورکیا، پشتگیرییان بۆ هەسەدە زیاد دەکەن.“
=KTML_Bold=کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی ئاشتی نێوان #پەکەکە# و تورکیا دەبێت؟=KTML_End=
بەبۆچوونی ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی (Wladimir van Wilgenburg)، هەر جموجۆڵێکی سەربازی دژی هەسەدە ئەنجام بدرێت، ئەو پرۆسە ئاشتییەی لە تورکیا دروست بووە دەڕوخێت.
ئەو ڕۆژنامەنووسە دەنووسێت: ”لە نێوان شام و هەسەدە هەندێک گرژی سەربازی دروست بوو، بەڵام بەدیالۆک چارەیان کرد و نەیانهێشت تەشەنە بکات. بەڵام ئەگەر ئەو گرژیانە تەشەنە بکات، بەدڵنیایەوە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا نامێنێت و کاریگەریی لەسەر دەبێت.“
بۆچوونی یەگانیش هەروایە، کە لە ئەگەری هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن شام و ئەنکەرا، ئیدی پڕۆسەی ئاشتی کۆتایی پێدێت. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!