ناو: ئەحمەد
نازناو: ئەحمەد ئیلنجاغی
ناوی باوک: عەودل
ساڵی لەدایکبوون: 1951
شوێنی لەدایکبوون: #ئیلنجاغى گەورە#
ڕێکەوتی کۆچی دوایی: #03-11-2014#
$ژیاننامە$
ئەحمەد ئیلنجاغى پێشمەرگەى دانەبڕاو وپارتیزان، ئەو پێشمەرگەیەی لە سەرەتاى هەشتاکانەوە لە ڕیزەکانى پێشمەرگایەتى دەرکەوت و چەکى پێشمەرگایەتى لە شانکردن تاوەکوو کۆتایى ژیانى هەر پێشمەرگە بوو، ناوى تەواوى (ئەحمەد عەودل قادر جەمیل وسو ئەلیاس)ە، لە ساڵى 1951 لە شارەدێی ئیلنجاغى گەورە لەخێزانێکى جوتیارى هەژار و کوردپەروەر چاوى بەژیان هەڵهێناوە، لە قوتابخانەى ئیلنجاغى گەورەى سەرەتایى تاوەکوو پۆلى پێنجەمى سەرەتایى خوێندووە، بەڵام دواتر لە خوێندن دابڕاوە و بە کارى شوانکارە و کشتیارییەوە خەریک دەبێت، لە ساڵى 1968 لە تەمەنى 17 ساڵى دەبێتە پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلول و تاوەکوو نسکۆى ساڵى 1975 بەردەوام دەبێت.
لە ساڵى 1980ەوە پەیوەندى دەکات بە ڕێکخستنەکانى #یەکێتى نیشتمانى کوردستان# و ساڵى 1982 دەبێتە پێشمەرگە لە کەرتى (2)ى شەهید ئەحمەد قەمبەرى لەتیپى 86ى دەشتى #هەولێر#، لە ساڵى 1984ەوە دواى گفتوگۆى حکوومەتى ئێراق و یەکێتى نیشتمانى کوردستان وەکوو پێشمەرگەى قارەمان و فەرماندەیەکى مەفرەزەى بە توانا دەرکەوت و لە زۆربەى داستان و نەبەردییەکانى کەرت و تیپەکەى بەشداربووە، یەکێک لە وێستگە دیارەکانى خەباتى ئەحمەد ئیلنجاغى لە مانگى تەمموزى 1988 دەست پێدەکات کە لەتیپى 86ى دەشتى هەولێرى ڕەتڵى پارتیزانەکانى هەولێر دەبێتە فەرماندەى مەفرەزە و بۆ ماوەى 14 مانگ تاوەکوو #16-09-1989# لە دەشتى هەولێر و خۆشناوەتى دەمێنێتەوە، و لە ساڵى 1991 لەگەڵ مەفرەزە ڕاسپێردراوەکانى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بەرەو ناوچەکانى هەولێر گەڕاوەتەوە و بەشدارى ڕاپەڕینى جەماوەرى کوردستانى کردووە تاوەکوو ئازادکردنى شارى #کەرکووک#.
دواى ڕاپەڕین لە چەند وێستگەیەک لە شارى هەولێر درێژەى بە خەباتداوە:
1-لەبەرەى کوردستانى و لیژنەى ئاساییش و دواتر لە سوپاى یەکگرتووى کوردستان و لە فەوجەکانى فریاکەوتن و لیوا و فەوجەکان درێژەى بە خەباتداوە.
2-دواى شەڕى نەگریسى ناوخۆ لە ساڵى 1994-1995 لە لەشکرى بەڕانەتى درێژەی بە خەبات دەدا.
3-دواى 31ى ئابى 1996 لە شاڕى #ڕانیە#ى دەڤەرى ڕاپەڕین نیشتەجێ دەبێت و لە فەرماندەیى فەرماندەى دووى هەولێر بەردەوامى بە کاروانەکەى دەدات و لە زۆربەى شەڕەکانى پاراستنى دەستکەوتەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەشداربووە.
4-دواى کەوتنى بەغدا ساڵى 2003 بە بڕیارى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەپلەى سەربازى (عەمید) خانەنشین دەبێت.
5-لە ژیانى پێشمەرگایەتى دوو مەداڵیاى زێڕینى وەرگرتووە: (مەداڵیاى زێڕینى پارتیزانى لە ساڵى 1992 لەلایەن #مام جەلال#ەوە پێ بەخشراوە لەگەڵ مەداڵیاى زێڕینى پێشمەرگە دانەبڕاوەکانى شۆڕشى نوێ لە ساڵى 2007).
دواى ئەوەى بۆ ماوەى 2 ساڵ و 6 مانگ بەرەنگاربوونەوەى نەخۆشییەکى کوشندە هات لە 03-11-2014 دواى زیاتر لە 40 ساڵ خەبات دڵە گەورەکەى لە لێدان کەوت و کۆچی دوایی کرد.[1]