گەنجێکی خەڵکی #سلێمانی# کە ساڵانێکە لە #هەولێر# نیشتەجێیە، بۆ ڕزگارکردنی گیانی منداڵێک لە مردن پارچەیەک لە جگەری خۆی پێبەخشی.
فاتیح مەولەوی زادە گەنجێکی دانیشتووی هەولێرە، ئێستا لە وڵاتی هیندستانە، فاتیح بە خۆبەخشی و بەکارێکی مرۆڤایەتی پارچەیەک لە جگەری خۆی بەخشیە ئەو منداڵە، بەبێ ئەوەی بیناسێت کە نەخۆشی جگەری هەبووه و مەترسی لەسەر ژیانی هەبوو.
ناسیح مەولەوی زادە، برای فاتیح، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی لەڕێگەی هاوڕێیەکیەوە فاتیحی برام بەوە دەزانێت کە منداڵێکی بچووک کە تەمەنی نزیکەی دوو ساڵ دەبێت و ژیانی لەمترسیدایە و پێویستی پارچەیەک جگەرە، فاتیح ڕەزامەندی دەردەبڕێت بۆ پێدانی پارچەیەک لە جگەری خۆی.
ناسیح دەڵێت: دوای بیست ڕۆژ پشکنین لە کوردستان، دواتر دەرکەوت کە جگەری فاتیح بۆ منداڵەکە گونجاوە.
لەبارەی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە ناسیح مەولەوی زادە وتی: چەند ڕۆژێکە لە وڵاتی #هیندستانن#، ئەمڕۆ نەشتەرگەرییەکە دوای شەش کاتژمێر بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا و ئێستا تەندروستی هەردووکیان جێگیرە.[1]
#28-06-2019#