پەیمان محەمەد
بەرپرسی ئەنجوومەنی خۆجێیی #ئەنەکەسە# لە کۆبانێ، دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانییان کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دیالۆگی کوردی -کوردی دەست پێ دەکات و ئەنجامی باشیشی دەبێت. وتیشی، ''جارێکی دیکە سەرۆک بارزانی سەلماندی کە خەمخۆری دۆزی کوردە.''
ڕۆژی شەممە #18-01-2025# ، عەدنان بۆزان، بەرپرسی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە کۆبانێ، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی ڕووداو کە دڵدار هەرکی پێشکەشیکرد، لەبارەی کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کە ڕۆژی پێنجشەممە 16ی کانوونی دووەم لە هەولێر کرا ڕایگەیاند، ''سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەم کە هەردەم ئەوە دەسەلمێنێت خەمخۆری دۆزی کوردە.''
لە کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی باس لە گۆڕانکارییەکانی سووریا و پێویستیی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان کرا. عەدنان بۆزان باسی لە دەستپێکردنەوەی دیالۆگی کوردی -کوردی کرد و وتی، ''گەشبینین ئەم جارە قۆناخێکی نوێ دەست پێ دەکات، گرنگە ئێمەی کورد بتوانین لە سووریادا یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیمان هەبێت.''
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە #08-12-2024# ، گرنگیی دیالۆگی کوردی -کوردی زیاتر بووە کە لەنێوان هەردوو لایەنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیانە، بەڵام سەرەڕای لێکتێگەیشتنی پێشوو، لە ساڵی 2021ەوە گفتوگۆکانیان ڕاگیراون.
ئەو بەرپرسەی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە کۆبانێ ئاماژەی بەوەدا، ''ئێمە ئامادەی کۆبوونەوەین و مژدە دەدەینە خەڵکی خۆمان لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆبوونەوەکان دەستپێدەکەن و ئەنجامی باشیشیان دەبێت.''
تاوەکوو ئێستا چارەنووسی کوردی ڕۆژاوای کوردستان لە چوارچێوەی سووریای نوێدا ڕوون نییە. عەدنان بۆزان دەڵێت: ''بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، دەتوانین بگەینە قۆناخێکی نوێ کە وەڵامدەری داخوازییەکانی گەلی خۆمان بێت.''
لە دوای ئۆپەراسیۆنەکەی چەکدارانی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) بە ناوی بەرپەرچدانەوەی شەڕانگێزی لە #25-11-2024# لە دژی سوپای پێشووی سووریا، چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریا ئۆپەراسیۆنێکیان بە ناوی گزنگی ئازادی ڕاگەیاند، بەڵام ئەوان هێرشەکانیان بۆ سەر هەسەدە چڕکردەوە و دەستیان بەسەر ناوچەی شەهبا و منبجدا گرت، ئێستاش هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی بەنداوی تشرین دەدەن کە نزیکە لە کۆبانێ، بەڵام شەڕڤانانی هەسەدە بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە.
ئەو بەرپرسەی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی شەڕەوە دۆخی کۆبانێ باش نییە، ''ئاو و کارەبا پچڕاوە، خەڵک ترسی لە بەردەوامیی شەڕەکە هەیە.''
بەوتەی عەدنان بۆزان تاوەکوو ئێستا هیچ هێزێکی ئەمریکی یان هاوپەیمانان لە سنووری کۆبانێ دا نین، ''پێشتر سێ جار هێزەکانی ئەمریکا هاتن و ڕۆیشتن، بەڵام بە جێگیری لە سنوورەکە نەماونەتەوە.''
ئەو بەرپرسەی ئەنەکەسە دەڵێت: ''خەڵک لە کۆبانێ ترسیان هەیە چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریا دەربازی سنوورەکە بن و ئەزموونی گرێسپی، عەفرین و سەرێکانی جارێکی دیکە دووبارە ببێتەوە و ئاوارەببن.''
پێش ئەوەی کە منبج لەلایەن چەکدارانی نزیک لە تورکیاوە دەستی بەسەردا بگیرێت، کەلوپەل و پێداویستییەکانی ژیانی هاونیشتمانییان زیاتر لە ڕێگەی ئەو شارەوە دابین دەکران، بەڵام وەک ئەو بەرپرسەی ئەنەکەسە ئاماژەی بەوەدا، ئێستا کەلوپەل و پێداویستییەکانی خەڵکی کۆبانێ لە ڕێگەی ڕەققە، قامشلۆ و حەسەکەوە دابین دەکرێن و ئەوەش ئاستەنگییەکی زۆری درووستکردووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ڕۆژی هەینی#17-01-2025# ، لە هەژماری فەرمی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، گیانلەدەستدانی 29 شەڕڤانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە ڕێگەی تۆپبارانکردنەوە ڕاگەیاند.
هاوکات ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2025، لە ناوچەی زرگان لە ڕۆژاوای کوردستان هێرشیان کردووەتە سەر سوپای تورکیا و سوپای نیشتمانیی سووریا و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆریان لێ کوشتوون و بریندار کردوون.
پاساوی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەوەیە کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدە واتا یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) سەربە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ن.[1]