بابەتی ئەم پەرتووکە قەبارە گەورەیە لێکۆڵینەوەیەکی دوورودرێژ و هەمەلایەن و فرەڕەهەند و قووڵی (د. حەمە مەنتک)ە و یەکێکە لە بڵاوکراوە تازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بوونی وەها پەرتووکێک لە پەرتووکخانەی کوردی و لەبەردەستی خوێنەر و نووسەرانی کورددا بەها و گرنگیی خۆی هەیە، چونکە لە سەرێکەوە بابەتی لەم چەشنە لە ئەدبیاتی کوردیدا کەمە، گەر هەشبێت نیوەناچڵ و پەلەپرپۆزێیانەیە، لە سەرێکی دیکەوە نووسەر و مامۆستایەکی زانکۆ نووسیویەتی کە دەمێ ساڵە ژیانی خۆی بۆ ئەم جۆرە لێکۆڵینەوانە تەرخان کردووە و خاوەنی ڕۆشنبیری و ئاستێکی مەعریفی بەرزە لەو بوارەدا، لە ڕاستیدا ئەم نووسەرە پێشتر بە کۆمەڵێک توێژینەوەی چڕ و هەمەلایەن لەسەر ئەدەبی گێڕانەوە، بە تایبەت چیرۆک و ڕۆمان، ئاستی بەرزی ڕۆشنبیری و شارەزایی خۆی پیشان داوە و ئەوانەی لێکۆڵینەوەکانیان خوێندبێتەوە گەواهی دەدەن کە چەند ورد و بە سەرنج و میتۆدیانە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی دادەڕێژێت.
ئەم پەرتووکە لە کۆمەڵێک بەشی سەرەکی و لاوەکی پێکهاتووە کە گرنگترینیان بریتین لە: تیۆرەکانی پەیدابوونی ڕۆمان، تیۆری گێڕانەوە لە کۆندا، نائامادەیی ڕۆمان لە کۆندا، تیۆری میخائیل باختین، ڕۆمان وەک توێژینەوەی ئەدەبی فەلسەفی، ئاریشەی پۆلێنی ڕۆمان، ڕۆمان وەک چەشنێکی ڕۆژاوایی، ڕۆمان وەک چەشنێکی گەردوونی، ڕۆمانی مێژوویی، ڕۆمانی خەیاڵی زانستی، ڕۆمانی شەپۆلی هۆش، ڕۆمانی پۆلیسی، ڕۆمانی پۆڕنۆیی، ڕۆمانی کۆمەڵایەتی…و چەندین بەش و تەوەری دیکە کە بۆ هەریەکەیان پشتبەستوو بە کۆمەڵێک تێز و تیۆری ئەدەبی و سەرچاوەی دەوڵەمەند، شیکارییەکانی خۆی خستووەتە ڕوو.
لە پێشەکیی پەرتووکەکەیدا، د. حەمە مەنتک، ئاماژەی بەوە داوە کە تاکوو ئێستا ئەو توێژینەوانەی لە بارەی ڕۆمانی کوردییەوەن، تەنیا سەرنج دەخەنە سەر باشووری کوردستان و بڕێک جاریش سووکە ئاوڕێک لە ڕۆژهەڵات دەدەنەوە، بەڵام نەبینراوە توێژینەوەیەک ئیشی لە ڕۆمانی کوردیی هەموو پارچەکانی کوردستادا کردبێت، هاوکات بە ڕای نووسەری ئەم پەرتووکە، ئەمە بێخەمییەکە، مەگەر هەر لە کن توێژەر و ڕەخنەگرانی کورددا هەبێت: کاتێک ڕۆمانی کوردی لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا تەماشا دەکەین، ئێمە خاوەن خەرمانەیەکی زۆر باشی ڕۆمانین، چ لە ڕووی چەندێتی وچ لە ڕووی چۆنێتییەوە، ئەوەش دەزانین هیچ مەزرایەک بێ زێوان نییە، ئەو دەنگانەی چ لە سۆشیال میدیا یان لێرەولەوێ، زمانیان بە: ڕۆمانی کوردی هیچ نییە، یان ڕۆماننووسمان نییە، قەدی گرتووە، دەبێت تیۆر و میتۆدێکیان بۆ ئەم اسانەیان هەبێت.
لە بەشێکدا بە نێوی (تیۆرەکانی پەیدابوونی ڕۆمان) توێژەر و نووسەر حەمە مەنتک پێی وایە بۆ قسەکردن لە بارەی گێڕانەوە لە فۆرمە کۆنەکەیدا، سەرەتا دەبێت هەوڵی دیاریکردنی چەشنە ئەدەبییەکان بدەین لە کۆندا، بۆ ئەمەش پێویستیمان بە بۆچوونەکانی هەر یەک لە ئەفلاتون و ئەرستۆ هەیە: بەڵام ئەوەی مەبەستی منە پتر بۆچوونەکانی ئەرستۆیە، چونکە پەرتووکەکەی بە یەکەم پەرتووکی تیۆری ئەدەبی دادەنرێت.
نووسەر باس لەوەش دەکات کە نەبوونی ڕۆمان لە سەردەمی ڕۆمانەکان تاکوو سەدەی شانزە، بۆ نەبوونی گۆڕانکاری سیاسی، ئابووری و ئایینی دەگەڕێتەوە، نموونەی ئەوەش دەهێنءێتەوە کە دەڵێن ڕۆمان بەرهەمی شارە، بێگومان شۆڕشە گەورەکانیش لە شار ڕوویان داوە، هەر لە شۆڕشی ڕێنسانسەوە بۆ شۆڕشی ڕۆشنگەری و پیشەسازی لە ئەوروپا، ململانێیە چینایەتییەکان لە سار ڕوو دەدەن: لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە بڵێم لە سەردەمی ڕۆمانەکاندا و سەدەکانی ناوەڕاست شار نەبووە، ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە، بەهۆی بوونی یەک سێستەمی ئایینی و سیاسی، نەتوانراوە ململانێی چینایەتی، شۆڕشی ئابووری و ڕۆشنبیری درووست بێت.
د. حەمە مەنتک پێشی وایە کاتێک ڕۆمان لەدایک دەبێت، دەبێتە چەشنێک بۆ لێدانی کۆی ئەو چەشنانەی باو بوون، ڕۆمان چەشنێکی تازە بوو، لە دژی هەموو ئەو بنەما و یاسایانەی بۆ نووسینی دەقی شانۆیی هۆنراوە دانرابوون، وەستایەوە: ڕۆمان بە پێچەوانەی پێوەرەکانی نووسینی دەق کار دەکات.
هەمان ئەم بەشەی پەرتووکەکە دەمانگەیەنێت بە ئەفسانەکان و نووسەر لەوێدا ئەوە ئاشکرا دەکات کە ئەفسانەکان سەرەتا لە شێوەی حەقایەتی پیرۆز لە پەرستگەکاندا دەردەکەون، دواتر بە شێوەی گێڕانەوە نەوە دوای نەوە هاتووە، تاکوو بووە بە کەلەپووری کۆ: لەوێدا دابوونەریت و پیرۆز و عەقڵی کۆ پارێزراوە، کاتێک مرۆڤ بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان پشت بە سرووشت دەبەستێت، بەریەکێکەوتن و کارلێک لەنێوانیاندا ڕوودەدات و سرووشت وەک هێزێکی گەردوونی دەردەکەوێت، بۆیەش دێت خواوەند درووست دەکات، ڕوونتر بڵێم سیفەتی خواوەند بە بە پێکهاتەکانی گەردوون دەدات.
ئەوەی لای لێکۆڵیار و نووسەر حەمە مەنتک گرنگە، ئەفسانە وەک هونەرێکی ئەدەبییە، لەوەشدا ئەفسانە وەکوو بوارێکی گێڕانەوە، کۆم، ەڵێک چیرۆکمان لە بارەی درووستبوونیب گەردوون و ژیان و بوونی مرۆڤ وململانێی مرۆڤ لەگەڵ خواوەندەکان بۆ دەگێڕێتەوە: ئەوەی پتر مەبەستمە گێڕانەوەیە، پێشخستنی کات و فرەیی گێڕانەوە لە ئەفسانەدا ئاماژەیە بۆ گەشەی هۆشیاریی مرۆڤ، تەنانەت شێوازی گێڕانەوەی دیکەشی لێ دەبێتەوە، واتا گێڕانەوەی ئەفسانەکان دەبنە فۆرم و تێمەی دیکە لەدایک دەبن، بۆ نموونە داستان گێڕانەوەی ئەفسانەکانە، بەڵام لە فۆرمی دیکەدا، داستان گێڕانەوەیەکی درێژ و فراوانە، باسی کردەوەی پاڵەوانان، سەرکێشیان دەکات، پاڵەوانەکان هێزیان وەکوو هێزی خواوەندەکانە هەمیشە بەسەر هێزی خراپەدا سەردەکەون، داستان لەو کاتەوە پەیدا دەبێت، کە میللەتان لە قۆناغی گواستنەوەن لە ژیانی سەرەتایی و خێڵەکییەوە بۆ قۆناغی درووستبوونی دەوڵەت.
لە بەشێکی دیکەدا بە ناوی (ڕۆمانی کوردی و ئاریشەی دیاریکردن و پۆلێنکردن) نووسەر باس لەوە دەکات ئەگەر بۆ مێژووی ئەدەبی بگەڕێینەوە دەزانین مێژووی پەیدابوونی ڕۆمان هێندە کۆن نییە، بۆیەش کاتێک چەشنێکی وەها دێتە نێو ئەدەبی کوردییەوە، ئەوا مشتومڕێکی زۆر لەسەر بوونی ئەم چەشنە درووست دەبێت، توێژینوەی ئەدەبی بەردەوام سەروکاری لەگەڵ ئەم جۆرە گرفتانەدا هەبووە و بە شێوەیەک لە شێوەکان هەوڵی چارەسەری داوە: بۆیەش پرسیار لە بوون و جەوهەری ڕۆمانی کوردی، ڕووبەڕووی گرفتی ئاڵۆزمان دەکاتەوە، گفتوگۆ و جەدەل لە باریەوە دێتە کایەوە، ئەمەش پەیوەندیی بە جۆر و تەکنیک ئەم چەشنەوە هەیە، بۆیەش پرسیار لە بارەی ڕۆمان، کە ئایا چەشنێکی خۆماڵییە؟ ئایا چەشنێکە لە دەرەوە بۆمان هاتووە؟ لێرەدا تووشمان بە تووشی سێ ئاڕاستە و بۆچوونی جیوازەوە دەبێت.
یەکێک لەو ئاڕاستانەی کە نووسری ئەم لێکۆڵینەوە دوورودرێژە دیاری کردووە، بریتییە لە ڕۆامن وەک چەشنێکی ڕۆژاوایی، بە بۆچوونی نووسەر ئەم تیڕوانینە لە سەرەتاوە لایەنگری کەم بوو، چەند کەسێک ئەم بۆچوونەیان هەبووە، بەڵام دوای ئەوەی ئەدەبی کوردی لەگەڵ ئەدەبی جیهاندا بە گشتی و ئەدەبی ئەوروپی بە تایبەتیی تێکەڵ بوو، ئیدی ئەم بۆچوونە بەتەواوی چەسپا: بە بڕوای من ڕۆمانی کوردی پەیوەندیی بە ڕۆمانی جیهانی وەک چەشنێکی گەردوونییەوە هەیە، دەمەوێت بڵێم ڕۆمانی کوردی بە ڕۆمانی جیهانییەوە بەندە، هاوکات لە ڕووی سرووشت و ئەزموونی داهێنانییەوە لێی جیاوازە، کەواتە ناتوانین ڕۆمانی کوردی لە ڕۆمانی جیهانی داببڕێن و شتێک نییە بە ناوی ڕۆمانی ڕۆژاوایی، یان ڕۆمانی ئەمریکایی و ئەفریقایی، بەڵکوو شتێک هەیە ناوی ڕۆمانی جیهانییە، واتا دیاردەیەکی جیهانییە، هەر نەتەوەیەکیس پشکی خۆی تێدا هەیە و تایبەتمەندیی ڕۆمانی هەر نەتەوەیەک بە ڕێژەی داهێنان و ئێستێتیکاوە جودا دەکرێتەوە.
ئەوەی لێرەدا خسوتمانەتە ڕوو، بەشێکی کەم و بچووکە لە کۆی ئەو بڕگە و بەشانەی لە کیتێبەکەدا هەیە، ئەم نووسینە تەنیا هەوڵێکە بۆ ناساندنی ئەم پەرتووکە گرنگە و هاندانێکە بۆ نەک خوێنەران، بەڵکوو بۆ نووسەران و توێژەرانیش تا وەک سەرچاوە لە لێکۆڵینەوەکانیاندا سوودی لێ ببینن، هاوکات ئەو نووسەرانەی کلە بواری گێڕانەوەدا کار دەکەن، زۆر گرنگە ئەم پەرتووکە بخوێننەوە، چونکە ئاساۆی بینین و ئاستی ڕۆشنبیرییان فراوانتر دەکات.[1]