باوکێکی ئێزدی کە ئامادەبوو بۆ ڕزگارکردنی هاوسەر و منداڵەکانی گورچیلەی خۆی بفرۆشێت، یەکێک لە کوڕەکانی لە موسڵ دۆزییەوە و خەون بە دەرکەوتنی چارەنووسی ئەوانی ترەوە دەبینێت.
(دەخیل عەبدو حسێن) و خێزانەکەی لە گوندی وەردییەی سەر بەناحیەی قەحتانییه لە شنگال لە 3ی ئابی 2014-ەوە کەوتنە دەست داعش.
پێشتر سێ کچی لە تەلەعفەر و ڕەقە و موسڵ لە دەست داعش ڕزگاربوون و دواینیشیان کوڕێکی بوو لە موسڵ، بەڵام تائێستا چارەنوسی هاوسەری و دوو کوڕ و کچێکی دیارنیە.
دەخیل عەبدۆ، بۆ دواڕۆژ وتی دوای بڵاوبونەوەی وێنەی چەند منداڵێک لە موسڵ، یەکێک لە کچەکانم براکەی خۆی لەناو ئه و وێنانەدا ناسیەوە و پێی وتم (ئەوە براکەمە)، کاتێک چومە موسڵ لەناو سەدان منداڵی دیکەدا کوڕە پێنج ساڵانەکەی خۆمم بینییەوە.
پێشتر دواڕۆژ چیرۆکی لێقەومانی ئه و خێزانەی بڵاوکردەوە و تیایدا باوکی منداڵەکان ڕایگەیاند، خۆی و دوو کچە ڕزگاربووەکەی ئامادەن گورچیلەی خۆیان بفرۆشن بۆ ئەوەی بتوانن ژن و منداڵەکانی دیکەی لە دەست داعش ڕزگاربکەن.
بەپێی داتاکانی نوسینگەی ڕفێنراوەکان لە دهۆک، تائێستا چارەنوسی 400 منداڵی ئێزدی دیارنیە کە ساڵی لە 2014ەوە کەوتوونەتە دەست چەکدارەکانی داعش.
خال عەلی، فەرماندەی فەوجی لالش-ی سەر بە حەشدی شەعبی لە شنگال بە دواڕۆژی وت، ژنێک کە ڕاوێژکاری پارێزگاری موسڵ-ە، زانیاری پێویستی سەبارەت بە دوو منداڵی ئێزدیی پێگەیاندین، دوای بەدواداچون، خێزانی ئه و دوو منداڵەمان ئاگادارکردەوە و ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو ئه و دوو خێزانە گەیشتنەوە بە منداڵەکانی خۆیان.
وتیشی یەکشەممەی داهاتوو لە ڕێگەی دادگای حەمدانیەوە دوای ڕێکاری یاسایی ئه و دوو منداڵە ڕادەستی کەسوکارەکانیان دەکرێن، کە یەکێکیان ناوی دلۆڤان-ە و کوڕی دەخیل عەبدو-یه و، ئەوی دیکەش کچە بەناوی مریەم.
دەخیل عەبدو، کە ئێستا ماڵەکەی لە کەمپی قادیای سەر بە پارێزگای دهۆک-ە، وتی، تا ئێستا 600 دۆلاری بۆ گەیشتن بە کوڕە بچوکەکەی قەرزکردووە و، هەفتەی داهاتووش جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە موسڵ بۆ ئەوەی کوڕەکەی بۆ جاری کۆتایی ڕزگاربکات و بیهێنێتە ماڵەوە.
ئەوەشی وت، بۆ ئه و کارەش جارێکی تر پێویستی بەوەیە قەرز بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا زۆر خەونی ماون کە پێیان بگات ئەوانیش دۆزینەوەی هاوسەر و کچ و دوو کوڕەکەی تریەتی کە تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەوان نازانێت.[1]
09-11-2017
Kurdipedia is niet verantwoordelijk voor de inhoud van deze opname en de eigenaar is daarvoor verantwoordelijk. Kurdipedia nam het op voor archiefdoeleinden.
Dit item werd in het (کوردیی ناوەڕاست) geschreven, klik op het pictogram

om het item te openen in de originele taal!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dit item is 5,612 keer bekeken
Schrijf uw commentaar over dit item!