ناو: ئازاد
نازناو: ئازاد زال
ساڵی لەدایکبوون: 1972
شوێنی لەدایکبوون: #ئامەد#
$ژیاننامە$
ئازاد زال لە ئازاری ساڵی 1972 لە گوندی (چاووشەلیکەیا\ چاڤشەلقیا؛ ناڤێ کەڤن گولەمیران)ی سەربە ناوچەی سووری ئامەد لەدایکبووە.
لەبەر دەستی باوکی پەروەردەی کوردی و عەرەبی خوێندووە. لەنێوان ساڵانی (1979 بۆ 1984)ز قوتابخانەی سەرەتایی بە زمانی تورکی خوێندووە، لەبەر ئەوەی مامۆستاکەی کوردبووە، زۆر کاریگەریی چاندی تورکی لەسەر نەبووە، بۆ ماوەی پێنج (5) ساڵ لە قوتابخانەکە بێ ناسنامە بووە لە بەرئەوەی ناسنامەی نەبووە، بۆ تەواوکردنی قوناغەکانی خوێندنی پێویستی بە ناسنامە بووە، لەبەر ئەوەی ناسنامەی نەبووە بۆ ماوەی سێ (3) ساڵ لە خوێندن دابڕاوە تا ناسنامەی دەرھێناوە و ناوی گۆڕدراوە بۆ محەمەد و دەستی بە خوێندن کردووەتەوە.
قۆناغی ناوەندی و دواناوەندی لە ئامەد دەخوێنت، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 1992 لە بەر ھۆکاری ڕامیاری دەستگیردەکرێت. لەسەر پرسە سیاسییەکان دۆسیەی لەسەر دەکرێتەوە و بۆ ماوەی 22 ساڵ و شەش مانگ سزای زیندانی بەسەر دەسەپێنن، لە زیندانەکانی ئامەد، ئەنتاب، گیرەسوونێ، و لە زیندانی تیپا فەیێ یا سینجانا ئەنقەرەیێ، بۆ ماوەی 12 ساڵ لە زینداندا دەمێنێتەوە. لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2002 لە زیندان ئازاد دەکرێت، لە ڕۆژنامەی ئازادی وەلات دەستبەکاری ڕۆژنامەوانی دەکات، لە ئازادیا وەلات ئەدیتوری بەشی جیھان و دیپڵۆماسی دەکات و کاری وەرگێڕانیش دەکات. پاشان دەچێتە ئەنستیتۆی کوردی ئامەد و لە بەڕێوەبەری ئەنستیتوکەدا وەک بەرپرسی کاروباری وەشان دەستبەکار دەبێت. لە دووەمین کۆنگرەی ئاسایی کۆمەڵەی نووسەرانی کورد بۆ لیژنەی بەڕێوەبەر خوی کاندید دەکات و وەک جێگری سەرۆکی کۆمەڵەکە ھەڵدەبژێرێت. لە ئەکادیمیای دێرۆکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کار دەکات و لەو پێگەیەیدا خەبات بۆ کورد دەکات، و جیا لەم کارانە مامۆستای زمانی کوردییە و کاری وەرگێڕان و نووسین و تیپرێزی (عەرەبی بۆ لاتینی\ لاتینی بۆ عەرەبی) دەکات، ڕووپەلسازی (میزانپاژ) پەرتووک و گۆڤار… دەکات.
زال ژیانی خێزانی پێکھێناوە و خاوەنی دوو کچ و کوڕێکە. [1]