دەقی راگەیێندراوەکەی کۆبوونەوەی رۆژی شەممە (04-04-2020)ی پەرلەمانی کوردستان
کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان 04-04-2020
رۆژی 4ی نیسانی 2020 لە پەرلەمانی کوردستان دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنە جیاجیاکانی پەرلەمان کۆبوونەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەڕێز د.رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو کە گفتوگۆکردن بوو لەسەر دۆخی ئێستای کوردستان و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئه و قەیرانە ئابووری و تەندروستییەی کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە ئێستا بەرۆکی هەرێمی کوردستان و ناوچەکه و جیهانی گرتووەتەوە.
هەروەها باسی لە دوایین سەردانە مەیدانییەکانی کرد کە لەگەڵ نوێنەری فراکسیۆنە جیاوازەکان بۆ پارێزگاکان و لیژنەی ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان کردوویانە.
دواتر لەلایەن بەڕێز هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پوختەیەک لەسەر بەدواداچوونەکانی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێم و وەزارەتە تایبەتمەندەکان و کاری لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان لە بەردەوامیی بەدواداچوون بۆ کاری وەزارەت و لیژنە تایبەتمەندەکانی حکومەتی هەرێم خرایەڕوو.
دواتر سەرۆکی سەرجەم فراکسیۆنەکان روانگەی فراکسیۆنەکانیان خستەڕوو و بەشێوەیەکی گشتی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرجەم سەرۆک فراکسیۆنەکان لەخستنەڕووی دۆخی گشتی و خاڵە لەپێشینەکان لەسەر ئەم خاڵانە کۆکبوون:
1 - ئەم قەیرانە تەندروستییەی کۆرۆنا، لێکەوتە ئابوورییەکانی، کەمبوونەوەی داهات و چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی بۆ پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان و بژێویی ژیانیان، لەخاڵە هەرە لەپێشینەکانە کە پێویست دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکان بەپێی تایبەتمەندێتی کاری لەسەر بکەن.
2 - ئه و رێوشوێن و هەنگاوانەی کە تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بەخۆپارێزی و گرتنەبەری رێکار و وەرگرتنی بڕیار بۆ پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان ئەنجامیان داوە بەرزدەنرخێنێت.
3 - پشتیوانیی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانین کە لە کۆبوونەوەی 1ی 4ی 2020 بڕیاریان داوە بەڕاسپاردنی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەن بۆ ئامادەکردنی بڕیارێکی حکومەتی هەرێم سەبارەت بەکرێنشینان و لێخۆشبوون لەکرێ و هەر رسوماتێکی دیکە، هەمووان کۆکبووین لەوەی کەدوای بڕیاری حکومەت لەم رووەوە ئەگەر پێویستیی تەشریعی هەبوو بۆ هەر بڕیارێکی تەشریعی کە لەخزمەتی هاووڵاتییاندا بێت بەهەماهەنگیی هەموولایەک پەرلەمانی کوردستان بەلەبەرچاوگرتنی رێوشوێنە تەندروستییەکان کاری پێویستی تەشریعی ئەنجام دەدات.
4 - هەمووان هاوڕابووین لەوەی کە دەبێت ئەولەویەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەهەر داهاتێک کە بەردەست دەبێت، مووچەی هاووڵاتییان و خۆراک و دەرمانی پێویست بێت و لەم رووەوە پشتیوانیی ئه و هەنگاوانە دەکەین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دروستکردنی چەند بۆرد و لیژنەیەکەوە کاری لەسەر کردووە و وەکو پەرلەمانی کوردستان چاودێرێکی وردی کاری ئه و لیژنانە دەبین.
5 - هەموولایەک هاوڕابوون کە تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە پێویستیی بەهەڵوێست و کاری پێکەوەیی و نیشتیمانی و گیانی کاری هاوبەشە کە هاوکار بێت لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە.
دواتر ئەم بڕیارانەی خوارەوە دران:
1 - سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لیژنە تایبەتمەندەکان بەردەوام دەبن لەکاری بەدواداچوون و هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خێراترکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی لە خەرجی و داهات.
2 - دروستکردنی لیژنەیەکی باڵای پەرلەمان بەسەرۆکایەتیی سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامیەتیی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی لیژنەی دارایی و تەندروستی و پیشەسازی و وزه و لیژنەی کاروباری یاسایی بۆ بەدواداچوونی کاری ئه و لیژنە تایبەتمەندانەی حکومەتی هەرێم کە بۆ بەدواداچوونی پێداچوونەوە بەخاڵە سنوورییەکان و گرێبەستەکان و روسومات و لێخۆشبوونی گومرگی و دابینکردنی خۆراک و پێداویستیی دەرمان دروستکراون.
3 - دروستکردنی لیژنەیەکی باڵای پەرلەمان بەسەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامیەتیی سکرتێری پەرلەمان و سەرجەم سەرۆک فراکسیۆنەکان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پێویست و بەدواداچوونی کاری لیژنە تایبەتمەندەکان و هاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنەکانی ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا.
4 - پەرلەمانی کوردستان پاڵپشتیی ئەوە دەکات لەچوارچێوەی بەرژەوەندی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان رێککەوتنێکی هاوسەنگ لەگەڵ حکومەتی عێراق بکرێت.
لەکۆتاییدا کۆبوونەوە وێڕای بەرزڕاگرتنی خۆڕاگریی هاووڵاتییان داوا و تکایان لە هاووڵاتییانی بەڕێز ئەوەیە بەتەواوی پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن.
پەرلەمانی کوردستان هەوڵ و ماندووبوونی سەرجەم پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و پێشمەرگه و هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ و تێکڕای فەرمانبەرانی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بواری خزمەتگوزاریی گشتی بەرزدەنرخێنێت و سوپاسی لەخۆبردوویی و خزمەتەکانیان دەکەین.
04-04-202004-04-2020 ⚠️ Bu madde (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) dilinde yazılmış olan, orijinal dilinde öğeyi açmak için simgesini
tıklayın!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!