=KTML_Bold=دکتۆرە مهاباد عەبدوڵا=KTML_End=، ئەزمونی یەکەم ژنە لەعێراقدا کە سەرۆکایەتی زانکۆی #هەڵەبجە# دەکات، ئه و دەڵێت، کاتێک ژن پۆستێک وەردەگرێت دوجار دەخوازێت سەرکەوتوبێت، جارێک وەک ئافرەت، جارێکیش وەک بەرپرسیارتێیەک کەکەوتۆتە سەرشانی.
دکتۆرە مهاباد عەبدوڵا، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە ؛ دەڵێت، زۆر قورسە بۆ ژنێک کاتێک پۆستێک وەردەگرێت، چونکە دوجار بیر دەکاتەوە، لەیەکەمیاندا وەک ژن بیر دەکاتەوە لەوەی تردا وەک بەرپرسێک.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە 'لەماڵیشەوە کەشوهەوایەکی سەرکردانەی هەیە، دوایین بریار بۆ ئەم دەگەڕێتەوە، هەڵبەت دوای ڕاوێژ کردن بەهەمو تاکەکانی خێزانەکەی.
دکتۆر مهاباد چەندین پۆست وەردەگرێت لە زانکۆ لەوانە بەڕێوەبەری تۆمارگەی گشتی زانکۆ، نوینەری مامۆستایان، دوایین جار بەرێوەبەری کتێبخانەو ناوەندی چاپخانەی زانکۆ دەبێت.
مهاباد ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو هەموو کات لەماڵەوە ڕۆڵێکی سەرکردانەی گێڕاوە و هەرئەمەش وای کردووە کە هەمیشە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و ئیداری پێ بسپێردرێت و لەوبارەیەوە دەڵێت: ''من هەمیشە هەستم کردووە پۆستێک پێویستی بەمنە، ئەوە منم دەبێت هەڵسم بە ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکە بۆیە زۆر جار پۆستەکان خۆی هاتوون بەرەوپیرم''. دکتۆرە مهاباد نایشارێتەوە کە هەندیک جار ئەندامی لیژنە بووە بەڵام بەهۆی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە وەک سەرۆکی لیژنە مامەڵەی کردووە.
=KTML_Bold=لەبارەی ئەو کاتەی پۆستی سەرۆکی زانکۆیەکی پێدەسپێردرێت=KTML_End= بەتایبەت کە لەعێراقدا ئەمە یەکەمین جارە پۆستێکی لەو چەشنە دەدرێت بە ئافرەتێک، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە دکتۆر مهاباد کامیل دەڵێت، ''لەراستیدا کە ئەم پۆستەم وەرگرت دوو جۆر هەستم لادروست بوو، هەستێکی خۆشی چونکە ئەمە مێژووییەکە، بۆ خۆم و کەسوکار و خانەوادەکەم، بەڵام بەدیوی دووهەمدا ئەم پۆستە بۆ من بەرپرسیارێتیەکی گەورەیە، چونکە دەخوازم سەرکەوتوو بم تێیدا، وەک ژنێک و وەک بەرپرسیارێتیەکیش کە پۆستەکەمە''.
دکتۆر مهاباد ئاماژە بەوە دەکات زۆر قورسە بۆ ژنێک کاتێک پۆستێک وەردەگرێت، چونکە دوو جار بیر دەکاتەوە، لەیەکەمیاندا وەک ژن بیر دەکاتەوە لەوەی تردا وەک بەرپرسێک و دەڵێت: ''هەربۆیەشە هەمیشە هەوڵدەدات کە خۆی بسەلمێنێت. کاتێک ژن پۆستێک وەردەگرێت دوو جار دەخوازێت سەرکەوتووبێت، جارێک وەک ئافرەت، جارێکیش وەک بەرپرسیارتێیەک کەکەوتۆتە سەرشانی. چونکە چاومان لەسەرە لەکۆمەڵگە''.
لەبارەی تێپەڕینی ڕۆژێک لە ژیانی دکتۆر مهاباد: ''بەیانیان لەخەو هەڵدەستم، یەکسەر منداڵەکان بەخەبەردەهێنم. نان و چایان بۆ ئامادە دەکەم و پاشان دێمە سەر کارەکەم و ئەوانیش دەچن بەلای کاری خۆیانەوە. منداڵەکان دەچنە خوێندنگەو باوکیان دەچێتە زانکۆ''.
ئەو باس لەوە دەکات کە لەنێوان ژیانی تایبەت و ژیانی سەرکارییدا هاوسەنگییەکی ڕاگرتووە و کات بۆ هەردووکیان تەرخان دەکات وەک پێویست.هەروەک بەزەردەخەنەیەکەوە دکتۆر مهاباد باسی ئەوەشی کرد کە منداڵەکانم ئەوەندەی پەیوەندی بەمنەوە دەکەن پەیوەندی بەباوکیانەوە ناکەن، واتە هاوسەنگیم ڕاگرتووە لەنێو کارەکەم و ماڵەوەدا.
دکتۆر مهاباد نایشارێتەوە کە زۆربەی سەرکەوتنەکان بەهاوکاری هاوسەرەکەی ئەنجام داوە و لە زۆر بواردا یارمەتی وەردەگرێت و بەهۆی هاوکارییەکانی هاوسەر و خێزانەکەیەوە توانیوێتی لە زۆرێک لە بەرپرسیارێتیەکانیدا سەرکەوتوو بێت.
لەوەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هۆکار چیە لەناو هەڵەبجەدا ئافرەتان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە پۆستە باڵاکاندا، ناوبراو بۆ ئەوەی گەڕاندەوە کە ڕاستە ئافرەتان خۆیان لە ناوچەکەدا لێهاتوون، بەڵام هاوکات پیاوەکانیش باشن لە ڕۆڵ دان بە ئافرەت و دەڵێت: ''ئیمە لەم ناوچەیەدا پیاوەکانیش باشن، ڕەنگە لەهەندێک ناوچەدا ڕێگە نەدەن بەوەی تەنانەت ئافرەت بشخوێنێت. بەڵام لەم ناوچەیە پیاوانیش حەز دەکەن وەک ئەوان شان بەشانیان کار بکەن و بخوێنن و پێگەو ڕۆڵی تایبەتیی بدرێت بە ئافرەتان.
دکتۆر مەهاباد ئامۆژگاری ئافرەتان دەکات کە با خەون و خەیاڵیان هەبێت تەنانەت گەورەش بێت و هەوڵیشی بۆ بدەن و هەرگیز دەستەواژەی 'ناتوانم' بەکارنەهینن لە بەرامبەر هیچ ئەرکێکدا کە پێیان دەسپێردرێت.[1]