ناونیشانی بابەت: 32مین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرکردە ئیدریس بارزانی کرایەوە
ئەمڕۆ سێشەممە لە پیرمام، 32مین ساڵیادی کۆچی دوایی
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانی شەهیدی سەرکردەی #پارتی دیموکراتی کوردستان# بەڕێوەچوو، کە تێیدا د. #ڕۆژ نووری شاوەیس#، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە بەشێک لە دەسکەوتەکانی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەگەڕێنەوە بۆ خەباتی بارزانیی نەمر و ئیدریس بارزانی و هاوڕێکانی.
د. ڕۆژ نووری شاوەیس لە وتارەکەیدا وتی: بەردەوام بیرەوەری و ساڵیادی نەمر ئیدریس بارزانی تێکەڵ بە دەسکەوتەکانی کوردستان بووە، چونکە ژیان و خەباتی ئەو بە دەسکەوتەکانی نەتەوەکەمانەوە گرێ دراوە.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی باسی لەوەش کرد کە دوژمنانی دەرەکی و نەیارانی ناوخۆ هەوڵیان دا پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم سەرنەگرێت، بەڵام دواجار پڕۆسەکە سەرکەوت.
شاوەیس ئاماژەی بەوەش کرد: ڕیفڕاندۆم ئاوات و خواستی گەلەکەمان بوو بۆ ئازادی، بۆیە دەنگیان دا و پڕۆسەکەیان سەرخست، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو ڕیفڕاندۆمە جگە لەوەی لەسەر داوای جەنابی سەرۆک بارزانی بوو، هاوکات بەشێک لەو دەسکەوتانە بۆ خەباتی برای هەمیشە زیندوومان کاک ئیدریس و هەڤاڵەکانی تری و لە سەروویانەوە، بۆ خەباتی بارزانیی نەمر دەگەڕێنەوە.
دکتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس وتیشی: خەباتی نەتەوەیەک وەک زنجیرەیەک وایە، ناتوانی لێکیان جیا بکەیتەوە، خەباتی میللەتێک لە دەسپێکەوە تا دەگاتە ئامانجی خۆی، یەک پەرتووکە کە هەموو لاپەڕەکانی پێکەوە بەندن و هەر خشتێکی لەسەر خشتێکی تر بینا کراوە.
شاوەیس باسی نزیکی و پەیوەندیی خۆی و نێوان شەهید ئیدریس کرد و وتی: بیرەوەرییەکان زۆرن، ئێمە لە منداڵی و قوتابخانەدا پێکەوە بووین، هاوڕێی سەردەمی گەنجایەتی بووین، لە ساڵانی هەشتاشەوە بەتایبەتیی دوای کۆچی دوایی بارزانیی نەمر، هاوخەباتی یەکتری بووین و لە دۆخێکی زۆر زەحمەتدا کارمان کردووە و ئێوەیش کە لێرە ئامادەن، هەمووتان ڕۆڵتان لەو خەباتە سەختەدا هەبوو، کە لە ساڵانی دوای 75ەوە دەستی پێ کردەوە، تا گەلەکەمان بگاتە ئامانج.
د. ڕۆژ لە درێژەدا ڕایگەیاند: کاتێک دەمانەوێت باسی کاکە ئیدریسی هەمیشەزیندوو بکەین، باسکردنی لایەنەکانی ژیانی دەبێتە زەرورەت، کاکە ئیدریس کەسایەتییەک نەبوو کە هەر وا بە سادەیی بەسەریدا تێپەڕین، وەک ئەوەی بڵێین فڵان ساڵ لەدایک بووە و لە فڵان ساڵدا هاتە ڕیزی پارتییەوە و لە خەبات بەردەوام بوو و لە فڵان ڕۆژ و ساڵدا کۆچی دوایی کرد، بەڵکوو کاک ئیدریس کێوێکە لە مێژووی میللەتەکەمان.
ئیدریس کوڕی ڕابەری مەزنی کورد #مستەفا بارزانی#ی نەمر لە ساڵی 1944 لە گوندی بارزانی مەڵبەندی خواپەرستی و کوردایەتی و بەرخودان لە دایکبووە، کوڕی ڕابەری مەزنی کورد مستەفا بارزانیی نەمرە و لەنێو هەلومەرجی شۆڕشی سێیەمی بارزان 1943 -1945 و بارودۆخی ئاڵۆزی ئەو کات و دامەزراندنی #کۆماری کوردستان# لە #مەهاباد# و ڕووداوەکانی دوای جوانەمەرگ کردنی ئەو کۆمارە هاتۆتە دنیا و هەناسەی داوە و چاوەکانی پشکووتن. ساڵی 1947 بارزانیی نەمر لەگەڵ 500 لە هەڤاڵانی کە لە ڕێڕەوێکی مێژوویی دا توانیویانە داستانێکی گەورە لە مێژوودا تۆمار بکەن و وەک پێویستی و وەڵامدانەوەیەکی واقیعی ئەو کات خۆیان بگەیەننە یەکێتی سۆڤیەتی جاران، کاک ئیدریس بارزانی ئەو کات تەمەنی 4 ساڵان دەبێت، لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا دووچاری ئاستەنگ و دەربەدەری دەکرێن و بە دەستبەسەر بۆ خوارووی ئێراق دوور دەخرێنەوە و لەلایەن ڕژێمی ئەو کاتی ئێراق بۆ ماوەی 11 ساڵ تووشی ژیانێکی پڕ ئەستەم دەبن لە شارەکانی بەسرە و مووسڵ و بەغدا.
لەگەڵ ئازار و زەحمەتەکانی ژیان ئاوارەییدا درێژە بە خوێندن دەدات تا گەڕانەوە سەربەرزانەکەی بارزانیی نەمر بۆ ئێراق و کوردستان پاش شۆڕشی 14-08-1958 کە ئەو کات کاک ئیدریس بارزانی لە شاری بەغدا خەرێکی خوێندن دەبێت، دوای ئەو دابڕانە زۆرە بە دیداری بارزانی باوک و ڕابەر شاد دەبێت و دواتر دەگەڕێنەوە زێدی باوو باپیران لە خاکی کوردستان.
سەرەنجام پاش تەمەنێکی پڕ لە خەبات و تێکۆشان، کاتژمێر 6.30 ی سەرلەبەیانی ڕۆژی #31-01-1987# لە شارەدێی سلیڤانای سەربە شاری #ورمێ#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماڵاوایی دەکات و لە گۆڕستانی شاری #شنۆ# لە تەنیشت گڵکۆی پیرۆزی بارزانیی باوک و ڕابەر دەنێژرێ و ساڵی 1993 تەرمەکەی لەگەڵ تەرمی بارزانیی نەمر گەڕێندرایەوە باشووری کوردستان و لە مەزاری نەمران لە بارزان نێژرا. [1]