ناونیشانی بابەت: 52 یەمین ساڵڕۆژی ژیانئاوایی سەرکردە و خەباتگێڕ نافیز جەلال حەوێزی بەرز ڕادەگیرێت
ئەمڕۆ چوارشەممە #10-07-2024#، لە سەنتەری ڕۆشنبیری #زانکۆی سەڵاحەددین# لە شاری #هەولێر#، دەزگای کلتوری یاد لە مەراسیمێکی شایستەدا 52مین ساڵڕۆژی ژیانئاوایی سەرکردە و خەباتگێڕ #نافیز جەلال حەوێزی# بەرزڕادەگرێت.
لە مەراسیمەکەدا، وتار و پانێڵ و پەیڤین و دیکیۆمێنتاری و ڕێزلێنانی تێدا دەبێت.
شەهیدی سەرکردە (نافیز جەلال حەوێزی) وەزیری کشتوکاڵ لەسەر پشکی کوردستان، لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازی بوو.
شەهید (نافیز جەلال ئەسعەد حاجی بەکر ئاغا حەوێزی) لە شارۆچکەی #کۆیە#ی سەربە شاری هەولێر لە ساڵی 1921 لەدایکبووە.
لە تەمەنی 8 ساڵییدا چووەتە بەر خوێندن، خوێندنی سەرەتایی لە شاری کۆیە و ناوەندیی لە شاری هەولێر و ئامادەیی لە شاری بەغدا تەواو کردووە، لە ساڵی 1943 پەیوەندی بە کۆلێژی سەربازی کردووە لە شاری بەغدا.
لە 29-06-1946، دەبێتە ئەفسەر بە پلەی (ملازمی دووەم) و بەسەرکەوتوویی کۆلێژی سەربازی تەواو دەکات لە بەشی تۆپخانە (المدفعية)، لە سەربازگەی (الرشيد)ی شاری بەغدا دەستبەکاربووە، پاشان بەشداری خولی (ڕووبەڕووبوونەوەی تانک) دەکات لە وڵاتی (بەریتانیا).
لە ساڵی 1955 دەگوازرێتەوە بۆ سەربازگەی #جەلەولا#، دواتر لە ساڵی 1957 دەگوازرێتەوە بۆ سەربازگەی (الوشاش) لە شاری بەغدا، ساڵی 1959 پلەی سەربازی بەرز دەکرێتەوە بۆ (مقەدەم).
دوای ئینقلابی #بەعس#ییەکان لە #08-02-1963# دەگوازرێتەوە شاری (بەسرا) و بەتوندی دەخرێتە ژێر چاودێری هەواڵگری سەربازی لەسەر لایەنگیری بۆ (#پارتی دیموکراتی کوردستان#) و دواتر خانەنشین دەکرێت بە پلەی (عەقيد).
لە هەمان ساڵدا لەگەڵ خانەوادەکەی بە نهێنی بەرەو شاری بەغدا بەڕێدەکەوێت، دوای هەفتەیەک لە ڕێگەی ڕێکخستنە نهێنییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری بەغدا بە ناسنامەیەکی فەرمانبەری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەگەڵ خانەوادەکەی خۆیان دەگەیەننە شاری هەولێر و پاشان شاری (کۆیە)ی زێدی باب و باپیرانی، دواتر خۆیان دەگەیەننە شاری (#قەڵادزێ#) کە لەژێر دەستەڵاتی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندابووە، لە گوندی (گربداغ) چاوی بە بارزانیی نەمر دەکەوێت و ئەرکێکی پێ دەسپێردرێت لەناو هێزی پێشمەرگە، پاشان لە مەکتەبی عەسکەری و مەکتەبی تەنفیزی ئەرکی پێدەسپردێت.
شەهیدی سەرکردە (نافیز جەلال حەوێزی) ڕۆڵی دیار و کارای هەبووە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی میللەتی کورد:-
_ ئەندامی شاندی دانووستاندن بووە لەگەڵ حکوومەتی (عەبدولڕەحمان بەزاز) و سەرۆک کۆمار (عەبدولڕەحمان عارف).
_ بە فەرمانی #مەلا مستەفا بارزانی# لە 09-03-1967، لەگەڵ شاندێک بە سەرۆکایەتی جەنابی سەرۆک (#مەسعود بارزانی#، #موحسین دزەیی#، نافیز جەلال حەوێزی، حەبيب محەمەد کەریم، ساڵح یوسفی) ڕادەسپێردرێن بۆ وتووێژ لەگەڵ حکوومەتی ئێراق.
_ لە 10-01-1970دا بە فەرمانی (مەلا مستەفا بارزانی) نەمر شەهید (نافیز جەلال حەوێزی) ڕاسپێردراوە، وەک ئەندامی شاندی (دانووستاندن) بۆ بەغدا کە شاندەکە پێکهاتبوون لە (
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانی، سەرۆک مەسعود بارزانی، #مەحمود عوسمان#، #سامی عەبدولرەحمان#، شەهید نافیز جەلال حەوێزی، نووری شاوێس، #ساڵح یوسفی#، موحسین دزەیی، #دارا تۆفیق#) و بەرهەمی شاندەکە گەیشتن بووە بە ڕێککەوتنی 11-03-1970 (ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان).
_ دوای واژۆکردنی بەیاننامەی 11-03-1970، بە فەرمانی بارزانیی نەمر وەک ئەندامی (لێژنەی ئاشتی / لجنة السلام) بە نوێنەرایەتی کوردستان ئەرکی پێسپێردراوە ( نافیز جەلال حەوێزی، #سامی عەبدولرەحمان#، دارا تۆفیق) بۆ سەرپەرشتی و بەدواداچوون و جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنامەی 11-03-1970.
_ شەهید (نافیز جەلال حەوێزی) یەکێک بووە لەو پێنج متمانە پێکراوانەی بارزانیی نەمر و سەرکردایەتی شۆڕشی کوردستان کە لە حکوومەتی نوێی ئەو کاتی ئێراق وەک وەزیری کشتوکاڵ بەربژێر کراوە و دەستبەکاربوو.
1- نافیز جەلال حەوێزی _ وەزیری کشتوکاڵ.
2- نووری سدیق شاوەیس _ وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.
3- #ئیحسان شێرزاد# _ وەزیری شارەوانی.
4- سامی عەبدولرەحمان_ وەزیری کاروباری باکوور.
5- ساڵح یوسفی _ وەزیری دەوڵەت.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەک وەزیری کشتوکاڵ لە هەمان کاتتدا ئەندامێکی کارا و چالاکی (لێژنە ئاشتی / لجنة السلام) بووە لەسەر پشکی کورد.
شەهید (نافیز جەلال حەوێزی) لە کاتی ئەرکدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک کە بەعسییەکان بۆ (پارتی دیموکراتی کوردستان) یان درووستکردبوو لە #شنگاڵ# (سنجار)، بەڕێدەکەوێت و لە ڕێگای ( #کەرکووک#، هەولێر، #موسڵ#) لە نزیک گوندی (دارەمان)ی باکووری شاری کەرکووک بە (کارەساتێکی گوماناوی) کە ئۆتۆمبێلێک خۆی دەکێشێت بە ئۆتۆمبێلی تایبەتیی شەهید (نافیز جەلال حەوێزی_وەزیری کشتوکاڵ) لەسەر پشکی کورد، زۆر بەسەختی بریندار دەبێت و دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی کۆماری لە شاری کەرکووک و لە هەمان ڕۆژدا لەبەر خراپی باری تەندرووستی و برینە سەختەکانی دەگوازرێتەوە نەخۆشخانەی (مدينة طب) لە شاری بەغدا.
لە ئێوارەی هەمان ڕۆژدا شەهید (نافیز جەلال حەوێزی / وەزیری کشتوکاڵ) لەسەر پشکی کورد لە بەغدا لەبەر سەختی برینەکانی لە 10-07-1972 گیان لە دەستدەدات و دەچێتە کاروانی شەهیدانی کوردستان.
کاتێک سەددام حسێن لەوپەڕی هێز و دەستەڵاتدا بووە و کۆنتڕۆڵی هەموو جومگەکانی وڵاتی لەدەستدابوو، فەرمانەکانی بڕیار بوونە، شەهید (نافیز جەلال حەوێزی) لە سەرەتای دەستبەکاربوونی وەک وەزیری کشتوکاڵ لە گفتوگۆیەکی لەگەڵیدا چاونەترسانە بە (سەددام حسێن دەڵێت: تۆ منت نەکردووەتە وەزیر، بەڵکوو ئەوە فەرمانی جەنابی (مەلا مستەفا بارزانی)بووە، بە فەرمانی (سەرۆک مەلا مستەفا بارزانی) من ڕاسپێردراوم وەک وەزیری کشتوکاڵ و بە فەرمانی ئەو من وەزیرم نەوەک تۆ.
دوای گواستنەوەی تەرمەکەی بۆ شاری کۆیە (کویسنجق) لە 11-07-1972، بە ئامادەبوونی نوێنەری (مەلا مستەفا بارزانی) نەمر (عەلی عەبدوڵڵا) و کادیرانی حزبی و سەربازی پارتی دیموکراتی کوردستان و فەرمانگەکانی میری و خەڵکێکی زۆر لە کەسایەتییە ئایینەکان و شاری کۆیە لە گۆڕستانی (حەوێزی)یەکان بەخاک سپێررا.
شەهید (نافیز جەلال حەوێزی) باوکی سێ کوڕ بە ناوەکانی (نەوزاد، بەهزاد، ئاوات) و سێ کچ بە ناوەکانی (نەرمین، ناسکە، نازدار) بووە.
کوڕێک و کچێکی بەناوەکانی (نەوزاد، نازدار) کۆچی دواییان کردووە و ئەوانەی تر بێجگە لە خاتوو (ناسکە) لە دەرەوەی وڵات دەژین شەهید (نافیز جەلال اسعد) حەوێزی لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دوو لە براکانی هاوخەبات و تێکۆشان و هاوەڵی بوونە بە ناوەکانی (عومەر جەلال ئەسعەد حەوێزی) و (جەوهەر جەلال ئەسعەد حەوێزی).
دروود و سڵاو و بۆ گیانی پاکی شەهیدی سەرکردە ( نافیز جەلال حەوێزی) و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادی کورد و کوردستان و سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریس بارزانی هەمیشە لەیاد. [1]