مێژوونووسان و شوێنەوارناسان دەڵێن، ئاتەشکەدەی چوارقاپی بۆ کۆتاییەکانی سەردەمی #ساسانییەکان# دەگەڕێتەوە و بەپێی سەرچاوە فەرهەنگییەکان ئەم بینایە یەکێکە لەو زنجیرە باڵەخانانە کە خوسرەو پەروێز، بۆ شیرینی هاوسەری دروستی کردووە.
شوێنەوارناسەکان باس لەوە دەکەن، پێکهاتەی چوارکەوانەیی #قەسری شیرین# لەگەڵ تەلارسازی بیناکانی سەردەمی ئیسلامی عەباسی و بەتایبەتی کۆشکی ئوخیزر لە باشووری کەربەلا، مێژووی دروستکردنی بۆ سەرەتای سەدەکانی ئیسلامی دەزانن و بە کۆشک یان هۆڵی تەختی شاهانەیان زانیوە، بەڵام لێکچوونی شێوازی بنیاتنانی لەگەڵ ئەو کەوانە چوار تاوەرە زۆرانەی کە لە ئێراندا هەن، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کەوانە چوار تاوەرەکەی قەسر شیرین بەتەواوی پەیڕەوی لە تەلارسازیی ساسانییەکان دەکات و کەڵکێکی ئایینی هەبووە.
باس لەوەش دەکەن، ناوی باوی تاقە چوارکەوانەییەکانی قەسرشیرین چەهارقاپی یان چوارقاپییە. چەهارقاپی لەڕاستیدا هەمان ناوی کوردی چوارتاقییە، بە واتای چوار دەرگا دێت.
سەرچاوەکان روونی دەکەنەوە، چوار قاپی لە سەردەمی ئیسلامیدا نۆژەنکراوەتەوە، بەڵام لە بەکارهێنانیدا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، ئەم بینایە بۆ ماوەیەک خزمەتێکی کارگێڕیی دەکرد و دواتر لە کاتی هەڵمەتی عوسمانیدا هۆزە کۆچەرییەکان داگیریان کرد و بوو بە شوێنێک بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ و ماڵیات.
یەکەم گەشتیاری ئەوروپی کە باسی ئەم بینایەی کرد، پیترۆ دێلا ڤالی ئیتاڵی بوو، کە لە ساڵی 1659 سەردانی وێرانەکانی قەسر شیرینی کرد. دوای ئەویش گەشتیارانی دیکە باسیان لێکرد، بەڵام یەکەم کەس کە وێنە و نەخشەی بۆ گرت، دی مۆرگان بوو کە پشکنەرێکی فەرەنسی بوو.
ئاتەشکەدەی چوارقاپی یەکێکە لە دوایین و گەورەترین بیناکانی سەردەمی ساسانییەکان.
ئەم بینا چوارگۆشەیە لە بەرد و گەچ دروست کراوە و قەبارەکەی 25 لە 25 مەتر دەبێت و 4.5 مەتر لە سەرووی زەوییەوە وەستاوە، لە سەرەوەیدا قوببەیەک هەیە چوار دەروازەی بەرز کە دەرگای چوونە ژوورەوەیان لە شێوەی هیلالدا بوو، لەناوەڕاستی چوار دیواری دەوروبەریدا دانرابوو، بۆیە ئەگەر مەراسیمێکی نوێژ بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر لە بەشداربوان ئەنجام بدرایە، نوێژخوێنان دەیانتوانی لە هەموو لایەکەوە ئاگرە سووتاوەکە ببینن.
لە لوتکەی ئاتەشکەدەدا دەریچەی بچووکی هەواگۆڕکێ لەدەوروبەریدا دەبینرێت، کە ڕەنگە بۆ هەواگۆڕکێ و ڕووناکی بەکار هاتبێت.
هەڵکۆڵینەکانی دەوروبەری بیناکە دەریدەخەن کە لەدەوری چوارکەوانەکە دەرگای هەبووە کە خەڵک دوای نوێژکردن لێی دەردەچن. هەروەها تێبینییەکانی مێژوونووسان باس لە دەریچەکانی دەوروبەری ئەم ژوورە گەورەیە دەکەن و هەڵکۆڵینەکانی ناوچەکە لە ساڵانی دوای شەڕی ئێران و عێراق بوونی ئەم دەریچانە پشتڕاست کردووەتەوە. لەنزیک دەرگای چوارکەوانەیی ڕۆژئاوا و ناو بیناکە سەکۆیەکی بەردی هەیە کە قەبارەکەی 528 لە 508 سانتیمەترە، کە نزیکەی 60 سانتیمەتر لە بەرزییەکەی ماوە. هەروەها لە لای باشووری دەروازەی ڕۆژهەڵات و دەرەوەی بیناکە، سەکۆیەکی دیکەی خشتی بە قەبارەی 144×255 سانتیمەتر دەبینرێت، کە بە گەچ دروست کراوە. ڕەنگە ژوورەکانی دەوروبەری شوێنی نیشتەجێبوونی پیاوانی ئایینی و شوێنی نەزر و کۆگاکان و لەوانەیە شوێنی نیشتەجێبوونی حاجییان بووبێت. [1]
ئامادەکردنی بابەت: #ڕۆیا سەردار#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=