بێدار، شاعیرێکی ناوداری ناوچەی گەرمەسێر و کوردستانە، لە ڕێی هەڵبەستەکانییەوە خزمەتێکی زۆری بە بواری کەلتووری کوردی کردووە.
بابا عەلی کوڕی شێخ عەبدوڵڵا کوڕی شێخ عەلی، ناوی تەواوی ئەم شاعیرەیەو لە جیهانی ئەدەبدا بە بێدار ناسراوە.
ساڵی 1894ز. لەدێی ئاوایی گەورەی ناوچەی بنکورەی سەربە شارۆچکەی #خانەقین# لەدایک بووە.
لای باوکی و پیاوە ئایینەکانی سەردەمی خۆی خوێندوویەتی و هەر لە سەردەمی لاوێتیەوە بەدنیای ئەدەب ئاشنا بووە و دەستی بەهۆنینەوەی هەڵبەست کردووە.
بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی هەڵبەستی نووسیوە. بابا عەلی کەسێکی کوردپەروەر بووەو ئەندامی حزبی هیوا بووە، (بێدار) ناوی نهێنی بووە لەو حزبەداو دواتر بووە بە نازناوی شاعیری.
لەو سۆنگەیەوە بەشێکی هەڵبەستەکانی هەڵبەستی نیشتمانین و ئاوێنەی ڕەنگدانەوەی خەمە نەتەوەییەکان بوون.
بێجگە لەوە بێداری شاعیر هەڵبەستی بۆ عەشق و خۆشەویستی نووسیوە.
ئەم شاعیرەمان هەڵبەستی زۆری نووسیوە، بەڵام بەهۆی دۆخی سیاسییەوە بەشی زۆری هەڵبەستەکانی لەناوچوون.
ئەو هەڵبەستانەی کە ماونەتەوە لە ساڵی 2003ز. لەدوو توێی دیوانێکدا لەچاپ دراون.
بەداخەوە ئەم شاعیرە ناسراوەی کوردستان لە 22ی تەمووزی 1949ز. لە تەمەنی 55 ساڵیدا بۆ دواجار لە نەخۆشخانەی دارولسەلسی بەغدا چاوەکانی لێکنا و ماڵاوایی کردو چووە ڕیزی نەمرانی نیشتمانەوە.[1]