ناونیشانی بابەت: ئیدریس بارزانی، پیاوی ئاشتەوایی و ئومێد و نزیکی لە خەڵک
لە یادی کاک
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانیدا، هەمیشە خەسڵەت و ئاکارە کەسیی و ئینسانییەکانی لە ڕوانگە و باوەڕ و پرنسیپە سیاسییەکانی، زیاتر دێنە بەرباس، ڕەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت زۆرترین هاوڕێ و هاودەمی سەفەرە کورتەکەی ژیانی و ئەوانەی هەست دەکەن کاک ئیدریس بۆ ئەوان و نزیک لەوان ژیا و لە یادکردنەوەشیدا زۆرترین قسەیان هەیە بۆ وتن، پێشمەرگەی ساده و گیانفیدا و ئاوارەکانی دوای نسکۆی شۆڕشن کە بە لای ئەوانەوە سیفەت و ئاکارە ئینسانییەکانی سەرکردە وەک (مەردی و جوامێری و خاکەساری و خەمخۆری و بەدەمەوەبوونی خەڵک)، لە دید و تیۆر و ڕوانگا سیاسییەکەی لە پێشترن.
پێشمەرگە و خەباتکارانی ئەوێ ڕۆژێ کە لە کاک ئیدریس دەدوێن، هەر یەکە و سەربوردە و سەرگوزشتە و یادێکی تایبەتیی لەگەڵ هەیه و هەر نەبێت نامەیەکی ئەوی لە سینه و ئەرشیڤیدا پاراستووە. کە لەو هەموو یادەوەری و چیرۆک و نامانە ڕادەمێنێ، لەو تۆڕە فراوانەی پەیوەندییەکانی ئەو سەرکردەیە ورد دەبیەوە، سەرت سڕ دەمێنێ چۆن پەرژاوەتە سەر ئەو هەموو خەڵکە و لەگەڵ دانەبەدانەیان هەستی هاوڕێیەتی و لێکنزیکی و بەخەمەوەبوونی چاندووە و لەو کەمدەرفەتی و دۆخە سەختەی شۆڕشدا، هەموو ئەو پەیوەندیانەی ئیدارە و ئیدامە پێداوە!
ئەوانەی لە دیاردەی ئیدریس بارزانی دەکۆڵنەوە، سەرچاوەی خەسڵەتەکانی بۆ دیدە سیاسییەکەی دەگێڕنەوە. لە دیدی ئەودا سەرکردە دەبوا خزمەتکاری ئەو خەڵکە بێت کە خۆیان خسووەتە خزمەتی کوردستان، دەبوا هەمیشە قەرزبار و منەتباری پێشمەرگە و جەماوەر بێت. لە دیدی ئەودا سەرکرده لەناو میللەتێکی شۆڕشگێڕدا تەنیا بە ویست و بڕیار و قبووڵی خەڵک درووست دەبێت، سەرکردایەتیکردنیش هیچ نییە جگە لە هەڵگرتنی بەرپرسیاریی و چوونە ژێرباری ئەرکی سەختتر لەو ئەرکەی لە ئەستۆی هاوسەنگەرانییەتی، سەرکردە ئەو کەسەیە لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسیدا، پێشەنگی هەمووان و لە ڕزگاربوون و حەوانەوەدا لە دوای هەمووانە. هەرلەو پێودەنگەوەیە کە سەرۆک #مەسعود بارزانی# دەڵێت: ئیدریس هەڵگری تەواوی سیفەتەکانی بارزانیی نەمر بوو.
هەر ئەو دیدە بەرپرسیارە بوو ئیدریسی نەمری کردە مەکۆی زەحمەتترین ئەرکەکانی دوای نسکۆ، لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریی نسکۆ و چوونەژێرباری ئاکام و پاشماوەکانی، لە یەککاتدا خەمخواردن لە گوزەرانی ئەو خەڵکە زۆرەی نسکۆ ئاوارەی کردن، هاوکات تەحەددی سەختی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش و دووبارە ژیاندنەوەی گیانی ئومێد و هەستانەوە.
کاک ئیدریس باوەڕی ڕەهای بە درووستیی ڕێبازی حیزبەکەی هەبوو، بەڵام بە هەمان ڕەهاییش باوەڕی واقیعبینانەی به و ڕاستییە هەبوو کە ئەگەر کۆی هێزە سیاسییەکانی سەر گۆڕەپانی خەبات پێکەوە لەژێر یەک چەتری نەتەوەیی و نیشتمانیدا کۆنەبنەوە و کۆتایی بە تەفرەقە نەهێنن، کوردایەتی ڕەنج بەخەسارە. ئاشتبوونەوەی گشتی لای ئەو ستراتیژێک بوو کە باوەڕی وابوو بە هەر نرخێک بووە دەبێت سەربگرێت، دواجاریش هەر ئەو دیدە بوو بەرەی کوردستانی لێ بەرهەم هات و کوردستان و کوردەواری لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە گواستەوە.
ئەگەر لە تەمەنی (بە ساڵان کەم) و (بە ڕۆڵ و ڕووداو درێژخایەن)ی کاک ئیدریس بڕوانی و بتەوێت بە چەند وشەیەک پێناسەی بکەیت، ڕەنگە (ئاشتەواییخوازی، ئومێدبەخشی، نزیکیی لە خەڵک) پر بە پێست بن.
ئیدریس بارزانی کەسێک بوو بۆ هەموو شوێنە سەختەکان ئامادە بوو، لەگەڵ پێشمەرگە بوو، خەباتی بۆ کوردایەتی بوو، زۆر کەسێکی ڕاشکاو بوو.. ئەو کاتەی (بارزانیی نەمر) لە ئەمەریکا بوو نەخۆش بوو، ئەو هەمیشە ئەو بارە قورسەی لەسەر شان بوو، لە لایەک نەخۆشکەوتنی (بارزانیی نەمر) لە لایک ڕێکخستنی ئاوارەکان لە لایەک ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە، باری سەرشانی (ئیدریس بارزانی) زۆر قورس بوو، ئەو ڕۆحی بەرخودان و کوردایەتی لەناو کادیران پەروەردە دەکرد. ئیدریس بارزانی ئەندازیاری ئاشتی و پێکەوەژیان بوو، ڕاسپاردەی پێویستی دەدا بە جەماوەر لە دەنگی کوردستانەوە بۆ شۆڕش، بۆشایی زۆری درووستکرد. دەشڵێت ''تایبەتمەندیی کەسایەتیی (ئیدریس بارزانی) تایبەت بوو، لە کاتی پێویست (ئیدریس بارزانی) تووند بوو، لە کاتی ئاشتیدا کەسێکی ئاشتیخواز بوو. خۆی دەبێت سەرکردە ئەم دوو مەرجەی تێدا بن، کە (کاک ئیدریس) سەرجەم ئەو تایبەتمەندیانەی تێدا بوو کە سەرکردەیەک هەیبوو.''
ژیان و هەڵوێستەکانی شەهیدی هەمیشە لە یاد، ئیدریس بارزانی پڕن لە نموونەی زیندووی وەفاداری بەرانبەر گەلەکەی و ڕێبازەکەی و دۆست و پێشمەرگە و هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی. سەرراستانە ژیاوە و دڵسۆزانە بە تەنگ هەرکەسێکەوە بووە کە پێداویستی و گرفتەکانیان ڕووبەڕووی ئەوکردووەتەوە و ئەوەی قابیلی دابینکردن و چارەسەر کردن بووبێت درێغی نەکردووە. مخابن ئەم کەسایەتییە ژیر و سیاسەتمەدارە سەر ڕاست و شۆڕشگێرە هەڵکەوتووە زوو مەرگ لە گەل و نیشتمانەکەی دوور دەخاتەوە کە بوون و مانەوەی ئەو پێویستییەکی مێژوویی و نیشتمانی گرنگ دەبێ بەتایبەتیی لەو هەلومەرجە هەستەوەر و ئاڵۆزەی ئەو کات کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان تێدابووە.
ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی 34 ساڵەی شەهیدی سەرکردە ئیدریس بارزانیی دەکەینەوە کە ناوچەکە و ئێراق تێدەپەرێت و لە سەروبەندی دامەزراندنی کابینەی نوێی حکومەتی کوردستانە و گشت نیگاکان و هیواکان لەسەر هەر دوو سەرکردە و میراتگری قوتابخانەی کوردایەتیی و بارزانیی، بەڕێزان #نێچیرڤان بارزانی#ی و #مەسروور بارزانی#ی وەک سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی کوردستان هەڵچنراوە لە پێناو جێبەجێکردنی خزمەتگوزاری و بەرەو پێشڤەبردنی پڕۆسەی گەشەسەندن و ئاوەدانی و پێشکەوتن لە گشت بوارەکاندا بەرەو کوردستانێکی بەهێز. [1]