#ئیدریس بارزانی#، بە وێنەیەکی بێگەردی #مەلا مستەفا بارزانی# دەناسرا و هەموو تایبەتمەندییەکانی بارزانی لە ئیدریس دا دەبینران، ئەوە قسەی سەرۆک بارزانی بوو سەبارەت بە ئیدریس بارزانی، لەبەر ئەوەی ئیدریس بارزانی لەبەردەستی بارزانیی نەمر پەروەردە کرابوو و پێشمەرگایەتی و شۆڕشگێری و خەباتکاری لە بابی فێرببو، بۆیە کاتێک ئیدریس کۆچی دوایی کرد، کوردستان بەو کۆچە شۆک بوو، لە زۆربەی دەڤەرەکانی کوردستان شین و تازیەی بۆ دانرا، لە دەڤەری بادینان تازیەکە لە گوندێکێ دەڤەری ڕێکان لە #شێلادزێ# دانرابوو، بەڵام هەتا ئێستا مێژوو قەرزداری تۆمارکردنی ئەم ڕووداوەیە.
بۆ ئەوەی نەوەی ئێستا شتێک لە ڕابردووی خەبات و قوربانیدانی باب و باپیرانیان بزانن و ئیدی ئەو ڕووداوانە لەبەر چاوی خەڵک ون نەبن، ئێمە دیدارێکمان لەگەڵ پێشمەرگە میکائیل عەبدولکەریم شاجی ڕێکانی، ساز کردووە، ئەو کەسەی کە لەسەر ئاستی دەڤەری بادینان تازیەی بۆ ئیدریس مەلا مستەفا بارزانی دانا.
مام میکائیل عەبدولکەریم شاجی ڕێکانی، پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشەکانی ئەیلول و گوڵان وتی: هەر لە منداڵییەوە، هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەری لە دڵ و دەروونیدا هەبووە و بۆ خەبات و قوربانیدان و بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان، دەستی بە پێشمەرگایەتی و شۆڕش کردووە و وتی، کوردایەتی و پێشمەرگایەتی بە ڕۆژە سەخت و گرانەکاندا تێپەڕیوە، بۆیە لە گەنجێتی و سەرەتای تەمەندا وەک پێشمەرگە دەستمان بە خەبات و بزاڤی ڕزگاریخواز کرد، مل بە ملی هەموو پێشمەرگە و خەباتکارەکانی ئەو سەردەمە، سوپاس بۆ خوا بەرهەمی قوربانیدان و خوێنی شەهیدان، کوردستانی گەیاندە کەناری ئازادی و پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە دیت.
سەبارەت بە دانانی تازیەی ئیدریس بارزانی لە دەڤەری ڕێکان، ناوبراو وتی، کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی، ئەو کات ڕۆژێکی ناخۆش و کارەساتبار بوو، گریان و شینی خستە دڵی هەر کوردێکێ نیشتمانپەروەر، لەبەر ئەوەی ئیدریس بارزانی خەباتکار و سەرکردیەکی هەرە دیار و بەرچاو بوو لە بزاڤی ڕزگاریخواز و شۆڕشەکانی کوردیدا، بە تایبەتیی شۆڕشەکانی بارزان و ئەیلول و گوڵان، سەرباری ئەوەی کە ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە بەرەی کوردستانی، دیسان ئیدریس بارزانی ڕۆڵێکی هەرە بەرچاوی هەبووە لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و سیاسی و هەتا ژینگەییش لە کوردستان و ناوچەکە، بۆیە کۆچی دوایی ئەو ڕەنگدانەوەیەکی نەرێنی لەسەر بزاڤ و چالاکی و دڵ و دەروونی خەڵکیش درووستکرد.
ئەو زیاتر وتی، کاتێک کە ئیدریس بارزانی کۆچی دوایی کرد، ماڵمان لە گوندی شاجا سەربە دەڤەری ڕێکان بوو، بەڵام ئەو کات من چوبوومە گوندی چاڵی لە ماڵی شەعبان هەرنی لە دەڤەری زێباری بۆ کارێکی بازرگانی، شەو لەوێ ماینەوە، بەیانی کاتێک لە خەو هەستاین و نانی بەیانیمان خوارد بوویە کاتژمێر 8ی بەیانی، کوڕی ئەو ماڵە بەناوی ڕەشید هەرنی، ڕادیۆی ئێزگەی دەنگی کوردستانی کردەووە، بەداخەوە هەواڵێک بڵاوکرایەوە و تێیدا گوترا کە ئیدریس بارزانی کۆچی دوایی کردووە، کاتێک گوێمان لەو هەواڵە بوو شۆک بوین و زۆر دڵگران بووین و بەرەو گوندی شنیێ بەڕێکەوتین و بۆ نیوەڕۆ گەیشتین، لەوێ نانمان خوارد، دوایی هاتینە سەر ڕووباری زێی گەورە و لە نزیک گوندی هردان بە بەلەم دەربازی دەڤەری گوندی شنیێ بوین، دوو کەس بەناوەکانی عوسمان سیتەیی و عەبدوڵڵا ئیسماعیل سیتەیی هاتنە گوندی شنیێ و نامەیەکیان پێدام و وتیان، ئەمە بۆ تۆیە، من نەمدەزانی بخوێنمەوە، بۆیە داوام لە کەسێکی باوەڕپێکراو کرد نامەکەم بۆ بخوێنێتەوە و وتی، نامەکە لە سەرەوە هاتووە و تێیدا دەڵێت کە بە زووترین کات بگەڕێیەوە گوند، یاخود بۆ گوندی شاجا بۆ کارێکی گرنگ، بەڵام نەیانوت کارەکە چییە، بۆیە منیش یەکسەر هاتمە لای دەرگای گەلی باڵندان لە نیوەی چیای باڵندان و لە چەمی سیتەیان لە ڕووباری شین ئاودیوی گوندی سیتە بووم، لەبەر ئەوەی ئەو کات سەربازەکانی ڕژێم لەسەر ڕێگا هەبوون من بە نهێنی هاتم هەتا کەس نامەکەشم پێ نەبینێت، دواتر کەسەک بەناوی عەمێ باوانی ئۆتۆمبێلی خالێ بەناوی عیسای پێبوو، بە ئۆتۆمبێل منی گەیاندە گوندی ڕێنجبراخە و کات بووە مەغریب، میوانی عوبەید عومەر ڕێنجبراخە بووم، دوایی ڕۆیشتم بۆ ئەوەی بگەمە ماڵەوە لە گوندی شاجا و سوپاس بۆ خوا درەنگانی شەو بە سەلامەتی گەیشتم.
$کاتی گەیشتن چی ڕوویدا؟$
میکائیل شاجی دەڵێت: کاتێک گەیشتمە ماڵ، بینیم کە زۆر خەڵک لە ماڵمان کۆ بوونەتەوە، لە دەستپێک وامزانی شەڕێک یا خۆد کێشەیەکی کۆمەڵایەتی درووست بووە یاخود کەسێکی گوندەکەمان کۆچی دوایی کردووە، بەڵام دوایی بۆمان دەرکەوت کە ئەو هەموو خەڵکە لەبەر کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی هاتوونەتە ماڵمان، لە ماڵی ئێمە سەرکردە و بەرپرس و پێشمەرگە و کەسایەتی سیاسی و لەشکری و کۆمەڵایەتی هەموو ئامادەبوون، دواتر چەند کەسێکی پلەدار وەکوو عەلی تێلی، جەمال قەدشی، شەعبان ماهر، زوبێر کەژو و چەند کەسی تر کە ناوەکانیان نایەتە بیرم، پێیان وتم با بڕۆین بۆ سەربان، ڕۆێشتین، ئەوان پێیان وتم، دەمانەوێت تازیەی ئیدریس بارزانی لە ماڵی ئێوە دابنێین، دەتوانیت ئەو بەرپرسیارییەتییە هەڵگڕی. لە دەستپێک بەبێ دودڵی من داواکاریەکەیانم وەرگرت، بەڵام داوام لێ کردن کە ڕای خەڵکی گوند وەربگرم، لەبەر ئەوەی ڕژێمی بەعس بە فڕۆکە لەو دەڤەرە دەگەڕا و هەر چالاکییەک یاخود کۆبوونەوەیەکیان دیتبا بۆردومانیان دەکرد، من نەمدەویست کە خەڵک ببنە قوربانی بڕیاری من، دوای ڕاوێژم لەگەڵ خەڵکی گوندەکە، خەڵکەکە یەکدەنگ پشتیوانی خۆیان بۆ من ڕاگەیاند، بۆیە بە هاوکاری پێشمەرگە و ئامادەبووان و خەڵکی گوندەکە، ئێمە پلانێکی توکمەمان ڕێکخست بۆ ئەوەی تازیەکە بەرفراوان و بە بێکێشە بەڕێوەبچێت، ئەوە بوو پێشمەرگە وەک بابەتێکی ئەمنی چوار خاڵی پشکنینی لە دەوروبەری گوندەکە دانا، خاڵی یەکەم لە گرێ زەڤیا سێلێی ڕۆژاوا هاتە دانان، خاڵی دووەم لە سەرێ سالێی ڕوژاوا دانرا، دیسان خاڵی سێیەم لە خەلا کورێی ڕۆژهەڵات و خاڵی چوارەم لە ملی خێوکێ لە ڕۆژهەڵات داندرا، ئێمەش دەستمان بە ئامادەکاری کرد بۆ دانانی مەراسیمەکە و توانیمان لە ڕۆژی دووەمی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی سەرەخۆشییەکە دانێین، ڕێکەوتی #31-01-1987#، ئیدریس بارزانی کۆچی دوایی کرد، ئێمە لە ڕێکەوتی #01-02-1987# تازیەمان دانا، ئەو شۆڕشگێرانەی کە ناسراون لەلای ماڵی بارزان کە پێشوازی خەڵکیان دەکرد: عەلی تێلی نێروەی، حەجی عومەر شەتنسی دوسکی، حسو سیدانی، زەینەل شکر کێریادێری ڕێکانی، جەمال ئێسفکی قەدشی، محەمەد ڕەشێ بابسێفی بارزانی، تەلحە موسا هەرنی زێباری، زبیر کەژو ئورەماری دوسکی، شەعبان ماهر سەرنی نێروەی، شەریف عەبدولڕەحمان هورەی ڕێکانی، هاشم باقی سیتەی ڕێکانی، محەمەد مەم سەرنی نێروەی، عەبدوڵڵا مشەختی ڕێکانی، ئەحمەد نەوروز ئامێدی، عەلی کەرەم سپێری نێروەی، خورشید محەمەد سینی نێروەی، تەحسین عوبەید نێروەی و خەلیل هێتیتی مزویری و چەند هەڤاڵێکی تر کە هەموویان نایێنە بیرم، مەراسیمەکە بۆ سێ ڕۆژ لە ماڵی ئێمە دانرا، لەو کاتە ئەمە هەم لە ڕووی دارایی هەمیش لەڕوی ڕێکخستن و بەڕێوەبردن کارێکی بەزەحمەت بوو.
$بۆچی ماڵێ ئێوە بۆ مەراسیمەکە دەستنیشان کرا؟$
مالێ ئێمە لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانی بارەگای شۆڕش بوو و لەلایەن پێشمەرگە بەڕێوە دەبردرا، بەردەوام 20 بۆ 30 پێشمەرگەی لێبوو، ئەو کەسانەی بارەگاکەیان لەلایەنی ئەمنی و پێشمەرگایەتی بەڕێوەدەبرد پێکهاتبوون لە محەمەد عەلی بناڤی بەرواری کە بەرپرسیاریان بوو و ئەوانی تر عەلی قومری بەرواری، ڕەمەزان ڕەشوو بەرواری، حەجی سادق بێدکاری بەرواری، شعبان ئەرەدنی، شوکری ئەرەدنی، نازی زەین توتازایی نێروەیی بوون، سەرباری ئەمەش لە سەردەمی هەردوو شۆڕشەکانی ئەیلول و گوڵانیش ماڵی ئێمە، جێگەی پێشمەرگە بوو، هەروەها ئەو کات ماڵی ئێمە جێگەی چارەسەرکردنی کێشەکان بوو، هەر شەڕ و ئاڵۆزییەکی کەسی و گوندایەتی و کۆمەڵایەتی و سکاڵایەک لە ناوچەکە هەبوایە لێرە چارەسەر دەکرا، ئەگەر کێشەکە گەورە بوایە بۆ دەڤەری #بارزان# ڕەوانە دەکرا، بۆیە بۆ ئەم مەراسیمە ئێرە هەڵبژێردرا.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە گوندی سارکێی سەربە ناوچەی نێروەش تازیەیەکی شاراوە بۆ ئیدریس بارزانی دانرابوو، لەبەر ئەوەی ئەو کات سەرۆک #مەسعود بارزانی# لەوێ بوو، بۆ سەلامەتی جەنابینا، مەراسیمەکە شاراوە بوو، بەڵام ئەوەی ئێمە، ئاشکرا و گشتی بوو و لە هەموو بادینان خەڵک هاتبوو و هەروەها ئاماژەشی بەوە کرد، دوای تازیەکە هەتا 10ڕۆژ هەر خەڵک دەهاتن یاخود نامەی سەرەخۆشییان دەنارد، ئێمەش هەموویمان وەرگرت و دواتر ناردمان بۆ لایەنی پەیوەندیدار.
شایەنی باسە ناوبراو لە ڕێکەوتی #01-07-1947# لەدایکبووە و لە ساڵی 1972 ژیانی هاوسەری پێک هێناوە و پێنج کوڕ و شەش کچی هەیە، دوو لە منداڵەکانی بە ناوەکانی کازم میکائیل و سینەم میکائیل ئەنفالن و یەکێکیان بەناوی سەعید میکائیل شەهید بووە، ئێستاش خۆی نیشتەجێی شێلادزێیە و هیوای گەشی بۆ کوردستانێکی ئازاد هەیە. [1] [2]