لە شاری دەوحەی وڵاتی قەتەڕ و لەنێو هۆڵی هۆتێل ملنیۆم پلازا و بە بەشداری نوێنەری 23 یانە و لەژێر سەرپەرشتی یەکێتی گۆڕەپان و مەیدانی وڵاتانی ڕۆژاوای ئاسیا و بە چاودێری یەکێتی گۆڕەپان و مەیدانی جیهانی، کۆبوونەوەی هونەری پاڵەوانییەتیی گۆڕەپان و مەیدانی یانەکانی وڵاتانی ڕۆژاوای ئاسیا ئەنجام درا.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە پاش نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی #06-04-2024# بەڕێوەچوو، نوێنەری 23 یانە بەشداريان کرد، ئەمه و دوای گەیاندنی ڕێنماییەکانی بەڕێوەچوونی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە، بڕیار درا کە یارییەکانی سەرلە بەیانی ڕۆژی دووشەممە #07-04-2024# و لەسەر یاریگەی ( سحیم بن حمد ) دەست پێبکات.
سەبارەت بە بەشداری تیمەکەیان #نزار ئەکرەم# سەرپەرشتیار و ڕاهێنەری تیمی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی پێشمەرگە بۆ پێشمەرگە سپۆرت زانیاری زیاتری داو وتی، هەروەک چاوەڕوانمان دەکرد ئەم پاڵەوانێتییە پڕ ڕکابەری دەبێت و چەندین یاریزانی ئاست بەرزی جیهانی لەنێو ڕکابەرییەکانی یارییە جۆراوجۆرەکانی دەبن.
نزار ئاماژەی بەوەشکرد کە وەک یانەی پێشمەرگە بە 9 کیژە یاریزان بەشداریان کردووە و ئامادەکاری تەواویشیان هەیە تا ئەنجام بەدەست بهێنن.
جێگەی باسە یانەی ئەهلی قەتەڕی ئەم پاڵەوانێتییەی ڕێک خستووە و ئەمە دووەمین چالاکیشی دەبێت لەسەر ئاستی وڵاتانی ڕۆژاوای ئاسیا ئەنجامی دەدات. [1]