(کات)ی تێکەڵ
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
لە سەردەمی یۆنای کەوانارا، یۆنانییەکان بەو شێوەیەی لە دەقەکانیاندا هاتووە باوەڕیان وەها بوو ڕەوتی زەمەن دایرەییە (جەغزئاسا) و، هەر بۆیە بە گوێرەی سەرنجی ئەوان هەموو شتێک سەرلەنوێ دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی سەرەتای خۆی و دیسان جارێکی تر هەمان ڕەوەڕەوە دووپات دەکاتەوە. باشترین نموونەی ئەم کەسانە ڕەواقییەکان بوون کە پێیان وابوو ناوە ناوە ئاگرێک دێت و هەموو جیهان دەسووتێنێ و، پاشی ئەم ئاگرە دیسان جیهان سەرلەنوێ درووست دەبێتەوە تا دیسان ئاگرێکی تر و دێت و دیسان دەیسووتێنێتەوە. بەڕای ئەوان ئەم جیهانە تازەیە دووپاتکردنەوەی هەمان ئەو جیهانەی پێشووە کە ئاور سووتاندی.
لەم بۆچوونە دایرەییەدا دەتوانین بڵێین چونکە جیهان لەسەر بنچینەی هەمان پێشووی خۆی سازدەبێتەوە کەواتە 'کات' هیچ شتێکی تازەی پێ نییە و بۆیە مرۆڤ ملکەجی دووپاتکردنەوەی هەمان دیاردەکانی پێشووە. لێرەدا بە واتایەک ڕابردوو، هەنووکە و داهاتوو مانایەکی نییە، گەر هەیشی بێت ئەوا لەناو ئەو جیهانەدایە کە هێشتا خولەکەی خۆی تەواو نەکردووە و ئەگینا پاشی ئەوەی دەسووتێت و جێگای خۆی دیسان بە خۆی دەداتەوە، لە ڕاستیدا ڕابردوو و هەنووکە و داهاتوویش مانایان نامێنێ.
بەڵام دیسان دەقەکان پێمان دەڵێن بە سەرهەڵدانی ئایینی مەسیح جۆرێکی تر لە خوێندنەوەی 'کات' سەری هەڵدا کە بە پێچەوانەی یۆنانییەکان پێی وایە ڕەوتی زەمەن 'هێڵی' واتە هێڵ ئاسایە. لەم بۆچوونەدا 'کات' لە ڕابردووەوە دێت دەگاتە هەنووکە و پاشان داهاتوو دێت.
گەر باوەڕمان بەم بۆچوونە هەبێت ئەوا بە پێچەوانەی یۆنانییەکانی کەونارا ئیتر جیهانە نوێیەکان دووپاتکراوەی جیهانی پێشوو نین و لەگەڵ خۆیان هەوێن و ڕواڵەتی جیهانی نوێ دێنن. هیچ شتێک ئیتر دووپاتکراوە نییە و بەڵکوو لە ڕەوتی بەرەوپێشچووندایە کە بەڕای کریستێدانییەکان ئەم بەرەوپێشچوونە لە باوەشی خودا دا سەرەنجام ئۆقرە دەگرێ کە ئەوپەڕیەتی. ڕەنگە لە سەردەمی نوێ دا 'هیگل' فیلسووفی ئایدیالیستی ئاڵمانی نوێنەرێکی تری ئەم بۆچوونە بێت. لای ئەو 'ڕۆحی موتڵەق' لە سەیر و سیاحەتی خۆیدا، کە بە قۆناغی جۆراوجۆردا تێدەپەڕێت، سەرەنجام لە دەوڵەتی پرۆس دا دەگاتە دوواپلەی خۆی و ئیتر مێژوو لەوێدا ڕادەوەستێ.
یەکێکی تر لە وێناکانی کات، وێنای 'زیگزاگی' یە. لەم حاڵەتەدا کە بۆ وێنە مارکسییەکان باوەڕیان پێی هەیە، ڕەوتی مێژوو لە شێوازی زیگزاگ (وەک شێوازی فەننەری ماشین)، بەرەوپێش دەڕوا، کە ئەگەرچی جاری وایە لە خولی خۆیدا هەست دەکرێت بەرەو دوواوە دەگەڕێتەوە، بەڵام کە خولی خۆی تەواودەکات دەبینین پلەیەک چووەتە سەرەوە.
بەڵام ئەم سەردەمەی ئێمەی تێدا دەژین چی؟ داخۆ کام یەک لەمانە دەخوا؟
گومانی تێدا نییە کە دەکرێت هەندێک کەس بەردەوام باوەڕیان بە کاتی جەغزئاسا هەبێت، بەڵام ئەم وێنایە لە کات و لە زەمەن، ڕەسەنییەتی نەماوە و شوێنی سەرەکیی خۆی لەدەست داوە. هەروەها هەندێک بیرمەندیش وێنای هێڵ ئاسای کاتیان خستووەتە ژێر پرسیار و پێیان وایە ئەمە تەنیا وێنایەکەی درووستکراوی دەستی مرۆڤە و ئەگینا لە ڕاستیدا لەناو سرووشت شتێک بە ناوی دوواوە و ئێستا و داهاتوو هەبوونی نییە. بگرە ئەوان ئەو بیروبۆچوونەی کە پێی وایە دونیا بە گوێرەی ئەم سەرنجە هێڵیە کە پێی وایە لە سادەوە بەرەو پیشکەوتوو دەچێ، هیچ مانایەکی نییە. هەروەها وێنای زیگزاگیش ڕەخنەی خۆی لەسەر هەیە چونکە لە دوواپێناسەدا زیاتر لە وێنای هێڵی نزیکە و باوەڕی بەبەرەوپێشچوونە، واتە لە قۆناغی نزمترەوە بۆ قۆناغی بەرزتر.
بەڵام داخۆ دەتوانین وێنای چ جۆر لە زەمەنێکی تر بکەین؟
یەکێک لە ئەڵترناتیڤەکان دەتوانێت باوەڕ بە 'کات' ێک بێت کە تێیدا تێکەڵێک لە هەر دوو جۆرەکانی دایرەیی و هێڵی حوزوری هەبێت ('کات' ی تێکەڵ). بۆ وێنە لە وەسفی وەها زەمەنێکیش دا دەتوانین بڵێین کە هەندێک لە دیاردەکان خاوەن ڕەوتی جەخزئاسان (وەک دیاردەکانی ناو سرووشت، شەو و ڕۆژ، وەرزەکان و...)، هەندێکی تر، وەک کۆمەڵگە خاوەن ڕەوتی هێڵی (ڕەوتێک لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکانەوە بەرەو کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان کە تێیدا تەکنۆلۆژیا گەشەی کردووە).
بەڵام دیسان ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە گەر لە 'بوون' لە گشتییەتی خۆیدا بڕوانین (کۆمەڵگە و سرووشت پێکەوە)، داخۆ دەتوانین دیسان پێداگربین لەسەر 'کاتی تێکەڵ'؟
بێگومان وەها پێداگرییەک زەحمەتە. چونکە مرۆڤ بۆخۆی بەشێکە لە سرووشت و نەک سرووشت بەشێک لە مرۆڤ. جا بە گوێرەی ئەوەی کە 'ورد' پێملی 'گشت'ە، هەر بۆیە ئینسانیش لە دووا پێناسەدا پێملی سرووشتە و لە گشتییەتی خۆیدا خۆی لە چوارچێوەی ئەودا دەبینێتەوە.
بەڵام ئەی جیهانی تایبەت بە مرۆڤ چی کە لەناو سرووشت دا توانیوویەتی چێی بکا؟
بێگومان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ئەستەمن. تا کاتێکیش مرۆڤ نەتوانێ لەگەڵ 'کات' مامەڵەی زانستیانە بکات (نەک ئالوودە بە فەلسەفە)، ئەوا دۆزینەوەی وەڵام یەکجار زەحمەتە.
پێدەچێت بەم زووانە کات خۆی نەدا بە دەستەوە![1]