نووسەر و ئەدیب و ڕۆژنامەنووس حەسەن قزڵجی، ڕۆژی #15-09-1914#ز. لە بنەماڵەیەکی خوێندەوار لە شاری #بۆکان# لەرۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. لە تەمەنی 6 ساڵییەوە خراوەتە بەر خوێندن. سەرەتا لەلای باوکی و دواتر لەلای مامۆستا مەلا ئەحمەدی فەوزی و مەلا ئەحمەدی تورجانیزادە خوێندویەتی. پاش چەند ساڵ خوێندن بووەتە فەرمانداری شاری مەهاباد.
زۆربەی لایەنەکانی ژیانی ئەم بلیمەتە شاراوەن. جۆری ژیانی تایبەتیی و سیاسی و کاری نهێنی و دەیان ساڵ ڕاوەدوونران و ئاوارەیی و سەرەنجامیش گیران و کوژران پەردەیەکی نادیاریان بەسەردا کشاوە. حەسەنی قزڵجی، یەکێک بووە لەو پیاوانەی ڕۆڵێکی ڕووناکبیری و ڕامیاری باشیان بووە لە کۆماری کوردستان بەسەرۆکایەتی قازی محەمەد. لە هەڕەتی لاوەتیدا بەناوی نهێنی (ژیر) پەیوەندی دەکات بەکۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستانەوە (کژک) و لەگەڵ چەند کەسی ئازادیخواز و ڕووناکبیری تردا.
ئەم نووسەر و ڕووناکبیرە لە گۆڤارەکانی (#کوردستان#) ، (#ئاوات#) ، گۆڤاری #هەڵاڵە#دا نووسینەکانی بڵاو کراونەتەوە. هەروەها سەرنووسەر و بەڕێوەبەری گۆڤاری وێژەیی و ڕامیاریی گشتیی (هەڵاڵە) بووە کە لە ساڵی 1946ز. لەبۆکان و لەژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان دا دەردەچوو. قزڵجی پاش کۆماری کوردستان وەک زۆربەی نیشتمانپەروەران بەناچاری پەڕیوە دەبێت و لە باشووری کوردستان جێگیردەبێت. سەرەڕای ژیانی نهێنی و چەرمەسەری درێژە بە نووسین دەدا و لەبڵاوکراوەکانی #هیوا#، #ڕۆژی نوێ#، #نووسەری کورد#، #بەیان# دا بابەتەکانی بڵاو دەکرێنەوە.
ئەم تێکۆشەرە لە ساڵی 1953ز. دا بەبیانوی ئەوەی خەڵکی ئێراق نییە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ڕادەست بە ئێران دەکرێتەوە، بەڵام لە دەرفەتێکدا خۆی لە دەستی پۆلیسی ئێران ڕزگار دەکات و خۆی دەگەیەنێتەوە شاری #هەڵەبجە# و لەوێ نیشتەجێ دەبێت.
پاشان خۆی دەگەیەنێتە لای #هەژار موکریانی# لە بەغدا. قزڵجی هەر لە بەغداوە دەچێتە وڵاتی بولگاریا و لەوێ لە ڕادیۆی پەیکی ئێران دەبێتە بێژەری هەواڵی ڕامیاری بە زمانی کوردی. پاش ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی ئێران، لە ڕیزەکانی حیزبی توودەی ئێران وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەی (مردم) کە بە کوردی دەردەچوو کاری کردووە. بەڵام ساڵی 1983ز. حەسەن قزڵجی دەگیرێت و دەخرێتە زیندانەوە.
مامۆستا و نووسەر حەسەن قزڵجی، ئەو کاتەی لە بەندیخانە دەستگیر کراوە تەمەنی 70 ساڵ بووە و پاش ئەوەی 10 مانگ لەژێر شکەنجەی جەستەیی و دەروونی دا دەبێت لە ڕۆژی #28-09-1985#ز. بەهۆی نادیارە و لە زینداندا کۆچی دوایی کردووە و لەژێر چاودێریی حکومەت تەرمەکەی لە گۆڕستانی بەهەشتی زارای تاران بەخاک سپێردرا. هەر چەشنە خوێندنەوەیەک بۆ ڕەوتی ئەدەبی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بێ پەنابردن بۆ بەرهەمە ئەدەبییەکانی (قزڵجی) و ڕۆڵی لەو پانتاییە و بەتایبەتیی لە بواری چیرۆکی کوردی دا مەحاڵە. (قزڵجی) وەرگێڕ و ئەدیب و زمانزانێکی لێهاتوو بووە. دەیان بابەتی ئەدەبی لەزمانەکانی فارسی، تورکی، بولگاری و عەرەبی وەرگێڕاوە بۆ زمانی کوردی و هەروەها چەندین بابەتی زمانەوانی بڵاو کردووەتەوە. قزڵجی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بوارەکانی چیرۆک، وتار، ڕەخنە و لێکۆڵینە و بابەتی زمانەوانی و وەرگێڕاندا هەبووە. بەڵام بەداخەوە نەهامەتییەکانی ڕۆژگار پەردەیان بەسەر ئەم توانایانەدا کێشاوە و ئەمڕۆ قزڵجی زیاتر بە کۆچیرۆکی (پێکەنینی گەدا) ناسراوە.
$بەشێک لەبەرهەمەکانی حەسەنی قزڵجی$
ئاشتیخوازیی لادێیی و پەیمانی دوولایی، نووسراوی حەسەن قزڵجی و عەبدولڕەحمانی زەبیحی، بەغداد 1959ز.
پێکەنینی گەدا کۆمەڵەچیرۆک، 1972ز. بەغداد
بەرهەمی چاپ نەکراو: تیۆری ئەدەبی، وەرگێڕان لەبولگارییەوە. زاراوەی سیاسی کۆمەڵایەتیی وەرگێڕان
کورتە چیرۆکەکانی ئەنگیل کارالچیڤ، وەرگێڕان لە بولگارییەوە. [1]