#مستەفا بارزانی#، سەرکردەى هەر دیار و مێژوویی شۆڕش و بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد و کوردستانیان، باوکی ڕۆحیی میللەتێکى ستەمدیدەی دابەشکراو و مافخوراو، گۆشکراوى نێو خانەوادەیەکى خەباتگێڕ و گیانفیدایە، کە سەدەیەک بەر لە ئێستا پەیامى ئازادبوون و نەعرەتەى کوردایەتى لەسەر دەستى ئەوان پەلوپۆى هاویشت، سەردەمانێکى زۆرە و بگرە تا ئەمڕۆیش، لە ڕووى جیهان ناسنامەى میللەتێکى گەورە لکێنراوە بەناوى خودی بارزانیى سەرکرده.
کۆچی دوایی ئەم سەرکردە ناودارەی کورد، لە #01-03-1979# دا کۆستێکی گەورە بوو بۆ هەمووان، خەم و پەژارەی گەورەی لای کورستانیان و دۆستانی دنیای کوردیش درووستکرد و کەلێنێکى گەورەی خستە نێو شۆڕش و بزاڤى کوردایەتى.
لە کۆچیادەکانی بارزانیى سەرکردە، چەندین کەسایەتیی سیاسی و ڕۆشنبیرى و نووسەران، وتە و لێدوانیان بەو هۆیەوە داوە، بۆ ئەم مەبەستە هەوڵم داوە بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک سەرچاوەى ڕابردوو، بەشێک لە وتەی کەسایەتییە گرنگەکان ل بخەمە ڕوو.
بە بیستنى ئەو هەواڵە جەرگبڕەى (#01-03-1979# )، جەماوەرى شار و لادێکانی هەر چوار پارچەى کوردستان و دڵسۆزانى بارزانى لە هەر گۆشەیەکى ئەم دنیایەدا، بۆ دەربڕینى هەستیان هەر یەکە و بەپێى ئەو هەلومەرجە گونجاوەى کە هەیانبووە، ڕەشیان پۆشى و ماتەمینیان گێڕا. لە کاتى ناشتنى تەرمەکەشیدا لە شارى #شنۆ#ى سەربەرزى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، وەکوو مامۆستا جەلیل گادانى دەڵێت: ”بەخاک سپاردنى مەلا مستەفا لە شارى (شنۆ) ڕاپەڕینێکى دیکەى گەلى کورد بوو لەبارەى بیر و باوەڕەوە، بە تێکڕا و بەتایبەتى هاوسەنگەرانى مەلا مستەفا، هاوبیر و باوەڕان و بنەماڵە و دڵسۆزانى کورد و #پارتى دیموکراتى کوردستان#ى جارێکى دیکە موتەئەهید کرد، کە دەبێت. بە هەموو توانایانەوە لەسەر درێژەدانى ڕێگاى هەمیشە ڕوونى بارزانی سوور بن، ئێستاش ئاکامەکەى دەبینین. بۆیە ئێمە پێمان وایە بارزانیی نەمردووە و ناشمرێ، بۆ تاهەتایە لە دڵ و دەروونى پڕ لە ئیحساسى یەکەیەکەى ئەندامانى نەتەوەکەى و حزبەکەیدا زیندووە و هەر زیندووش دەمێنێتەوە، چونکە بارزانیی نەمر موڵکى هەموو کورد و کوردستانییەک بووە و بۆ هەموو کورد و کوردستانیش گیانى و ژیانى خۆى تەرخان و پێشکەش کرد“.
بارزانی جێگاى ڕێزگرتن بوو لەلایەن خەباتگێڕ و ئەو تێکۆشەرانەوە کە واتاى خۆگۆڕینى مرۆڤ بۆ پڕۆژەى ئازادکردنى نەتەوەیەک لە ستەم و زۆردارى دەزانن.
هەر پێوەند بە بارزانی، کەسایەتیى سیاسى و نووسەرى ناسراوى عەرەب، (د. منزر لفەزل) دەڵێت: ”بارزانی گەورەترین و دیارترین سەرکردەى نەتەوەیى کورد بوو لە مێژووى بزووتنەى ڕزگاریخوازیی کورددا و سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان (P.D.K) بوو، ئەو دەمەش لە 01-03-1979 لە نەخۆشخانەى (جۆرج تاون) لە (واشنتۆن) کۆچى دوایی کرد، ملیۆنەها کورد و خەڵکێکى زۆریش لە دۆستانى کورد و خۆشەویستانى گەلى کورد بۆى گریان، بۆیە یادى ئەو سەرکردەیە لە دڵى هەموو کوردێکدا و هەموو ئەوانەى پشتگیرى لە ئامانجەکانى دەکەن هەمیشە زیندووە و دەمێنێ، ئەو ئامانجانەى لە پێناویاندا زۆر قوربانى بەخشى و بەدرێژایی ژیانى خەباتى بۆ وەدیهێنانى کرد. بۆیە مستەفا بارزانی وەک کەسایەتییەکى بێ وێنەى کوردى باشوورى کوردستان لە مێژووى گەلى کورددا و وەک سەرچاوەی ئیلهام و ڕەوشتی بەرز بۆ لاوانی کورد دەمێنێ، بارزانی ناسناوى ئەفسانەى چیایی هەڵگرتووە کە هەمیشە دوودڵ نەبووە لە گرتنەبەرى ڕێگاى ململانێ لە پێناو ئاشتی و ئازادی و دیموکراسیدا“.
هەروەها #سامى عەبدولڕەحمان#، لە بیرەوەریى سێزدەمین ساڵڕۆژى کۆچى دوایى بارزانی-دا دەڵێت: ”کاتێک کە چوومە خزمەتى بارزانی لە ئەمەریکا، دەمبینى بارزانی پێش کۆچکردنى بە ماوەیەک بەردەوام بە فێربوونى زمانى ئینگلیزییەوە خەریکە، گەرچى بارودۆخى تەندرووستیشى نالەبار بوو، ئومێدى چاکبوونەوەشى بڕابوو، کەچى هەموو ڕۆژێک چەند کاتژمێرێکی دانابوو بۆ فێربوونى زمانى ئینگلیزى“.
مامۆستا #موحسین دزەیى#، کە هاوەڵى بارزانى بووە لە نەخۆشخانە واشنتن، لەم ڕووەوە دەڵێت: ”رۆژى 01-03-1979 بە لەدەستدانى ئەو سەرکردە مەزنە، دنیا لەبەر چاومان تاریک بوو، نەماندەزانى چۆن هەنگاوى داهاتوو بهاوێژین. ئەو سەرکردە لێهاتووە بەجێى هێشتین، کە هەموو ژیانى بۆ خزمەتى گەلەکەى و بەدیهێنانى مافى ڕەواى میللەتە ستەملێکراوەکەى تەرخان کرد، ئەو پیاوە مەردە سادە و بەوەفایە دنیاى جێ هێشت، هەموو حەزى خزمەتى گەلەکەى و ستەملێکراوان و هەژاران بوو، لە پێناوى ئەو ئامانجەى تێیدا دەیان جار هەوڵى لەناوبردنى دراوە“.
موحسین دزەیى، درێژە بە باسەکەى دەدا و دەڵێت: ”بارزانى کۆچى دوایى کرد، بەڵام کەلەپوورێکى گەورە و تژى لە پاڵەوانێتى و کردەوەى چاکى بۆ جێ هێشتین، ڕێگایەکى ڕۆشنى بۆ تێکۆشان گرتە بەر، ئەگەر بە وردى و دەستپاکى پیایدا بڕۆین بە ئامانج دەگەین و ئاواتەکانى گەلى کورد دێتە دى، ئەو ئاواتەى کە ئامانجى بارزانى بوو لە ژیانیدا. لەو کاتەدا هەر کە هەواڵەکە گەیشتە پەنابەرانى کورد لە ئەمەریکا و کەنەدا، ژمارەیەکى زۆریان لە چەندان شارەوە بە هەڵەداوان گەیشتنە لاى ئێمە لە واشنتن، کاتێک هەواڵەکەم بە دکتۆر ماکفیرسن-پزیشکى تایبەتى بارزانیى نەمر ڕاگەیاند، زۆر خەمبار بوو، داواى کرد پرسەنامەى بگەیەنمە کاک ئیدریس. محەمەد سەعید دۆسکى، هەواڵەکەى گەیاندە ڕۆژنامەنووس (دانا ئادەم شمیدت)، دۆستى دێرینى بارزانى و خاوەنى پەرتووکى (گەشتێک لەنێو پیاوە ئازاکان)دا، شمیدت لە ڕۆژنامەنووسە بەراییەکان بوو کە لە سەردەمى #شۆڕشى ئەیلوول#دا سەردانى کوردستانى کرد، بۆیە کە هەواڵەکەى زانى لە ڕۆژنامەى (کریستیان ساینس مونیتەر)دا کارى دەکرد، هەواڵەکەى گەیاندە ئاژانسەکانى دەنگوباس و ڕادیۆکان، بەم جۆرە هەواڵەکە بە هەموو جیهاندا بڵاو بووەوە“.
د. محەمەد ساڵح ئیبراهیمى، نووسەر و (مامۆستاى زانکۆى تاران) لە وتارێکیدا دەنووسێت: ”لە ئاسمانى کوردەوارى و مرۆڤایەتییدا (بارزانیی ڕۆژ) بە فوو ناکوژێتەوە. نیشانەى دڵسۆزى و هۆشیاری و بێداری و زیندووبوونى مستەفا بارزانیی ڕابەرى نەتەوەى کوردە لە هەموو کات و ساتێکدا و لەم سەردەمەشدا، جا چ کورد لە هەر دۆخ و هەلومەرجێکدا بژى، سێبەرى ڕەحمەت و پڕ بەرەکەتى بارزانی وا بەسەرەوە، شوێنى پیرۆزى بیرى ورد و تێکۆشانى دیارە بەسەر کورد و کوردستاندا و هەر دیاریش دەبێ“.
هەروەها دەڵێت: ”بارزانی ڕابەرى ئەفسانەیی و بەرزە پلەیە، بارزانی لە ڕابەرانى سەدەى بیستەمە و نامرێت و نێوى هەر بە چاکى و پاکى دەمێنێ... زۆر بەداخەوە لە 01-03-1979 لە بەخۆشخانە لە واشنتۆن کۆچى دوایى کرد و بەپێى وەسێتى خۆى تەرمى پیرۆزى هێنرایەوە شارى شنۆ و خەڵک و حەشیمەتى زۆر پێشوازییان لە تەرمەکەى کرد و لەگەڵى چوونە شارى شنۆ، تەنانەت وەفات و ناشتنەکەشى بووە هۆى یەکبوونى گەلى کورد لەو کاتەدا“.
هەر لەم ڕوانگەیەوە د. خالید یونس-یش دەڵێت: ”خەڵکانێکى زۆر لە هەموو وڵاتان و ناوچەکانى جیهانەوە هاتنە شنۆ بۆ بەڕێکردنى ئەو سەرکردەیەى کە لە پێناو ئازادى و سەربەخۆیی نەتەوەکەى تێ کۆشا، دڵەکان قبووڵیان نەکرد و پێیان داگرت کە دەبێت. بارزانی لەناویاندا بێ، بۆیە پاش چەند ساڵێک گۆڕە پاکەکەیان بردەوە باشوورى کوردستان، لەو جێگەیەی لێى لەدایک بووبوو، لەنێو خۆپیشاندانێکى جەماوەریى گەورەى وادا کە پێشتر هاوچەشنى نەبوو، نێژرا، بەدواى خۆشییەوە مێژوویەکى پڕ سەروەرى و بیرێکى ڕووناک و سامانێکى نەتەوایەتیى مەزن و ڕێڕەوێکى نیشتمانیى دیموکراتى بەجێ هێشت“.
جەلال دەباغ، سیاسەتمەدار و تێکۆشەر و ئەندامى پێشووى مەکتەبى سیایسى حزبى شیوعى، لە دیدارێکیدا، سەبارەت بە کۆچى دوایی و پاشان هێنانەوەى تەرمی بارزانی بۆمان دوا و گوتى: ”بێگومان مەرگى پڕ تراژیدیاى بارزانی مستەفا زیانێکى گەورە بوو لە بزاڤى ڕزگاریخوازى گەلى کوردستان کەوت، ئەمەش لە هەلومەرجى دواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلوول و دوور لە زێدى باب و باپیران و گەلەکەى بوو، وێڕاى ئەوەش هێنرایەوە و لە خاکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەخاک سپێردرا تا دواى ڕاپەڕینە شکۆدارەکەى ئادارى 1991 کە هەلومەرجى گونجاو ڕەخسا، لە ڕۆژى #06-10-1993#دا بە پارێزگاى #سلێمانی#دا تەرمى نەمران هێنرانەوە و بەناو شارى سلێمانیدا گەیەنرانەوە #هەولێر# و پاشان بە خاکى بارزان سپێردران. مەراسیمى هێنانەوە تەرمى بارزانی و
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانی بووە خۆپیشاندانێکى جەماوەریی بێ نموونە و بە بەشداریى سەدان هەزار کەس لە گشت ڕێگە و بانەکاندا پێشوازییان لێ کرا و بە ڕێزێکى زۆرەوە بەڕێ کران... بێگومان ئەم بەرز هەڵسەنگاندنەى گەل بۆ ڕابەرە دڵسۆزەکەى، باشترین بەرپەرچدانەوە بوو بۆ درۆ و دەلەسە و پڕوپاگەندەى دوژمنان لە دژى ڕابەرە شۆڕشگێڕەکەى گەلى کوردستان“.
مامۆستا جەلال دەباغ، لە شوێنێکى تردا دەڵێت: ”بە چاوى خۆمان بینیمان کە چۆن لە گەڕانەوەى بارزانیدا بۆ بەغدا و پاشان بۆ کوردستان بەڕێزەوە پێشوازیی لێ کرا، ئەمە ڕێکەوتى #06-10-1958# هەروا لە 06-10-1993 دا، واتە دواى (45) ساڵى تەواو، چۆن لە هێنانەوەى تەرمى نەمراندا بەگەرمى و بەڕێزەوە سەدان هەزار لە ڕۆڵەکانى گەلى کوردستان پێشوازییان لێ کرد، ئەمەش دیسان جارێکى تر باشترین سەلماندن بوو کە گەل بە چ شێوازێک پێشوازیى لە ڕابەرە دلێرەکەى دەکات... پەند و تاقیکردنەوەکانى ژیان و تێکۆشانى بارزانیى نەمر، ئەوە فێرى گەلەکەمان دەکات کە سەرکەوتنى ئاییندەشمان لە یەکگرتندایە“.
سەرۆک #مەسعود بارزانی#-یش سەبارەت بە کۆچى دوایى بارزانی دەنووسێت: ”من دەمزانى بیستنى هەواڵى کۆچى دوایى بارزانی چەند لەسەر دڵى کورد گران دەبێت. دەمزانى چ دەرد و خەفەتێک لە دڵ و دەروونى هاوڕێکانى خەباتى و هەموو ئەوانەى بەجێ دەهێڵێ، کە لەژێر ئاڵاى ئەودا تێکۆشاون. من بەتایبەتى لەوە دەترسام ئەم هەواڵە ناخۆشە لەپڕە ئەنجامێکى پێچەوانە لەلاى ئەوانەدا بەجێ بهێڵێ، کە سەریان نەوى نەکرد و خۆیان نەدا بەدەستەوە و پەیمانیان دا کەوا هەر لە تێکۆشان بەردەوام بن و ئەمە بیاندات بەدەست جۆرە نائومێدی یان ملکەچییەکەوە. لەبەر ئەوە هەستام ئەم ڕاگەیاندنەم نووسى و بڵاوم کردەوە کە تێیدا وتبووم (کۆچى دوایی بارزانی هەرگیز نابێت بە کۆسپ لە ڕێگەى درێژەپێدانى ئەو خەباتەى کە ئەو ئەرکەکەى لەئەستۆ گرتبوو، خەبات هەر بەردەوام دەبێت و ڕەوت هەر لەسەر ڕێبازەکەى ئەو دەبێ). لە ڕاستیشدا هەر ئەمەیە خواست و ئارەزووى بارزانی. باشترین بەڵگەى وەفاداریش بۆ یاد و بیرەوەریی ئەو، ئەوەیە ئەو مەشخەڵى خەباتەى ئەو هەڵی گیرساند هەر بە هەڵگیرساوەیی بمێنێتەوە.
هەروەها د. کەیوان ئازاد ئەنوەر، مامۆستای مێژوو، لە زانکۆى سلێمانى دەڵێت: ”ئاوڕدانەوە لە مێژووى ژیانى ئەو سەرکردەیە ئاوڕدانەوەیە لە کەسێکى شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر، کە هەموو ژیانى لە خەبات و شۆڕشدا دژ بە داگیرکەرانى کوردستان درێژەى پێ دا، خەبات بۆ وەدیهێنانى ماف و داواکانى هاونەتەوە و هاونیشتمانییەکانى، بۆیە بەدرێژایی 76 ساڵی تەمەنى، 73 ساڵى لە خەبات و ئاوارەییدا ژیا. تا ئەو کاتەشى کۆچى دوایی کرد، نە ملکەچى بۆ دوژمنانى نیشان دا و نە خۆى بە لاوازى نیشانى دەسەڵاتدارانى ئێراق و نەیارانى نەتەوەى کورد دا، بارزانی ئەو سەرکردەیە بوو تا کۆچى دوایی کرد، بۆ کوردستان ژیا، بەڵام تا لە ژیاندا بوو، خاوەنى یەک بست زەویى خۆى نەبوو“.
لەدواى ڕاپەڕینى خەڵکى کوردستان، لە 06-19-1993 تەرمى بارزانی و ئیدریسى کوڕی بە دوو هێلیکۆپتەرى ئێرانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە هێنرایەوە ژێر دەسەڵاتى حکوومەت و پەڕڵەمانى کوردستان، لە کاتى دابەزاندنى کەژاوەکاندا ڕێووێنەکە بە پێشوازیى سەربازى بەڕێوەچوو، هەردوو تەرمەکەش بەو ئاڵایەى کوردستان ڕازێنرابوونەوە کە (پێشەوا قازى محەمەد)ى سەرۆکى کۆمارى کوردستان بەر لەسێدارەدانى بە بارزانی بەخشیبوو.
ئیدى لەلایەن خەڵکى کوردستان، هەر لە شارى سلێمانییەوە هەتا بارزان بەڕێز و بە گریان و فرمێسک ڕشتن و قژڕنینەوە و قوڕپێوان و لەخۆدان. لە سەرشەقام و ڕێگاوبان بە گەرمى پێشوازییان لێ کرا، دواجار لە گوندى بارزان بە خاک سپێردران. تا ئێستاش ساڵانە سەدان هەزار لە کورد و کوردستانییان لە کۆچیادیدا سەردانی مەزاری بارزانیی باوک و ئیدریس بارزانیی کوڕ دەکەن.
لە کاتى کۆچى دوایى بارزانیدا، ئێوارەى یەکى ئادار، بەم شێوەیە ڕادیۆى (مۆنتیکارلۆ)ى نێودەوڵەتى هەواڵەکەى بڵاو کردەوە و دەڵێت: ”لە هەواڵێکى بەپەلەدا، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکادا، مەلا مستەفا بارزانى، کە یەکێکە لە دیارترین سەرکردە کوردەکانە لە ئێراق و جیهاندا، دواى ئازارێکى زۆر بەدەست نەخۆشییەوە، کۆچى دوایى کرد... “.
عەبدوڵڵا ئاغا پشدەریى تێکۆشەر، کە هاوکات یەکێک لە ئامادەبووانى بەخاک سپاردنى بارزانى بووە، دەڵێت: ”شەوى 5 لەسەر 6ی ئازارى 1979 تەرمى پیرۆزى بارزانی لە ئەمریکاوە گەیشتەوە (تاران)، خەڵکێکى هێجگار زۆر گردبوونەوە، تەرمەکە لەگەڵ ئێمەدا لە فڕۆکەى هێڵى کۆپتێردا بوو، کاتێک لەو بەرزییەوە تەماشاى شارى شنۆمان دەکرد و ئەو دەشتە پان و بەرینە، لە لامان سەیر بوو ئەو هەموو خەڵک و حەشیمەتە زۆرە لەو دەشتەدا کۆبووەتەوە، بە ڕاستى وەکوو گەڵاى داران خەڵک کۆ بووبووەوە، بگرە لە (سەرپێڵى زەهاو)ەوە هەتاکوو (خۆى)، واتە لە باشوور و باکوورەوە (کورد و فارس) هاتبوون بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمى بە خاک سپاردنى تەرمى پیرۆزى بارزانى، ئەو هەموو خەڵکە زۆرەى کە وا لە شارەکانى (#کرماشان#، #سەقز#، #بۆکان#، #مەهاباد#، #سەردەشت#، پیرانشەهر، #نەغەدە#، ڕەزاییە، خۆى، #سەڵماس#)، جگە لەوانەش خەڵکێکى زۆرى ئێراق و تورکیا و شارەکانى ترى ئێران و بگرە تورکەکانش هاتبوون بۆ بە خاک سپاردنى ئەو سەرۆکە مەزنەى کوردستان“.
* ئەو سەرچاوانەى سوودم لێ وەرگرتوون:
ویستەگەکانى ژیانم، موحسن دزەیى، بەشى سێیەم، وەرگێڕنى: ئیسماعیل بەرزنجى.[1]