=KTML_Bold=پشتپەردەی ڕێککەوتنەکەی سووریا و #هەسەدە#=KTML_End=
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
ڕێککەوتنە 8 خاڵییەکەی سووریا -هەسەدە، وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگە لە سووریای نوێ دا. بێگومان بەشێوەیەکی گریمانەیی، ئەو دەستکەوتەی لەوانەیە کورد بەهۆی ئەم ڕێککەوتنەوە دەستی بخات، کەمتربێت لەوەی کە دەکرا لە 2011ەوە ڕووبدات، بەڵام بۆ هەلومەرجی ئێستا، لە یارییەکی بردنەوە دەچێت، بەو پێیەی یەکەمجارە دەسەڵاتێکی سووری لە مێژووی نزیکدا، دان بە ناسنامە، بەشداریی سیاسی و سەربازیی کورد دا بنێت. بۆ جۆلانیش ڕێککەوتنەکە هەر بردنەوەیە، چونکە ئیدی بە خەیاڵێکی ئاسوودەترەوە دەتوانێت ڕووبەڕووی تەگەرەکانی دیکەی پێش خۆی ببێتەوە، ئەوە بێجگە لەوەی لەسەر باڵادەستیی سووریا لە جومگە سەرەکییەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە ڕێککەوتن، کە پێشتر ئەگەری شەڕ لەسەری هەبوو. بەئەگەری زۆرەوە، لە دوای ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ناوچە کەناراوییەکانی سووریا کە تێیدا سەتان کەس کوژران، هەروەها ئەگەری بەهێزبوونی گرووپە ئیسلامییە پەڕگیرەکان، زۆربەی وڵاتان نایانەوێ دەسەڵاتی سووریای ئەحمەد شەرع، مەرکەزی بێت. لە هەمانکاتدا بۆ مەزڵووم عەبدیش، لە دوای پەیامەکەی ئۆجەلان، دۆخی گۆڕاوی سووریا، گوشاری ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ڕێککەوتن باشترین بژاردەیە.
خاڵی یەکەم و حەوتەمی ڕێککەتنەکە شتی گشتین و دەشێ دەستەواژە و ڕستەی وەها لە زۆربەی ڕێککەوتنە هاوشێوەکاندا ببیندرێن. لە خاڵی دووەمدا، باسکردن لە کورد وەک کۆمەڵگەیەکی ڕەسەن لە دەوڵەتی سووریا، دوو وەرچەرخانی گرنگی تێدایە: یەکەمیان پێچەوانەی ڕەفتاری ڕژێمی پێشوو کە بەشێکی زۆری کوردی وەک کۆچەر تەماشا دەکرد و تەنانەت ناسنامەی هاووڵاتیبوونیشی پێنەدەدان، وەک خەڵکی ڕەسەن ناوی بردوون، کە مافی هاووڵاتیبوونیان هەبێت. ئەمە بێجگە لەوەی وەک کۆمەڵگەیەک ناوی بردوون کە دەتوانێت دانپێدانان و پاشاخانێک بێت بۆ گفتوگۆکانی داهاتووی هەردوولا لەسەر مافی گشتیی کورد، بێجگە لەو مافەی وەک تاک -هاووڵاتی هەیەتی. دووەمیشیان ئەوەیە هەر لەو مادەیە و لە تەواوی دەقی ڕێککەوتنەکەشدا کە تایپ کراوە، بێجگە لە دەستوخەتەکەی جۆلانی، تەنیا دەستەواژەی دەوڵەتی سووریا بەکارهاتووە، نەوەک کۆماری عەرەبیی سووریا!
هەرچەندە، ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە پێویستیان بە هێشتنەوەی چەکدار هەیە بۆ شەڕی دژی تیرۆر، وەک ئەندازیاری ڕێککەوتنەکە دەردەکەون، بەڵام خاڵی سێیەم و پێنجەمی ڕیککەوتنەکە دەریدەخەن تورکیایش لایەنێکی ئەو کارە بووە. چونکە جۆلانی بۆ خۆی باش دەزانێت بە بێ ڕەزامەندیی تورکیا، ئەستەمە بتووانێت بەڵێنی ڕاگرتنی شەڕەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین و قەرەقۆزاخ بدات، کە لە دیسەمبەری 2024ەوە لەنێوان هەسەدە و گرووپەکانی لایەنگری تورکیا لە ئارادایە. ئەمە بێجگە لەوەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانی وەک #عەفرین# و سەرێ کانی کە تورکیا لە ساڵەکانی 2018 و 2019وە گرتوونی، دیسان پێویستیی بە ڕەزامەندیی ئەنقەرە هەیە. بەپێی ئەو زانیارییە نافەرمییانەی لەدەستدان، بەشێک لەو دانووستاندنانەش ڕاستەوخۆ لەنێوان تورکیا و هەسەدەدا کراون، هەرچەندە لایەنەکان ئەوەش ڕەتبکەنەوە. بەپێی ڕێککەوتنەکە وا چاوەڕان دەکرێت لە ماوەی یەک مانگ دا، هەزاران کورد بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان. هەرچەند دیار نییە جێبەجێکردنی ئەمە چەندە ئاسان دەبێت، ئەویش لە کاتێکدا، کە ڕاپۆرتی زۆر لەبارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن هەندێک گرووپی وەک حەمزات و عەمشاتەوە بڵاکراونەتەوە و، دیار نییە ئایا لە کاتی گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارە، هەر ئەو جۆرە گرووپانە لە ئاستی لۆکاڵیدا باڵادەست دەبن یان هێزێکی نوێ جێگیر دەبێت.
یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە، ماددەی 4ی دەقەکەیە کە باسی تێکەڵاوکردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەنێو ئیدارەی دەوڵەت دەکات. ئەمە جیاوازە لەباسی هەڵوەشاندنەوە و باس لەسەر تێکەڵاوکردنی دامەزراوەیە، بۆیە بەو واتەیە دێت، کە هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری دەمێنێتەوە، بەڵام بەو پێیەی دەچێتە ژێر ڕکێفی ئیدارەی دەوڵەت، دەسەڵاتەکانیان کەمتر دەبێت. خۆ ئەگەر ڕێککەوتنەکە لەسەر کۆنترۆڵی تەواوی دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی خۆسەری بووایە، بە دیاریکراوی باسی دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە و بیرەکانی نەوت و گاز نەدەکرا. لەبارەی هەسەدە، وادیارە ناوەکەی بۆ فیرقە یان زیاتر لە فیرقەیەکی سوپای سووریا دەگوڕێت وەک ئەوەی بۆ گرووپەکانی دیکەش کراوە و ئیدی سەیر نابێت ئەگەر هەندێک لە فەرماندەکانی هەسەدە، لەنێو وەزارەتی بەرگری سووریا پۆست وەربگرن. لەوانەش باسێک لەسەر جێگری وەزیری بەرگری هەیە، هەرچەندە تا ئێستا هیچ شتێکی فەرمی لەوبارەیەوە ڕانەگەیەنراوە.
لەوانەیە خاڵی شەشەم پاڵنەرە سەرەکییەکەی شەرع بێت بۆ پەلەکردن لەو ڕێککەوتنە، کە لە مانگی دیسەمبەری ڕابردووەوە بە نێوبژیوانیی ئەمریکا، فەرەنسا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هەروەها بە پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان ژێرخانەکەی ئامادەکراوە. ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ناوچە کەناراوییەکانی سووریا لە لایەک، هەموو ئەو چیرۆکەی خستووەتە ژێر پرسیار کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیەوێت لەبارەی وەرچەرخانی گرووپێکی کۆنە جیهادیی وەک هەتەشەوە بڕوای پێ بکات. کوژرانی زیاتر لە هەزار کەس، جارێکی دیکە ترسی پەڕگیریبوونی دەوڵەتی نوێی سووریای زیندووکردەوە و، شەرع دەیەوێت بەم ڕێککەوتنەی لەگەڵ هەسەدە، ئەو پەیامە بدات کە ئەهلی سازان و ڕێککەوتنە. ئەمە بۆ جۆلانی کە پێویستی بە دانپێدانانی نێودەوڵەتی، هەڵگرتنی سزا و 250 بۆ 400 ملیار دۆلار هەیە تاوەکوو سووریای پێ بنیات بنێتەوە، بابەتێکی ستراتیژییە. ئەمە بێجگە لەوەی ترسی گۆڕانی ناڕەزایی عەلەوییەکان بۆ سەرهەڵدانەوەی شەڕێکی درێژمەودای دیکەی نێوخۆیی، بۆ سەرۆککۆماری سووریا وەک دیوەزمەیەک وایە، کە دەتوانێت خەوی بزڕێنێ. ئەویش لە کاتێکدا کە ڕادەی شکانی دەسەڵاتەکەی بەسەر گرووپە چەکدارە سوننە هاوپەیمانەکانی خۆیشی، بابەتێکە کە قسەی زۆر هەڵدەگرێت.
خاڵی هەشتەمی ڕێککەتنەکە کرۆکی باسەکەیە. ئەویش کارکردنە بۆ ئەوەی تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ، ئەو ڕیککەوتنە جێبەجێ بکرێت. بێشک لێرە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بابەتی ڕێککەتن لەسەر کاخەز شتێکە و چۆنییەتی جێبەجێکردنیشی بە کردار شتێکی دیکەیە! بە ئەگەر زۆرەوە لە ماوەی زیاتر لە 8 مانگی داهاتوو، نەک تەنیا هەردوو لایەنەکە، بەڵکوو چەندین ئەکتەری دیکەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، قۆڵی یەکتر بادەدەن، تاوەکوو ڕیککەوتنەکە بەپێی خواستی خۆیان جێبەجێ بکرێت. دواجار ڕادەی هێزی لایەنەکان، لەسەر زەوی و هاوسەنگی نێودەوڵەتییە، دەریدەخات چارەنووسەکەی چی دەبێت! [1]
Kurdipedia ist nicht verantwortlich für den Inhalt dieser Aufnahme, sondern der Eigentümer. Gespeichert für Archivzwecke.
Dieser Artikel wurde in (کوردیی ناوەڕاست) Sprache geschrieben wurde, klicken Sie auf das Symbol

, um die Artikel in der Originalsprache zu öffnen!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dieser Artikel wurde bereits 161 mal angesehen
Schreiben Sie Ihren Kommentar zu diesem Artikel!