پ.ی.د. #نەریمان خۆشناو# – سەرۆکی بەشی کوردی/ ئێواران، کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی – زانکۆی سەڵاحەددین
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتدا، بڕیارێکی دژی وانەی کوردی دەرکرد، کە بەگوێرەی ئەم بڕیارە وانەکانی زمانی کوردی و زمانی عەرەبی دەبنە وانەی لاوەکی و ئارەزوومەندانە!، ئەمەش دژی ئاسایشی نەتەوەیی هەرێم و عێراقە.
بەندە وەک مامۆستایەکی زمانی کوردی بە ئەرکی خۆمی دەزانم، دژی ئەم بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بوەستمەوە و دەنگی ناڕەزایی خۆم ئاراستەی حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەم، کە لێنەگەڕێن ئەم بڕیارە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵکو ئه و کەس و لایەنانەی لە پشتەوەی دەرچوونی بڕیاری لەم شێوەیەن، ڕێککاری یاساییان لە بەرانبەردا بگرێتە بەر، چونکه پێشتر حکوومەتی بەعس بڕیارێکی له و شێوەی دژی وانەی کوردی دەرکردبوو و وانەی کوردی لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی کردبووە وانەیەکی ئارەزوومەندانە، ئەم کارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەناوبردنی زمانی کوردییە و دژی زمانی کوردی و نەتەوەی کوردە، بۆیە گەرەکە داواکاری گشتی بێتە سەر خەت و ڕێگری لەم کارە بکات و بەهای زمانی کوردی بگەڕێنێتەوە.
دەبێ ئەوەش بوترێت، کە ئەم بڕیارە دژی هەردوو یاسای زمانە فەرمییەکانی هەرێم و عێراقه، بەمشێوەیەی خوارەوە:
1 یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان عێراق، ژمارە(16)ی ساڵی 2014، کە لە دانیشتنی ژمارە(9) لە 29-10-2014 پەسندکرا و سەرۆکی هەرێم ڕێکەوتی 03-12-2014 واژووی پەسندکردنی لەسەر کرد و دواتر لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە، ئەم یاسایە لە (27) ماددە پێکدێت، کە هەر هەموو ماددە و بڕگەکانی جەخت لەسەر ڕۆڵی زمانی کوردی و بەهای زمانی کوردییه لە هەموو ناوەندەکاندا.
2 یاسای زمانە فەرمییەکان، ژمارە(7)ی ساڵی 2014، کە لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسندکرا و لەلایەن سەرۆکی کۆمار پەسندکرا و لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی ژمارە(4311) لە 24ی شوباتی 2014 بڵاوکرایەوە، کە لە (18) ماددە پێکدێت، لە هەموو ماددەکاندا گرنگی زمانی کوردی و عەرەبی خراوەتەڕوو و بەها و ڕۆڵی هەروو زمانەکەی بە یاسا ڕێکخستووە.
کەواتە خەریکە بە دەستی خۆمان زمانی کوردی لەناو ببەین، بۆیە خوازیارین لە هەموو کەس و لایەنێک دژی ئەم کارە بوەستنەوە و ڕێگری لەم کارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بکەن....
لە کۆتایشدا بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵاتان بۆ دەخەمەڕوو:
وەزارەت خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (08-03-2017) بەڕێوەچوو، یەکێ له و بڕیارانه: ئەژمارکردنی نمرەی وانەکانی زمانی کوردی و عەرەبی ئارەزومەندانە دەبێت: بڕیاردرا لەمساڵەوە ئەژمارکردنی نمرەی وانەکانی (زمانی کوردی و عەرەبی) بۆ دەرچوانی پۆلی دوانزە لە کاتی پێشکەشکردن بۆ کۆلێژە پزشکی و ئەندازیاری و زانستیەکان ئارەزوومەندانە دەبێت.
واتا دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی کاتێک داواکاری پێشکەش دەکەن بۆ کۆلێژە پزشکی و ئەندازیاری و زانستییەکان، سەرپشک دەکرێن لەوەی ئایا دەیانەوێت نمرەی تاقیکردنەوەکانی زمانی کوردی و عەرەبییان بۆ ئەژمار بکرێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا دەبێت بەشداری تاقیکردنەوەی هەردوو وانەی زمانی کوردی و عەرەبیان کردبێت و لە تاقیکردنەوەکە دەرچووبن، جێگەی ئاماژەپێکردنە ئەم بڕیارە لەمساڵەوە جێبەجێ دەکرێت.
11-03-2017
Kurdipedia ist nicht verantwortlich für den Inhalt dieser Aufnahme, sondern der Eigentümer. Gespeichert für Archivzwecke.
Dieser Artikel wurde in (کوردیی ناوەڕاست) Sprache geschrieben wurde, klicken Sie auf das Symbol

, um die Artikel in der Originalsprache zu öffnen!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dieser Artikel wurde bereits 10,874 mal angesehen
Schreiben Sie Ihren Kommentar zu diesem Artikel!