گەڕەکی ژمارە (119)ی سنووری شارەوانی #سلێمانی#یە لە باشووری کوردستان.[1]
جاران بەهۆی لاوازی کەرەستەی هاتوچووەوە و، کەمی دانیشتووانی شار، سەرچنار جیابوو لە بەشەکانی تری سلێمانی و دەزانرا لە کوێوە بۆ کوێ دەستپێک و کۆتاییەتی، ئەمڕۆکە سەرچنار تێکەڵ بووە و لەدەوریا چەندین گەڕەکی تر درووست بوون وەک: شەهیدانی سەرچنار، گردی سەرچنار، ..هتد.
$هاوینەهەواری سەرچنار$
سەرچنار بە یەکێک لە هاوینەهەوارەکان دەژمێردرێت بەهۆی بوونی ئاوی هەڵقوڵاوی ژێر گرد و بەرزاییەکانی. زۆر لە مێژە سەرچنار ئوتێل و شوێنی حەوانەوەی لێدرووستکراوە بۆ گەشتیاران. شوێنێکی فێنک و خەم ڕەوێن بووە بۆ خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری، کە تاکوو ئەمڕۆش کۆتایی هەفتان خەڵکانێکی زۆر ڕووی لێدەکەن بۆ سەیران. سەرچنار چەندجارێک نۆژەنکراوەتەوە و سیمای ناو سەیرانگاکانی دەستکاریی کراون و خۆشکراوە.
$ئاوی سەرچنار$
سەرچنار ئاوێکی سرووشتی هەیە کە لەبنی بەرزاییەکانی دەروپشتییەوە هەڵدەقوڵێت، ئەم سەرچاوەیە گرنگییەکی زۆری هەبووە لە بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەدا، تاکوو ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی سەرەکی ئاوی شاری سلێمانییە. لە هاویندا ئاستی ئاوەکە زۆر کەم دەبیتەوە و، لەم ساڵانەی دوایدا بەهۆی وشکە ساڵییەوە لە مانگەکانی وەرزی هاویندا وشک دەکات.
$کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار$
لەبەر بوونی شاخی بەردین و بەردەڵان لە سەرچناردا، لە ساڵەکانی پەنجاکانی سەدەی پێشوودا ڕووسەکان کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار درووست دەکەن. بەهۆی ئەم کارگەیەوە، خانو و شوێنی نیشتەجیبوون دابین دەکرێت بۆ کارمەندەکانی، لەو دەمەوە سەرچنار بوژاندنەوەی بەخۆیەوە بینیوە. ئەم کارگەیە لەسەر بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2008 دا داخرا، تاکوو ژینگەی ناوچەکە بەپاکی بمێنێتەوە و دیمەنی سەرچنار خۆشتر بێت.
$گرنگی سەرچنار$
جگە لەوەی کە سەرچنار سەرچاوەی ئاو بووە بۆ سلێمانی، کارگەی چیمەنتۆی تێدابووە و، هاوینەهەوارێکی خۆشبووە، سەرچنار شوێنێکی هەستیاربووە بۆ داڵدەدانی پێشمەرگە و پشتیووانی لە شۆڕشی گەلی کورد، چونکە هەڵکەوتی ناوچەکە و لکانی بە دۆڵ و بەرزاییەکانەوە یارمەتیی پارتیزانانی داوە لە برەودان بە خەبات و تێکۆشان.[1]
Dieser Artikel wurde in (کوردیی ناوەڕاست) Sprache geschrieben wurde, klicken Sie auf das Symbol

, um die Artikel in der Originalsprache zu öffnen!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dieser Artikel wurde bereits 21,096 mal angesehen
Schreiben Sie Ihren Kommentar zu diesem Artikel!