کچێکی تەمەن 17 ساڵانەو خەڵکی شاری سەردەشتو کچێکی بوێرو ئازایە لەوەرزشی کاراتێ و تائێستا چەند سەرکەوتنی باشی بەدەست هێناوە، لەتازەترین پاڵەوانیەتیدا کە لە تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوە چووە توانیویەتی پلەی یەکەم لەناو کچانی ئێران لەوەرزشی کاراتێ بەدەست بهێنێو سێ میداڵ مسۆگەر بکا،
رۆژی 15ی خەرمانانی 1391ی هەتاوی و لەگەڵ دەست پێ کردنی هەژدەهەمین خولی پاڵەوانێتییەکانی وڵات کە لە ساڵۆنی کەبکانیانی شاری تاران بەرێوەچوو، بێریوان مەلایی تەمەن 17 ساڵان و خەڵکی شاری سەردەشت توانی لە ڕادەی تەمەنی لاوەتیو وەزنی 50 کیلۆگرامی بباتەوە و میداڵی زێر و پلەی یەکەم وڵاتی بۆ خۆی بەدەست بهێنێ.
هەروەها ڕۆژنامەی هاوڵاتی بەپێویستی زانییوە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئەم خانمە وەرزشکارە ئەنجام بداو بێریوانیش لەبارەی وەرزشەکەیەوە لەوچاوپێکەوتنەدا زیاترمان بۆ دەدوێ.
هاوڵاتی: ڕەوشی وەرزشی ژنان چۆنە لەوڵاتێکی ئیسلامی وەکو ئێران؟
بێروان محەمەد : لە ئێران فەزای وەرزشی زۆر کەمەوە جوابگۆی پێداویستییەکانی ژنان نییە بۆ نموونە لە شاری ئێمە کە سەردەشتە، کە من ژیانی تێدا بەسەر دەبەم تەنیا یەک ساڵۆنی وەرزشی بۆ ژنان هەیە کە ئەویش تەنیا چەند ساعەتێک لە هەفتەکە بۆ ئێمەیە، کاتەکانیتر بە کوڕەکانە، بەپێی یاساکانی ئێرانیش لە ساڵۆنی وەرزشی کچانیش ڕەگەزی نێر ناتوانێ بوونی هەبێ تەنانەت لە کاتی ڕکابەریشدا، فێرگەکانیش سەرداپۆشراونو ئێمە ناتوانین لە دەرەوە وەرزش بکەین.
هاوڵاتی: تاچەند خانەوادەکەت یارمەتیدەرت بوون بۆ برەودان بەوەرزشەکەت ؟
بێروان محەمەد: بێشک خانەوادە ڕۆڵێکی زۆر گرینگو کاریگەر دەگێڕێ لە پەروەدەکردنی هەر منداڵێک و تاکێک، خانەوادەی منیش ئەگەر گرینگی نەدابا بە وەرزش نەمدەتوانی بچم بۆ باشگا( یانە)،وە نەمدەتوانی بۆ بەشداری کردن لە پالەوانەتییەکە بچم بۆشارێکی تر، من ئاگادارم کە زۆر کچ هەن لە بواری وەرزش بەتوانان، بەڵام خانەوادەکانیان ئیجازەی ئەوەیان پێ نادەن کەبچن وەرزش بکەنو پەرە بدەن بەتواناکانیان جا تا بگاتە ئەوەی بەهۆی وەرزشەکە گەشت بکەن بۆشارەکانو وڵاتێکی دیکە.
هاوڵاتی: لەکەیەوە دەستت کردوە بەم وەرزشە؟
بێریوان محەمەد: من بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2005 وە لە هەلبژاردەی کاراتە سەردەشت بەشداریم کردوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خوێندکاربووم نەمتوانی بەردەوام یاریییەکە بکەمو تەنها لەکاتی پشوەکان و هاوینان بەشداریم دەکرد، یەکەمین ڕاهێنەریشم خاتون (ئەسمەر) بوو دوای ماوەیەک ئەو ڕۆیشتو خاتون (کوبرا گەوهەری) جێگەی ئەوی گرتەوە. خاتون گەوهەری گرینگییەکی زۆری دایە هەلبژاردەکەو من لێرەوە زۆر سوپاسی دەکەم بەهۆی زەحمەتو دڵسۆزێکەی کە بۆ ئێمەی هە بووە زۆر هاوکاری کردمو گەشەم کرد لەوەرزشەکەم بەهۆی کارەکانی ئەوەوە.
هاوڵاتی: ئایا هەر تۆ ئەم وەرزشە دەکەی یان کچی تریش هەیە؟
بێریوان محەمەد: لەراستیدا کچی تریش هەن کە لە ڕیزەکانی هەڵبژادەی سەردەشت بە شداری دەکەن و توانیویانە پلەی باش بە دەست بێنن، بەڵام من بۆ یەکەمجار توانیم پلەی یەکەم لە ناو ئێران تۆمار بکەم ئەوەش سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ خۆمو شارەکەم.
هاوڵاتی: ئایا بەنیاز نی بەشداری هیچ پاڵەوانیەتییەکدا بکەی لە دەرەوەی وڵاتی ئێران؟
بێریوان محەمەد: ڕاستی لە تاران پێیان ڕاگەیاندین ئەوانەی پلەی یەکەم بەدەست دێنن بۆ ڕکابەری دەیانێرین بۆ وڵاتی ژاپۆن، من زۆر حەزدەکەم لە ڕکابەری دەرەوەی ئێران واتە نێودەوڵەتی بەشداری بکەم وە سەرکەوتن بەدەست بێنم و ئەزمونێکی گەورە دەبێ بۆمنو لەخۆشم ڕادەبینمو توانای ئەوەم هەیە کەتوانای خۆم لەدەرەوەشدا نمایش بکەم.
هاوڵاتی: خەڵک چۆن سەیری تۆ دەکەن کاتێک ئەم وەر زشە دەکەی، واتا ڕووبەرووی ڕەخنەی خەڵکی نەبوویەتەوە؟
بێریوان محەمەد: بێ شک وەرزش کردن بۆ کچان لە خاکی کوردستانی ئێران شتێکی تازەیە وە تاکو ئێستا لە فەرهەنگی ئێمەدا تەواو شوێنی خۆی نەکردۆتەوەو جێگیر نەبووە، وە پاشەملە قسە هایەک ئەگوتری کە دڵسارد کەرن، هەڵبەت شتێکی تازەش نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی خانەوادەکەم پشتوانیان لێکردووم، بێشک قسەی خەڵک نەبۆتە هۆی پاشگەزبونەوەی من، مەعنەویاتێکی بەرزو بەردەوامم هەیە.
هاوڵاتی: تائێستا هیچ میداڵێکت بەدەست هێناوە؟
بێریوان محەمەد: بەڵێ زۆر میداڵم بەدەست هێناوە بەڵام ئەوەی گرینگ بێ لەو پاڵەوانیەتییەدا هەڵبژادەکەی ئێمە(سەردەشت) توانی سێ میداڵ بە دەست بێنی کە ئەمەش دەستکەوتێکی گەروە بوو.
هاوڵاتی: لە خانەوادەکەی ئێوە کەسی تر وەرزشی کاراتە دەکا؟
بێریوان محەمەد: وەڵا تەنها برایەکم بەناوی شێروان کاراتەی دەکرد، بەلام ئەو ئێستا وازی لێهێناوەو تەنها خۆم خەریکی ئەو وەرزشەم.
هاوڵاتی: خاتوو بێریوان بەرنامەی داهاتوت چییە؟ ئایا بەردەوام دەبی لەوەرزشی کارتە؟
بێریوان محەمەد: بەڵی بێشک بەردەوام دەبم لە وەرزشی کاراته، بەڵام ئامانجی سەرەکی من دەرس خوێندنە تاکوو ئاستی زانستی خۆم بەرزکەمەوەو خزمەتی نیشتمانەکەم بکەم، وە لەپاڵیشیدا وەرزش دەکەم تا لەو بوارەشدا شوێنی خۆم بکەمەوەو خزمەتێک بەشارەکەم بکەم.