ناونیشانی بابەت: دیپلۆماسییەتە بەرزەکەی (#کامەران عالی بەدرخان#) و یاداشتە مەزنەکەی بۆ حکومەتێکی مەزنتر!
نووسینی: #مەریوان مەسعود#
دوابە دوای ئەوەی لە ڕۆژی #03-10-1948# ئێزگەی (دەنگی ئیسرائیل- صوت اسرائیل) بە زمانی عەرەبی ڕاپۆرتە هەواڵێکی تێروتەسەلی لەبارەی دامەزراندنی حکومەتێکی کوردیی ئازاد لە یەریڤان پایتەختی ئەرمینیا بڵاودەکاتەوە، کە ئەو کات لەژێر دەوڵەتی مەزنی یەکێتی سۆڤییەت بوون، تێیدا باس لەوە دەکات کوردی یەریڤان نیازی دامەزراندنی کۆمارێکی کوردیی سەربەخۆیان هەیە، کە کورد خۆیان تێیدا دەسەڵاتداربن، ئەم هەواڵ و زانیارییانە یەکسەر وا لە سێ کارمەندی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی بەریتانیا دەکات، کە بە جیا ڕاپۆرتی خۆیان بنووسن لەبارەی هەواڵەکە و پرسیار لە سەرووی خۆیان بکەن، کە هەمووشیان داوایان کردووە وێنەیەک لە نامەکەیان بدرێت بە مۆسکۆ، چونکە ڕووداوەکە دەربارەی یەکێتی سۆڤێتە.
ئەوەی زیاتر کارمەندەکانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیایی شڵەژاندووە، دوو شت بووە، یەکەمیان: کاریگەریی و پێگەی (ئێزگەی دەنگی ئیسرائیل)، کە ئەوسەردەمە لە هەموو جیهان پەخشی هەبووە و کاریگەریی لەسەر ڕای گشتی زۆر بووە، دووەمیان: ئەوەبووە لە هەواڵەکەدا هاتووهکورد حکومەتێکی ئازادیان درووستکردووە و بەنیازن بەمنزیکانە کۆمارێکی کوردیش ڕابگەیەنن، بۆیە کاتێک بەشی ڕۆژهەڵاتی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، ڕاپۆرتەکانی پێدەگات، یەکسەر ناوەرۆکی ڕاپۆرتەکان دەکات بە نامەیەک و دەینێرێت بۆ هەریەک لە باڵیۆزخانەکانی حکومەتی بەریتانیا لە هەریەک لە تاران و بەغدا و ئەنقەرە، هەروەها مفەوەزێکی حکومەتی بەریتانیا لە دیمەشق، بە کورتییەکەی داوا لە هەرچوار لا دەکات، ئەگەر زانیارییان هەیە لەبارەی ئەو ڕاپۆرتەهەواڵەی لە ئێزگەی ئیسرائیل لەبارەی کورد بڵاوکراوەتەوە، ئەوە ئاگاداریان بکەنەوە.
لەوسەروبەندەدا، کەسایەتییەکی کوردی ئاقڵمەندی وەکوو میر کامەران عالی بەدرخان، پەیدا دەبێت و ئەو هەواڵەی لە دەنگی ئیسرائیل بڵاوکراوەتەوە دەقۆزێتەوە و یەکسەر لە 29ی 10ی 1948 واتە تەنیا 26 ڕۆژ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، بە ناوی (وەفدی کوردی لە پاریس) یاداشتێکی چڕوپڕ بە زمانی فەڕەنسی دەربارەی مافی چارەنووسی نەتەوەی کورد دەداتە ״سێر ئێرنست بێڤنی״ وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی بەریتانیا و سەرۆکی وەفدی حکومەتی بەریتانیا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم نامەیەک بۆ مێژوو بایەخێکی ئێجگار مەزنی هەیە، بۆیە پێم باش بوو ئەم جارە ڕاڤەی ئەم نامە سەنگینەی ئەمیر کامەران عالی بەدرخان بکەم.
لە سەرەتای یاداشتەکە نووسراوە:
(بەڕێز جەنابی وەزیر...
وەفدی کوردی شەرەفی ئەوەی هەیە کۆپیی یاداشتنامەیەکتان بخاتە بەردەست کە هەر ئێستاکە پێشکەش بە جەنابی بەڕێز سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە. ناعەدالەتی، چەوساندنەوە و ئەو دەرد و ئازار و مەینەتییەی گەلی کورد لە ماوەی ئەو چەند دەیەی دواییدا چێشتوویەتی، کە زۆربەیان لە سۆنگەی هەڵوێستی پێکناکۆک و نیوە چڵەوە سەرچاوەیان گرتووە، کە لەبڕێک لە ناوچە کوردییەکاندا پیادە کراون و لە دوایین جاریشدا بەهۆی دەستبەرداربوونی ئەوانەی بە گوێرەی گفت و بەڵێنەکانیان بەرپرسیارییەتی بەڕێوەبردنی سیستمێکی نوێیان لە ئەستۆ گرتبوو، کە لەسەر بنەمای ئازادی و دادپەروەری بۆ گشت گەلان و بەتایبەتیش بۆ گەلانی چەوساوە دامەزرابوو. هەردوو جەنگی جیهانی و جەنگی نوێی پیرۆزی مرۆڤایەتی لە پێناو مافدا، بوونە هۆی لە دایکبوونی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیی نوێ کە بنەماکانی مافی گەلان لەبڕیاردانی چارەنووسی خۆیان و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەیییەکان ڕابگەیەنێت. لەم دۆخەدا مافی کورد هەر بە فەرامۆشکراوی و نەزانراوی ماوەتەوه).
دەبێت کورد شانازیی بەوەوە بکات کە کەسایەتییەکی مەزن و خوێنەوار و سیاسەتمەداری وەکوو کامەران عالی بەدرخان-ی هەبووە، چونکە ئەگەر دیقەت لە پێشەکی نامەکەی بدەن، تێدەگەن کە ئەم زاتە چەندە کەسێکی دیپلۆماسی بووە، کە بەمشێوە جوان و ئەدەبیی نووسینه، نامەکەی نووسیوە، ئەمە جگە لەوەی بە بیر سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزیری دەرەوەی بەریتانیای مەزن دێنێتەوه کە تەنیا کوردە لەو جەنگی مافی مرۆڤ و دیموکراسییەی کە دوای هەردوو جەنگی ماڵوێرانکەری یەکەم و دووەم درووستبووە بێبەش بووە و دەبێت ئەویش مافی هەبێت.
لە بەشێکی دیکەی یاداشتەکەیدا، کامەران عالی بەدرخان، دەنووسێت: (لە ئێستادا وەفدی کوردی بڕوای وایە کاتی ئەوە هاتووە و ئەرکی ئەوە یاداشنامەیەکی ڕوونکەرەوە بۆ بەرچاوی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ڕەوشی ڕاستەقینەی کوردستان بنووسێت، لە ڕابردوودا بێدادییەکی ئاوەها بە جۆرێک دەتوانرا بکرێت، بەڵام ئیدی چیتر ناشێ ئەوە بهێنرێتە بەرچاو کە لەژێر سایەی بنەماکانی یاسادانانی نوێی دەوڵەتیدا چارەنووسی کورد بتوانرێ لەژێر هیچ جۆرە بڕوبیانوویەکدا چی دی چاوی لێ بپۆشرێت).
دواتر کامەران بەدرخان، دەیەوێت بچێتە سەر ئەسڵی بابەتەکە، کە ئەویش پێدانی مافی چارەنووسە بە کورد لە سەرتاسەری کوردستان، بۆیە ڕاشکاوانە بە بەرپرسە باڵاکەی بەریتانیا دەڵێت:
(کەوابوو کێشەی کورد چیتر هەر تەنیا لەسەر شانۆی سیاسی خۆی نانوێنێ، بەڵکوو ئەوە بەشێکە لە مافەکانی مرۆڤ کە ئێستا لە ئارادایە، کوردی ئێراق لە ئەنجامی قاتوقڕی و نەخۆشی و نەبوونی داو و دەرمانەوە، لەناو دەچن و لەژێر ستەمی ڕژێمێکی پۆلیسیی بێ وێنەدا و بێبەشبوونیان لە هەر چەشنە ئازادییەکی شارستانی و سیاسی هەناسەیان لەبەر بڕاوە. لە تورکیا و ئێرانیش هەمان میتۆد و هەمان ڕەفتار لەگەڵ کورد دەکرێت، خۆ ئەگەر دەستتێوەردانی هێزی ئاسمانیی شاهانشاهی بەریتانی لە ئێراق نەبووایە، ئەگەر یارمەتیی ماددی و مەعنەوی نەبووایە بۆ تورکیا و ئێران، ئەوا کورد دەیتوانی هەر بە چەک داکۆکی لە خۆیان بکەن، بەڵام وەک چۆن ڕووداوەکانی نێوان هەردوو جەنگ بۆیان سەلماندین کە تەنانەت مافی شۆڕشکردنیش لە کورد سەندرایەوە).
توانای نووسین و دەربڕینی کامەران عالی بەدرخان، ئەوەندە بەرزبووە، توانیویەتی لەو چەند دێڕەدا، دەنگی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان بگەیەنێت و ڕەخنە لە وڵاتانی زلهێزیش بگرێت کە هاوکاری داگیرکاران بوون لە دژی کورد، ئەگینا کورد هەر بە چەکی خۆی دەیتوانی بەرگریی لە مافەکانی خۆی بکات، بۆیە بەپێی قسەی هەندێک لە مێژوونووس و توێژەران ئەو بڕگەیەی سەرەوەی یاداشتەکە، وەزیرەکەی بەریتانیا بێ تاقەت کردووە.
لە بڕگەی کۆتایی یاداشتەکەیدا، کامەران بەدرخان، لەبارەی ئەو ڕەوشە خراپەی لە کوردستان هەیە ئەویش بەهۆی دەرئەنجامی پێنەدانی مافەکان بە کورد، دەنووسێت: (ئەو بارودۆخە چونکە تەواو پێچەوانەن لەگەڵ ئەو بنەمایانەی لە ئارادان ئێستاکە نائارامییەک و ڕەوشێکی دڕدۆنگ لە ئارادایە کە لەوانەیە هەژموونێکی خەفەتبار بخاتە سەر ڕەوتی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەر بۆیەش وەفدی کوردیی بە هەستی خەمخۆرانە و هەستی بەرزی ئەو بەرپرسانەی کە وەفدی بەریتانی بەڕێوە دەبەن، شەرەفی ئەوە هەیە داوا لە جەنابی بەڕێزی سەرۆکی وەفدەکە بکات کە شێلگیرانە بە دەخالەتی بەرزی خۆی هاوپشتی لە داخوازینامەکانی کورد بکات. لەگەڵ سوپاسی بێ پایانمان، جەنابی بەڕێز، تکایە ڕێزی گەلێک بەرزمان قبوڵ بفەرموون. ئیمزا میر کامەران عالی بەدرخان).
لەبارەی ئەم یاداشتەی کە میر کامەران بۆ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بەرزی کردووەتەوە،
د.#کەمال مەزهەر# کە هەر خۆشی یاداشتەکەی بۆ کوردی وەرگێڕاوە، کردووه، دەڵێت: (دکتۆر کامەران عالی بەدرخان بەم کارەی چمکێکی سەنگینی نوێی خستەسەر خەرمانی لە بن نەهاتووی خزمەتەکانی بنەماڵەی بەدرخان).
بێگومان ئەم یاداشت و نامەیەی میر کامەران، دوا یاداشت نەبوو، بەڵکوو دوای ئەوەش چەند نامە و یاداشتێکی دیکەی بۆ هەمان مەبەست ناردووە و بۆ هەتاهەتایە جێگای شانازییە بۆ کورد. [1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!