ناو: سالار
ناوی باوک: سەلمان
ڕێکەوتی لەدایکبوون: #25-06-1959#
شوێنی لەدایکبوون: #کەرکووک#
$ژیاننامە$
سالار سەلمان میراخۆر (لەدایکبووی 25-06-1959 لە کەرکووک) ئاوازدانەر، مۆسیقاژەن، گۆرانینووس و گۆرانیبێژێکی کوردە.
سالار سەلمان لە دەیەی 1980وە سەرقاڵی کاری ھونەرییە و بەھۆی ئەو ئاوازانەی کە دایناوە، ئەو گۆرانییانەی کە نووسیویەتی و ئامێرەکەی (کە گیتارە) بە کەسێکی داھێنەر و پێشەنگ پێناسە دەکرێت کە کارەکانی دانسقە و جیاواز بووە. سالار زیاتر بە ئاوازەکانییەوە ناسراوە، و ئەو کاسێتەی تیپی مۆسیقای سروود لە ساڵی 1986دا تۆماری کرد، ھەمووی بەرھەمی ئەو بوون. زۆر ھونەرمەندی کوردی وەکوو: کڵپە مستەفا، کەمال محەمەد و سالار مەحموودی پێگەیاندووە و ھەنووکەش بەردەوامە و جگە لە کاری ھونەری لە 20ی کانوونی یەکەمی 1989دا لەگەڵ چەند ھونەرمەندێکی تر یانەی کوردیی میدیای لە ئەمستەردامی ھۆڵەند دامەزراندووە. زۆربەی گۆرانییەکانی سالار سەلمان لە لایەن گۆرانیبێژانی ترەوە وەکوو چیا مەدەنی وتراونەتەوە.
گۆرانییەکانی سالار سەلمان سەبارەت بە خۆشەویستی و دڵسۆزی و ژانن و، ئەمەش وای کرد کە شۆرەتی «سانتانای کوردستان» وەرگرێت کە شۆرەتێکی ئیسپانییە. سالار بە دوورکەوتنەوە لە شێوازە تەقڵیدییەکان و فۆلکلۆرییەکان و دەنگە دووبارەکان، شێوازێکی ئازادی بە ئاوازەکانی داوە. لەجیاتیی ئەوانە، بیرۆکەی لە دەنگە ئافڕۆ–ڕۆژاوایییەکانی دەیەی حەفتا و ھەشتا وەک جاز، ڕۆکی ھەلوەسەبزوێن یان فلامێنکۆ وەرگرتووە و بەمەش توانیی مانایەکی نوێ بە مۆسیقای خۆی بدات.
دوای ساڵانێک بێدەنگی، دواجار سالار لە 27ی ئایاری 2022 لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ پیتەر ھۆڵسڵن بۆ باندکامپ دەیلی دەرکەوت. نووسەر نووسیویەتی سالار بیرۆکەی لە زۆر شت وەرگرتووە. ھەر لە گیتاری فلامێنکۆی ئیسپانیی پاکۆ پنیا بگرە تا دەگاتە ڕیفەکانی ڕۆکی ماڕک ناپفلێری سەرکردەی باندی دایر سترەیتس. دوای ئەوەی لە سەرەتای دەیەی 1980 ڕووی کردە ئەمستەردام، باندێکی لەگەڵ پیانۆژەنێکی ھۆڵەندی، بەیسژەنێکی مەغریبی، ئەوبۆژەنێکی ئیسپانی و تەپڵلێدەرێکی خەڵکی سورینام دروست کرد. ئەمە زۆر بەڕوونی لە مام لالۆ کە پارچەیەکی خەوھێنەرە دیارە کە لە گوڵچینێکی مۆسیقای سالار لە 25ی ئایاری 2022 لە لایەن کۆمپانیای ھۆڵەندی، ئافڕۆبۆتیک میوزیکۆلۆجی بڵاوکرایەوە. سالار لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی لەسەر واتس ئەپ بۆ باندکاپم دەیلی ڕوونکردنەوەی لەسەر مام لالۆ دا و وتی: «شوانەکە ھەموو مەڕەکانی لەدەست داوە و لەبەرئەمەش شەکەت بووە و بڕسکی لێ بڕاوە.» وەک زۆربەی گۆرانییەکانی، وتی کە «مام لالۆ لە بەرگێکدایە، بەڵام لە ڕاستیدا، من باسی مەڕ ناکەم باسی چاندی کوردی دەکەم. ھیوابڕاوە.» ئەلبوومەکەی لە ھەشت تڕاک پێک ھاتووە کە حەوتیان لە دەیەی 1980 تۆمار کراون کە لە نێو کاسێتێکی زۆر کۆن و ونبوودا تۆمار کرابوون. کچەکەی سەلمان بە ناوی (شیرین میراخۆر) بەم دوایییە لەنێو پاکەتێکی پێڵاوی تەپوتۆزاویی پڕ لە کاسێتی کۆن لە پشتی دۆڵابێکدا دۆزیبوویەوە. میراخۆر و مێردەکەی، و بەرھەمھێنەری مەغریبی، شاب ڕانر زۆر سەرسام بوون بەو مۆسیقایە و بڕیاریان دا بە فەرمی بڵاوی بکەنەوە. ھەروەھا شاب ڕانر لە ئەلبوومەکەدا و لە گۆرانیی مام لالۆ بە شێوەی ڕیمیکس بەشداریی کردووە.
لە چاوپێکەوتنەکەدا، سالار باسی نەھامەتییەکانی کورد و کوردستان و، ئەنفالی ڕژێمی #بەعس#ی بە سەرکردایەتیی سەددام حوسێن کردووە. سالار توانیویەتی لەو سەردەمەدا ڕێگەیەک بۆ گۆرانیوتن بۆ گەلەکەی بدۆزێتەوە. ھەروەھا وتی (بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گۆرانیم دەوت). ئاماژەی بەوە دا کە گۆرانیی سیاسی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی سەددام حوسێندا کە بەتەواوی دوژمنایەتیی دانیشتووانی کوردی دەکرد مەترسیدار بوو. وتی من گۆرانیم لەسەر خۆشەویستی بۆ کچێک دەوت، و دەموت، 'ئامادەم لەپێناوتدا بمرم. ھەموو ژیانم بۆ تۆیە. بەبێ تۆ، ژیان بێمانایە.' مەبەستەکە خۆشەویستیی ڕاستەقینە نەبوو، بەڵکوو خۆشەویستیی من بوو بۆ کوردستان ئامادە بووم بۆی بمرم.» دوای ئەوەی ڕووی کردە #سلێمانی#، بەردەوام لە قوتابخانە و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان کۆنسێرتی دەکرد تا یارمەتیی بژیویی خێزانەکەی بدات. بەڵام لەگەڵ گەشەسەندنی ناوبانگەکەی، سەرنجیی نەرێنیی ئەفسەرە تۆقێنەرەکانی پۆلیسی نھێنیی موخابەراتی عێراقیشی بۆ خۆی ڕاکێشا، و بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ھۆنراوەکانی ھێنایان. ھەست دەکرا کە ژیانی لە مەترسیدایە بۆیە لە 1982 لە وڵات ھەڵات و چوو بۆ ئێران و پاشان لەوێوە بۆ ھۆڵەندا. سالار لە گەشتە درێژەکەیدا، گیتارەکەی فەوتا؛ پاسەوانانی سنووری ئێران وردوخاشیان کرد، چونکە دەسەڵاتدارانی کۆماریی ئیسلامیی ئێران دوای شۆڕشی 1979ی ئێران، مۆسیقای ڕۆژائاوایان قەدەغە کردبوو. بەڵام توانیی گیتارێکی نوێ پەیدا بکات دوای ئەوەی کە لە فڕۆکەخانەی ئەمستەردام لە گەشتیارێکی ئەوڕووپی نزیک بوویەوە و بڕە پارەیەکی پێ دا. سالار وتی (من نەمدەتوانی بە ئینگلیزی قسە بکەم. تەنیا دەموت من، پەنابەر، عێراق، ئاھ، سیاسەت... پارە، کێشە نییە. تکایە، گیتار) ھەر ئەوەندەی بە بیر دێتەوە. «تەنانەت نەمدەویست گیتارەکەش بکرم. ھەر دەمویست گیتارەکە ھەڵگرم و کەمێک بژەنم. وەک ئەوە وا بوو جارێکی تر خۆشەویستەکەم ببینمەوە.» لەو ساڵانەدا، سالار بەردەوام بوو لە نووسینی مۆسیقا لەکاتێکدا لە باندەکانی دەوروبەری پایتەختی ھۆڵەندادا ژەنیار بوو. تا کاتی چاوپێکەوتنەکەش، سەلمان لە ئەمستەردام دەژی، و سەردانی باشووری کوردستانیش دەکات—کە لە ئێستادا زۆر سەلامەتتر و جێگیرترە، کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی خۆبەڕێوەبەری لەنێو دەوڵەتی عێراقدا. [1]
=KTML_Bold=ئەم ژیاننامەیە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=