گڕاوانی ڕەبەت، سیحری سرووشتی دڵڕفێن
بەنێو ڕێگەیەکی جواندا کە دارستانەکانی بەڕوو و تافگە وەرزییەکان لەباوەشیان گرتووە، تێدەپەڕین و چاوەکان نوقمی تەماشای تەپۆلکێکی جوان و ڕەنگاڵەیی لەبەستێنی سرووشتێکی سەوزەڵانی دەبن کە ڕووبارێک بەدەنگی ئارامی بەخشی، میلۆدیی جوانی ژیان دەچڕێ و بەسەماوە لە بەردەم ئەو شاکارەی گیتیدا تێ دەپەڕێت.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا)؛ تایبەت بە ناوچەی ئازەربایجانی ڕۆژاوایی، کانیاوی گڕاوان، لە دەشتێکی یەکدەست سەوز و جوان لە نزیک گوندی جوانی کانی گوێز لەمەودای دوو کیلۆمتریی شاری #ڕەبەت# و لە دوانزە کیلۆمتریی باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری #سەردەشت# لەئازەربایجانی ڕۆژاوا هەڵکەوتووە کە خاوەن ئاوی کانیاوی (معدنی) و گازدارە.
شاری ڕەبەت لە بەستێنی دەشتی زێ (کەڵوێ) و لەداوێنی چیای تەرخان هەڵکەوتووە، گەردەنەی زمزیران و کێوی ئیبراهیم جەلال لە باکووری ڕۆژاوای ڕەبەت هەڵکەوتووە. ڕەبەت لە باکوورەوە لەگەڵ مەهاباد، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ بۆکان، لە باشووری ڕۆژهەڵات لەگەڵ بانە، لە باکووری ڕۆژاوا لەگەڵ پیرانشار و لە ڕۆژاوا و باشووری ڕۆژاوا لەگەڵ چۆمی زێ (کەڵوێ) و شاری سەردەشت دراوسێ یە.
ناوبانگی سەرەکیی سەرچاوەی گڕاوان لەبەر کوڵینی ئاوێک بەتایبەتمەندیی بەسوود و بەکەڵک لە چارەسەریی بایۆلۆژیکی یە. ئاوی کانیاوەکە ساردەو لەبەر سوێربوونی بۆخواردنەوە نابێت. کاریگەریی شیمیایی ئاوی کانیاوەکە دەبێتە هۆ تاکوو هەموو ساڵێک بەرزایی مخروتی ئەو کانیاوە بەرزتربێتەوە.
سازەی قسڵیی کانیاوەکە نزیک بیست مەتر بەرزەو لەدرێژەی زەماندا گۆڕانی بەسەر هاتووە. ئەگەر بگەنە بانترین بەشی ئەو کانیاوە، دەنگی کوڵینی ئاو بەئاشکرا هەست پێ دەکەن. ڕووباری بچووکی زێ (کەڵوێ) لە تەنیشت ئەو کانیاوە تێ دەپەڕێت کە لە وەرزی بەهار یەک لە پڕئاوترین ڕووبارەکانی ناوچەیە. ئاوی ئەو کانیاوە دەڕژێتە نێو ڕووباری کەڵوێ.
ڕادەی ئەملاحی حەلکراو لە ئاوی ئەو کانیاوە لانی کەم گڕەمێک لە لیتردایەو ئاوێکی گازدار و مەعدەنی لەدڵی هەڵدەقووڵێ و پاش ئەوەی دەچێتە ئاستی زەوی، ماددەگەلێک لەخۆی بەجێ دێڵێ و ئەو ماددانە بەتێپەڕینی ڕۆژان و زیادبوونیان، بەشێکی مەخروتی شکڵی سەرنجڕاکێش دەخوڵقێنن و دەکرێت بە تەپۆلکێکی ڕەنگامەیی کە لەنێو سرووشتی سەرسەوزی ناوچە، کۆنتراستێکی دڵرفێن بەدی دێنێ و ماندوویی لەچاوی موسافیر دەسڕێتەوە.
لە هەر لایەکەوە کە دەڕوانییە ئەو دیمەنە جوانەی سرووشت، بارستایەکی جیاواز و جوان دەبینی کە سیمایەکی جوان و تایبەت بە دەوروبەرەکەی دەبەخشێ.
ئاوی دەوڵەمەند و پڕلەتایبەتمەندییەکەی جگە لە تایبەتمەندیی دەرمانی، ناوچەی زۆر جوان و دڵڕفێن کردووە کە گەشتیاران و سرووشت دۆستانی زۆر، هۆگری سەردانی ئەو کانیاوەن.
ڕووبارێک کە بە بەردەم ئەو کانیاوە سەرسووڕهێنەرەدا تێ دەپەڕێت. چۆمی هۆرمزاوێ یە کە لە وەرزی بەهاردا پڕئاوەو دەوروبەری خۆی تێراو کردووە و دیمەنێکی دڵنشین و سەرسەوز بە دەشت و دەمەنی پڕلەگوڵ بەدیاری دێنێ.
لەبەر ئەوەی ئەو کانیاوە خاوەن ئەملاحی ئاهەکی و قورسە، ئاوەکەی ناودەنێن گڕاوان واتە ئاوی قورس و سەخت و بڕێکیش ئەو کانیاوە بەکانی گڕاو دەناسن.
بۆ سەردانی ئەو کانیاوە پێویستە ڕێگەی سەردەشت بۆ مەهاباد بپێون و پاش تێپەڕین لە شاری ڕەبەت ، تابلۆکانی ناساندنی کانیاوی جۆشان، ئێوە بۆ میوانیی سرووشت بانگهێشتن دەکەن. لەباری زەمانییەوە، لە سەردەشت هەتا ئەو کانیاوە، سی هەتا سی و پێنج خولەک دەخایەنێ. بەڵام ڕێگەیەکی سەرنجڕاکێشی دیکە لە باکوور بەرەو باشوورە کە دەبێت لە مەهاباد بەرەو سەردەشت بچی، ئەگەر ڕێگەی #مەهاباد#تان هەڵبژارد، یەکێک لە جوانترین جاددە کوێستانییەکانی ئێران دەبینن. هەرلەو ڕێگەیە، تابلۆی ڕێنمایی بەرەو کانی گڕاوانیش هەیە. لەجاددەی سەرەکی هەتا شوێنی کانی گڕاوان لە تەنیشت ڕووبار نزیک بە یەک کیلۆمتر جاددەی خاکییە کە باشترە ڕێگەکە بەپێ بپێون. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!