=KTML_Bold=ئیسرائیل بۆ لە سووریا پشتگیریی کوردی نەکرد؟=KTML_End=
#کارزان گلی#
دوای ئەوەی بەشێکی زۆری ئەو خاکەی #هەسەدە# بەڕێوەی دەبرد و ڕادەستی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا کرایەوە، بە شێوەیەکی تر دوای ئەو فشارە گەورە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەی لە هەسەدە کرا بۆ بەدەستەوەدانی ڕۆژاوای فورات، یەکێک لە پرسیارە هەرە گرنگەکان کە کورد دەیکات ئەوەیە، بۆچی ئیسرائیل هاوکاری کوردی نەکرد؟ ئەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل نەبوو پشتگیریی خۆی بۆ کورد دەربڕی، ئەی هەر کوڕی ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نەبوو، کوردی بە دۆست و گرنگ بۆ ناوچەکە زانی؟ ئەی بۆچی کاتێک هێرش کرایە سەر کورد ئیسرائیل بێدەنگی هەڵبژارد؟
بەپێچەوانەی ئەوانەی دەڵێن ئیسرائیل بە دوای بەرژەوەندی خۆی کەوتووە و ئەوەی ویستی لە سووریا وەریگرت، ئیتر بۆچی شەڕ بۆ کورد بکات بیردەکەمەوە، پێم وایە ئیسرائیل پشتی لە کورد نەکرد، بەڵکوو ئەمریکا ڕێگەی لێ گرت کورد بپارێزێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی گەیشتووەتە دەستی چەند نووسەرێکی تایبەت، کە نووسینەکانیان شڕۆڤەی وردی بارودۆخی سووریایە، دوای ئەوەی سوەیدا لە لایەن ئیسرائیلەوە پارێزرا و حکوومەتی سووریا بۆی نەبوو یەک هەنگاو بێتە پێشەوە و دوورزییەکان کۆمەڵکووژ بکات، ئیسرائیل بەفەرمی داوای لە ئەمریکا کردووە، ڕێگەی بدات ڕۆژاوای کوردستانیش بپارێزێت، وەکوو چۆن سوەیدای پاراست، تەنانەت لۆبییەکانی خۆشی بەکار هێناوە لە کۆشکی سپی و کۆنگرێسی ئەمریکا، بەڵام ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ڕەتیان کردووەتەوە.
یەکێک لەو هۆکارانی وای کردووە ئیسرائیل شکست بهێنێت لە پارێزگاریکردن لە ڕۆژاوای کوردستان، تورکیا بووە، چونکە تورکیا هەموو کارتێکی فشاری خۆی بەکارهێنا تا ڕۆژاوای کوردستان لاواز بکرێت و هەسەدە لە ڕۆژاوای فورات نەمێنێت. پێشتریش یەکێک لە ناکۆکییە هەرە گەورەکانی ئەمریکا و تورکیا هەسەدە بووە، چونکە تورکیا بە تیرۆرستی دەزانێت و دەڵێت باڵێکی #پەکەکە#یە لە سووریا، بەڵام ئەمریکا بەهاوپەیمانیی خۆی دەزانی بۆ لێدان لە گرووپی تیرۆرستی #داعش#، کار گەیشتە ئەوەی، تورکیا بەئەمریکای گوتبوو، یان هەسەدە یان دەرچوون لە ناتۆ، واتە تورکیا هەڕەشەی کردووە لە ناتۆ بکشێتەوە و بچێتە باوەشی ڕووسیا، ئەمەش مەترسییەکی گەورە بوو بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، بۆیە تا بۆی کرا باڵانسی لەنێوان تورکیا و هەسەدە ڕاگرت.
ئەمریکا، بە هیچ شێوەیەک نەیویستووە لە سووریا، شەڕی ئیسرائیل و تورکیا دەستپێبکات، چونکە کاریگەریی خراپی دەبوو و ئەمریکاش نەیدەتوانی لەو شەڕەدا پشتگیریی لە ئیسرائیل بکات، چونکە تورکیا ئەندامی ناتۆیە.
ئایە ئەمریکا پشت لە هەسەدە دەکات و ئیدی تەحریر شام شوێنگرەوەی هەسەدەیە؟
چەند گۆنگرێسمانێکی ئەمریکا، بەڕوونی دژی ئەو پشتکردنەی ئەمریکان لە کورد، بەشێکیان داوا دەکەن سزای قەیسەر بەسەر سووریا بسەپێننەوە، چونکە هێرشیان بۆ سەر هاوپەیمانەکەیان کە کوردە دەستپێ کردووە. ئەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ، لە 2019 بە ئەردۆغانی گوت ”فەرموو سووریا خاکی خۆتە و هێرشی بکە سەر“ تورکیا ئۆپەڕاسیۆنێکی گەورەی دژی هەسەدە ئەنجامدا و #عەفرین#ی داگیر کرد، گۆنگرێسمانەکان و چەند بەرپرسێکی باڵای سەربازی بەپەلە فشاریان خستە سەر ترەمپ و گوتیان ئەگەر پشت لە کورد بکەیت، زیانێکی گەورەمان لە ڕووی دیبلۆماسی و سەربازییەوە پێدەگات، ترەمپ ناچار کرا نامەیەکی توندی بۆ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان نارد و گوتی ”دەست لە کوشتنی کورد هەڵنەگریت سزات دەدەم“ ئەوەبوو هێرشی تورکیا سنووردار کرا و نەیتوانی ڕۆژاوای کوردستان داگیر بکات.
بۆ ئەمجارەشیان ئەستەمە ترەمپ هەمان هەڵە دووبارە بکاتەوە، پشتیش لە هەسەدە ناکات بەو شێوەیەی باس دەکرێت، بەڵام باڵانسێک ڕادەگرێت و دەستی دۆستایەتی بۆ هەردوولا ڕادەکێشێت، چونکە ئەگەر هەسەدە بتوێتەوە و تەحریر شام شوێنی بگرێتەوە، مەترسییەکی گەورە لە ناوچەکە بەرپا دەبێت، ڕەنگە تیرۆر لە جاران زیاتر و بەهێزترەوە بگەڕێتەوە.
بەڵام ڕاستییەک هەیە پێویستە بیزانین، ئیدی شتێک نامێنێت بە ناوی هەسەدە و دەبێت بەمێژوو، چونکە هەسەدە لە هێزی کورد و عەرەبەکان پێکهاتبوو و دەرکەوت عەرەب لە پشتەوە خەنجەریان لە کوردا و ڕوویان لە دیمەشق کرد، بۆیە #یەپەگە# دەبێت لەژێر ناوێکی تر بمێنێتەوە. هەروەها ڕۆژاوای فوراتیش لەژێر کۆنتڕۆڵی چەکدارانی دیمەشق دەبێت، کورد لە ڕۆژهەڵاتی فورات دەمێنێتەوە، واتە ڕۆژاوای کوردستان.
بە هەموو پێوەر و هاوکێشەکان، سووریایەکی مەرکەزی بوونی نابێت و لامەرکەزی بۆ سووریا دەبێتە ئەو پڕۆژەیەی ئەوروپا و ئەمریکا و ئیسرائیل دایدەڕێژن، بۆیە کورد بەدەستبەتاڵی لە سووریا لێی ناچێتە دەرەوە، بەڵام پێویستە ئیرادەمان هەبێت و پشوومان درێژ بێت و چاوەڕێی گۆڕانکاری و پلانەکان بین.
ئێستاش دەیڵێمەوە، کورد جەنگی نەدۆڕاند شەڕی دۆڕاند، بەڵام دیمەشق و تورکیا و قەتەر، شەڕیان بردەوە و جەنگیان دۆڕاند. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=