=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: شوێنەواری خنس، میراتی حکوومەتەکانی میتانی و ئاشووری بۆ کوردستان=KTML_End=
نووسینی: #هانی مورتەزا#
خنس یەکێک لە شوێنەوارە دێرینەکانی باشووری کوردستانە کە لە پارێزگای #دهۆک# هەڵکەوتووە. ئەم شوێنەوارە دەکەوێتە نزیک شارۆچکەی شێخان و 13 کیلۆمەتر لە قەزاکەوە دوورە. خنس نەک تەنیا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو لەسەر ئاستی ئێراقیش بە یەکێک لە گرنگترین شوێنەوارەکان دادەنرێت.
مێژووی ئەم شوێنەوارە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ئاشوورییەکان و پاشا سەنحاریب دەگەڕێتەوە (705-681 پ.ز). لەناو بەڵگە مێژووییەکاندا وا باس دەکرێت کە خنس، شوێنەوار و هاوینەهەواری پاشا سەنحاریب بووە کە بۆ ماوەی بیست و چوار ساڵ دەسەڵاتداریی ناوچەکەی کردووە.
بەشێک لەم شوێنەوارە تابلۆیەکی بەردینی گەورەیە کە لەناو دڵی چیایەک هەڵکەنراوە و وێنەی چوار کەسی لەسەر نەخشێنراوە. لەم شوێنە چوار ئەشکەوت درووست کراوە کە دەکەوێتە ناو تابلۆ شوێنەوارییەکەوە و لە سەرەوەی ئەشکەوتەکاندا پەیکەری شێرێک درووست کرابوو، بەڵام بەداخەوە بەشێکی تێک دراوە. وێنەکان بە شێوەیەکی ئەندازەیی و هونەری نەخشێنراون و تا ڕادەیەک لە بەرزیدان.
بە هۆی ئەوەی جوگرافیای کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی ئێراق لە بواری سەرچاوەی ئاوەوە دەوڵەمەند بووە، سەنحاریبی ئاشووری ئەم شوێنەی وەک سەرچاوەیەک بۆ ڕاکێشانی ئاو بەرەو نەینەوای پایتەختی ئاشورییەکان بەکار هێناوە.
ئەم شوێنەوارە مێژووییە یەکەمجار لە لایەن تیمێکی ئیتاڵیاییەوە دۆزراوەتەوە و تۆمار کراوە و مێژووی 2700 ساڵەی ئاشکرا کراوە.
لەسەر دیوارەکانی خنس دوو شێوازی خەت و نووسین بە کار هاتووە. خەتی هیرۆگلیفی و بزماری. لە نووسینە هیرۆگلیفییەکە، باس لە پەیوەندیی دەوڵەتی میتانی لەگەڵ وڵاتی میسر دەکات کە لەو کاتەدا پەیوەندییەکی گرنگیان هەبووە. بە داخەوە ئەم نووسینە هیرۆگلیفییە بە هۆی بارودۆخی ئاو و هەوا و هۆکاری سرووشتی لەناو چووە و نەماوە.
نووسینە بزمارییەکەش لە 64 دێڕ پیکهاتووە بەسەر سێ بڕگەدا دابەش کراوە. ئەم بەردە نووسراوانە بە دەستووری پاشا سەنحاریب نووسراون.
لە یەکەمینیان باس لە خواوەندە گرنگەکانی دەوڵەتی ئاشووری و گرینگییان لە پاراستنی دەوڵەتی ئاشووریدا دەکات.
لە بڕگەی دووەمدا باس لە گرنگیی پڕۆژەی ئاوی خنس دەکرێت کە پاشا سەنحاریبی ئاشووری چۆن لەوێوە ئاوی ڕاکێشاوە بۆ پایتەختی ئاشورییەکان.
سێیەم بڕگە باسی هێرشی دەوڵەتی ئاشوور بە سەرکردایەتیی ئەسەرحەدوونی کوڕی سەنحاریب بۆ سەر بابلییەکان دەکات.
هەریەکێک لەم نووسین و نەخشانە ئاماژە بە ڕووداوێکی مێژوویی دەکەن کە لەم سەردەمدا ڕوویان داوە.
$ناوی خنس لە چییەوە هاتووە$
ئەم ناوە لە نووسینە بزمارییەکاندا یەکەمین جار دەگەڕێتەوە بۆ پاشای ئاشوورییەکان. بۆچوونێک هەیە کە ناوی خنس لە ناوی خواوەندی میسری (خنس)ەوە وەرگیراوە کە خواوەندی شاری تیبە بووە و لەو سەردەمەدا ناوی خنس بە خەراسو یان خەناسو هاتووە و ئەم ناوە لە قورئانیشدا هاتووە.
ئەم شوێنەوارە وا ناسراوە کە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ئاشووری دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەو بەردەنووسەی بە خەتی هێرۆگلیفی نووسراوە سەلمێنەری ئەوەیە کە لە ڕاستیدا ئەم شەوێنەوارە، هەمووی یا بەشێکی لە سەردەمی دەسەڵاتداریی میتانی درووست کراوە کە حکوومەتێکی کوردی بووە.
شوێنەوارناسان ئاماژەیان بەوە کردووە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و گۆڕانی ئایینەکان لە ناوچەکەدا وەک زەردەشتی و مەسیحی و چەند ئایینی دیکە، ئەم ناوچەیە وەک شوێنێکی ئایینیی پیرۆز سەیر کراوە.
بەشێکی زۆری ئەم شوێنەوارە مێژویییە گرینگە داڕماوە و شکاوە. بەشێکی بە هۆکاری سرووشتی و بەشێکی تری بە هۆکاری مرۆیی و تێکدانی شوێنەوارەکانی ناوچەکە، لەناوچووە. جگە لەوەش خنس هەمیشە ناوچەیەکی گەشتیاری و شارستانیی گرنگ بووە کە لە قۆناغە جیاوازەکانی فەرمانڕەواکانی ئەم دەڤەرە، گرنگیی تایبەتیی هەبووە. واتا تەنیا وەک شوێنێکی مێژوویی سەیر نەکراوە، بەڵکوو بووەتە شوێنێکی گرنگی گەشتیاری لە پارێزگای دهۆکدا و ساڵانە سەدان گەشتیاری ناوخۆیی و ناوەڕاست و باشووری ئێراق، تەنانەت گەشتیاری بیانییش، بۆ بینینی ئەم شوێنەوارە ڕوو دەکەنە پارێزگای دهۆک. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=