=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: ئیسرائیل و تورکیا لە سووریا=KTML_End=
نووسینی: #ڕەنج نەوزاد تۆفیق#
لە پاش کەوتنی ئەسەد، کێبرکێی تورکيا و ئيسرائيل لەسەر دابەشکردنی ناوچەی هەژموون لە سووريا دەستی پێ کرد. تورکيا پێی وابوو ئيسرائيل تەنيا بە باشووری سووريا (لە باشووری پارێزگای ديمەشق تا قونەيترە) ڕازی دەبێت وەک ناوچەی هەژموون و کردنی بە ناوچەیەک خاڵی لە چەکی قوورس، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ تورکيا. سەرەتا وا دەردەکەوت کە جۆرێک لە ڕێککەوتن یان تێگەيشتن هەیە لەسەر ئەو دابەشکردنە، بەڵام هەر زوو دەرکەوت ئيسرائيل پڕۆژە و داواکاریيەکانی فراوانترە. ئەو داواکارييانە لەسەر دوو ئاست بوو: ئاستی یەکەم کۆی سووريا دەگرێتەوە، بەوەی نابێت سوپایەکی بەهێز و گەورەی هەبێت. ئاستی دووەم بريتييە لەوەی ناوچەی هەژموونی ئيسرائيل فراوانترە لە باشووری سووريا (باشووری ديمەشق و دەرعا و قونەيترە و سوەیدا)، لە ئێستادا کێبرکێکە نەک لەسەر هەموو ديمەشقە، بەڵکوو لەسەر پارێزگای حيمسە. ئەگەر حيمس ببێتە ناوچەی هەژموونی ئيسرائيل، ئەوا تورکيا تەنيا پارێزگاکانی حەما و ئيدلب و حەلەبی بۆ دەمێنێتەوە. لە کاتێکدا ڕەقە و دێرەزوور و #حەسەکە# ناوچەی هەژموونی ئەمريکایە، ڕۆژاوای کوردستان پێکدەهێنێت. ڕۆژاوای سووريا، کەناری دەریای سپی ناوەڕاست، لازقيە و تەرتوس، جارێ یەک لانەبووەتەوە ئایا دەبێتەوە بە ناوچەی هەژموونی ڕووسيا یاخود چارەنووسێکی تری دەبێت. یەک لابوونەوەی ناوچەی حيمس بۆ ئيسرائيل، ئەوا تورکیا دەکاتە هێزی سێيەم لە سووريا، لە پاش ئەمريکا و ئيسرائيل.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکييەکانی بەشداریکردنی تورکيا لە پێشنيار و پڕۆسەکەی تڕەمپ بۆ غەززە ئەم خاڵە بوو. بە پێی پێشنيارەکە هێزێکی نێودەوڵەتی درووست دەکرێت بۆ بەرێوبردنی غەززە لە پاش حەماس، سوپای تورکيا بەشدار دەبێت لەو هێزە نێودەوڵەتييە، وا ديارە ئيسرائيل ئەوەی ناوێت. تورکيا دەيەوێت لە ڕێگەی غەززەوە فشار لە ئيسرائيل بکات بۆ دەستبەردار بوون لە حيمسی سووريا. لە بەرانبەردا، بە پێی هەندێک سەرچاوەی ناوخۆی سووريا، ئيسرائيل دەستی بە جموجووڵ کردووە لە تەنەفی سووريا، کە سەربازگەیەکی ئەمريکا و هاوپەيمانانی لێيە، گوایە دەيەوێت لەوێ شوێنی خۆی بکاتەوە و بە ئەمريکای ڕاگەیاندووە لە ئەگەری کشانەوەی ئەوان لە سووريا، سەربازگەکە بدرێت بە سوپای ئيسرائيل.
گەيشتن بە تەنەف، واتە سوپای ئيسرائيل دەگاتە حيمس و سنووری ئێراق-سووريا، ئەو کات ئەگەری گەيشتن بە دێرەزوو و #ڕۆژاوای کوردستان# ئاسانتر دەبێت. لە دوو ڕۆژی ڕابوردوو ئيسرائيل کۆمەڵێک هەنگاوی ناوە وەک پەيام کە غەززە لەژێر دەسەڵاتی ئيسرائيلە؛ نەتەوە یەکگرتووەکانی ئاگادارکردەوە لەوەی دەبێت چۆن و چ بڕێک هاوکاری بنێرنە غەززە، واتە نەتەوە یەکگرتووەکانيش دەبێت بە مۆڵەت و ڕەزامەندی ئيسرائيل بەشداربن لە هاوکارييە مرۆیییەکان بۆ غەززە. هاوکات، ميسری ئاگادارکردووەتەوە کە دەبێت مۆڵەت و ڕەزامەندی ئيسرائيل هەبێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی بەشدار دەبن لە بەڕێوبردنی غەززە. ئەم هەنگاوانە ڕێگە خۆشکەرە بۆ ئەوەی بە فەرمی ڕايبگەيەنێت کە سەربازی تورکی بۆی نييە بێنە غەززە، مەگەر تورکيا سازشی زیاتر بکات لە سووريا، بە تايبەت لە حيمس.
لە دوای ئاگربەستەکەی غەززە و کۆبوونەوەکەی (شرم الشيخ)، ئەردۆگان ڕايگەیاند ئيسرائيل دەست بە شەڕ ناکاتەوە، ئەگەرنا، لە ڕووی دبلۆماسييەوە بە قوورسی لەسەری دەکەوێت، مەبەستی لەوە بوو ئەمريکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشاری لێدەکەن. ئەم لێدوانە، ئەگەر تێگەيشتنی ڕاستەقينەی ئەردۆگان بێت و ببێتە بنەمایەک بۆ بڕيارەکانی لە سووريا و ناوچەکە و، ئيسرائيل بەجدی نيگەران بکات لەبەر ئەوەی گوایە ئيسرائيل کاردانەوەی توندی نابێت لەبەر تڕەمپ، ئەوا یەکەم هەڵەی گەورەی ئەردۆگان دەبێت لەم دوو ساڵە. دانانی هێڵی سووری وەهمی بۆ ئيسرائيل، گوایە ئەمريکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێککەوتنەکان ڕێگری لێ دەکەن لەوەی گورزی سەربازی بەهێز بوەشێنێت، هەڵەیەک بوو ئێران و حيزبوڵا و حەماس و بەشار ئەسەد ئەنجامياندا. ئەگەر ئيسرائيل هەست بکات مەترسييەکی جدی هەیە، گورزی سەربازی لە هەر لایەنێک دەدات بێ گوێدانە ئەمريکا و ڕێککەوتنەکان.
تا ئێستا ئيسرائيل و تورکيا لە ململانێدا نين، پەيوەندی دبلۆماسی و هەواڵگری و بازرگانی بەردەوامە لەنێوانياندا، بەڵام لە کێبڕکێدان. سەرەتا تەنيا لە سووريا بوو، ئێستا خەريکە ڕەنگدەداتەوە لە غەززە. وا ديارە کێبڕکێکە فراوانتر دەبێت و ئەگەر هەیە بەرەو ململانێ بچێت، بەڵام کات و مەرجی زیاتری دەوێت. ئەگەر ئەردۆگان بەڕاستی پێی وا بێت ئيسرائيل هێڵی سووری هەیە و دەست دەپارێزێت، لەسەر ئەم بنەمایە بيەوێت زیانی ڕاستەقينە لە بەرژەوەندييەکانی بدات، ئەوا ئەردۆگان گورزێکی بەهێزی لێدەدرێت لە لایەن ئيسرائيلەوە. لە دوو ساڵی ڕابوردوو، ئەردۆگان لەو سەرکردە دەگمەنانە بوو کە بە درووستی لە ئيسرائيل تێگەيشت بوو، ئایا وا بەردەوام دەبێت یان هەڵەیەک دەکات؟ لە ئايندەدا ڕوون دەبێتەوە. [1]