ناونیشانی بابەت: ناساندنی گەڕەکی کانیی عەرەبان لە کۆبانی
ئامادەکردنی: #ئەڤین تەیفوور#
شاری #کۆبانی# وەک هەموو شارەکانی دیکەی کوردستان، خاوەن دەشت، شاخ، زیارەت، کاش، گرد و کانیاوە. جگە لەوەش کۆبانی زیاتر لە 300 گوندی هەیە کە ناوی بەشێک لەو گوندانە بریتین لە: هەلنج، شێران، شەران، کولیلک، دۆنخز، مناز، موومان، ئێلەجاخ، نۆردێن، بلک، بۆراز، تاشلۆگ، خۆزێن، تل خەزال، کورک، بۆزک، قلهەدید، قووملخ، سووسان، کۆر ئەلی، ئەلی شار، سەربەهور، گەورک، تاشلۆگ، تلک، هەمامک، قزەلی، خانک، قەرەموخ، خەرابی کوچکان، چۆرتانەک، چۆخان، سێ تەلپ، چخور، خەراب کۆرت، بیرەش، کۆرتک و دەربازن و.... ئەم گوندانە بەتەواوی کشتوکاڵین و چەندین جۆری درەختی تێدایە وەکوو زەیتوون، فستق، پەیام، سێو، هەنار و هەنجیر و.... لە زۆربەی ئەو گوندانەدا کانیی ئاو هەڵقوڵیوە و لە شوێنی ئەو کانییانەدا ئەو گوندانە دروست کراون.
کۆبانی وەک شارێک، خاوەن دوو کانی یان دوو گەڕەکی گەورەیە؛ یەکێکیان کانیاوی عەرەبانە (کوردان) کە دەکەوێتە لای ڕۆژهەڵاتی کۆبانی و ئەوی دیکەیان کانیاوی مرشدە (مرشد پینار) کە دەکەوێتە لای ڕۆژاوای کۆبانی. لێرەدا باسی کانیی عەرەبان یان گەڕەکی کانیی عەرەبان (کوردان) دەکەین.
لە کۆتاییی سەدەی 80 دەگوترێت ئاوی کۆبانی زۆر کەم دەبوو و ژیانی مرۆڤ و ئاژەڵیش وردەوردە سەختتر دەبوو. ئەو دوو کانیاوە بەهاران پڕ لە ئاو دەبوون و دواتر ئاویان کەمی دەکرد، بەڵام لە هەنووکە و لەم ساڵانەدا جارێکی تر پڕ ئاو بوون.
ئەم کانییە یان ئەم گەڕەکە گەورەیە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری کۆبانی. ئەم گەڕەکە لە سەرەتای دامەزراندنی کۆبانییەوە بوونی هەبووە و ئێستا هەم بە گوندێک و هەم بە گەڕەکێکی گەورە لە کۆبانی ناسراوە. لەبەر ئەوەی ئەم کانییە ئاو و سەوزاییی زۆری تێدا بووە، عەرەبەکانی دراوسێ دەهاتن و لەلای ئەم کانیاوەدا مەڕەکانیان دەلەوەڕاند و ئاویان دەدان، هەر بۆیە خەڵکی دەڤەری کۆبانی ناوی ئەم گەڕەکەیان ناوە کانیی عەرەبان. کاتێک کە سەرخەت و بنخەت دروست کرا، هەموو گوندە کوردییەکان بوون بە دوو بەش. لەبەر ئەوەی لە باکووری کوردستانیشدا کانیی عەرەبان هەیە، ئەم ناوە لەلایەن خەڵکی کۆبانییەوە قەبووڵ کراوە و ناوی کانیی کوردانیان کردووە بە کانیی عەرەبان.
هەروەها دەگوترێت خاوەنی گۆرانییەکانی مەمێ ئالان، سیابەند و خەجێ، گۆرانیبێژی بەناوبانگ مشۆ بەکەبوور بەرازی، خەڵکی دەڤەری ئەم کانییەیە. هەروەها ئەم کانییە لەلایەن بەشێک لە خەڵکی ناوچەکەوە بە ناوی ماڵباتی گەورەی مەجهانان ناسراوە. لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا، ناوی ئەم گەڕەکە یان کانییە کرا بە عەرەب پینار، دواتر دەوڵەتی سووریا ناوی نا کانیی عەرەبان. بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا و دوای شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستان و دامەزراندنی بەڕێوەبەریی خۆسەر، بەڕێوەبەرییەکە بە فەرمی ناوی نا کانیی کوردان.
لە دەوری ئەم کانیاوەدا سەدان درەختی میوە هەبوون. سەدان باڵندە و ئاژەڵیش بینراون. بەڵام بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا ئەم کانیاوە بەرەو وشکبوون چووە، نەک هەر ئەم کانییە، بەڵکوو ئەو کانیاوانەش کە لە شاری کۆبانی و لادێکانیدا هەبوون، بەرەو وشکبوون چوون و ئەم شارە لە وشکەساڵییەکی مەترسیداردا مابووەوە. بەڵام ئەوە بۆ دوو بەهار دەچێت کە ئاوی ئەم کانییە زۆری کردووە.
کۆبانی مێژوویەکی دێرینی هەیە و نزیکەی 440 گوندی بچووکی هەیە کە زۆربەیان کوردی سوننەن. لە ساڵی 1892دا وەک شارێکی مۆدێڕن سەریهەڵدا و لەنێوان ساڵانی 1911 بۆ 1912، دوای دامەزراندنی هێڵی ئاسن، حەشیمەتەکەی زۆرتر بوو. زۆربەی عەشیرە کوردەکانی ئەم هەرێمە خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بوون.
سەرچاوە:
چاوپێکەوتن لەگەڵ زاربێژی کۆبانی، حەنیفە عیسمەت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=