ناونیشانی بابەت: پەیکەری خانزاد میری سۆران، ئافرەتە سەرکردە و لێهاتووەکەی کورد لە هەریر.
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بە درێژایی مێژوو، کورد خاوەن چەندین ئافرەتی قارەمان و خاوەن پۆست و پایە بووە، یەکێک لەوانەش خاتوو #خانزاد#ە کە یەکێک بووە لە فەرمەنڕەوا و میرەکانی سەردەمی میرنشینی سۆران، دوای نەمانی سلێمان بەگی برای دەسەڵاتی گرتووەتە دەست.
وەک شانازییەک بۆ لێهاتوویی ئەم ئافرەتە سەرکردەیە، پەیکەرێکی لە سەنتەری قەزای #هەریر# دروست کراوە.
وەک سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژەی بۆ دەکەن: خانزادی میری سۆران یەکێک بووە لە فەرمەنڕەوا و میرەکانی #میرنشینی سۆران# لە ماوەی کۆتاییەکانی سەدەی شازدە و سەرەتاکانی سەدەی حەڤدە میری سۆران بووە (واتا لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا).
لەدوای ژەهرخواردکردنی سلێمان بەگی برای لە بەغدا لەلایەن کەسێکی چەکدارەوە بەناوی لەشکری، خانزادخان بووەتە میری میرنشینی سۆران. دوای گرتنە دەسەڵاتەکەی، خانزاد تۆڵەی براکەی کردووەتەوە بە داواکردنی خوازبێنی کچێک بۆ لەشکری. دواتر کاتێک لەشکری و پیاوەکانی دەگەنە لای خانزاد، ئەوانی کوشتووە و تۆڵەی براکەی کردووەتەوە.
دوای تێپەڕبوونی چەند سەدەیەک بەسەر فەرمانڕەوایی کردنی، تائێستا شوێنەواری قەڵای خانزاد بەدووریی 22 کیلۆمەتر لەنزیک شاری #هەولێر# ماوەتەوە و لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان نۆژەن کراوەتەوە، هەروەها لە چیای هەریر و چەند شوێنێکی دیکەی دەڤەرەکە هەندێ شوێنەواری قەڵا و قوللە و شوێنی سەربازی بە ناوی خانزادی میری سۆران ماونەتەوە.
وەک ڕێزگرتنێک لە خەبات و بەرخودانی ئەو ئافرەتە قارەمانە، بە دەستڕەنگینی پەیکەرساز و پاڵپشتیی ئیدارەی شارەکە، پەیکەرێک بۆ خانزادی میری سۆران لە سەنتەری بازاڕی هەریر دروست کراوە، وەک سمبولێکی مێژوویی، جوانیی بە شارەکە داوە. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!