ئێران چۆن مێژووی کوردی لە ڕۆژهەڵات سڕیەوە؟ شوێنەواری قەڵای زێوێ بە نموونە
شوێنەواری قەڵای زێوێ دەکەوێتە ناوچەی گوندی زێوێ لە باشووری خۆراوای شاری #سەقز# بە دووری 55 کم، مێژووی درووستکردنی ئەم قەڵایە بۆ سەردەمی ماناییەکان و مادەکان دەگەڕێتەوە لە 900 بۆ 700 ساڵ پێش زایین.
لە ساڵی 1947ز، بە هۆی بەفر و بارانەوە چەندین پارچە شوێنەواری گرنگ لە قەڵای زێوێ دەرکەوت، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1945 لە لایەن ڕابرت ڕایسۆنی ئەمریکاییەوە پشکنینی تێدا کراوە، بەڵام دوای ئەوەی دەردەکەوێت مێژووی شوێنەوارەکە بۆ پێش هەخامەنشیەکان دەگەڕێتەوە و پەیوەندی بە مێژووی کوردەوە هەیە بۆیە لە ساڵی 1945 حکومەتی ئەو کاتی پاشایەتی ئێران بڕیار دەدات مافی گەڕان و دۆزینەوەی شوێنەوار بدات بە بازرگانێکی شوێنەواری جوو بە ناوی (ئەیوب ڕەبنوع) و ئەویش بەشێوازێکی وەحشیانە دەکەوێتە هەڵکەندنی ناوچەکە تەنیا بۆ گەڕان بە دوای گەنجینە و پارچەی شوێنەواردا.
لە مێژووی ئێران و هەموو دنیادا ئەمە یەکەم جارە وڵاتێک بە فەرمی ناوچەیەکی شوێنەوار بداتە بازرگانێکی شوێنەوار بۆ ئەوەی بەبێ لێکۆڵینەوە و دەرخستنی مێژووی ناوچەکە پارچە شوێنەوارەکان دەربهێنرێت بە شێوەیەکی وەحشیانە بۆ ماوەی 8 ساڵ لە سەدا 85ی ناوچەکە وێران بکات و دەیان پارچە شوێنەوار دەربهێنرێت و بفرۆشرێت بە مۆزەخانەکانی دنیا و ببرێنە دەرەوی وڵات.
بە هۆی زۆری ئەو پارچە شوێنەواریانەی دۆزراونەتەوە تێیدا هەندێک شوێنەوارناس بە (گەنجی زێوێ) ناوی دەهێنن، لەوانە دەتوانین ئاماژە بە سەرێکی ئاڵتونی هەڵۆیەک و ملوانکەیەکی نەخشێنراو، و دەیان خشتی نەخشێنراو بە وێنەی جۆراوجۆر و عاج و جامی نەخشێنراو بە باڵندەی ئەفسانەی و دەیان پارچەی تری زۆر دەگمەن، ئەمە جگە لە پاشماوەی کۆشکێکی فراوان کە هۆڵی گەورە و چەندین پایەی ڕاگر و پلیکانەی لە خۆگرتووە.
شایەنی باسە لە سەردەمی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین جار لە کاتی جیاوازدا پشکنین لە ناوچەکە کراوە بەڵام تا ئێستا بە هیچ شێوەیەک ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان ئاشکرا نەکردووە.
=KTML_Bold=قەڵای زێوێ=KTML_End=
قەڵای مێژوویی زێویە لە 55 کیلۆمێتری باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری سەقز و لە باکووری گوندێک هەر بەم نێوە و لەسەر تەپۆڵکەیەک هەڵکەوتووه.
ڕووبەری ئەم قەڵایە، پتر لە 4 هێکتارە و بەرزاییەکەی لە ئاستی زەوییەکانی دەوروبەری 90 تا 110 میتر دەبێت و هەر ئەم ئاستی بەرزبوونەوەیە وای کردووە کە جوان بە چواردەوری خۆیدا بڕوانێت و بەرجەوەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی هەیه.
زێویە یا (ئیزیپیه) یا (زیپیا) لە سەدەی هەشتەمی پێش زایین، یەکێک لە ناوەندەکانی دەسەڵاتداری هۆزی مانا بووە و لە پەرتووکە ئاشوورییەکان بە نێوی گەلی (مێننی)، نێوی لێبراوە و تێیدا هاتووە کە ئەم شوێنە زۆر جار لە لایەن دەوڵەتەکانی ئاشوور و ئورارتوو، هێرشی کراوەتە سەر، بەڵام ئەم گەلە هیچکات نەبەزیوە و قەڵاکەی بە دەستەوە نەداوه. شایەنی باسە کە یەکەم جار نێوی زێویە لە ساڵنامەی ئاشووری و لە کاتی دەسەڵاتداری سارگێنی دووەمدا تۆمار کراوه.
ناوبراو پاش هێرش کردن بۆ سەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ماناییەکان و پاش ئەوەی پایتەختی ماناییەکانی داگیر کرد و پاشاکەیانی بە نێوی (ئیرانزوو) بەزاند، دوو قەڵای گرینگی ناوەندی هەرێمی مانای بە نێوی زیپیە (ئیزیپییە ئیزیپنا) و (ئارماسیت) داگیر کرد، کە زۆربەی نووسەران و پسپۆڕان و شارەزایانی بواری شوێنەوارە مێژووییەکان، پێیان وایە کە ئەو زیپییه، هەر ئەم زێویەی سەقزه، و لەوانەشە کە شوێنی قەڵای ئارماسیتیش لە گوندی قەپڵانتوو بێ، کە لە 5 کیلۆمێتری زێویە هەڵکەوتووه.
قەڵای زێویە، قەڵایەکی دەسەڵاتدارەتی گرینگ و جێگە سەرنج بووە هیچ شک و دوو دڵییەک لەنێوان شارەزایان و پسپۆڕانی بواری شوێنەوارە دێرینەکان نییە و تا ئێستا زۆربەی نزیک بەتەواوی نووسەران و شوێنەوارناسان لەسەر قەڵای زێویە لێکۆڵینەوەیان کردووە و لەم بارەوە لێدوانیان داوه. یەکێک لەو کەسایەتییانە پرۆفسۆر گیرنێس، لێکۆڵەر و شوێنەوارناسی بەناوبانگی فەڕەنسی و نووسەری پەرتووکی (هونەری ئێران لە دەورەی ماد و هەخامەنشی)، پێی وایە کە قەڵای زێویه، قەڵایەکی حوکمڕانی بووە و ناوبراو هەموو ئەو شوێنەوارە مێژوویی و بەنرخ و بێوێنانە کە لەم قەڵایە پەیدا بووە بە میراتی پاشایەکی سەکایی دەزانێت کە بە هۆی ڕێزی ئەوەوە لە گەڵیدا لە گۆڕ نراوه.
گرنگی و نێوبانگی جیهانی قەڵای زێویە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1325 هەتاوی بەرانبەر لەگەڵ 1946ی زایینی، بە هۆی باران و لافاوەوە بەشێک لە قەڵاکە دەڕووخێت و خۆی دەردەخات و بەم هۆیەوە سەدان پارچە شوێنەواری دەگمەن و بەنرخ لەم قەڵادا پەیدا کرا. پاش ئەو ڕووداوە کەسێک بە ناوی ئەیووب ڕبنۆ کە دەگوترێت جوو بووه، ئیزنی دەرهێنان و گەڕان بە دوای شوێنەوارەکانی ئەم قەڵا لە دەسەڵاتدارانی ڕژێمی گەندەڵی پەهلەوی وەردەگرێت و ناوبراو 8 ساڵ بە شێوازی بەردەوام 95٪ قەڵاکە و زەوییەکانی دەوروبەری و گۆڕستانی مێژوویی زێویە ژێر و ژوور دەکات و هیچ شوێنەوارێک لەم قەڵا و لە پارچە شوێنەوارە بەنرخ و بێ وێنەکانی ئەم شوێنە ناهێڵێتەوە و بە هاوکاری دەستوپێوەندەکانی خۆی و لەژێر چاودێری کاربەدەستانی ڕژێمی گەندەڵی پاشایەتیدا، هەموو شوێنەوارە گرینگەکان لە کوردستان ئاودیوی دەرەوی وڵات دەکات و بە مۆزەخانەکانی بە نێوبانگی جیهانی دەفرۆشێت.
هەنووکە 2022 شوێنەوارەکانی قەڵای مێژوویی زێویەی سەقز، ڕازێنەرەوەی مۆزەخانە بەنێو بانگەکانی دنیا وەکوو: لوور لە فەڕانسا، لەندەن لە ئینگلیز، ڕمیتاژ لە لێنینگراد و ئۆرشەلیم لە ئیسرائیل و نیویۆرک لە ئەمریکا، فیلادێلفیا و دەیان مۆزەخانەی گرینگی دیکە لە جیهان دا و تەنیا بەشێکی بچووک و کەم لە شوێنەوارە زێڕەکان، زێوەکان و قوڕینەکان لە دەستی ڕێکخراوەی میراتی کولتووری پارێزگای کوردستاندایه.
ئەیووب بەم خەیانەتە گەورەیە کە کردی، زەبرێکی کاریگەریی لە جەستەی مێژوو و ڕەسەنایەتی ناوچەی سەقز و کوردستان وەشاند و هەنووکەش شوێنەواری کردارە تێکدەرانەکانی ئەیووب و تاقمە خۆفرۆشەکەی، پاش ئەو هەموو ساڵە هەرماوە و بە هۆی ئەو کاول کاریانەی ناوبراو، لە زۆربەی بەشەکاندا بە هیچ شێوەێک ناتواندرێت درێژە بە لێکۆڵینەوە و گەڕان بدرێت و پڕۆسەی دەرهێنانی هەموو قەڵاکە لەگەڵ تەنگ و چەڵەمە بەرەو ڕوو دەبێت.
بە بڕوای شارەزایان و پسپۆڕانی ڕێکخراوەی میراتی کولتووری کوردستان، شوێنەوارە قوڕینەکان و باقی شوێنەوارەکانی زێویە ئەوە نیشان دەدەن کە لەنێوەڕاستی سەدەی هەشتەمی پێش زایین تا سەرەتاکانی دەسەڵاتداری هەخامەنێشییەکان، ژیان لەم قەڵا بەردەوام بووە و پاش بە دەسەڵات گەیشتنی داریوشی هەخامەنشی و هێرشکردن بۆ سەر ناوچەی سەقز، ژیان لەم قەڵادا کۆتایی پێهات. [1]