=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: ئێستا ژنی #سەعدی ئەحمەد پیرە# دەبووم!=KTML_End=
نووسینی: #کەژاڵ نووری#
دەستم برد بۆ دەرگای بەفرگرەکەو وتم ئای پارەی خوێڕی چۆن مرۆڤ تووشی هەزار ئابڕووچوون ئەکەیت!
ئەمڕۆ لەبەردەم شاشە بچوکەکەی مۆبایلەکەمدا، بە رێکەوت وێنەی کچێکی باڵابەرزی جوانی گەنجی ناسکم بینی کە لەگەڵ سەعدی ئەحمەد پیرەیا وەستابوو. کچەکە وێنەکەی پۆست کردبوو، سوپاس و ستایشی ئەو رۆژەی کردبوو کە سەعدی تیاناسیووە. کەمێک چاوم هەڵگڵۆفی و جارێکی تر نوسینەکەم خوێندەوە تا بزانم هەڵە نوسینەکەم نەخوێندۆتەوە؟
نا نەخێر، هەڵەنەبووم. وتم تۆ بڵێی ئەم کچە گەنجە کە تەمەنی کچی کچەکەی سەعدی پیرەی هەیە عاشقی مامە سەعدی بووبێت و بە ئاشکرا شەرم نەکات و پۆستی لەسەربکات؟ ئێ راستە زۆربەی هەرەزۆری سیاسییە پیر و کەنەفتەکان عەشیقەی کچیان هەیە و لە تەمەنی باوک و باپیریشیاندان. بەڵام ئاخر کوا عەشیقەکان ئاوا ئەوێرن بە ئاشکرا پۆست لەسەر دڵدار و دۆستەکانیان بکەن؟
بەهەرحاڵ بەدواداچوونم بۆ وێنەکە کرد.. وەی وای لەو کارەساتە!
کچە گەنجەکە عەشیقەی باپیرییەتی. نەک ئەوەندە بەڵکو ژنیشی دەرچوو. بۆم دەرکەوت، بەڵێ ئەم کچە مناڵکارە ژنی سەعدی پیرەیە و، لە هەمووی نابووت تر کچی ئەنوەر قەرەداغی هونەرمەند و موزیکژەنە..
ئەو ساڵانەی من مناڵ بووم و حەزم لە خۆ جوانکردن و هونەر و موزیک و قژ بەردانەوەو تەنورەی کورت و دەرخستنی پاوپوزبوو، هەر زۆر زوو باوکم هەموو ئەم خولیای جوانکارییانەی منی کۆنترۆڵ کردبوو. بۆم نەبوو تەنانەت سنگ و بەرۆکیشم لەژێر چمکە درێژەکەی لەچکە سپییەکەمەوە دەرکەوێت. بە هەموو شێوەیەک خولیاکانی گەنجییان کوشتبووم. حەزم ئەکرد، کچێکی رازاوەی ناسکی قژ ئوتووکراو یاخود لەفکراوی لوول خواروو بوومایە. ستیانێکی رەقی تووندی بەرز ببەستم و، کچێتیەکم هەبێ کە وەک رووبار لە ئاودامانمەوە بڕژێ، کە هەرچی گەنج و کوڕوکاڵی مەکتەب و گەڕەک و شارهەن، باڵە مەلەی تیابکەن و تا لێواری خنکاندنییان لە عیشوەی خۆمدا بەرم. بەڵام، هەموو ئەم خولیا و حەزانەم تەنیا ئەو کاتانە دەتوانی مومارەسە بکەم، کە لە حەمام دەهاتمە دەرەوەو لەبەردەم پەنجەرە دوو تاکیە سەوزەکەدا، دادەنیشتم و ئاوێنەیەکی بچوکی دەستیم دەخستە سەر لێوارەکەی و، بە شانەیەکی پلاستیکی رەشەوە، قژێکی شۆڕی تەنکی کەمێک لولم شانەدەکرد و، بە خاولییەک وشکم دەکردەوە. ئیدی بە هەموو خۆم و جەستەیەکی لەڕ و لاوازی کچێکی تازە بالق بووەوە، وەک ژیژکێکی بچکۆلانە کە بچێتەوە نێو دڕکەکانی خۆی و خۆی ونکات، منیش هەموو خۆمم دەخستەوە نێو پەنجەکانم و لەنێو تاڵ تاڵی قژەکانمدا ونم دەکرد و، مەیمون ئاسا لەم لقی قژەوە دەپەڕیمەوە سەر ئەو لقی قژ. لە بری هەموو کوڕیژکە تازە سمێڵ دەرهاتووەکانی خوێندنگەش، بە قریوەوە بازبازێنم بەنێو دارستانێک لە قژی قەدەغەکراودا دەکرد و، جاروباریش هەر لەبری ئەوان شۆڕدەبوومەوە بەرەو گەردن، بەرەو گردی سنگ و، خەرەندی ناوک و تا دوایی.. تا لە کۆتاییدا وەک پروشە دەڕژامە نێو ئاوێنەکەمەوە و، لە گەڵیشیدا ئیدی وردە وردە دەکەوتمەوە گردکردنەوەی لق بەلق و چڵ بەچڵی ئەو ئەگریجە شۆڕانەی دەمێک بوو وەک شۆڕەبی، لە چاوەڕوانی حەزی ڕژاوی کوڕیژکە شۆخ و تەڕەکانی ئامادەیی دەربەندیخاندا بوون، ئەو کوڕە شۆخ و تەڕانەی لە پۆلەکاندا بە شەرمەوە تەماشای چاوە گەورەکانیانم دەکرد، تا بۆ جاری داهاتوو بیانکەم بەو رووبارە بە خوڕەی لەبەردەم پەنجەرەکەمدا، خۆمم شۆڕدەکردەوە ناوییان و، پرچ و ئەگریجەم تێدەخستن. ئینجا دەستم دەبرد و تەوقەکەم هەڵدەگرت و لە دواوە دەمبەستن و، لەچکە سپیەکەم پێدادەدایەوە، بە یەکەم گرێی لەچکەکەشم هەموو ئەو کوڕە شۆخانە، وەک دوا دڵۆپەی ئاویی؛ دووایەمین تاڵی تەڕم، بەسەر ئاوێنەکەدا دەخلیسکاند و، دەکەوتنە نێو رووبارەکەی بەرپەنجەرەکەمەوەو، ئیدی ئاوێنەو شانە و کوڕ و دەریا و عیشوەو پەنجەرە و کچێتی خۆمم کۆدەکردەوەو، پێکەوە دەمخستنەوە نێو تاکی جلەکانمەوە، لە بۆفیە قاوەییەکەدا و دەرگام لەسەردادەخستن. ساڵانێک بوو بە هێمنی و لە پەنهانیدا، هەموو ئەو کوڕانەی دەمهێنانە ناو چوارچێوەی ئاوێنەکەمەوە و، هەر بەیەکەم گرێی لەچکەکەشم دەکەوتنەوە خوارەوەو دەبوونەوە بە فیگەرە ون بووەکەی ئەو دیوی خەیاڵی هەرزەکارانەمەوە، زۆرجاریش هەر لە نێو پرچەکانمدا دەمهێشتنەوە. بۆیە لە نێو تۆپەڵە قژێکی بەستراوی پشتەسەر و لە ژێر لەچکەکەمەوە، زۆرجار کوڕێکی هەرزەکاری تازە پێگەیشتووی هاوتەمەن و هاوپۆلی خۆم، بە گرمۆڵەکراوی هەڵگرتبوو. ئیدی ئەو ئەگریجانەی کە باوکم بە ئاشکرا لە هەموو کوڕێکی قەدەغە کردبوون، من بۆ خۆم لەژێر لەچکەکەمەوە دەمدایە دەست هەموو کوڕێکەوەو، دەمکرد بە رایەخی ژێر هەموو ئەو شۆخە پەنهانیانەی بەبێ ئاگاداری خۆشیان نیشتەنی ژێر لەچکەکەمم کردبوون.
زۆرجار کە شعرێکی حەسیب قەرەداغیم دەخوێندەوە، دەمگوت: چ دەبوو ئەگەر کچی حەسیب قەرەداغی بوومایە؟ ئەو ساڵانە چیرۆکی تەمسلی ژاڵە بوو، . دەمگووت ئەگەر من لە جێی نیگاری کچی شێخی شاعیران بوومایە، ئێستا وەکو نیگار کاری نواندنم دەکرد. هەر بۆیە کە بۆ یەکەمجار بەهاتی کوڕی حەسیب قەرەداغیم لە سلێمانی بینی، کە ئەو کات لەچکەکەشم لابردبوو. بە پێکەنینەوە گرتم و وتم ئا وەرە براکەم، دانیشە با پێت بڵێم تۆ چەند ساڵە لە دوورەوە برای منیت. ئەویش ئیدی لەوساوە بە خوشک بانگی دەکردم. دوای ئەوجارە هەرکات بە رێکەوت دەمبینی ئەیوت خوشکە بێ وەفاکەم وا سەردانێکی ماڵی براکانی ناکات، چۆنە؟ راستی کە چیرۆکەکەشمی بیست زۆر زۆریش بە چیرۆکەکەم پێکەنی. ئەگەر ئێستا بە فلاشباکێک بگەڕێمەوە بۆ سەردەمی ناز و عیشوە قەدەغەکراوە شاراوەکانی بەردەم ئاوێنە بچوکەکەی سەر لێوارە تەسکەکەی پەنجەرەکەم، بیرمدێتەوە، کە چۆن هەر رۆژە و لە خەیاڵدانی خۆمدا کچی ئەو هونەرمەند و ئەو مۆزیکژەن و ئەم سینەماکار و ئەو نوسەر و ئەم شاعیری جیاواز بووم. هەموو ئەو پیاوانەی لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن بۆ یەکجاریش دەردەکەوتن، من پەلکێشم دەکردنە نێو رووبەری ئاوێنە بچوکەکەی سەر پەنجەرەکەوە و، بۆ جارێکیش بووبێ، لە پێناوی بەردانەوەی ئاگریجە رەشە نەبینراوەکەمەوە دەمخستنە شوێنی باوک. جارێکیان بیستم کە سەعدون یونس و سەمیرە سەعدونی هاوسەریی، چەندین ساڵە ژن و مێردن و مناڵیان نیە. ماوەیەک ئیدی سەعدون یونسم پەلکێشی نێو ئاوێنە بچوکەکە دەکرد و، دەبووم بە کچێکی خنجیلانەی هەولێریی خەڵکی قەراتێ، کە هەموو ( بۆ ) یەکانی ئەو پرسیارە بێ وەڵامەی ( بۆ کچی پیاوێکی هونەرمەند نەبووم؟ ) دەکرد بە ( لۆ ). لە رایەڵەی نێوان ئەم هەموو لۆ و بۆیە بێ وەڵامانەدا، دەکەوتمە بیرکردنەوە لە خۆشگوزەرانی کچی پیاوە مۆدێرنەکان. ئەوانەی وا پێش نان خواردنی ئێوارە باوکیان، لەگەڵ پێکێکدا سەرێک گەرمدەکەن. نەک ئەو باوکەی لەترسی لەدەستدانی نوێژی مەغریب، هەوموو ئێوارەیەک نانی سەر سفرەکەی سارد دەکردەوە. لەم پێودانگەدا، ئەو ئێوارانەم لە بیرە کە لە تەلەفزیۆنی کەرکوکەوە گۆرانیەکی ئەسعەد قەرەداغیم گوێ لێدەگرت و، مامۆستا ئەنوەری براشی لە پشتیەوە موزیکی دەژەنی. دەکەوتمە بیرکردنەوە لە هەیبەتی بنەماڵەی ئەنوەر قەرەداغی و ئەسعەد قەرەداغی. سەرسامی پرچە سپییە نیشانەکەی تەوێڵیشیان بووم. لەدڵی خۆمدا دەمووت ئەگەر کچی ئەنوەر قەرەداغی بوومایە، ئێستا لە بری لەچکێکی سپی، تۆپەڵێ پرچی سپی نیشانەم پێوە دەبوو، منیش لەسەر تەلەفزیۆن بە عزیزیەکی سپی کورتی مینی ژۆپەوە دەردەکەوتم و، لە سەر یەک پەنجەی پێ سەمام دەکرد، یان موزیکم دەژەنی و گۆرانیم دەوت و، لە ستۆدیۆی تەلەفزیۆنی کەرکوک وێنەدەگیرام و، شەوانە لە شاشەکانەوە لەبەردەمی هەموو کوڕە شۆخەکاندا، بە ئاشکرا و بە بێ پەنهان، لەش و لاری کچانەی خۆمم وەکو شۆڕەبی بۆ ئەو هەموو روبارە تەڕە دەژەنی.
لە بەفرگرەکە کۆلایەکم دەرکرد و پەرداخێکم پڕ کرد و، یەکەم قومم لێدا، لەگەڵ گەیشتنی یەکەم کەفوکوڵی تیژی هەڵچووی کۆلاکە بەناخم، کەف و کوڵی تیژی هەموو ئەو ساڵانەی کە لە داخی ئەو لەچکە حیزە، زۆر بە تیژی دابوویان لە ناخم و بڕی بوویان، دامرکانەوەو بە پێکەنینێکەوە وتم:-
ئاهە براڕۆ! جا بەس نەبوو کچی ئەنوەر قەرەداغی نەبووم، ئەگینا ئێستا هەموو شەوێک سەعدی ئەحمەد پیرە ئەیگرتم و سوارم ئەبوو! [1] [2]
هۆڵەندا
#16-11-2021#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=