=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: #کەژاڵ نووری#؛ خێزانی کورد لە ئەوروپا درێژکراوەی خێزانی کوردە لە ولاتی خۆیدا=KTML_End=
دیمانه: #ستیڤان شەمزینی#
کەژاڵ نوری ، نووسەر و چالاکوانی بواری یەکسانی ژن و پیاو لەم دیمانەیەدا تیشک دەخاتە سەر پرسی ژنان و توندوتیژیی دژی مێینە و شێوەی پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو و خێزانی کورد لە ئەوروپا .
ستیڤان : خێزانی کورد لە ئەوروپا چەندین گیروگرفتی هەیە، گرنگترینیان سەپاندنی کولتووری خێڵ و ئاینییە بەسەر نەوەکانیاندا. پێتوایە هۆکاری پابەندی خێزانی کورد لە ئەوروپا بە نەریتی خێڵەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟.
کەژاڵ نوری : خێزانی کورد لە ئەوروپا درێژکراوەی خێزانی کوردە لە ولاَتی خۆیدا، کۆچبەری کورد بە جەستە لە ئەوروپا دەژی بەلاَم بە رۆح و بە دڵ هەمیشە لە کوردستان دەژی، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە ئه و سەرەتا بەدوای ژیانیکی خۆشتر یان هۆکاری سیاسیی، ئابوری، کۆمەلایەتی هەڵهاتووە، بەرنامەی نەبووە بۆ دەستپێکردنی ژیانی نوێ، ئەوکاتێک کە هەڵهاتووە لە ولاَتی خۆی کاری لەسەر ئەمڕۆ کردووە، بیری لە سبەی نەکردۆتەوە لە مەنفا چارەنووسی چی دەبێت.
زۆربەی کۆچبەرانی کورد ئێستا لەقۆناغی دامەزران و جێگیر بووندان، بەدەیان هەزاریان بوون بە خاوەنی رەگەزنامەی ولاَتانی خانەخوێ، بەلاَم لە ئەقڵ و هۆشدا ئەمانە هێشتا لەکوردستانن. ئەم میوانانە هەرگیز نازانن کە داخۆ دەبنە میوانی هەمیشەیی یان رۆژێک لە رۆژان دەگەڕێنەوە بۆ هەوارگەی خۆیان. بۆیە لەوەها حالەتێکدا ئاوێتەبوون لەگەڵ کولتووری ئەوروپا زەحمەتە.
کۆچبەری کورد ئه و کەسەیە لە جوگرافیای کۆمەلاَیەتی خۆی رۆشتۆتە دەرەوە، بەمجۆرە هەموو ئه و تۆڕە جیاوازانەی سانسۆر کە کولتوور و نەریتە کۆمەلاَیەتییەکان لە جوگرافیای خۆیدا بۆی دروست کردبوون بەجێدێڵێت، لە ولاَتی خۆی لەبەرئەوەی کەسێکی بی دەوڵەت بووە، کەسێکی بێ شوناس بووە، لەتاراوگە دەبێت بەدوای شوناسدا بگەرێت و خۆی بدۆزێتەوە و وەک پێکهاتەیەکی کۆمەلاَیەتی لە ولاَتی خانەخوێدا بەشێوەیەک لە شێوەکان لەناو هاوکێشە تازەکاندا پێگەیەک بۆ خۆی دیاری بکات.
ڕاستە جیاوازیی کولتوور لێرەدا رۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت لە دیاریکردنی ستاتۆی هەموو تاکەکانی کۆچبەران، بەلاَم بەرلەوەی باسی جیاوازیی کولتوور بکەین دەبێت ئاماژە بۆ هەندێک خاڵی دیکە بدەین لەوانەش جگە لە بوونی دەوڵەت لە تاراوگە و بەرجەستەکردنی فەلسەفەی حوکم و فەلسەفەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
بوونی ئابورییەکی لیبراڵ و بازاڕێکی ئازاد کاریگەریی زۆری هەیە بۆسەر یەکە یەکەی کۆچبەران لەلایەک و لایەکی دیکەش کۆمەڵە میکانیزمێکی ئاڵۆی ژیان دروست دەکات کە زەحمەتە کۆچبەر بە ئاسانی لێی تێبگات، ئەگەر لێشیتێبگات زۆر زەحمەتە بتوانێت وەک رەوشتی رۆژانەی ژیان مامەڵەی لەگەڵدا بکات و هەموو ئه و رەهەندە ئەخلاقی و کۆمەلاَیەتی و ئابووری و دەروونیانە قبوڵ بکات کە لێرە بەهۆی ئه و دوو هۆکارەوە رەگی قووڵی لە نێو کۆمەڵگای خۆرئاوادا داکوتیوە.
دەوڵەت و فەلسەفەی حوکمکردن و بەڕێوەبردنی ولاَت لە خۆرئاوا دیموکراسی و مافی مرۆڤی بەرهەمهێناوە، ئەم دوو چەمکە داینامۆی رۆحی ئه و سیستمەیە ئیتر وەک یاساکانی سروشتیان لێهاتووە و لەهەموو جومگە و پایەکانی ژیاندا رەنگیان داوەتەوە، گرفت لێرەدا ئەوە نییە تاکی کورد بەهۆی ژێردەستەبوونییەوە هەرگیز لەگەڵ ئه و چەمکانەدا ئاشنا نەبووە، بەڵکو گرفتە هەرە گەورەکە ئەوەیە کۆچبەری کورد لە ژێر سایەی رژێمگەلێکدا ژێردەستە بووە کە تەواو دیکتاتۆریی و تۆتالیتاریی و فاشست رەفتار بوون، لەژێر سایەی ئەمجۆرە لە سیستمی حوکمدا نەک کۆچبەری کورد بە دیموکراسی و مافی مرۆڤ ئاشنا نەبووە بەڵکو ئه و لەناو مرۆڤەکانی ژێر دەستی ئه و جۆرە سیستمانەدا هەرگیز کۆیلەی پلە یەک نەبووە بەڵکو ئه و کۆیلەی پلە دوو بووە و کۆیلە پلە یەکەکان حوکمیان کردووە.
لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا مرۆڤ هەتا پلەیەک بێنرخ و بێقیمەت بووە کە بونیادی کۆمەلاَیەتی و تەنانەت کولتووریشی توشی ئیفلیجی کردووە، تاکەکانی کردووە بە تاکی پاسیڤ و بەکاربەر بەجۆرێک تاکە خەم لەم رەوشەدا تەنیا خەمی بەردەوامی بووە لە ژیاندا (پرۆسەکانی سڕینەوەی کولتوور و زمان و دابونەریتی نەتەوەیی کورد و…هتد بەدەستی #بەعس# ئه و دەوڵەتانەی کوردی تیادا ژێردەستەیە).
ئینجا ئه و (حدود)انەی شەریعەتی ئیسلامی له و ولاَتانەدا بۆ مرۆڤی سەدەی بیست و یەکەمی داناون و لەسەری پەروەردەیان دەکات هێندە نامرۆڤانە و دواکەوتوون کە زەحمەتە تاکی کورد هەروا بەئاسانی لەتاراوگە بتوانێت تێیانپەڕێنێت! بۆیە تێگەیشتن لە کولتووری دیموکراسی و مافی مرۆڤ چەند قورسە قبوڵکردنیشی هێندە زەحمەتە و سەرئەنجام لەنێو خێزانی کۆچبەرانەوە تاکی دەبڵ مۆراڵ دروست دەبێت کە لەمالەوە شتێکن و لە دەرەوەی مالێش شتێکی دیکەن و ئەمەش زۆر جار بەریەک کەوتن لەنێوان تاکەکانی خێزاندا دروست دەکات.
ڕۆژئاوا ئیستا لە قۆناغێکی ئابووری زۆر جیاوازدایە، لێرە لە پاش شۆڕشی پیشەسازیی و تەکنەلۆژیی و کۆمۆنیکەیشنەوە، قۆناغی تازەی ئابووری دێتە گۆڕێ کە بە ئابووری مەعریفە ناسراوە، لەم قۆناغەدا ئیتر رەگەزەکانی سەرمایە و کار رۆڵی یەکەم نابینن لە ماکینەی بازاڕ و ئابووریدا بەڵکو رەگەزی مەعریفە یەکەم و گرنگترین رەگەزە لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا، ئەم قۆناغەش سەرەتا کەوتە وێزەی هەموو بەها پیرۆزەکانی خێزان و هۆزو گوند و شار و تەنانەت سنووری ولاَتانیشی هەڵوەشاندەوە و لە ژیانی سەرمایەداریدا رواڵەتی کۆمەڵگای گۆڕی.
سەرەتا لە کۆمەڵگای قەتیس و داخراو گۆڕینی بۆ کۆمەڵگای کراوە و پاشان گۆڕی بۆ کۆمەڵگای لیبرالیزەکراو کە راستەوخۆ وابەستەی کرد بە پرۆسەی بەرهەمهێنان و بازاڕەوە، هاوتای پرۆسەی بەرهەمهێنان کۆمەڵگاش دیجیتالیزە کرا، پاشان کەوتە وێزەی ولاَتان و هەموویانی کردەوە و کردنی بە گروپ و جەمسەری کراوە، کە لەم کارەش تەواو بوو ئیتر هەموو جیهان بوو بەگوندێکی گەورەی ئاوەلاَ، ئێستا لەم گوندەدا مرۆڤەکان شوناسی گەردونیان هەیە بە (هاوولاَتی گەردونی) ناو دەبرێن، ئەمە ئه و سیحرەیە لەپشت ئەوە دەوستێت بۆچی تاکی رۆژئاوایی بە تاکی ئۆتۆنۆم وەسپ دەکرێن، مەبەستیشم لە ئۆتۆنۆمبوونە لە هزر و گیرفان و ئەقڵ و هەموو رەهەندەکانی دیکەی ژیان، ئەمەیە کۆچبەری کورد تووشی شۆکی مەعریفە دەکات و بەئاسانی لێی تیناگات و ناتوانێت ئاوێتەی بێت و گرفتی بۆ دروست دەکات.
ستیڤان : بە بڕوای تۆ کوشتنی ژنانی کورد لە ئەوروپا بۆچی دەگەڕێتەوە؟.
کەژاڵ نوری: پاشخانی فەرهەنگی بکوژ و وابەستەبوونی بە کولتووری دواکەوتوانەوە و رەهەندی ئاینی و رەهەندی جوگرافی بەوەی لەناو جەرگەی ئەوروپای دیموکراسیدا و لەدەرەوەی سنووری جوگرافی کولتووری خۆرهەلاَتی ناتوانێت ئاوێتە بە کولتوورە نوێیەکە بێت. بۆیە پەنا دەباتە بەرئەنجامدانی تاوانی کوشتن.
ستیڤان: هۆشیاریی سێکسیی لای تاکی کورد چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟.
کەژاڵ نوری: هۆشیاریی سێکسی لای تاکی کورد لە ئاستێکی ئێجگار لاوازدایە، بەلاَم سفر و سڵەمینەوە؟ نا به و شمولییە نییە، ئه و رایە بەهەڵە دەزانم.
ستیڤان: هەست ناکەیت پیاوی کورد تەنیا وەک ئامڕازێکی سێکسیی سەیری ئافرەت دەکات؟. هەرواش پێتوانییە ئافرەتی کورد هەمیشە حەزەر لە پیاو دەکات؟.
کەژاڵ نوری: جا ئایا خۆی لە بنەڕەتەوە وا نییە و ژن و پیاوی کورد به و شێوەیە سەیری یەکتری ناکەن؟ بەلاَم ئەمەشیان هەر شمولی نییە.
ستیڤان: تا هەنووکە ئافرەتی کورد رووبەڕووی تەنگ پێهەڵچنینی سێکسیی دەبێتەوە. بۆچوونێک هەیە پێیوایە ئەمە بۆ لاوازیی کەسێتی ئافرەتی کورد دەگەڕێتەوە. تۆ لە مبارەوە چ سەرنجێکت هەیە؟.
کەژاڵ نوری : تەنگ پێهەڵچنین دەستدرێژییە، دەستدرێژیش ئەنجامدانی تاوانە، ئەرێ تاوانکردن چی پەیوەندیی بە کەسایەتی قوربانییەکەوە هەیە؟.
تێبینی: ئەم دیمانەیەم لە ژمارە “18″ گۆڤاری “شەپۆل” لە #05-02-2013# بڵاوکراوەتەوه. [1] [2]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=