=KTML_Bold=حەوزەی ناتیقە و حەوزەی سامیتە=KTML_End=
#ڕابەر تەڵعەت#
داگیرکردنی پەڕڵەمانی ئێراق لەلایەن خۆپیشاندەران و بەدیاریکراویش لەلایەن هەوادارانی ڕێبەری شیعە موقتەدا سەدرەوە، یەکێک بوو لە کاریگەرترین ئەو ڕووداوانەی کە ئێراق لە دوای ڕووخانی سەدامەوە، بەخۆیەوەی بینیوە.
لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵدا، بەشداریکردنی سەدر بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە خۆپیشاندانەکانی بەغدا و مانگرتنی لەناو ناوچەی سەوز و پێشوازیکردن و دەستماچکردنی لەلایەن ئەفسەران و هێزی ئاساییشی ناوچەی سەوزەوە، ئەنجامەکەی ئەو ڕووداوە بوو کە بۆ زۆر لە چاودێران و لایەنە سیاسییەکانی ئێراق تارادەیەک چاوەڕواننەکراو بوو.
بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵی موقتەدا سەدر وەک ئەکتەرێکی کاریگەر لە ئێستا و داهاتووی ئێراقدا، پێویستە لە دوو قۆناغی جیاوازدا، خوێندنەوە بۆ کەسایەتی و سیاسەتەکانی خودی سەدر و ڕەوتەکەی بکەین: قۆناغی یەکەم ڕاستەوخۆ دوای ڕووخانی سەدام دەست پێ دەکات. لەم قۆناغەدا، موقتەدا سەدر، وەک سەرکردەیەکی مەزهەبیی توندڕەو دێتە مەیدان و سوپای مەهدی درووست دەکات و هەڕەشە لە سوننەکان و هێزی داگیرکاری ئەمریکا لە ئێراق دەکات. لەڕووی کردەییشەوە ئەوەی کرد، سوپای مەهدی زۆرترین پێشێلکاری و توندوتیژی بەرانبەر بە سوننەکان و سوپا و هێزە ئەمنییەکانی ئێراق ئەنجامدا و شەڕی دژی داگیرکەر ڕاگەیاند. قۆناغی دووەم، پەیوەندی هەیە بە دوای ساڵی 2008ەوە، دوای ئەوەی مالیکی لەژێر ناوی (سەوڵەت ئەلفورسان) شەڕ لە دژی سوپای میلیشیایی مەهدی ڕادەگەیەنێت و لە کەربەلا و بەسرا و ناوچەکانی دیکەی ئێراقدا لاوازیان دەکات و دواتریش موقتەدا سەدر سوپای مەهدی بەشێوەیەکی وێنەیی دەوەستێنێت و دەچێتە ئێران بۆ تەواوکردنی خوێندنی حەوزەیی.
دوای چوونە دەرەوەی ئەمریکایییەکان لە ئێراق، سەدر دوای ماوەیەکی درێژ مانەوە لە ئێران، جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە ئێراق، لێرەوە دەبێت باس لە کەسایەتی و سیاسەتی سەدری دوای گەڕانەوەی بۆ ئێراق بکەین، کە بە قۆناغی دووەم ناومانبرد. لەم قۆناغەدا، گۆڕانکاریی بەرچاو لە سیاسەت و دونیابینیی سەدردا بەدی دەکرێت.
حەوزەی ناتیقە، یاخود حەوزەی قسەکەر کە لەلایەن سەدری دوای گەڕانەوەی لە ئێران، سەرکردایەتی دەکرێت و هەوڵ بۆ دامەزراندن و بەهێزکردنی ڕۆڵە ئایینی و سیاسییەکەی دەدرێت، یەکەم کێشە و ناکۆکی کە لەناو ناوەندی شیعەدا درووستی دەکات، ناکۆکییە لەگەڵ مەرجەعی گەورەی شیعەکانی ئێراق عەلی سیستانی و حەوزەکەی کە بە حەوزەی سامیتە، یاخود حەوزەی بێدەنگ دەناسێنرێت.
موقتەدا سەدر لەم قۆناغەدا، لەسەر ئاستی مەزهەبی، کار بۆ لاوازکردنی ڕۆڵ و پێگەی حەوزەی سامیتەی ئایەتوڵڵا سیستانی دەکات کە ساڵانێکە لە بەرانبەر سیاسەتە مەزهەبییەکانی حیزبی دەعوە بێدەنگە و دەسەڵات لە ئێراقدا لەژێر هەژموونی تیۆکراسی و شەراکەتی نێوان نەتەوە و مەزهەبەکاندا، خراپترین قۆناغی خۆی لەڕووی سیاسی و ئەمنی و ئیدارییەوە تێپەڕاند. موقتەدا سەدر و حەوزەی ناتیقە، ئەم جارە بە پێچەوانەی هەموو جارەکانی دیکە، لەژێر درووشمی نا بۆ تایەفەگەری و نا بۆ داگیرکەر و تەنانەت نا بۆ هەژموونی ئێران، دێنەوە ناو گۆڕەپانی سیاسی و ئیداریی ئێراق. نەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو داوای دامەزراندنی حکومەتی تەکنۆکرات و دوورکەوتنەوە لە دابەشکاریی سیاسی لەسەر ئاستی مەزهەبی و نەتەوەیی و حیزبایەتی دەکەن، لەمەشیاندا سەدر شەقامی لەگەڵە، میدیا و (نوخبە)ی ڕۆشنبیری و چاکسازیخواز پشتگیریی دەکەن، لە هەمان کاتیشدا دژایەتی خۆی بۆ ڕۆڵی پەڕڵەمان دەرنەبڕیوە لە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەدا. پرسیار ئەوەیە: ئایا حەوزەی ناتیقەی موقتەدا سەدر، چ ڕۆڵێک لە داهاتووی ئێراقدا دەگێڕێت؟ ئایا سەدر دەتوانێت ببێتە ڕێبەری سیاسەتی تێپەڕاندنی تایەفەگەری و دەسەڵاتی ئایینی و تیۆکراسی لە ئێراقدا؟ [1]