تێلێگڕامی وەزیری دەرەوەی حکوومەت بۆ باڵیۆزی فارس لە ئەستەمبوڵ
#1914-10-27#
شەڕێکی توند لە نزیک ورمێ بەردەوامە و کوردەکان لە “چێریک” (نزیک سەڵماس) لە دژی سمایل ئاغا (سمکۆ) شەڕ دەکەن. دوای تێکهەڵچوون لە گوندی “چوارباخە”، تەرمی حەوت عەسکەر لە مەیدانی شەڕەکە دۆزراونەتەوە کە سێ کەسیان پێناسی عوسمانییان پێ بووە. سەید محەمەد کوڕی سەید کەماڵ، کەسایەتییەکی زۆر کاریگەریی نێو کوردەکان نامەی بۆ سەرۆکی کۆچەرییە کوردەکان نووسیوە، کە بە سازگاری لەگەڵ حوکمی سوڵتانی تورکیا و فەتوای شێخ عەبدولقادر، خویان بۆ جیهاد یان شەڕی پیرۆز ئامادە بکەن. لە لایەکی دیکەوە، حکوومەتی عوسمانی هەندێک لە شێخەکانی جەلائەددینی وەکوو فەرماندەی سنوورەکان دیاری کردووە، وەکوو سەرۆکی کوردان و بەشێک لە جیهاد.
یەکێک بە ناوی یونس بەی، کاروانێکی پێکهاتوو لە 120 باری تەقەمەنی گواستەوە بۆ گوندی “رایێت” (لە نزیک مەهاباد). ڕووسەکانیش لە لای خۆیانەوە کە ڕازی نەبوون بە گیرانی شەش کورد و ناردنی دوو سەربازی عوسمانی زیندانی لەلایەن سمایل ئاغاوە بۆ ڕووسیا، بڕیاری چەککردنی کۆنسوڵ و کارمەندانی عوسمانییان لە ورمێ دا. لە هەمان کاتدا 1300 خۆبەخشی ئەرمەنی بە پاڵپشتی هەندێک سەربازی ڕووسی خۆیان گەیاندووەتە ورمێ بۆ سەرکوتی ڕاپەڕینی کورد. باڵیۆزی تورک بە نامەیەکی فەرمی ئێمەی ئاگادار کردووەتەوە کە ئەو فەرمانی حکوومەتەکەی جێبەجێ دەکا، کە ئەویش پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەڵمانیا و ئوتریشە لە ئازەربایجان.
سەبارەت بە ڕووداوەکانی ورمێ، باڵیۆزی تورک داوای هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی لە حکوومەتی فارس کردووە. ئێمە ئەو شێوە ڕوانگەیەمان ڕەت کردەوە و داوامان لە باڵیۆز کردووە کە هەنگاوی کاریگەر بنێ بۆ کۆتایی هێنان بە گرژییەکانی دەسەڵاتدارانی تورک لەسەر سنوور. ئێمە درێغیمان نەکردووە لە پێدانی فەرمانی پێویست بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەڵمانیا و ئوتریش و دابین کردنی ئەمنییەتی کۆنسوڵی عوسمانی لە ورمێ. حکوومەت چاوەڕێی ئەنجامی بەدواداچوونە بەپەلەکانتانە.
علاءالسلطنه
ئامادەکردنی دیلان هەردی. [1]