نووسەر: زۆراب
کە منداڵ بووم لە ماڵی ئێمەدا چوار کەسایەتی زۆر باسیان لێ ئەکرا، ئەویش بە دۆشدامان و خۆشویستنەوە، #شێخ مەحمودی حەفید#، #شێخ سەعیدی پیران#، سمایلخان و#خولە پیزە# . لە باوک و دایکێکی نەخوێندەوار مرۆڤ بەسەرهاتەکان بە گێڕانەوەی دەماودەم دەبیستێتەوە. گیرانەوەش تام و جێژی ئەفسانەی پێ ئەدرێ. ئەفسانەش واتە پیا هەلدان و لە واقیع دورکەوتنەوە. گۆرینی فاکت و داتاکان بە پێی مەبەست و توانای تێگەیشتنی کەسی بیژەر و هەلومەرجەکە و کاتی گێڕانەوەکە و گوێگر ئەگۆرێت. کە باسی سمایلخانی شکاکیان بۆ دەکردم هەموو جار بە سمایلخانی سمکۆ ناویان دەبرد. منیش وام دەزانی سمایلخان کوڕی سمکۆیە، تومەس سمکۆ کورتکراوە و نازناوە بۆ ئیسماعیل.
کە باسیان دەکرد مارشەمعونی کوشتوە، بەدەست خۆم نەبوو وام دەزانی لە مۆتەکەیەک ڕزگاری کردوم. لەبەر ئەوەی بڕگەی یەکەمی ناوەکەی مارشەمعون کە دەکاتە “مار” هەر جارێک ناوی ئەهێنرا موچڕکەی بە گیانما ئەهێنا. گیرانەوەکانیان لەبارەی شێح مەحمودی حەفید بووە.هۆی ئەوەی ئێسایش بەردە قارەمان لە خەیاڵدانما لە چیای هێمالایا زەخم تربێ. هەرچەندە ئەو هەموو جارەی بە دەربەندی بازیانا تێپەریوم بە ئاستەم بەردەکەم بۆ لە دەوروپشتەکەی جیاکراوەتەوە. خولە پیزەیان لێ کردبووم بە نموونەی مرۆڤی مەزلوم و زولملێکرا و کە دواجار لە دژی چەوسانەوە وەستابووە.وە و لە کۆتایشدا بەهۆی خیانەتی یاوەرێکی خۆیەوە کوژرابو، چەندان شەوم بە حەکایەتەکانی ئەو بردۆتە سەر.، عومەر عەلیان لێکردبووم بە کابرایەکی کە لە ڕەقی کۆلنەدەری زالم کە خولەی کوشتبو. شێخ سەعیدی پیرانیش لە ناخما ڕقی ئەستووری تورک و عەرەبی لە کورد مۆرکردبو. هەر ئەوان وایان تێگەیاندم کە ئەفلاتۆن تەلەبەی ئەرسۆ بووە.نەک بە پێچەوانە. کەواتە نووسینەوەی مێژوی سمکۆ لایەنی کەم بۆ بەندە لەو زانیارییە بەرتەسکەی منداڵی قوتارم ئەکات.
بۆی هەیە لە خۆمان بپرسین ئایا ئەرکی مێژو و نووسینەوەی مێژو درووستکردن و خولقاندنی ئەو جۆرە هەست و تێگەیشتنانەیە لای بیسەر یان خوێنەر؟
دەبێت لە خۆمان بپرسین مەبەست و فەلسەفەی پشتی گێڕانەوەی مێژو چییە؟ گیرانەوەی میژو و تۆمارکرنی واتە پاراستن و ڕزگارکردنی لە ئەفسانە و پیا هەلدان و زیادەپێوەنان. واتە ئەرکی میژو بە تەنیا ڕێکخستن و ڕیزکردنی فاکت نییە، بەڵکوو گەرانە بە شوێن پالنەرە ڕاستییەکانی ڕووداوەکان و دەرئەنجامەکاندا. فاکت و زانیاری هەڵە دەرەنجامی هەڵەی لێ بەرهەم دێ.
ئەمانە و بە ئەکادیمی کردنی نووسینەوەی میژو گەر دەستلەملان بن ئیدی میژو بەو جۆرە نابێت کە سەرەتا پێی نووسراوەتەوە، واتە لە ئەفسانە ڕزگاری ئەبێ. کێشەی هەرە گەورەی نووسینەوەی میژو لە قۆناغە جیاجیاکانا بەدەست ئایین و نەتەوەپەرستی و دیکتاتۆرەکانەوە بووە. ئایین لەویوە دەست پێ دەکات کە مرۆڤ دەخاتە سەر ڕاستە ڕێی بڕیاری خوداوەندی پێشوەخت. بۆ نەتەوە پەرستیش ئەو کاتە دەست پێ دەکات کە نەتەوەیەک هەست بەکەمی خۆی ئەکاو ئەیەوێ لەڕیگەی پیا هەلدان و قەبە کردنی مێژوی خۆیەوە بەرانبەر نەتەوەکانی تر بووە.تێتەوە، وەک ئەوەی لە ئەورپا ڕوی دا و زۆر لە نەتەوە جیاجیاکان خۆیان بە وتییەکان هەلئەکێشا، یان ئەوەی هیتلەر کە بە شان و باڵی قەومی ئاری دا هەڵی ئەدا.
ئەمە گەر باسی ئەو دیکتاتۆرانە نەکەین کە میژوی نەتەوەکەیان ئەشێوێنن و خۆیان دەکەن بە پاڵەوان و ئەفسانە و میژوی درۆ هەلدەبەستن.
کوردستان وڵات و شانۆی ڕووداوەکانە، ئەمە وای لێ دەکات ببێ بە نیشتمانی ئەفسانە ڕاستەقینەکان، ئیتر ئەو ئەفسانانە باس لە نەهامەتی و دەردیسەریی و تێکشکانەکان یان باس لە سەرکەوتن و کۆلنەدان و دوژمن بەزاندن بکەن. تێکشکانەکان لە نموونەی کوشتنی سمکۆ و شێخ سەعیدی پیران و شێخ عوبەیدولای نەهری و سەرکەوتنەکان لە نموونەی قارەمانێتی کیژانی کۆبانی، چونکە کە باسی کیژانی کۆبانی و بەرگرییەکەیان لە شارەکە بکەین و وەک خۆی بیگیرینەوە لەوانەیە دوای سەد ساڵ بە پیاهەلدان و زیادەرۆیی لێکبدرێتەوە، بۆیە نووسینەوەی میژوی کورد گەر زۆر ئەکادیمی و بێ ئەفسانەش بیگێریتەوە ترش و خوێی ئەفسانەی لێ ئەچێژرێ. وەرە باسی قارەمانێتی کۆبانییەکان بکە کە لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە ڕویان لەوێ کردبوو تاکوو وەکوو شێر لە بەردەم هیێرشبەراندا بووە.تن، کە موسا دەبینی ئەروانێ بەسەر شارە خاپورەکەدا وەکوو باز و دێتە بەر چاو. قارەمانێتی ئەو کیژە دەم بە بزانەی کورد لە کوێ پێش کۆبانێ بینراوە، لەناو قورو لیتەدا بە کلاشینکۆفەوە بزەی لێوە جوان و ددانە سپیەکانیان جدیەتی حاڵەتەکەمان لە بیر دەباتەوە و وا دەزانین مۆدیلن و بۆ وێنەگرتن لەوێن.
میژوی کورد نووسینەوەی لە سەرەتاوە پێویستە. سەرەتا بەو مانایەی کە هەندێک جار پیویستە هەموو لایەنەکان و شێوازەکانی نووسینەوەی میژو بەکار بێنین، لەوانە نووسینەوەکە فەلسەفەیەک و پەیامێکی لە پشتەوە بێت و شێوازی ئەکادیمی و شیوازە کۆنەکەشی کە پێش ئەو دوو حاڵەتە ئەکەوێ بەکاربێنین. لەبەر ئەوەی گەر فاکت و ڕووداوەکان و ناوی کەسەکان و وەخت و شوێنی ڕووداوەکان بەڕاستی تۆمار نەکەین ئاستەمە بە شێوەیەکی زانستی پەی بە ڕاستی و پالنەری دەرئەنجامەکان بکەین. فاکت و زانیاری هەڵە یان ناتەواو لێکدانەوەی هەڵەی لێ دەبێتەوە، ئەوە نییە لەباسی سمکۆدا زۆرتر باسی کوشتنی مارشەمعون دەکرێت و باسی قەتلوعامی ئاسووریەکان بۆ کورد ناکرێت.
یەکێک لەو میژوانەی کە کەمی لەسەر نووسراوە و تا ڕادەیەکی زۆر بۆی هەیە شێوێنرابێ میژوی شکاک و سمایلخانە.
لەروی ئەکادیمیەوە گرنگ نییە یەکەم جار بێ لەسەر بابەتێک بنووسرێ یان هەزار جار لەسەری نووسرابێ. لە گرنگی کەم نا بێتەوە لەبەر ئەوەی زۆری لەسەر نووسراوە یان لە گرنگی زۆر نابێت لەبەر ئەوەی پێشتر کەمی لەسەر نووسراوە و یەکەم جارە لەسەری ئەنووسرێ، گرنگ ئەوەیە نووسینەکە چی تازەی پێیە، ئەو تازەیەش تەنیا مەبەست لەریزکردنی فاکتەکان نییە، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە وەڵامی ئەو پرسارانەمان بۆ بداتەوە کە پێشتر نەتوانراوە بەو شێوەیە وەڵامیان درابێتەوە.
پەرتووکی ئەم بابەتە کە خوێندنەوەکەی بۆ دەکەم هەلوێستەی ورد وەر ئەگرێ، لیرەدا هەوڵ دەدەم لەژێر ڕۆشنایی ئەو پێشەکییە کورتەدا کە نووسیومە پەرتووکەکە بە خوێنەر بناسێنم، بەڵام سەرەتا ئەمەوێت کەمێک باسی نووسەری پەرتووکەکە بکەم کە لە منداڵییەوە لە نزیکەوە تێکەڵیمان هەیە و یەکتر ئەناسین.
کاک قادر یان “عەبدولقادر شکاک” کە خۆی وا ناوی خۆی نووسیوە لە منداڵییەوە ئەناسم و خزمایەتیمان لەروی ژنخوازیەوە هەیە و کەسێکە لە کۆرو کۆمەڵ و دانیشتنەکاندا هەر لە منداڵییەوە توانیویەتی جێگەی خۆی دیاری بکا. زمانی گیرانەوەی هێند خۆشە کە بە منداڵی لە دانیشتنەکاندا گوێی لێ ئەگیرا. من خۆم زۆر جار تامەزرۆ بووم کە گویم لێ دەگرتووە، زمانی ئەوەندە خۆش و ئەوەندە لە خۆی دلنیایە کە بیسەر خەریکە باوەڕ بە هەموو گێڕانەوەکانی ئەکات. بیریشی زۆر بە هێز و بەرفراوانە، شتی زۆر لەبیر ئەمێنێ و وردەکاریەکانی لا ئەمێنێ. ئەمەش وای کردووە بە چێژەوە گوێی لێ بگیرێ. ئەو لە دانیشگە و ئەکادیمیە دانپێنراوەکان نەیخوێنوە بۆیە ناتوانرێ پێوەرە ئەکادیمییەکان بکرێنە پیوانە بۆ لێکانەوەی ئەم پەرتووکە و حوکم لەسەردانیهەرچەند لایەنە ئەکادیمییەکانی نووسینەوەکەشی کەم نین. پێشتر باسم کرد کە نووسینی ئەکادیمی بە پرسیار دەست پێدەکات و هەروەها بیانوی نووسینەکەی تیادا بەیان دەکرێت و لە وەسف و سەنا دائەمالرێ و زۆر ئۆبییکتیڤانە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکرێ. شێوازی دابەشکردنی باسەکە خۆی دەبەستێتەوە بە قاڵبێکی ئەکادیمیەوە، واتە بە تەنیا ئەوەندە بەس نییە سەرچاوەی زۆر بەکار بهێنرێ وداتاکان دووبارە دابرێژرێنەوە. لەم خوێندەنوەیەدا ئەم قاڵبانە ناکەم بەپێوەری باسی پەرتووکەکە ئەمەش بەو مانایە نا کە پەرتووکەکە نا ئەکادیمییە.
لەو ساڵانەی دوایدا زانیم کە کاک قادر شکاکە و سەربە شکاکەکانە، کاتی خۆی کتیبەکەی محەمەد ڕەسوڵ هاوارم دیبوو بۆیە پێم باش بوو لە یەکێک لەسەفەرەکانما بۆ کوردستان ئەو پەرتووکەی بە دیاری بۆ بەرم. بۆیە لە ستۆکهۆلم بۆم پەیدا کرد و بۆم بردەوە. ئیتر وای لێهاتزووزوو باسی ڕووداوەکانی ناو پەرتووکەکەی بۆ دەکردم و دواتر بە پرس و ڕا بە خاوەنەکانی پەرتووکەکە دووبارە لەسەر ئەرکی ڕۆشنبیری چاپیان کردەوە.
کاک قادر لە منداڵییەوە خەریکی کاروکاسپیە، سەرەتا بە وەستایی و دوایی بە دوکانداری. ماوەیەک لەژیر پردەکە دوکانی هەبووە.و دواتر لە شەقامی مەولەوی. بەهۆی کاسپی و بازاڕەوە بازنەیەکی بەرفراوان لە دۆست و ناسیاوی هەیە و لە ڕوی چالاکی سیاسیشەوە توانیویەتی کەسانێکی زۆر بناسێ و تێکەڵاوی لەگەڵ ئەو شکاکانە پەیدا بکات کە بە کوردستانی باشووردا پەرتەوازە بوون. تەنانەت نووسینگەکەی بە ناوی شکاکەوە ناوناوە و کوڕێکیشی هەر ناوی شکاکە. ئاستی خوێندنیشی بەرزەو پیشەسازی تەواو کردووە، گەر لەبەر کاروکاسپیش نەبوایە دڵنیام ئەم پەرتووکەو دوو پەرتووکەکەی پێشتری کە نووسیونی دیپلۆمێکی ئەکادیمیان بۆ دەستەبەر دەکرد.
خۆشحالم کە ئەرک و ماندوبوونی کیشاوە و ئەم پەرتووکەی بۆ نووسیوین، هیوادارم خوینەرانی کورد بیخوێننەوە بۆ ئەوەی زانیاری نوێ لەسەر سمکۆ و عەشیرەتی شکاک پەیدا بکەن.
باسی ئەوەشم کرد کە ئیمەی کورد دەبێت هەوڵ بدەین میژو لە سەرەتاوە بنووسینەوە ئەمەش بەو مانایەی کە فاکت و داتاکان لە شێواندن ڕزگار بکەین و کاک قادریش لەم پەرتووکەدا چەند هەوڵێکی لەو جۆرەی داوە.
کاتێک دەستم بە خوێنەوەی کرد بینیم پرسیار ئامادەیی نەبو، ڕاستە وەک خوینەر دەتوانم خەیاڵم بۆ ئەوە بچێ کە ئەمە باسی ژیان و ژینگەی نزیکی سمکۆ و عەشیرەتەکەی دەکات بلام پەرتووکەکە ڕاستەوخۆ پێمان ناڵی نووسەر کام پرسیار ئەوروژێنێ و ئەیەوێ بە کام شێواز وەڵامی بداتەوە. کاتێک لە خوێندەنەوەی پەرتووکەکە بوومەوە بۆم دەرکەوت کە پرسیارەکە بە بێ ئەوەی دیاری بکرێت لە ناخی نووسەردا هەبووە.و تا ڕادەیەکی باشیش وەڵامی داوەتەوە. پرسیارەکەش ئەبوو ئەوە بێ کە چۆن میژوی سمکۆ لە درۆ و دەلەسە و هەڵبەستن و بوختانی نووسەرانی بێگانە دامالین و ڕاستییەکان دەربخەین. بەشێکی تری پرسیارەکە ئەبوو ئەوە بێ کە چۆن ڕاستی ڕووداوەکان بخەینەوە ساتە وەختی خۆیان بەپێوەری ئەو زەمەنەی تیایدا ڕویان داوە حوکمیان بدەین، نەک بە بیرکردەنەوەی ئەمڕۆمان حوکمیان بدەین و میژوی سمکۆ بشێوێنین. بۆ نموونە لە وەڵامدانەوەی وتارێکی فەرید ئەسەسەرد دا ئەوە بەڕوونی دەبینرێ، چونکە قادر شکاک پێی وایە ئەسەسەرد کەوتووەتە ژێر کاریگەریی پێشکەوتوخوازیەوە و بە ناحەق سمکۆ بە تاوانبار دائەنێ. دیارە لە گێڕانەوەی ڕۆژانە و لای هەندێک لە نووسەران سمکۆ بە خیانەتکار و تەعداکار لە مارشەمعون و ئاسووریەکان تاوانبار دەکرێت، نووسەر بە خستنە ڕوی فاکتەکان و گیرانەوەی دووبارەی ڕووداوەکە و چۆنێتی هەڵسوکەوتی باوی ئەو سەردەمە لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەیارەکان ئەیەوێ سمکۆ لەو حوکمانەی ئەم زەمانە ڕزگار بکات و ئەستۆی پاک بکاتەوە.
بە پێی نووسەر لەو سەردەمەدا مارشەمعون بە نیازبووە.دەست بگرێت بەسەر ناوچە کوردییەکاندا و سمکۆش ەرکی بەوە کردووە و پێ قبولنەکراوە، هەروەها باسی ئەوش دەکات کە لە تۆڵەی کوشتنی مارشەمعوندا ئاسووریەکان ژمارەیەکی زۆر کوردیان کۆمەڵکوژ کردووە، بە تایبەتیی کە دایکی سمکۆیان بە دوای ئەسپا چوارمیخەکێشاوە و دوپارچەیان کردووە بەڵگەی ئەوەیە ئەوانیش ئەوەندە بەستەزمان نەبوون. لە ڕێی ئەمەوە نووسەر هەوڵ دەدا بەو نووسەرە هاوچەرخە کوردانەی، کە بە پێی ئەو، میژو نەشێوێنن، بڵێ باشتر وایە ڕووداوەکە بخەنەوە زەمەنی خۆی و بە بیانوی دەرخستنی پێشکەوتوخوازیان غەدر لە سمکۆ نەکەن و فاکتەکان نەشیوێنن چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی دەرئەنجام و حوکمی ناراست بدەن وەک چۆن داویانە.
لە وتارەکەدا ئەسەسەرد سمکۆ بە زالمی بکوژی مارشەمعون باس دەکات و دەڵێت شایەنی ئەوە نییە لە هەولێر شەقامێک بکەن بە ناویەوە، چونکە بیرۆکەی ئەوە هەبووە.لەوێ خیابانێک بکەن بەناویەوە. نووسەر بە ئەسەسەرد دەڵێت ئاسووریەکانیش قەتلوعامی کوردانیان کردووە و کەچی سمکۆ ناوی لە ناوانە!
لە لاپەڕە 184 دا بەم جۆرە باسی کۆمەڵکوژی کوردان و کوشتنی دایکی سمکۆ ئەکا:
واتە (دوڕی) خانی دایکی سمکۆ بە دەستی ئاسووریەکان کوژراوە، بەوەی قاچی بە ئەسپیکەوە بەستراوەتەوە و لاشەی کراوە بە دوو بەشەوە و لە ماوەی 30 ڕۆژا لە ناوچەکەی سمکۆ 1920 کەسیان لە کەسوکار و لایەنگرانی سمکۆ لەناو ورمێ و دەوروپشتی کوشتوە کەچی هێشتا هەر سمکۆ تاوانبار دەکرێ. ئەمە یەکێکە لەو لایەنانەی نووسەر ئەیەوێ وەڵامی بداتەوە، واتە هەولئەدا ئەو تەمومژی تاوانبارکردنەی سمکۆ لەلایەن نووسەرە کوردەکانەوە برەوێنێتەوە. کەمال نووری مەعروف ژمارەی کوردە کوژراوەکانی دەستی ئاسووریەکان لە پێشەکی پەرتووکەکەدا بە 12/10 هەزار کەس ناوزەد ئەکات.
لە لاپەڕە 169 و لاپەڕەکانی دواترا وەڵامی سەروەر عەبدولڕەحمان پێنجوێنی دەداتەوە کاتێک سەروەر بەم جۆرە ئەنووسێت:
“سمکۆ ئیسماعیل خانی شکاک، ساڵی1927 شۆڕشگێڕێکی کوردستانی ئێران بوو کە لەنێوان بەرژەوەندی یەکانی ئینگلیز و ئێرانی شاهنشاییدا ئەمسەر و ئەوسەری دەکرد، ئەوەی کە مایەی شەرمەزاری یە لە تۆماری سمکۆدا ئەوەیە کاتێک پیاوی ئایینی و سەرکردەی ئاسووری یەکان پەتریاک (مارشەمعون بنیامین#03-03-1918# کە میوانی سمکۆ بوو، بە مەبەستی ڕێکەوتن و ڕێکخستنی هەردوو لایەنی کورد و سووریانی بۆ سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتێک کە ببێتە نموونەی برایەتی و ئایینی و نەتەوایەتی، بەڵام سمکۆ هیچی نەکرد تەنیا ئەوە نەبێت کە مارشەمعونی لە هەمان کات و شوێندا تیرۆرکرد، دواتریش سمکۆ لە ساڵی 1922 دا بزووتنەوەیەکی چەکداری پێکهێنا کە دەستی گرت بەسەر ناوچەیەکی فراوانی کوردستانی ئێراندا و سەر ئەنجامیش لە ساڵی 1926 دا بە دوای دەسەڵاتدارانی ئێراندا چوو بەرەو تاران بۆ ئەوەی بەڕاستی بیکەنە سەرۆکی کوردەکانی شنۆ، بەڵام لە خێوەتی ڕێکەوتنەکەدا غافڵ کوژیان کرد”.
قادر شکاک لە وەڵامدا ئەنووسێت:
“.. کاتێک ئەو ستوونەم خوێندەوە ئەو کاتە زانیم، کە ئێمەی کورد نەتەوەیەکین کە تاوانی زۆرمان بەرانبەر کراوە کە نابێت ئاوا بێئاگایانە خۆمان مێژووی خۆمان بنووسینەوە، یاخود ڕامان وابێ بەرانبەر مێژوو. چونکە مێژوو ڕوونکردنەوە و نووسینەوەی ڕاستی ڕووداوەکان و کارەساتەکان دەردەخات، جا ڕووداوەکان دووربن، یاخود نزیک من خوێندنەوەیەکی سەرەتاییم هەیە بۆ مێژووی شکاک و شۆڕشەکەی سمکۆ. بۆیە ئەم سەرەنجامەم لەسەری لا درووست بوو کە لە بابەتەکەیدا و لە ناوەڕاستی ستوونەکەدا باسی کردووە بۆیە ئەمەوێت بە کوردتی وەڵامی بدەمەوە و هەڵەکانی بۆ ڕاست بکەمەوە”.
ئەمە خۆی لەخۆیدا وەڵامی ئەو پرسیارەیە کە چۆن میژوی کورد لە هەڵە و ناڕاستییەکان پاکبکرێتەوە کە نووسەر لە ڕیگەی ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی پێنجوێنی دا بۆمان وەڵام دەداتەوە، بە واتایەکی تر دەتوانم بڵێم کە شێواز و مەنهەجی دیراسەکە لای نووسەر بەراوردکاری و دیمارکاشنە، واتە دۆزینەوەی ڕاستییەکان و بەردەوام بوون لەسەر دۆزینەوەیان، بەو مانایەی وای ئەم پەرتووکەش بۆی هەیە ڕاستی زۆرتمان دەستکەوێت.
با بزانین ڕاستکردنەوەکان چین و چۆنن، شکاک ئەنووسێت:
“.. بزووتنەوەی شکاک ساڵی 1922 درووست نەبووە، بەڵکوو لە ساڵی 1909 و دەستی پێ کرد بە دوای مردنی محەمەد پاشای باوکی لە دوورگەی ڕۆدس گیانی لەدەست دا ئەمەش بە بیانوی کوشتنی ڕەزوان پاشآوە کە پێشتر باسمان کرد. ئەوکارەساتەش لە ڕۆژی 3/3/1918 دا نەبوو بەڵکوو لە 28/3/1918 بوو. هەروەها لە ماڵی خۆشیدا نەبوو بەڵکوو لە ماڵی تەیمور ئاغای کۆنەشار بوو، تەنانەت دیاریکردنی ژمارەی چەکداران کە هەردوولا لەسەری ڕێکەوتبوون لەلایەن مارشەمعونەوە بوو. لە بەشێکی نووسینەکەیدا هێمای بۆ ساڵی کوشتنەکەی سمکۆ کردووە کە دەڵێت لە ساڵی 1926دا کوژرا بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە 21/6/1930 دا شەهید بوو بەڵگەشمان ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە ڕۆژی 22/6/1930: هەروەکوو دەڵێت دوێنێ پەیامنێرمان لە تارانەوە پێی ڕاگەیاندین کە سمکۆی شکاک سەرکردەی کوردەکانی ئێران لە شاری شنۆ بەدەستی هێزەکانی ئێران کوژرا. لەبەشێکی تری نووسینەکەی دا نووسەری ستوونەکە دەڵێت: لە خێوەتدا غافڵ کوژیان کرد بۆیە بۆڕاستی کوشتنەکە ئەوەیە کەلەخێوەتدا نەکوژراوەو غافڵ کوژیش نەکراوە بەڵکوو لە شەڕی دەستەویەخەو بەرانبەردا کاتێک بەسەر پردی شنۆدا ڕۆیشتووە ڕویداوە. جگە لەوەش مارشەمعون سووریانی نەبووە بەڵکوو ئاسووری بووە کە دەڵێم سووریانی بە زمانی خۆت کەڕاستی یەکەی (سریانی)یە دەمەوێت هێما بۆ ئەوە بکەم کە مارشەمعون لەو کاتەدا وەک ئاسووری یەک کاری کردووە، تا دەوڵەتێک بۆ ئاسووریەکان دابمەزرێنێت، بەڵام سمکۆ دەیویست وەک نەتەوەیی یەک کورد بە سەربەخۆیی شاد بکات. هەروەها کوشتنی مارشەمعون وەک ئەو نووسەرە باسی دەکات کە پیاوێکی ئایینی بووە، بەڵام هەر پیاوێکی ئایینی نەبووە بەڵکوو پیاوێکی سیاسی ڕۆژگارەکەش بووە و کوشتنەکەشی کوشتنێکی سیاسی بووە و زۆر نهێنی لە پشتەوە باس دەکرێت و هەتا ئێستاش لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێ”.
تێبینیم لەسەر پێناسی کاک قادر هەیە بۆ ئاسری و سریانی یان سووریانی. ئەوانە هەموویان یەک شتن، بەڵام نازانم کاک قادر بۆ لەیەکیان جیادەکاتەوە.
گرنگی ئەم پەرتووکە لەلایەن شارەزایەکی مێژوی سمکۆشەوە بەرز ئەنرخێنرێ، ئەوەتا لە لاپەڕە 8ی پێشەکی ئەم پەرتووکەدا کەمال نووری مەعروف باس لەو دەکات کە هەندێک لە زانیارییەکانی تەواو تازەن و لە سەرچاوەی تردا نەبینراون، هەروەک ئەنووسێت:
“..بۆچون لەسەر شەهیدکردنی سمکۆ لەم پەرتووکەدا زۆری لەسەر هاتووە و هەموشیان زانیاری نوێن کە لە سەرچاوە مێژوییەکانی ئەم سەردەمەی دواییدا ئەو باسانە گومناون یان دەتوانین بڵێین نووسەرەکانیان خۆیان کەمتر ماندوکردووە بۆ گەڕان بە دوای ڕاستییەکاندا و خستنەڕوویان بۆ سوودی مێژوو”.
مێتودی دیمارکاشن یانی هیڵ و سنوور لادان، دەرخستنی ڕاستی و دورخستنەوەی ناراستی. دیارە لە بواری گەران بەشوێن نووسینەوەی مێژو بە شێوەیەکی درووست و نزیک لەراستییەوە، هەوڵدانە بۆ ساغکردنەوەی ڕاستی و درووستی زانیارییەکانی پێشوتر. گەر ڕاست نەبوون ڕاستییەکان بخرێتە ڕوو. نووسەری پەرتووکی عەشیرەتی شکاک هەوڵی داوە زانیاری ورد و ڕوون لەسەر کوشتنەکە و شوێنی کوشتنەکەی سمکۆ پەیدا بکات و تەواو زانیاری نوێشی خسووەتە ڕوو. دیارە بەدەستهێنانی ئەم زانیارییانە تەنیا لە خوێندنەوەی ئەو سەرچاوانە دەستی نەکەوتون کە بەکاری هێناون بۆ باسەکەی بەڵکوو پێدەچێت لەریگەی سوودەبینین لەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بەربڵاوەی هەیەتی توانیبیێتی پەی بە هەلەی زانیارییەکانی تر بەرێت. گەر نووسەر ڕێنمایی ئەکادیمی هەبوایە بۆی هەبوو میتوی لێکۆڵینەوەکە بە دیمارکاشن دابنرایە.
لە پێشەکییە کورتەکەما باسی ئەوەم کرد کە زۆر ڕووداوی ناو مێژوی کورد لە ئەفسانەی ڕاستەقینە دەچن، هەر بۆیە کاتێک کە بەسەرهاتی ژیانی سمکۆ لەم پەرتووکەدا ئەخوێنمەوە وا ئەزانم ڕۆمانێکی ئەفسانەئامێز ئەخوێنمەوە.
لە ناوەندی ڕۆشنبیری کوردیا زۆر باس لە ڕۆژنامەی کوردستانی بەدرخانییەکان دەکرێت، بەڵام کەم باس لە کردنەوەی یەکەم خوێندنگەی زمانی کوردی ناکات. لەم پەرتووکەدا کاک قادر شکاک باسی یەکەم خوێندنگەی کوردی دەکات کە لەلایەن سمکۆی شکاکەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوەتەوە. دیارە بە ڕای بەندە ئەم مەسەلەیە گەر ڕاست بێ پێویستە هەلوێستەی لەسەر بکرێت و بکرێتە ڕۆژی یادکردنەوەی خوێندنگەی کوردی هەروەک چۆن ئەوی تریان کراوە بە ڕۆژی یادکردنەوەی ڕۆژنامەگەری کوردی.
لە لاپەڕە 110 ی پەرتووکەکەدا شکاک ئەنووسێت:
“هەرچەندە سمکۆ خوێندەوارێکی بەهێز نەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە لە هەوڵی بەدەست هێنانی زانستدا بووە کە بتوانێت بوارێک بڕەخسینێت بۆ منداڵانی کورد کە فێری خوێندەواری ببن بۆ ئەو مەبەستە توانی بە هاوکاری و پشتیوانی (چێرکۆف) نوێنەری ڕووەسیا لە ناوچەکەدا بۆ جاری یەکەم لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە یەکەم قوتابخانەی کوردی لە 27/10/1913 دا لە شارۆچکەی (خۆی) بکاتەوە، ئەمە لەو ڕۆژگارەدا سەدایەکی باشی هەبوو لە ناوچەکەدا هەرچەندە لەمپەڕو ڕێگر زۆر بوون بۆ پەشیمان کردنەوەی سمکۆ، تەنانەت هەڕەشەو چاو سوورکردنەوەشی تێکەوت بەڵام سمکۆ هەر بەردەوام و سوور بوو لەسەرکردنەوەی قوتابخانەکە تا ڕۆژی 27/10/1913 بە ئامادەبوونی چیرکۆف و خەڵکێکی زۆر قوتابخانەکە کرایەوە”.
گرنگی ئەم پەرتووکە تەنیا لە خستنەرووی زانیارییە نوێکاندا نییە، بەڵکوو لە جۆری لێکدانەوە و شیکردنەوەکانیشیدایە. بەڵام بەهۆی ئەوەی نووسەر خۆی شکاکە و هەستی نەتەوایەتی و کوردپەروەری زۆر بەهێزە نەیتوانیوە لە هەستوسۆز دەربڕین خۆی ڕزگار بکات، هەستوسۆزیش لە نووسینەوەی مێژوودا بۆی هەیە ببێتە هۆی پیاهەلدان و بە سیمبۆلکردن، ئەمەش ئەوەی لیدەکەوێتەوە ڕاستییەکان وەک ئەفسانە بخرێنەرو، دەبێت لە یادمان نەچێت هەست و سۆز کێشە بۆ زانستی بوونی بابەت درووست ئەکات.
بایەخی ئەلبوومی وێنەکان لە بایەخی زانیارییە نووسراوەکانی ناو پەرتووکەکە کەمتر نییە. وێنەکان زۆر ڕوونن و پێویستە خوێندنەوەی وردیان بۆ بکرێت، لەلایەک شێوازی قیافە و جلوبەرگەکان باسبکرێت و جۆری کاریگەریان لەسەر ئاڕاستەی بزووتنەوەکەو لەلایەکی ترەوە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو جۆرە جلوبەرگانە ئاماژەی پێ بدرێ.
پەرتووکەکە بەم جۆرەیە:
A5قەبارە
244 لاپەڕە
تا لاپەڕەی ژمارە 202 نووسین
لە لاپەڕە 203 و ئەلبوومی وێنەکان دەست پێ دەکات، واتە 42 لاپەڕە بۆ وێنەکان تەرخان کراوە.
لەلاپەڕە 204 دا درەخت واتە شەجەرەی پشتاوپشتی سمکۆ دەبینرێت.
پەرتووکەکە زانیاری وردی تیایە لەبارەی سمکۆ و باووباپیرانی، لە بارەی ناوچەی ورمێ و جێنشینگەی شکاکەکان و عەشیرەتی شکاک. ئەم جۆرە زانیارییانە بۆ زۆر گرنگن، بە بەڵگەی ئەوەی لە کوردستان لەو کاتەدا پێناسی شارستانی نەبووە، گەر هەشبوبێت تا ئێستا نەتوانراوە ئەو وردەکاریانە بدۆزرێتەوە.
زۆر لە وێنەکانی ناو ئەم ئەلبوومە پێشتر نەبینراون و کاک قادر شکاک بەهۆی دۆستایەتی و ناسیاویەوە لەگەڵ شکاکەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان توانیویەتی بەدەستیان بێنێت. دەتوانم بڵێم کە نووسەر وەک بانکێکی زانیاری لەلایەن شکاکەکانەوە سەیرکراوە و خۆیان پەیوەندیان پێوەکردووە و زانیاریان پێداوە. دیارە ئەو زانیارییانە هەر لە هاتندان بۆ لای و هیوادارم لە چاپەکانی ئاییندەدا شتی نویتر بۆ بخاتە ڕو.
سەرنج و تێگەیشتنی من بۆ وێنەکان:
ژمارەی وێنەکان بە دوانەکەی سەر بەرگەکانەوە 70 وێنەیە
پەرتووکەکە دوو نەخشەشی تیایە
جلوبەرگەکان بەزۆری پۆشتەن، لەبیرمان نەچێت کە ئەو کات بۆی هەیە ئەو جلوبەرگە جوانانە بۆ وێنەگرتنەکان لەبەر کرابن، بەڵام لە لاپەڕەی 107 دا نووسەر ئەنووسێت:
“کریس کۆچێرا لە پەرتووکەکەیدا لەبارەی سمکۆوە دەنووسێت: سمکۆ پیاوێکی پڕ نەزاکەت و سەلار بوو، جوانی جلوبەرگەکەی زۆر کاری لە ئینگلیزەکانکردووە”.
ئەمە دەری ئەخا ئەو بۆچونەی بەندە بۆ خۆئامادەکردن وێنەگرتنەکە هەڵەبێ بە تایبەت لەبارەی سمکۆوە.
لێکدانەوە و ڕوونکردنەوەی زۆرتر لەسەر وێنەکان جێدێڵم بۆ نووسەر بۆ چاپەکانی تر، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە پێڵاوی چەرمی درێژیان لە پێدایە و ئەوەش بۆ ڕۆیشتنی ناو بەفر لەو سنوورانەی ورمێ و گەڤەر گونجاون، بۆ ئەوەی قاچ سەرمای نەبێت و بە گورجوگۆڵی بڕۆن. پشتێنەکانیان زۆر جێی سەرنجە چونکە لەسەر پاڵتۆشەوە بەستویانن، ئەوەش خۆی لەخۆیدا لەلایەکەوە بۆ ڕاگرتنی گەرمی لەشە و لەلایەکی ترەوە بۆ گورجکردنەوەیە چونکە ڕۆڵی کۆرسێتیش دەبینن و مرۆڤ قیتوقنج ڕائەگرن. دیارە لە سەردەمی ئێستادا لە وڵاتە ساردەکانی ئەسکەندیناڤیا و ئەوروپا چاکەت و پاڵتۆکان لەژێرەوە لە ئاستی ناوک دا قەیتانیان تیایە کە دەتوانرێ توند بکرێن بۆ ئەوەی هەوا نەیەتە ناو زگ و سینەوە.
دوا وتە:
پەرتووکەکە لەلایەنە ئەکادیمییەکانیشی کەم نییە، لەوانە چۆنێتی بەکارهێنانی سەرچاوەکان و جۆری گفتوگۆ و لێکدانەوەکانی زانیارییە جۆراوجۆرەکانی ناوی.
پێم وایە گەر دانشگە و زانکۆکانی کوردستان زات بکەن ئەبوو دبلۆمی ڕێزلێنانیان بە نووسەرەکەی ببەخشیایە و هەروەها بەو کەسانەش کە خۆبەخشانە مێژووی کورد ئەنووسنەوە، با ماستەر و دکتۆرا نەبێت، بەڵام دبلۆمی بەشی مێژو لە جێی خۆیدا ئەبێ.
لە بەرگی دواوەی پەرتووکەکەدا ئەم نامەیەی سمکۆ بڵاوکراوەتەوە:
نامەیەکی سمکۆ بۆ حەسەن موقەدەم فەرمانداری هێزەکانی ئێران لە ئازەربایجان: (بینیمان چۆن میللەتانی بچوکی جیهان کە چواریەکی هۆزە کوردییەکانیش نین، خود موختاری خۆیان لە دەوڵەتانی گەورەی وەکوو دەوڵەانی ئەڵمان وەرگرت. ئەگەر میللەتی گەورەی کورد نەتوانێ مافی خۆی لە ئێران وەربگرێت، پێی باشترە لەهەلومەرجی ئاوادا بمرێ و نەمێنێ. دەوڵەتی ئێران بیەوێت و نەیەوێ ئێمە کوردستان ئازاد و خودموختار دەکەین، ئیدی گوناحە بە خۆڕایی خوێنی خەڵکی کورد بێتە ڕژان). ئەم نامەیە دەری ئەخات کە ئەو بزووتنەوەیەی سمکۆ ڕابەرایەتی کردووە خاوەن بەرنامە بووە و بەو هۆیە شۆڕش بووە با ناوچەی نفوزی سنوورداریش بوبێت. [1]