پارتی .. بەرەیەکی نیشتمانی بۆ گەشەکردنی بیری نەتەوەیی
چەمکی«پارتی سیاسی- political Party»، لە بیرکردنەوەی بەشی هەرە زۆری ڕێبەرە کاریزماکانی نەتەوەکانی جیهاندا بریتییە لە ئیلهام وەرگرتن لە مێژوو و شکۆی نەتەوە بۆ دامەزراندنی دامەزراوەیەک وەک ئامرازێک بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنی تواناکان و نوێنەرایەتیکردنی ئیرادەی نەتەوە بۆ شۆڕش و ڕزگارکردنی نەتەوە لەژێردەستەیی و هەروەها بۆ ڕزگارکردنی دەوڵەتە لە فەوزا و پاشاگەردانیی سیاسی و گێڕانەوەی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و فەراهەمکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و خۆشگوزەران، کاتێک ڕابەرێکی کاریزمای نەتەوە بیر لە دامەزراندنی پارتێکی سیاسی دەکاتەوە، پێش دامەزراندنی پارتە سیاسییەکە، کاریزمایەک لە هەناوی مێژووی نەتەوە لەدایک بووە، کە هەموو گەل وەک باوک و ڕابەر سەیری دەکات. هەر بۆ نموونە ئەگەر سەرنج لەسەر دامەزراندنی «پارتی کۆماری دیموکراتی ئەمریکا – 1823» بدەین، دەبینین ئەم پارتە کە دێرینترین پارتی سیاسییە لە جیهاندا و لەسەر دەستی هەردوو باوکی دامەزرێنەری کۆماری ئەمریکا «تۆماس جیفرسۆن و جیمس مادیسۆن» دامەزراوە، ئەوا دەبینین ئەم دوو باوکە دامەزرێنەرەی ئەمریکا، ئەم پارتەیان بۆ ئەوە دانەمەزراندووە کە دەنگیان بۆ کۆبکاتەوە و بە ڕێگەی ئەم پارتە ببن بە سەرۆکی ئەمریکا، بە پێچەوانەوە «تۆماس جیفرسۆن» لەناو گەلی ئەمریکادا هاوتای «جۆرج واشنتۆن»ە و لە ساڵی 1776 خۆی بەیانی سەربەخۆیی ئەمریکای نووسیوە و، سێیەمین سەرۆکی ئەمریکا بووە بۆ دوو خول (1801- 1809) و «جیمس مادیسۆن»یش کە چوارەمین سەرۆکی ئەمریکا بووە بۆ دوو خول (1809-1817)، ئەم دوو کاریزمایە وەک شەخسی خۆیان پێویستییان بە دامەزراندنی پارتێکی سیاسی نەبووە بە ناوی «پارتی کۆماری دیموکراتی ئەمریکا»، بەڵکوو زەروورەتی سەرهەڵدانی ئاژاوە و پاشاگەردانیی سیاسی لە پڕۆسەی سیاسیی ئەمریکا وای لێکردن، بۆ دووبارە یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی تواناکانی گەلی ئەمریکا، بیر لە دامەزراندنی ئەم پارتە سیاسییە بکەنەوە. ئەم واقیعە بۆ بیرکردنەوەی مستەفا بارزانی لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە هەمان شێوەیە و کاتێک بیری لە زەروورەتی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان کردەوە، خۆی و پێشمەرگەکانی پارێزەری کۆماری کوردستان بوون و، لە شەڕێکی سەختدا بوون لەگەڵ سوپای شاهەنشایی ئێران، هەر بۆیە #مستەفا بارزانی# بە ئیلهام وەرگرتن لە مێژووی شکۆی نەتەوە، دامەزراندنی پارتێکی سیاسی وەک «بەرەیەکی نیشتمانی» بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنی تواناکان و نوێنەرایەتیکردنی ئیرادەی نەتەوەی لەو قۆناغەدا بە پێویست زانی، ئەوجا لەبەر ئەوەشی مستەفا بارزانی پێش دامەزراندنی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لەناو هەناوی مێژووی نەتەوەدا وەک ڕابەر و کاریزما لەدایک ببوو، هەر بۆیە دوای ڕاگەیاندنی دامەزراندنی «پارتی دیموکراتی کوردستان»، خەڵکی کوردستان ئومێدێکی گەورەی بۆ درووست بوو، هەمووان لە دەوری پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە، ئەو کۆبوونەوەیە لە دەوری ئیرادەی ڕابەر و کاریزمایەک کە لە هەناوی مێژوو و مێژووی خەباتی نەتەوەکەی خۆیدا لەدایک ببوو، وای کرد، پێشەوا #قازی محەمەد# (یەکەمین سەرۆک کۆماری کوردستان) ئەمانەتی پاراستنی «ئاڵای کوردستان»ی بە مستەفا بارزانی سپارد.
$زەروورەتی دامەزراندنی پارتێکی سیاسی لە فیکر و بیرکردنەوەی مستەفا بارزانیدا$
لەسەر ڕاسپاردەی مستەفا بارزانی و بۆ کۆکردنەوەی حزبە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە و، کۆکردنەوەی کەسایەتییە نیشتمانپەروەرەکان و ڕێکخستن و یەکخستنی تواناکان و نوێنەرایەتیکردنی ئیرادەی نەتەوە، لە یەکەمین کۆنگرەی خۆیدا لە #16-08-1946# لە شاری بەغدا دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەنرا و، ئامانج لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکخستن و ڕێکخستنی تەواوی هێز و تواناکانی گەلی کوردستان بۆ دامەزراندنی «کۆماری کوردستان» بوو، ئەم ئامانجەش لە وتارەکەی مستەفا بارزانی لە «پاکۆ - 1947» زۆر ڕاشکاوانە جەختی لەسەر کراوەتەوە.
کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان وەک «پارتێکی دامەزراو لەسەر دەستی کاریزمایەک پێناسە دەکەین»، مەبەستمان ئەوەیە دامەزرانی ئەو پارتانەی ڕێبەرە کاریزماکانی نەتەوەکانی جیهان بیری لێ دەکەنەوە، زەروورەتی قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانی و زەروورەتی ڕێگرتن لە پاشاگەردانی و فەوزای سیاسیی ناو دەوڵەت، ناچاریان دەکەن، بیر لە دامەزراندنی پارتێکی سیاسی بکەنەوە وەک ئامرازێک بۆ ڕزگاریی نەتەوە و چارەسەرکردنی پاشاگەردانی و فەوزای سیاسی لەناو دەوڵەتدا بەکاری بهێنن.
نموونەی دامەزراندنی ئەم جۆرە لە پارتی سیاسی و جووڵانەوەی سیاسی لە مێژووی نەتەوەکاندا زۆرن، هەر بۆ نموونە: کاتێک «جۆرج واشنتۆن» سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەمریکای کرد بۆ ئازادی و جیابوونەوە لە بەریتانیا، تەنیا جووڵانەوەیەک هەبوو بە ناوی «ئاهەنگی چا- « Tea Party » و درووشمی ئەم جووڵانەوەیەش کە بووە بڵێسەی شۆڕش، ئەوە بوو: «باج دەدەین بە ئاو و سندوقە چاکان دەخەینە ناو دەریا و باج بە حکومەتی بەریتانیا نادەین»، بەڵام دوای تێپەڕبوونی 47 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری ئەمریکا لە ساڵی 1823 هەردوو باوکی دامەزرێنەری کۆماری ئەمریکا «تۆماس جیفرسۆن» و «جیمس مادیسۆن» کە هەر یەکەیان بۆ ماوەی هەشت ساڵ سەرۆکی ئەمریکا بوون، دامەزراندنی پارتێکی سیاسییان بەناوی «پارتی کۆماری دیموکراتی ئەمریکا» بە زەروورەت زانی. واتە دامەزراندنی ئەم پارتە لەو کاتەدا زەروورەت بوو بۆ ڕاستکردنەوە و ڕێکخستنەوەی حوکمڕانی لە ئەمریکادا، نەک ئەو دوو کەسایەتییە پێویستیان بە دامەزراندنی پارتێکی سیاسی هەبێت.
هەروەها کاتێک فەرەنسا کەوتە گێژاوی پاشاگەردانیی سیاسی و گەیشتە لێواری هەڵدێر لە ساڵی 1958، شارل دیگۆل کە فەرەنسای لە نازیسم ڕزگار کرد و ببووە ڕابەر و سیمبول و کاریزمای هەموو گەلی فەرەنسا، ناچار بوو لەناو ئەو فەوزا و پاشاگەردانییە سیاسییەی کە حزبە سیاسییەکانی ئەو کاتی فەرەنسا درووستیان کردبوو، بۆ ماوەی 12ساڵ (1946-1958) خۆی لە پڕۆسەی سیاسی کشاندەوە، بەڵام کە گەیشتە ئەوەی ئەم پاشاگەردانییە ببێتە مەترسی لەسەر چارەنووسی گەل و شکۆی کۆماری فەرەنسا، شارل دیگۆل پەنای بۆ جەماوەری فەرەنسا برد و، دەستووری فەرەنسای هەموار کردەوە و «کۆماری پێنجەم»ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەش «پارتی دیگۆل»ی ڕاگەیاند، بەمەش نەک هەر کۆماری فەرەنسای لەسەر لێواری هەڵدێر ڕزگار کرد، بەڵکوو بەردی بناغەی «بازاڕی هاوبەشی ئەوروپا»ی دانا، کە بووە ئەو «یەکێتیی ئەوروپا»یەی ئێستا 27 دەوڵەتی لەناو خۆیدا کۆکردووەتەوە.
لەمەش نزیکتر، دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدان لەسەر دەستی «#ڕەجەب تەیب ئەردۆگان#» لە تورکیا و بردنەوەی بە ڕێژەی (50+ 1) لە هەڵبژاردنەکانی 2002، تەنیا دامەزراندنی پارتێکی ئیسلامیی سیاسی نەبوو، وەک «پارتی ڕەفا» کە «نەجمەدین ئەربەکان» سەرۆکایەتی دەکرد، بەڵکوو پارتی داد و گەشەپێدان یەکگرتنی تەواوی ئەو هێزانە بوو کە دژی سیستمی عەلمانییەتی تورکیا بوون و خەویان بە گێڕانەوەی «خەلافەتی عوسمانی»یەوە دەبینی، بەتایبەتیش دامەزراوەی «خزمەت» بە سەرۆکایەتیی «فەتحوڵا گوڵەن»، کە ئەم دامەزراوەیە بە ڕێگەی کردنەوەی قوتابخانە و زانکۆ لە بەشی زۆری وڵاتانی ئیسلامی، ساڵانێکی زۆر بوو کەلتووری «ئیسلامی - عوسمانی» بڵاو دەکردەوە و، ببووە هێزێکی میللیی نەرم لەناو تورکیادا، هەر بۆیە لەگەڵ دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدان بۆ یەکەم جار بوو کە پارتێکی سیاسیی ئیسلامی بتوانێت، ڕێژەی (50+1%)ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و، کۆتایی بە ناسەقامگیریی حکوومی و حوکمڕانی بهێنێت و، لە ماوەی تەنیا 10 ساڵدا توانی گۆڕانکاریی گەورە لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری لە تورکیا درووست بکات و، تورکیا بووە یەکێک لە ئەندامانی گرووپی 20 دەوڵەتە دەوڵەمەندەکەی جیهان «G 20» . ئەوەی جێگەی سەرنجە لەسەر پارتی داد و گەشە پێدان، ئەوەیە کە ڕاستە هەتا ئێستاش پارتێک بە ناوی «داد و گەشەپێدان» هەر ماوە و لە دەسەڵاتیشدایە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو بناغە «بەرە»یەی ئەو پارتەی لەسەر بوونیاد نرابوو و ئێستا لێکترازەوە و بوونی نەماوە، ئەوا ئێستا ئەو جیاوازییە زۆر بە ڕاشکاوی دەبینین کە لە دوای ساڵی 2012وە هەمان پارتی سیاسی بووەتە سەرچاوەی لێکترازانی کۆمەڵگەی تورکیا و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش تورکیا بەرەو دوورکەوتنەوە لە یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی دەڕوات، ئابوورییەکەشی کەوتووەتە قەیرانێکی گەورەوە، ڕاستە هەمان حزب بە ناوی «داد و گەشەپێدان» ماوە و لە دەسەڵاتیشدایە، بەڵام هەر ڕۆژەو پەلاماری دەوڵەتێکی دراوسێی خۆی دەدات.
ئاماژەکردنمان بۆ ئەو نموونانەی کاتێک نەتەوە پێویستی بە زەروورەتی دامەزراندنی پارتێکی سیاسی دەبێت، بۆ ئەوە بوو، کاتێک ئەو پارتە سیاسییە دووچاری کێشەیەک دەبێت، کێشەکە وای لێ نەکات، واز لەو پرەنسیپانە بهێنێت کە ڕابەر و کاریزمای دامەزرێنەری ئەو پارتە بۆ پارتەکەی داڕشتووە. ئەوجا ئەگەر لێرەوە خوێندنەوەیەک بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بکەین لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1975، ئەوا دەبینین جارێکی دیکە پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی مستەفا بارزانی، ئەو پرەنسیپ و بنەمایانەی پاراست کە پارتی دیموکراتی کوردستانی لە پێناودا دامەزراوە، هەر بۆیە لەبەر ئەوەی دوای نسکۆ زەمینەی ئەنجامدانی کۆنگرە لەبار نەبوو، پارتی دیموکراتی کوردستان بە پێچەوانەی هەموو پارتە سیاسییەکانی سەر گۆڕەپانی خەبات لە کوردستان و ئێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرکردایەتییەکی کاتی دەستنیشان کرد و، دوای ساڵێک دووبارە هەڵگیرسانەوەی «شۆڕشی گوڵان»ی ڕاگەیاند. ئەم بوێری و پابەندبوونە بە پرەنسیپەکانی ئیرادە و مێژووی نەتەوە لەسەر ئاستی جیهانیشدا لە کەم پارتی سیاسیدا پەیڕەو کراوە و بوونی هەبووە.
لە ماوەی ساڵانی 1975 -1979 و بۆ زەمینەسازی بۆ گرێدانی کۆنگرەی نۆیەم، بەڕێزان «سەرۆک #مەسعود بارزانی# و
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانیی هەمیشە زیندوو» لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات هەوڵەکانیان بەو ئاڕاستەیە گرتبووەبەر کە لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان هاوکاری و دەستگیرۆیی ئەو گەنجە خوێنگەرمانە بکەن کە جووڵەی سیاسییان دەستپێکردبوو و حزبی تازەیان درووستکردبوو، هەروەها لەسەر ئاستی دەرەوەش لە هەوڵێکی بێوچاندا بوون، کە هەم پشتیوانیی نیودەوڵەتی و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی جیهان بۆ شۆڕشی کوردستان درووست بکەنەوە، هەم ئومێدێکیش بۆ ئەو تێکۆشەرانە درووست بکەنەوە کە دوای ساڵی 1975 ڕوویان کردبووە هەندەران.
لە دوای ساڵێک لە گرێدانی کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکەمین هەنگاوی سەرۆک مەسعود بارزانی دامەزراندنی بەرەی جود (بەرەی نیشتمانی دیموکراتی) بوو، کە چوار پارتی سیاسی لەژێر چەتری خۆیدا کۆکردبووەوە و بریتی بوون لە «پارتی دیموکراتی کوردستان، حزبی شیوعی ئێراق، حزبی سۆشیالیستی کوردستان – #حسک#، پارتی سۆشیالیستی کوردستان- پاسۆک». سەرنج بدەن جارێکی دیکە سەرۆک مەسعود بارزانی زەروورەتی «پارتێکی سیاسی» بۆ یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی تواناکان و نوێنەرایەتیکردنی ئیرادەی نەتەوەی لە چوارچێوەی « خەباتی بەرەییدا» پێناسە کردەوە، لەمەش زیاتر هەوڵەکان بەردەوام بوون بۆ ئەوەی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#-یش بێتە ناو ئەو بەرەیە و پەرتەوازەیی نێوماڵی کوردستان کۆتایی بێت و ئومێدێکی تازە بۆ نەتەوەکەمان درووست ببێتەوە، بۆ ئەمەش وەک خوالێخۆشبوو #فەرهاد عەبدولحەمید# ئەندامی سەرکردایەتیی پاسۆک لە بەرنامەی «ڕووداو و مێژووی تەلەڤزیۆنی NRT » دەڵێت: «ئێمە دەستپێشخەرییەکمان بۆ گرێدانی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی هەبوو و پاش ئەوەی لە سەرکردایەتیی پاسۆک گەڵاڵەمان کرد، بردمان بۆ لای کاک ئیدریس بارزانی و دوای ئەوەی ناوەرۆکی پڕۆژەکەمان بۆ باس کرد، کاک ئیدریس بارزانی وتی: «ئەم کارەتان هێندە پیرۆزە بۆ یەکڕیزیی نێوماڵی کورد، من لای خۆمەوە کاغەزی سپیتان بۆ ئیمزا دەکەم، بەڵام گرنگ ئەوەیە لایەنەکانی دیکەش ئەم پڕۆژەیە پەسەند بکەن، بە تایبەتیی #مام جەلال#، بۆیە ئەم پڕۆژەیە بۆ ئەویش بەرن». ئێمە بەڕێکەوتین بۆ بارەگای مام جەلال، بەڵام پێش ئەوەی بگەینە لای ئەو، بارەگای حزبی سۆشیالیست لەسەر ڕێگەمان بوو، چووینە لایان و دکتۆر مەحموود عوسمان و چەند کەسێکی دیکەی سەرکردایەتییان لەوێ بوون، پاش ئەوەی پڕۆژەکەمان بۆ ئەوان باس کرد، دکتۆر #مەحموود عوسمان# بە هەمان شێوەی کاک ئیدریس بارزانی پێی وتین: «ئێمەش کاغەزی سپیتان بۆ ئیمزا دەکەین». بۆ نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ چووینە بارەگای مام جەلال و چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لای بوون و پڕۆژەکەمان بۆ ئەویش باس کرد، بەڵام بەداخەوە زۆر بەتوندی ڕەتی کردەوە».
ئەم ڕەتکردنەوەیەی مام جەلال بۆ یەکڕیزی و گرێدانی کۆنگرەی نەتەوەیی، هەوڵەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانیی هەمیشە زیندووی بۆ درووستکردنی بەرەیەکی کوردستانی خاو نەکردەوە و، توانرا لە کۆتایی ساڵی 1986 لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا یەکێتی و پارتی ئاشت ببنەوە، لەم ئاشتبوونەوەیەشدا ڕۆڵی ئیدریس بارزانی زۆر گەورە بووە، هەر بۆیە دوای ئیمزاکردنی ئەم ڕێککەوتنە، یەکسەر بەرەی کوردستانی ڕانەگەیەنرا، بەڵام بە کردەیی لەناو هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا «هەموو لایەنەکان» بە شێوازی بەرەیی چالاکییان دەکرد و، هەر بە شێوازی بەرەش «بەتایبەتیی لە سەرەتای ساڵی 1987 « پێشمەرگەی هەموو لایەنەکان پێکەوە لە یەک سەنگەر و یەک بەرەی شەڕەوە بەرانبەر بە دوژمن ڕادەوەستان. هەر بۆیە کە دوای ئەوەی لە سەرەتای ساڵی 1987 کاک ئیدریس بارزانی شەهید بوو و دواتر لە ساڵی 1988 بەرەی کوردستانی ڕاگەیەنرا، بەڵام لای هەمووان ئاشکرا بوو کە ئەو بەرەی کوردستانییەی 1988 بە فەرمی ڕاگەیەنرا، بە کردەیی لە دوای کۆتایی 1986 و ئاشتبوونەوەی پارتی بوونی هەبووە، هەر بۆیە هەموو لایەک ناسناوی «ئەندازیاری بەرەی کوردستانی»یان بە ئیدریس بارزانی بەخشیوە.
ئەوجا لێرەوە ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان وەک «بەرەیەکی نیشتمانی» و بەرەی کوردستانیی پارتەکانی کوردستان لە ساڵی 1988، دەبینین دوای گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە سۆڤیەتی پێشوو لە ساڵی 1958، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1961 بڕیاری هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولی داوە و لە دوای نۆ ساڵ خەباتی چەکداری و سیاسی و دیپلۆماتی، ڕێککەوتننامەی ئاداری لەگەڵ حکومەتی ئێراق ئیمزا کردووە، لە بەرانبەردا بەرەی کوردستانییش دوای دامەزراندنی لە ساڵی 1988 لە ساڵی 1991 ڕاپەڕینی کرد و، پاشان دانووستاندنی کرد بۆ جێبەجێکردنی دەقی ڕێککەوتنامەی ئادار لەگەڵ هەمان حکومەتی #بەعس# کە لە 1970 لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول ئیمزایان کردبوو، بەڵام کاتێک بەرەی کوردستانی لەگەڵ ڕژێمی بەعس و سەدام حسێن ڕێکنەکەوتن و حکومەت دامودەزگاکانی لە کوردستان کشاندەوە، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشنیاری بۆ بەرەی کوردستانی کرد، بۆ ئەوەی بڕیاری هەڵبژاردن بدەن، دوای ئەوەش کە ئەم بڕیارە لە سەرکردایەتیی بەرەی کوردستانی درا، سەرۆک مەسعود بارزانی وتی: «ئەمڕۆ خۆشترین ڕۆژە لە ژیانی مندا کە توانیمان سەرکردایەتیی بەرەی کوردستانی بگەیەنینە قەناعەت بۆ ئەوەی بڕیاری هەڵبژاردن لە کوردستان بدات»، ئەمەش واتە بە ڕێگەی هەڵبژاردن و ئیرادەی میللەت ئەو بۆشاییە ئیدارییە پڕ بکەینەوە کە لە کشانەوەی دامەزراوەکان لەلایەن ڕژێمی ئێراقەوە لە کوردستان درووست ببوو.
دوای ئەم بڕیارەی بەرەی کوردستانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کوردستان، دیسان سەرۆک مەسعود بارزانی ڕێگەی نەدا پارتی دیموکراتی کوردستان درووشمی قەبە و گەورە بەرز بکاتەوە و پاشان نەتوانێ جێبەجێیان بکات، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان، تەنیا پارتی سیاسی بوو لەناو پارتە بەشداربووەکانی بەرەی کوردستانی کە هەمان درووشمە ڕاستەقینەکەی خۆی بەرزکردەوە کە بریتی بوو لە «دیموکراتی بۆ ئێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کوردستان»، لە ماوەی ڕۆژانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن هەموو لایەنە سیاسییەکانی ناو بەرە موزایەدەیەکی زۆری سیاسییان بە سەر درووشمەکەی پارتی کرد، بەڵام زۆرینەی گەلی کوردستان دەنگیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان و سیاسەتە واقیعبینەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی دا، سەرەنجامیش ئاکامی ئەم هەڵبژاردنە بووە دامەزراندنی «پەڕڵەمان و حکومەت»ی هەرێمی کوردستان و هەر لەو پەڕڵەمانەشدا تەنیا دوای چوار مانگ لە دامەزراندنی، بڕیاری «فیدڕاڵی» پەسەند کرا، کە سەرۆکی پەڕڵەمان پارتی و فراکسیۆنی پارتییش زۆرینەی (1+50%) بوو.
تێڕوانین بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان وەک پارتی زەروورەت لە قۆناغە جیاوازەکاندا، تەنیا تێڕوانینێکی حزبییانەی کادیرەکانی پارتی نییە، بەڵکوو دید و تێڕوانینی هەموو ئەو پارت و کەسایەتییە نیشتمانپەروەرانەیە کە فیکری مستەفا بارزانی بە چەتری ئەو بەرەی نیشتمانییە زانیوە کە لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. هەر بۆ نموونە لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، کۆمەڵێک لە هەڵگرانی بیری نەتەوەیی گۆڤارێکیان دەردەکرد بە ناوی «دیسان بارزانی»، ئەم گۆڤارە دوور و نزیک پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نەبووە و پارتییش ئەم گۆڤارەی دەرنەکردووە، لەمەش زیاتر لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، دوای درووستبوونی لێکترازانی 1964 لەناو پارتیدا، هەموو ئەوانەی هەڵگری بیری نەتەوەیی بوون، پشتگیریی ئەو ئاڕاستەیەیان کرد کە مستەفا بارزانی ڕێبەرایەتی دەکرد و، دژی ئەو خەڵکانە بوون کە بە ناوی «باڵی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان» چوونە لای حکومەت و چەکیان لە دژی شۆڕشی کوردستان هەڵگرت، لەمەش زیاتر پاش ئەوەی هەڵبژاردنی 1992 ئەنجام درا و پارتی زۆرینەی دەنگەکانی خەڵکی کوردستانی بە دەست هێنا، هەموو حزبە سیاسییەکانی ناو بەرەی کوردستانی و دەرەوەی بەرەی کوردستانی «بزووتنەوەی ئیسلامی» ئاکامی هەڵبژاردنەکەیان پەسەند کرد و پیرۆزباییان لە پارتی کرد، تەنیا «یەکێتی نیشتمانی» نەبێت، هەر بۆیە سەرۆک بارزانی لە پێناوی ئەوەی ماڵی کوردستان پەرت نەبێت و جارێکی دیکە لێکترازان بە خۆیەوە نەبینێت، بەو شێوەیە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی ڕێککەوت کە «دەبێت ئاکامی هەڵبژاردن بە ڕێژەی 51% بۆ پارتی و 49% بۆ یەکێتی لەناو پەڕڵەمانی کوردستان قبووڵ بکرێت و، لەناو حکومەتدا پارتی و یەکێتی وەک یەک بن (50%)، بەمەش ئەو سیستمە سەقەتە درووست بوو، کە دواتر ناوی لێ نرا «پەنجا بە پەنجا».
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئەو حزبە سیاسییە نەتەوەیی و نیشتمانییانەی بە ناوی «یەکگرتن» بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد، نەیانتوانی بەربەستی (7%) بشکێنن، دوای دامەزراندنی پەڕڵەمان و حکومەت، پشتگیری ئاڕاستە و لۆژیکی سەرۆک مەسعود بارزانی بوون، کە پێداگری لەسەر قبووڵکردنی هەڵبژاردن دەکرد، یان پشتگیریی ئەو سیستمە سەقەتەیان دەکرد کە بە ناچاری «پەنجا پەنجا»ی لێ کەوتەوە. بێگومان هەر لە دوای دامەزراندنی پەڕڵەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، هەر حزبەکانی ناو یەکگرتن «حسک، پاسۆک، پارتی گەل» بڕیاریان دا، ببنە بەشێک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و، بۆ ڕێککەوتنیش لەسەر ئەوەی چۆن ئەم یەکگرتنە ڕووبدات و ڕابگەیەندرێت، پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری دا، کۆنگرەی 11 لە 1993 ئەنجام بدرێت و لەناو کۆنگرەدا ئەم یەکگرتنە ڕاگەیەنرا و هەر چوار پارتەکە «پارتی، حسک، پاسۆک، پارتی گەل» بە تێکڕای دەنگ سەرۆک مەسعود بارزانی-یان بە سەرۆک هەڵبژاردەوە، هەر لەو کۆنگرەی یازدەیەشدا بڕیار درا کە لە #06-10-1993# تەرمی نەمران «مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی» لە سنووری #باشماخ#ی #سلێمانی# لەگەڵ ئێران، بگەڕێندرێنەوە بۆ کوردستان و، لە گەڕاندنەوەی تەرمی نەمرانیشدا جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان بە جیاوازی هەموو بیروبۆچوونە سیاسییەکانەوە وەک ڕابەر و باوکی نەتەوە پێشوازییان لە تەرمی «مستەفا بارزانی» و ئیدریس بارزانی» کرد و، ئەم ڕووداوە مێژووییە دەگمەنە وای کرد، سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ یەک دوو هەفتە سەردانی سلێمانی بکات، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە سوپاسی خەڵکی سلێمانی بکات و لە نزیکەوە پێشوازییان بکات، هەر لەو ماوەیەی سەرۆک بارزانی لە سلێمانی بوو، شەوێک لەگەڵ کادیرانی هەر سێ پارتەکەی پێشوو «یەکگرتن» و بەشێک لە کادیرانی پارتی کۆبووەوە و باسی لە یەکڕیزی و یەکخستنی نێوماڵی کوردستان کرد و پێی ڕاگەیاندن: «پارتی بۆ ئەوە درووست بووە، یەکڕیزیی نێوماڵی کوردستان ڕێک بخات، بۆیە ناوی پارتی لای من پیرۆزە و بێجگە لە دەستکارێکردنی ناوی پارتی، هەرچییەکی ئێوە بتانەوێت، دەتوانن لەناو پارتیدا بیکەن، ئەمەش ئەو لۆژیک و فیکرەیە کە مەلامستەفا بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستانی لەسەر دامەزراندووە و سەرۆک مەسعود بارزانی درێژەپێدەریەتی.
$ کاریزما لە هەناوی مێژووی نەتەوەدا پارتی سیاسی درووست دەکات سیاسەتمەدار لەناو مێژووی ئایدیۆلۆژیادا$
لەناو هیچ نەتەوەیەکدا بەرەیەک، یان پارتێک بەو ئاستە فراوانە درووست نابێت کە هیچ گرووپ و لایەنێک دژی نەبێت، یان ئاستەنگ بۆ ئامانجەکانی درووست نەکەن، بەڵام لەناو هەموو نەتەوەیەکدا و لە یەکێک لە قۆناغە مێژووییەکانی خۆیدا «بەرەیەک، یان پارتێکی سیاسی» درووست دەبێت، کە لەناو منداڵدانی مێژووی نەتەوەکەی دێتە دەرەوە و نوێنەرایەتیی ئیرادەی نەتەوەکەی دەکات و، ئەم ئیرادە میللییە درووشمێک دێنێتە ئاراوە کە هەموو خواستی نەتەوە لە خۆیدا بەرجەستە دەکات و، ئەو درووشمە دەبێتە ئەو ئیرادەیەی کە نەتەوە هیچ چەوسانەوە و ستەمێکی مێژوویی قبووڵ ناکات و بە شێوەیەکی خۆڕسکانە شۆڕش دەست پێ دەکات و، ئەم تایبەتمەندییەی لەناو مێژووی هەموو نەتەوەکانی جیهاندا کە نوێنەرایەتیی ئیرادەی نەتەوە دەکات، تەنیا بەو «بەرە نیشتمانی و پارتە سیاسیییە» درووست دەبێت، کە نەتەوە، بوون و کەرامەتی خۆی لەژێر چەتریاندا دەبینێتەوە. لەمبارەیەوە د.مستەفا عەقاد لە پەرتووکی «فەلسەفەی شۆڕش»دا دەڵێت: «کاتێک سەیری درووشمی شۆڕشی فەرەنسا دەکەین بە زمانی فەرەنسی بریتییە لە (یەکسانی، برایەتی، دادپەوەری) و ئەم سێ وشەیەش پێکەوە ڕیتمێکی میوزیکیان وەرگرتووە، وا هەست دەکرێت، کۆمەڵێک زانا و زمانەوان و سیاسەتمەدار پێکەوە دانیشوون و ئەم سێ وشەیان هەڵبژاردووە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەم سێ وشەیە کە بووەتە درووشمی شۆڕش، هەموو نەهامەتییەکانی ئەو کاتی گەلی فەرەنسای لە خۆیدا کۆکردووەتەوە و درووشمێکی خۆڕسکی ئیرادەی گەلی فەرەنسایە». ئەگەر بێینە سەر درووشمی شۆڕشی ئەیلوول کە مستەفا بارزانی ڕێبەرایەتیی ئیرادەی گەلی کوردستانی دەکرد و، دوای هەڵگیرسانی شۆڕشەکە بە خۆڕسکی ئەم درووشمە «کوردستان یان نەمان» لە دایک بوو، بێگومان ئەم درووشمەش درووشمی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان نییە، خۆ ئەگەر ئەم درووشمە بەرهەمی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بوایە، ئەوا دوای ئەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی جیابوونەوە و ڕێگەیەکی دیکەیان دژی شۆڕش گرتەبەر، دەبوو هەر درووشمی «کوردستان یان نەمان»یان بەرز بکردایەتەوە، نەک بیگۆڕن و بیکەن بە «نەسرەوتن تا سەرکەوتن»، ئەگەر سەرنج لەم دوو درووشمە بدەین کە ئەوەی دووەمیان داڕشتنەوەیە لەسەر ئەوەی یەکەم، دەبینین گەلی کوردستان لە هەر چوارپارچە خۆی بە خاوەنی درووشمی «کوردستان یان نەمان « دەزانێت و «نەسرەوتن تا سەرکەوتن» بە هیی خۆی نازانێت.
درووستبوونی بەرەیەکی نیشتمانی، یان جووڵانەوەیەکی سیاسی وەک «ئاهەنگی چا - Tea Party»، جۆرج واشنتۆن بۆ ئازادکردنی ئەمریکا، یان پارتەکەی گاندی بۆ ڕزگارکردنی هیندستان لە کۆڵۆنیاڵی بەریتانی، یان پارتەکەی دیگۆڵ بۆ دووبارە ڕزگارکردنەوەی فەرەنسا لە پاشاگەردانیی حزبی سیاسی و تەنانەت پارتەکەی ئەردۆگانیش تا 2012 بۆ ڕزگارکردنی تورکیا لە قەیرانی پاشاگەردانیی حوکمڕانی و هەڵاوسانی ئابووری، هەموو ئەم نموونانە بەرەنجامی بەشێکی زۆری یەکگرتنی ئەو ئیرادەیەن کە نوێنەرایەتیی تەواوی نەتەوە دەکات و، لەناو هەناوی ئەم ئیرادەیەدا کاریزمایەک لە دایک دەبێت کە هەموو نەتەوە وەک باوک و ڕابەر و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی سەیری دەکات، بەڵام لەناو ئەو پارتە سیاسییانەی سیاسەتمەدارەکان لەناو مێژووی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراودا (چەپ، ڕاست، ئایینی) دادەمەزرێن، نەتەوەبوون و کەرامەتی خۆیان لەناو ئەو جۆرە پارتە سیاسییانە نابیننەوە، هەر بۆیە ئەو پارتە سیاسییانەی لەناو مێژووی ئایدیۆلۆژیا درووست دەبن، ئەگەر بۆ ماوەیەکیش خەڵک چەواشە بن و دوای بکەون، ئەوا سەرەنجام نەتەوە خۆی لێ بێبەری دەکات.
لێرەوە ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنێوان بەرەی «ئاهەنگی چا- Tea Party «کە لە هەناویدا «جۆرج واشنتۆن» لەدایک بووە و، هەروەها پارتی کۆمونیستی ڕووسیا «بەلشەفیک» کە لە هەناویدا «ڤلادمیر لینین» لە دایک بووە و، بزانین چی دەبینین؟ لە یەکەمیاندا کە لەدایکبوونی کاریزمای جۆرج واشنتۆنە وەک «باوکی دامەزرێنەری کۆماری ئازادی ئەمریکا»، ئەمەیان لە مێژووی ئەو نەتەوەیە لەدایک بووە کە بە خۆیان دەڵێن «گەلی ئەمریکا» و ماوەی 250 ساڵە هەر بەزیندوویی لە ویژدانی گەلی ئەمریکا ماوەتەوە، لەمەش زیاتر ئەم ویژدانە گیانی شۆڕشگێڕەکانی «ئاهەنگی چا - Tea Party «یان هەر بەزیندوویی هێشتووەتەوە و هەتا ئێستاش ئەم گرووپە کە بوونە مەحەکی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، لایەنگری هیچ کام لە هەر دوو حزبی «کۆماری و دیموکراتی» نین، بەڵکوو دەنگەکانیان جۆلانەن و بەرەو ئەو لایەنە دەچێت کە لەسەر ئاڕاستەی باوکانی دامەزرێنەر بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆیان دادەنێن.
لێرەوە ئەگەر سەیری نموونەی دووەم بکەین کە «ڤلادیمیر لینین»ە و لەناو هەناوی حزبی بەلشەفیک و ئایدیۆلۆژیەتی «مارکس و ئەنگلس» لەدایک بووە، وەک بینیمان بۆ زیاتر لە 70ساڵ لە «1917- 1989» دوو لەسەر سێی جیهان بە ڕابەری خۆی دەزانی، بەڵام گەلی ڕووسیا بە ڕابەر و باوکی دامەزرێنەری خۆی نەزانی و ئێستاش ئەو ڕاستییە بۆ هەموو لایەک دەرکەوتووە و ڤلادمیر پوتین (سەرۆکی ڕووسیا) دەڵێت: «ڕاستە قەیسەر مردووە، بەڵام خەونەکانی قەیسەر زیندوون» و باسی لینین و حزبی بەلشەفیک ناکات و بە باوکی گەلی ڕووسیاشی نازانێت.
لێرەدا ئەگەر ئەو پرسارە بورووژێنین و بپرسین: بۆچی ئەم جیاوازییە دەبینین؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە کە جۆرج واشنتۆن لەژێر درووشمی ئاهەنگی فڕێدانی سندوقەکانی چا بۆ ناو ئاوی بۆستن «باج دەدەین بە ئاو، باج نادەین بە پەڕڵەمانێک نوێنەرایەتیمان نەکات»، شۆڕشی بەرپا کردووە و، ئەمەش ئیرادەی نەتەوەیەکە بۆ قبووڵنەکردنی داگیرکاریی بەریتانیا و جێبەجێکردنی یاسا و بڕیارەکانی پەڕڵەمانی بەریتانیا، بۆیە کاتێک جۆرج واشنتۆن ڕێبەرایەتیی ئەم شۆڕشە دەکات، هەموو هاووڵاتییەکی ئەمریکایی ئیرادەی خۆی لە «جۆرج واشنتۆن»دا دەبینێتەوە، لە بەرانبەردا دەبینین ڤلادمێر پوتین لەژێر درووشمێکدا «شۆڕش» و سیاسەتی کردووە، کە درووشمەکە لە هەناوی ئایدیۆلۆژیای مارکس و ئەنگلس «ئەی کرێکارانی جیهان یەکگرن» لەدایک بووە و، گەلی ڕووسیا ئەم درووشمە بەو درووشمە نازانێت کە لە هەناوی ئیرادەی گەلی ڕووسیا لە دایک بووبێت، ئیرادەی خۆیشی لەناو فیکری «لینین»دا نابینێتەوە، هەر بۆیەش دوای ئەوەی یەکێتی سۆڤیەت بووە ئەو ئیمپراتۆریەتە گەورەیە و زیاتر لە 15 کۆماری هەبوو، بەڵام کەس نەیزانی چۆن لە شەو و ڕۆژێکدا ئەم ئیمپراتۆریەتە گەورەیە هەر بە دەستی گەلەکەی خۆی لەبەریەک هەڵوەشا.
ئەگەر لەسەر ئەم ئاڕاستەیە و جارێکی دیکە لەناو فیکری مەلا مستەفا بارزانی-یەوە سەیری دامەزراندنی پارتی بکەین، دەبێت ئەو ڕاستییانە بڵێین و نەوەکانی ئێستا و داهاتوو پێی ئاشنا بن و بیکەنە بابەت بۆ توێژینەوە زانستییەکانیان لەسەر ئیرادەی نەتەوە و گەشەی بیری نەتەوەیی، ئەو ڕاستییانەش بریتین لە:
1. لە دوای شۆڕشی یەکەمی بارزان لە سەرەتای سییەکانی سەدەی ڕابردوو و دوای دوورخستەوەی بۆ باشووری ئێراق و پاشان گەڕاندنەوەی بۆ سلێمانی، کاریزمای مەلا مستەفا بارزانی بە خۆڕسکی لەناو ویژدانی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستاندا لەدایک بووە و خەڵکی کوردستان شەرعییەتی ڕابەرایەتییان پێ بەخشیوە، هەر بۆیە کاتێک پلان بۆ شۆڕشی دووەمی «بارزان» دادەنێت، نەک هەر «حزبی هیوا» بەڵکوو ئەفسەرە ئازادیخوازەکانیش پەیوەندی پێوە دەکەن و، لێژنەیەکیش بە ناوی « لێژنەی ئازادی» بۆ سەرکردایەتیی شۆڕشەکە دادەمەزرێنن.
2. لە ساڵی 1945 کاتێک پێشەوا قازی محەمەد کۆماری کوردستان دادەمەزرێنێت، ئەوە مەکتەبی سیاسیی حزبێک نەبووە پلان و بەرنامەی بۆ دانابێت، هەتا مەلا مستەفا بارزانی و پێشمەرگەکانی بچن پارێزگاری لە کۆماری کوردستان بکەن، بەڵکوو ئەوە بیرکردنەوەی کاریزمایەکە کە لە هەناوی مێژووی نەتەوەکەیدا لە دایک بووە و هەموو بستێکی خاکی کوردستان بە «بارزان» دەزانێت و ئامادەیە لەسەر هەر بستێکی قوربانی بدات.
3. لە کۆتایی ساڵی 1946 و سەرەتای ساڵی 1947 دوای کەوتنی کۆماری کوردستان، ئەوە ئیرادەی کاریزمای مستەفا بارزانی بووە، نەک بڕیاری مەکتەبی سیاسیی حزبێک، کاتێک بڕیار دەدات، ڕێڕەوە مێژووییەکەی بۆ یەکێتی سۆڤیەت دەست پێ بکات و لە ئاوی ئاراس بپەڕێتەوە و کێشەی کورد بە هەموو جیهان بناسێنێت.
ئەگەر بەوردی هەڵوێستە لەسەر ئەم خاڵانە بکەین، دەبینین لە مێژووی گەلی کوردستاندا هەر لە دوای شەڕی «چاڵدیران»ەوە هەتا ئەمڕۆ، کاریزمایەکی هاوشێوەی کاریزمای مستەفا بارزانی کە بە خۆڕسکی لەناو هەناوی مێژووی نەتەوە لەدایک بووبێت، حاڵەتێکی دەگمەنە، ڕاستە زۆر سەرکردە و پێشەوای گەورەمان هەبووە، وەک شێخ مەحموودی حەفید کە «مەملەکەتی سلێمانی» ڕاگەیاند و، پێشەوا قازی محەمەد کە «کۆماری کوردستان»ی لە #مەهاباد# ڕاگەیاند و جەنابی مەلا مستەفا بارزانی ئەم دوو سەرکردەیەی وەک دوو سەرکردەی گەورە سەیر کردووە، بەڵام مێژوو پێمان دەڵێت: «هیچ کاریزمایەک وەک کاریزمای مستەفا بارزانی نەیتوانیوە هەر چوار پارچەی کوردستان لەناو بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان پێکەوە کۆبکاتەوە». [1]