ناونیشانی بابەت: دەرچوون لە ئێراق: بەشی 107
نووسینی: #کەیوان ئازاد#
یەکێک لەو ڕووداوانەی نێو ساڵانی جەنگی (ئێراق-ئێران)، کە کارەساتێکی مرۆیی لێکەوتەوە (شەڕی گردەمەن) ناسراو بە (شەڕی #حاجی ئۆمەران#) بوو. شەڕەکە کەوتە ڕۆژی (هەینی) ڕێکەوتی (#22-07-1983#) ، بەڵام ئەوە سەرەتای دەسپێکی شەڕەکە بوو، چونکە بەدوایدا زنجیرە شەڕێک هات، کە کۆتاییەکەی، کەوتە ساڵی (1988). دەسپێکی ئەو شەڕە دوای ئەوە هات، کە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانی ئێران بە مەبەستی قەرەبوون کردنەوەی زیانەکانیان لە بەرەکانی ناوەڕاست و باشووری خۆراوای وڵاتەکەیان، پلانی دەستگرتنیان بەسەر چیای (گردەمەن)و ناوچەی (#حاجی ئۆمەران#) دانا. لەو پلانەشدا ڕاوێژیان بە “#مەسعود بارزانی#” سەرۆکی #پارتی دیموکراتی کوردستان# کرد، چونکە ناوچەکە زێدی خۆی و ماڵباتەکەی و پێگەی جەماوەری پارتەکەی بوو. وەک ناوبراو لە بەرگی چوارەمی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد) باسی کردووە، ئێرانییەکان لە ڕێگای (جەنەڕاڵ سەیاد شیرازی) و (جەنەراڵ موحسینی ڕەزایی) پەیوەندیان پێوە کردووە، تا ڕای ئەو لەسەر پلانەکە و بەشداریان لە شەڕەکە بزانن. وەڵامی “مەسعود بارزانی”ش بۆ ئەوان ئەوە بوو، کە ناوچەکە زۆر سەختە و بەئاسانی ناکەوێتە دەست هێزەکانی سوپای ئێران. ئەگەر کاریشی بۆ بکەن، زیانی مرۆیی و جەنگی زۆری دەبێت. لە بەرانبەردا لایەنی ئێرانی ئەوەیان ڕاگەیاندوە، کە ئەوان کێشەی زیانی مرۆییان نییە و باکیان نییە چەند لە هێزەکانیان دەبنە قوربانی، بەڵکوو ئەوەی لای ئەوان گرنگە دەستگرتنە بەسەر ئەو شوێنە ستراتجییە و سەرکەوتن لەو شەڕەدا. وەک “مەسعود بارزانی” ئاماژەی پێداوە، بۆچوونی خۆی وابوو، کە پارتەکەی خاوەنی هێزێکی چەکداری زۆر و چەکی باش نەبووە، تا بڕیاری بەشداری لەو شەڕە بدات، بەڵام کاتێک لایەنی ئێران سوور بوون لەسەر شەڕەکە و بەشداریکردنی هێزێکی پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆیە پێویست بووە هاوکاری بکرێن، چونکە دواجار هەر دوولایان، نەیاری دەوڵەتی ئێراق بوون.
دوای وەرگرتنی ئەو ڕاویژە و ئامادەکاری بۆ شەڕەکە، سوپای ئێران بە فەرماندەیی (جەنەڕاڵ سەیاد شیرازی) و بە یاوەری (جەنەڕاڵ موحسینی ڕەزایی) لە (#22-07-1983#ز)، بە هاوکاری هێزێکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بە فەرماندەیی (
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانی)، دوای شەرێکی سەخت و کوژرا و بریندارێکی زۆر، دەستگیرا بەسەر لوتکەی چیاکەدا. لوتکەیەک ناوچەی (حاجی ئۆمەران)و دەوروبەری لەبەردەستدا بوو. حکومەتی ئێراقیش بە پشتیوانی هێزێکی هەر دوو فەیلەقی (یەک و پێنج) و چەندین یەکەی سەربازی و هێزەکانی کرێگرتەی کورد لە لە هۆزەکانی (زێباری، هرکی، سوورچی، ڕێکانی، برادۆستی) و چەند هۆزێکی تر، ڕووبەڕووی ئەو شاڵاوە وەستان، بەڵام سەرەتا شکستیان هێنا. هەر بۆیە حکومەتی ئێراق و سەرۆکەکەی، ئەو شکستەی کردە پاساو بڕیاری ئەنفالکردنی بارزانییەکان دا. شەڕی (حاجی ئۆمەران) نەک هەر شەڕی (دوو) دەوڵەت بوو لە ناوچەیەکی کوردستان، بەڵکوو گواستنەوەی هێزی شەڕەکە بوو لە ناوەڕاست و باشووری دەوڵەتی ئێراقەوە بۆ بەشی باکووری، کە ئەو کات بە (ناوچەی ئۆتۆنۆمی) ناسرا بوو. واتە لە کاتێکدا دەوڵەتی ئێراق لە هەردوو بەرەی ناوەڕاست و باشووری وڵاتەکەی توانیبووی لەنێوان ساڵانی (1980-1983ز.) بچێتە ناو خاکی ئێران و چەندین شار و شارۆچکە بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، بەڵام لە بەری باکووری ئەو پێشڕەوییانەی بۆ نەکرا و شکستی خوارد. ئەمە و لە دوای ئەو شەڕە هاوکێشەکە پێچەوانەوە بوویەوە، بەوەی دەوڵەتی ئێران هاتە نێو خاکی ئێراق و دەستی گەیشتە چەندین ناوچە و شارۆچکەی تر. تەنانەت شاڵاوەکە بە ئاستێک بۆ ئێرانییەکان گەورە و کاریگەر و بە بایەخ بوو، ناوی (وەلفەجەری دوو-والفجر)یان لێنا. واتە (یەک) لەو (دە) وەلفەجرەی ئێرانییەکان، بۆ ئەو شاڵاوە دانرا.
خاڵێکی گرنگی تر لەو ڕووداو و شاڵاوە ئەوە بوو، کە ڕەوتی ڕووداوەکانی جەنگەکە بۆ کورد بە گشتی و پارت و ڕەوتە کوردییەکانی شاخ و هێزە کرێگرتەکانی کورد، بە ئاڕاستەیەکی تردا گوزەری کرد. ئەوەش سەرباری ئەوەی حکومەتی ئێراق، پاساوی دەسکەوت، تا دەست بداتە ئەنفالی بارزانییەکان، بۆ ڕاستکردنەوەی هاوسەنگی هێزی خۆی بەرانبەر سوپای ئێران لە ناوچە کوردییەکان، لەگەڵ (#یەکێتیی نیشتمانی کوردستان#) کەوتە گفتوگۆ. بەتایبەت دوای ئەوەی تا ئەو کات، ئەو ڕەوتە، نەیارێکی تووندی پارتی دیموکراتی کوردستان و ماڵباتی بارزان بوو، ئەمە و شەڕی دەوڵەتی ئێرانیشی دەکرد. هەر بۆیە کەڵک وەرگرتن لەو هێزە، چەندە لە بەرژەوەندی خودی (#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#) بوو لەو دۆخەدا دەوڵەتی ئێراق ئاوڕی لێبداتەوە، دوو ئەوەندە لە بەرژەوەندی حکومەتی ئێراق بوو، بەو هێزە کاریگەرە شەڕی (پارتی دیموکراتی کوردستان)و هەموو ئەوانە بکات، لە بەرەی دەوڵەتی ئێران بوون.
لەلایەکی دیکەوە بە گواستنەوەی ئەو شەڕە و بەو چڕییە بۆ بەری باکوور، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، چوونە شەرێکی سەختترەوە. ئەمەو جگە لەوەی بووە هۆکاری چۆڵکردن و سووتان و وێرانبوونی سەدان گوند و دەیان شارۆچکە. هەر بۆیە ئەو شەڕە، چەندە بە قازانجی دەوڵەتی ئێران و زیانی دەوڵەتی ئێراق بوو، زیانەکانیشی بۆ کورد بە گشتی کەم نەبوو. [1]