ناونیشانی بابەت: تارماییە هەمیشەییەکە
نووسینی: #نووری بێخاڵی#
ئەمڕۆ #06-03-2024#، ڕێک (49) ساڵ، واتە نیو سەدە ساڵێک کەم، بەسەر ڕێککەوتننامەی شوومی جەزائیردا تێدەپەڕێت، کە تیایدا و لە میانی گەلەکۆمەیەکی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان تووشی نسکۆ هات و دەستکەوتە سیاسی و یاساییەکانی درێژترین شۆڕشی کورد لە مێژووی هاوچەرخدا (#شۆڕشی ئەیلوول#)، زیندەبەچاڵ کران. وەبیرهێنانەوەی ئەم یادە تاڵە و هەموو کۆستەکانی وەک کیمیابارانکردن و ئەنفال و جینۆساید، کە بوونەتە بەشێک لە یادەوەریی نێوکۆیی گەلی کوردستان، کارێکە دەبێت بەردەوام بایەخی پێ بدرێت، بۆ ئەوەی نەوەی ئێستا و داهاتوو، هەروا ئاسان دەستبەرداری خەون و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی نەبێت و بێدادی و گەندەڵی و خراپ فەرمانڕەواییکردنی حیزبەکان، نەکاتە بیانووی ئەوەی، کە ڕاکردن و خۆدزینەوەی لە بەرپرسیارییەتیی نیشتمانی، پێ پاساو بداتەوە.
ڕەوانشاد (
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانی) لە ڕۆژی #07-03-1975# لە نامەیەکیدا دەربارەی #رێککەوتنی جەزائیر# و هەڵوێستی ئێران، بۆ سەرۆک (#مەسعود بارزانی#) دەنووسێت: “تیمسار مەهام لە زاری سەیادیان پێی ڕاگەیاندم کەوا ئەوان بە تەنیا لە گۆڕەپانەکە بەجێمان ناهێڵن و منیش پێیم وت پاشەکشەی ئێوە بەم شێوەیەی کە دەیبینم، دژی پرەنسیپی بەجێنەهێشتنمانە بە تەنیا و نیگەرانی و دڵگرانیی خۆم پێی ڕاگەیاند. هەروەها پێیشم وت ئەگەر ژیانێکی شەرافەتمەندانەمان نەبێت، ئەوا دڵنیا بە مردنێکی شەرافەتمەندانە قەبووڵ دەکەین”. دەقی ئەو نامەیەی ڕەوانشاد (ئیدریس بارزانی)، هەموو ئەو زانیاری و قسانە پشتڕاست دەکاتەوە، کە دەڵێن هێزەکانی ئێراق لە دواوە و لەناو خاکی ئێران، پشتیان لە پێشمەرگە گرتبوو. تەنانەت زۆرێک لە پێشمەرگە و شایەتحاڵەکانی ئەو ڕۆژگارە کە ئاودیوی ئەودیو سنوور ببوون، باس لەوە دەکەن کە بە چاوی خۆیان سەربازی ئێراقییان لە (#مەهاباد#) بەسەر پشتی زیل و ئیڤاوە بینیوە، کە بەرەو (خانێ) ڕۆیشتوون.
زۆر کەس پێیان وایە، لە ئاکامی خۆشباوەڕیی سەرکردایەتیی شۆڕش بە ئەمریکا و پشتبەستن بە ئێران، کە دواتر هەمووان پشتیان لە کورد کرد، شکست بە شۆڕشەکە هێنرا و بێ ئومێدیی تەواوی کوردستانی گرتەوە، بەڵام واقیعی ئەو کاتە و بەڵگەنامەکان شتێکی دیکەی پێچەوانەی ئەم بۆچوونەمان پێ دەڵێن. ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکانی ئەو کات، بۆ نموونە سەردانی بەردەوامی هەردوو وەزیری دەرەوەی ئێراق و ئێران بۆ لای یەکتری، کۆبوونەوەی نوێنەری ئێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ (هنری کیسنجەر)ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ڕۆڵی وڵاتانی ناوبژیوانی ئەندام لە ڕێکخراوی (ئۆپێک) پێش مۆرکردنی ڕێککەوتنەکە، هەروەها سەرکووتکردنی شۆڕشی (زەففار) لە عوممان و سەرگرتنی (کامپ دەیڤد) دوای ڕێککەوتنەکە، ئاماژەن بۆ ئەوەی، کە ڕێککەوتنەکە لەپڕێکدا نەبووە، بەڵکوو بەرهەمی پلانی پێشوەختە و بەرنامە بۆداڕێژراو بووه. لە ماددەی حەوتەمی بەشی دووەمی ڕێککەوتنەکەدا هاتووە: ” ئەو ڕێککەوتننامەیە، بە ناوەرۆک و پرۆتۆکۆل و پاشکۆکانی، بە گوێرەی ماددەی 102 لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تۆمار دەکرێت”، بەڵام بە ڕای شارەزایانی بواری یاسای نێودەوڵەتی، چونکە خودی ناوەرۆکی ڕێککەوتنەکە دژی ڕێککەوتننامە و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ماف و ئازادییە سیاسییەکان و بە تایبەتیی دژی بنەمای مافی نەتەوەکانە لە دیاریکردنی چارەنووسدا، بۆیە نە ئەو کات و نە ئێستا و نە لە داهاتووشدا ئەو ڕێککەوتنە ڕەوایی نێودەڵەتی وەرنەگرتووە و وەرناگرێت.
ماددەی پێنجەمی بەشی دووەمی ڕێککەوتننامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ” بە هیچ شێوەیەک نابێت دەستکاریی هێڵی سنووری وشکانی و ئاوی نێوان ئێراق و ئێران بکرێت، ئەمەش بڕیارێکی کۆتایی و هەمیشەییە”. ئەوە لەکاتێک دایە کە (سەددام حسێن) لە کاتی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران -ئێراق و بە دیاریکراوی لە #17-09-1980#، لە تەلەڤزیۆندا وتی: “لێرەوە کۆتایی بە ڕێککەوتنی جەزائیر هات و هیچ بەهایەکی نییە)، کەچی هەر (سەددام) خۆی، لە کۆتایی ساڵی 1990 و لە کاتی داگیرکردنی کوێت و ئابڵووقەی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر ئێراق، لە نامەیەکدا بۆ (ڕەفسەنجانی)ی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی ئێران، پابەندیی خۆی و ئێراقی بە ڕێککەوتنەکە دووبارە کردەوە. ڕاستییەکەی، ڕێککەوتنی جەزائیر سەودایەک بوو لەنێوان ئێراق و ئێران لەسەر حیسابی شۆڕشی کورد، سەوداکەش لەلایەن یەکێتیی سۆڤییەتی ئەو کات و ئەمریکا بەڕێوە دەچوو، کە جگە لە کورد، تیایدا ئێراق دۆڕا و ئێران براوە بوو. ناوەرۆکی ماددەی پێنجەم و دەنگۆی دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکەش لە ساڵانی دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس و نەمانی (سەددام)، پرسیاری ئەوە دێنێتە پێشەوە، ئایا لەباردایە ئەو ڕێککەوتنە هەڵبوەشێنرێتەوە، یان بە گوێرەی هەلومەرجی سیاسی ئەمڕۆ هەموار بکرێتەوه؟ ئەی لە ئەگەری دووبارە پیادەکردنی ناوەرۆکی ڕێککەوتننامەکە و هەموارکردنەوەی، چ مەترسییەک بۆ سەر ئێستا و ئاییندەی هەرێمی کوردستان و ئەزموونەکەی درووست دەکات؟ لە کاتێکدا کە هەم زەمینە و زەمان و هۆکارەکانی لەدایکبوونی ڕێککەوتنەکە نەماون، هەمیش سیستەمی حوکمڕانی هەردوو وڵات گۆڕانی ڕیشەییان بەسەردا هاتووە، هاوکات گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکەدا ڕوویان داوە، ڕەنگە ئەگەری هەڵوەشاندنەوە، یان نوێکردنەوەی ڕێککەوتنەکە و هەموارکردنەوەی ناوەرۆکەکەی، نەک هەر ئاسان نەبێت، بەڵکوو نزیکیش بێت لە مەحاڵ و کاری نەکردە.
ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە و پاشانیش کۆتاییهێنان بە شۆڕش، کاریگەریی نەرێنی لەسەر شۆڕش خۆی و دەروونی پێشمەرگە و هاووڵاتییانیش کرد. بە قسەی شایەتحاڵەکانی ئەو کات، دۆخەکە بۆ خۆی کارەسات بوو، کە کاریگەرییەکەی بەڕوونی لە ڕووخساری هەموواندا ڕەنگی دابووەوە. وەک لە بەرپەڕی هەندێک لە پەرتووکەکانی مێژوو و یادەوەرییەکاندا خوێندوومانەتەوە، گوایە سەرکردایەتیی شۆڕش زوو ڕادەستی واقیعەکە بوو و ئیرادەی ڕووبەڕووبوونەوەی نەبوو، ئەگەرنا پێشمەرگە ئامادەی شەڕ و بەرگری بوو، بەڵام لە بەرانبەردا هەن پێیان وایە، ئەم بۆچوونە جۆرێک لە کورتبینی و هەستنەکردن بە بەپرسیارێتی تێدایە و دەڵێن، بڕیاری (#بارزانی نەمر#) بۆ کشانەوەی هێزی پێشمەرگە و سەرپشککردنی خەڵک لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، یەکێک بوو لە هەنگاو و تاکتیکە سەرکەوتووەکانی ڕێبەری شۆڕشەکە. سەرەڕای ئەوەی ڕێککەوتنەکە ڕاگەیاندنی مەرگی شۆڕش و دەستکەوتەکانی بوو، هەروەها بووە هۆی ئاوارەیی و دوورخستنەوە و پەنابەریی سەدان هەزار کورد، بەڵام هەیە پێی وایە دەرهاویشتەکانی دوای ئەوە، لە ئاستی کوردستانی و ئێراقی و جیهانیدا، بە قازانج بۆ کورد و شۆڕشەکەی گەڕانەوه. لەوەشدا نموونە بە چارەنووسی سەددام و شای ئێران و لەناوچوونی سیستەمە حوکمڕانییەکەیان و ڕاپەڕین و هاتنەکایەی هەرێمی کوردستانی بەرهەمی قوربانیدانی گەلی کوردستان و ڕاپەڕین دێننەوە.
دواجار ماوەتەوە بڵێم، (پەیمانی سنووری نێودەوڵەتی و دراوسێیەتی باشی نێوان ئێراق و ئێران)، ئەوەی کە بە (ڕێککەوتننامەی جەزائیر) ناسراوە، لە #09-09-1975# لەنێوان ئێراق و ئێران و بە ناوبژیوانی جەزائیر ئەنجام درا. ڕێککەوتنەکە لە جەزائیر بە سەرپەرشتیی (هەواری بۆمدین)ی سەرۆک کۆماری جەزائیر، لەلایەن هەریەکە لە (سەددام حسێن، جێگری ئەو کاتی سەرۆک کۆماری ئێراق) و (محەمەد ڕەزاشا، شای ئێران)، واژۆ کرا. ڕێککەوتنی جەزائیر کە لە دەقێکی کورتی سێ خاڵی و پێشەکی و پاشبەندێک پێکهاتووە، دوای چەندین کۆبوونەوەی لیژنە هاوبەشەکانی هەردوو وەزارەتی دەرەوەی ئێراق و ئێران و بە چاودێریی (عەبدولعەزیز بوتەفلیقە)ی وەزیری دەرەوەی جەزائیر، کۆمەڵێک ڕێککەوتنامەی دیکەی لێکەوتەوە، لەوانه: (پرۆتۆکۆڵی لێکتێگەیشتن) و (پرۆتۆکۆڵی تایبەت بە سنووری وشکانی) و (پرۆتۆکۆڵی تایبەت بە سنووری ئاوی) و (پرۆتۆکۆڵی پاراستنی ئارامی و ئاساییشی سنوور) و چوار ڕێککەوتنی دیکە، کە بە هەموویان نزیکەی (50)ماددە لەخۆیان دەگرن، ئەمە و سەرەڕای دەقی نامە ئاڵوگۆڕکراوەکانی نێوان هەردوو وەزیری دەرەوەی ئێراق و ئێران. [1]