=KTML_Bold=دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی=KTML_End=:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش یازدە ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان ئەنجامیان دا، تاوانێک بوو هەموو سنوورەکانی نامەردی و دڕندەیی تێپەڕاندبوو، ئەمە ئازارێکە هەرگیز لە یادمان ناچێت.
قەدەری گەلی کورد ئەوە بووە کە هەمیشە دوژمنی دڵڕەق و بێویژدانی هەبووە و کارەسات لەدوای کارەسات بەرۆکی گەلی کوردستانی گرتووە.
ئەوەی لەدژی خوشک و برایانی ئێزیدی ڕووی دا درێژکراوەی ئەو زنجیرە کارەساتانەیە کە لەدژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون.
لای هەموو کەسێک ڕوونە ئێزیدییەکان بە هۆی کوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە کەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و بێویژدانیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید کران. لەدوای ڕوودانی ئەو کارەساتە لەسەر دەستی تیرۆریستانی #داعش#، گەلی کوردستان و پێشمەرگە بە دڵ و بە گیان لەگەڵ خوشک و براکانیان بوون و ئەوەی لەدەستیان هات بۆ ڕزگارکردنی ئاوارەکان و ئازادکردنی #شنگال# و چیای شنگال ئەنجامیان دا. لێرەدا ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەموو ئەو قارەمانانە بەرز دەنرخێنین کە مێژووییەکی پڕشنگداریان تۆمار کرد و بۆ ئازادکردنی چیای شنگال و شنگال خوێنیان بەخشی و تۆڵەیان لە تیرۆریستانی داعش کردەوە و سەری تیرۆریستانیان خستە ژێر پێی ئێزیدییەکان. هەروەها زۆر سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەین کە لە یارمەتیدانی پێشمەرگە و تێکشکاندنی داعش ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی. لە یازدەهەمین ساڵیادی کارەساتی شنگالدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە و هەموو ئەو تاوان و کۆمەڵکوژیانە دەنێرین کە بەسەر گەلی کوردستاندا هاتوون.
پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی قوربانیانی کارەساتی شنگال و هەموو ئەو جینۆسایدانە بکات کە دەرهەق گەلی کوردستان ئەنجام دراون. دەبێ کۆتایی بەو هزر و ڕەفتارە شۆڤینیانە بێت کە هەرجار و بە بیانوویەک و بە عەقلیەتێکی نامرۆڤانە و نکۆلیکار ئازاری گەلی کوردستان دەدەن. [1]
#مەسعود بارزانی#
#03-08-2025#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=