وەڵام بۆ پەرتووکی بیرەوەرییەکانی فارس کورەمارکی
#مەغدید حاجی#
بەشی دووەم و کۆتایی
هەڤاڵ فارس ڕاستدەکات کە دەڵێت: شەڕی هەندرێن یەک لە دیارترین شەڕەکانی شۆڕشی ئەیلول بوو .. هەروەها ڕاستە کە کاک #ئیدریس بارزانی# سەرپەرشتی دەکردە سەر هەردوو بەرەی هەندرێن و زۆزک (ل 108 )، بەڵام پلانی شەڕی هەندرێن کاک ئیدریس داینەناوە، بەڵکوو پلانی شەڕەکە (#12-05-1966#) و ڕزگارکردنی چیای هەندرێن، لەلایەن ڕەئیس کەمال نعمان بەرپرسی سیاسی و سەربازی هێزی حزبی شیوعی (لێژنەی ئازادی ) دانراوە، بە هاوکاری لەگەڵ ئەندامانی لێژنەی ئازادی ( فاخیر مێرگەسۆری، ملازم خدر، منیر یەعقوب، حاجی مەلا سەعید) لەگەڵ عزەت سڵێمان بەگی دەرگەڵە. (چاوپێکەوتنی تۆمارکراومان لەگەڵ فەریق نعمان علوان، ناسراو بە ملازم خدر، لە #16-01-2022# بارەگای کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی ئێراق لە هەولێر)
ڕاستە فاخر مێرگەسۆری کە ئەندامی حزبی شیوعی بوو، فەرماندەی مەیدانی یەکەمی داستانی هەندرێن بوو، بەو پەڕی ئازایەتی شەڕی کردووە، لەوەشیاندا کاک فارس ڕاستی نووسیوە کە دەڵێت: پێشمەرگە شیوعییەکان ڕۆڵێکی دیاریان بینی، لە ناویاندا چەندین ئەفسەری عەرەب هەبوون کە پەیوەندییان بە شۆڕش کردبوو، ڕۆڵیان هەبوو لە یەکلاکردنەوەی شەڕەکە..
نووسەری بیرەوەری (فارس کورەمارکی) لە لایەک ستایشی شەڕی هەندرێن و ڕۆڵی شیوعییەکان دەکات، بەڵام دوای چەند دێڕێک بە ناڕەوا دەیەوێت لە گرنگی داستانی هەندرێن کەمبکاتەوە و دەڵێت: ئەگەر ئێمە لە هەردوو بەرەی زۆزک و گەرووی عومەراغا، خۆڕاگر نەبووینایە سەرکەوتن بەدەست نەدەهات!
دەڵێت: وەکوو گریمانە، ئەگەر سوپا دەستی بەسەر چیای هندرێن دابگرتایە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەیان جێبەجێ نەدەبوو (ل 108) بە بێ کۆنترۆڵی چیای زۆزک و گەرووی عومەراغا، سوپا نەیدەتوانی ڕێگای هامڵتۆن کۆنترۆڵ بکات .. نووسەر دەڵێت ، دەبوو لەجیاتی ناونانی (شەڕی هەندرێن) ناوبنرایە شەڕی (حەوزی ڕواندز) یان (باڵەک)!نووسەر دەڵێت ، من نکووڵی لە کاریگەریی شیوعییەکان، بە سەرکردایەتی فاخر مێرگەسۆری ناکەم لە شەڕی حەوزی ڕواندز، بەڵام سەرکەوتنەکە لە هەرسێ بەرەی شەڕەکەدابوو (ل 109)..
ئێمەش لە وەڵامیدا دەڵێین، نکوڵی لە قارەمانێتی و بەرگریی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی پارتی لە هەردوو بەرەی چیای زۆزک و گەرووی عومەراغا ناکەین، کە فشاری زۆری جاش و سوپایان لەسەر بوو، شەڕ و بەرگریی جوامێرانەیان کرد و شەهید و برینداریشیان زۆر بوو.. بەڵام نەک تەنیا شیوعییەکان گرنگی شەڕی هەندرێنیان وەکوو شەڕێکی یەکلاکەرەوە و شکستپێهێنان بە پلانی دوژمن (توکلت علی الله) باسکردووە، بەڵکوو بەشێک لە فەرماندە باڵاکانی پارتیش نەیان توانیوە دان بەو ڕاستییەدا نەنێن.. کاک مەسعود بارزانی لە ڕۆژی #12-05-2023# دا، لە مەراسیمی کردنەوەی مۆنۆمێنتی بارزان، یادی داستانی هەندرێنی کردەوەو ڕاستگۆیانە، دەقاودەق وتی: ئیمڕۆ ڕۆژی سەرکەوتنی داستانی هەندرێنە لە 12-05-1966 کە بە تەمابوون، بەرنامەیەکیان دانابوو، بێن بە خیلالی دوو هەفتە بگەنە حاجی ئۆمەران، بەڵام پلانەکەیان سەری نەگرت... لە هەندرێن وەکوو ئەمڕۆ سعات چوار هێرشی مقابل دەستی پێ کرد ، بە ڕاستی پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی دەورێکی زۆرزۆر گەورەیان بینی لەگەڵ پێشمەرگەکانی تری شۆڕش. بەڵام مێژوو حەقیقەت چۆنە دەبێت بیڵێ ، دەوری پێشمەرگەکانی شیوعی زۆر گەورە بوو، بە تایبەتیی کەمال نعمان، ملازم خدر کە ئێستا فەریقیشە ئێمە هەر پێی دەڵێین ملازم خدر .. لیوای چوار هەر تەفروتوونابوو، ئەوەبوو مفاوەزات دەستی پێ کرد و هودنەی حوزەیران پەیدابوو.
دەتوانین بڵێین ئەم قسانەی کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەڵامە بۆ هەموو ئەوانەی نەیانویستووە ڕۆڵی ڕاستەقینەی فەرماندەو پێشمەرگە شیوعییەکان لە داستانی هەندرێن و کاریگەریی ئەم داستانە بخەنە ڕوو.
دووپاتی دەکەینەوە سەبارەت بە دانانی پلانی ڕزگارکردنی هەندرێن، لە سەرەوە بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنی تۆمارکراومان لەگەڵ ملازم خدر ڕوونمان کردەوە. سەبارەت بە بۆچوونی دیکەی کاک فارس کە جەبهەی شەڕی هەندرێن بەرانبەر بە شەڕی زۆزک و گەرووی عومەراغا بە لاوەکی دادەنێت!
بێگومان ئەم بۆچوونەش دوورە لە ڕاستی، با ئەوجارەش بەڵگەکەم یان سەرچاوەکەم، لایەنی حیزبی شیوعی نەبێت، بەڵکوو فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە مەلامستەفا بارزانی بێت، لە دوای سەرکەوتن لە شەڕی هەندرێن مەلا مستەفا بارزانی یەکسەر برووسکەی پیرۆزبایی بۆ هێزی باڵەک و هەموو فەرماندەکان ناردووەو دەڵێت: سوپاسی هەڵمەتتان دەکەین ئەی قارەمانانی کوردستان لە چیای هەندرێن، هەوڵ و ماندوبوونتان بەرز دەنرخێنین و پیرۆزباییتان لێدەکەین، بەرانبەر بەو قارەمانێتییە کەموێنەیەتان، لە بەرگریکردن لە خاکی پیرۆزی کوردستان .. بڕوانە: ( شانێک بە بن باری نیشتمانەوە، ژینواری عزەت سڵێمان بەگ دەرگەڵەیی، ل 173)
لە هەمان کاتدا سەرکەوتنی بەمجۆرە لە چیای زۆزک و گەرووی عومەراغا بەدەستنەهات، تاکوو بارزانی برووسکەی پیرۆزباییان بۆ بنێریت. بەڵکوو لەو کاتدا بارودۆخی سەربازی لە زۆزک زۆر ئاڵۆز بوو.. بڕوانە: (مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، شۆڕشی ئەیلول ( 1961-1975 ) ل 381 -383)
هەروەها کاک مەسعود بارزانی نووسیویەتی و دەڵێت: ڕۆژی 12ی ئایار پێشمەرگە داستانێکیان لە نازدارترین داستانەکانی گەلی کورد لە هەموو مێژوویدا تۆمارکرد..هەندرێن بارودۆخی سیاسی و سوپایی سەروبن کردەوەو کارێکی بەو کۆمەڵە دڵ لە کورد پڕ لە کینەیەی ناو دەسەڵات بە دەستان کرد، کە لە شەرمەزارییاندا سەریان شۆڕ کەن، ئیتر لەوە پاش ورتەیان نە دەبیسترا.. بڕوانە: (مەسعود بارزانی، سەرچاوەی پێشوو، ل 221).
عزەت سڵێمان بەگ، یەک لە فەرماندەکانی سەربە بارەگای بارزانی لە بارەی گرنگی شەڕی هەندرێن نووسیویەتی و دەڵێت: .. گەورەترین ئەگەر بڵێم لە هەموو کوردستانا ، شەڕی هەندرێن بوو، شەڕی وا سەرکەوتوو بەناوبانگ کەم بووە.. (ژیان و بەرخودان عزەت سڵێمان بەگ.. ئامادەکردنی شێرزاد عەبدولرەحمان، 1995 ، ل 45).
لە پەرتووکی (بیرەوەرییەکانی فارس کۆرەمارکی، ل 111) پەراوێز ژمارە (6) دا هاتووە، هەندێک لە شیوعییەکان زێدە ڕۆیی دەکەن کە سەرکەوتنی پێشمەرگە لە هەندرێن بۆ خۆیان دادەنێن!! دوایی نووسویەتی و دەڵێت: ئایا ئەوان یەک بریندار یان یەک شەهیدیان لە شەڕی هەندرێن تۆمارکردووە؟!
لە ڕاستیدا حەزم نەدەکرد وەڵامی ئەم کاک فارسە بدەمەوە، چونکە نەماوە کۆچی دوایی کردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی پەرتووکی نووسیوە و پەرتووکەکە چاپکراوە و خەڵکانێک وەکوو سەرچاوە لەوانەیە پشتیان پێی بەستابێت یان پشتی پێ ببەستن، جا لە پێناوی ڕاستی مێژوویی بە چاکم زانی وەڵامی بدەمەوە، پەرتووکەکەشی لەم دواییە بەدەست من گەیشت.
بۆ ڕۆڵ و قوربانی دانی شیوعییەکان ئەگەر خوێنەر، نەشگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە شیوعییەکان، بەڵکوو بگەڕێتەوە بۆ هەندێک سەرچاوە کە من لە سەرەوە ئاماژەم بۆ کردن دەتوانێت لە حەقیقەت بگات..
سەبارەت بە شەهید و بریندارەکان لە داستانی هەندرێندا، هەموو ئەوانەی لەم شەڕەدا بەشداربووینە و باسیان کردووە و دەیان سەرچاوەش لەبەردەستە، لە داستانی هەندرێن ڕۆژی 12-5-1966 تەنیا سێ پێشمەرگەی قارەمان شەهید بوون، دوانیان پێشمەرگە و ئەندامی حیزبی شیوعی بوون: (شەهید عەریف یونس سەرلق و بەرپرسی فیدائیە شیوعییەکان بوو، شەهید ساڵح مام ئەلیاس ڕواندزی کوڕی مام ئەلیاس کە سەرپەل و لەگەڵ کوڕی فیدائی بوون لە شەڕەکە، سێیەم شەهید خدر عەوڵابەگ بەرپرسی یەک لە گرووپەکانی فیدائی لقی عزەت سڵێمان بەگ بوو، ئەوانیش دۆستی حزبی شیوعی بوون).
سەبارەت بە بریندارەکانیش: (مستەفا چاوڕەش ، ڕەئوف ئەڵڵا کەرەمی هەڵەبجەیی، حەسەن قەرەچەتانی، حەسەن عەوڵا حسێن، حسێن مەولود، سەعید ڕەزاق دەرگەڵەیی، حسێن مەولود کەڵێتەیی، عومەر قەرەچەتانی، ئیسماعیل نەسڕوڵڵا، سەعید حەمەد ئاغا) زرار سڵێمان بەگیش پێی وەرگەڕابوو. بەڵام خۆی باسی برینداربوونی خۆی نەکردووە، بەڵکوو مستەفا چاوڕەش ناوی وەکوو بریندار تۆمارکردووە، بڕوانه:
(بیرەوەرییەکانم، زرار سڵێمان بەگ دەرگەڵەیی، 2007؛ یادەوەریەکانی مستەفا چاوڕەش، چاپی یەکەم، ل48؛ عزەت سڵێمان بەگ، ڕۆژنامەی برایەتی 13-05-1993؛ مەحمود دکتاریۆف، گۆڤاری هەندرێن، ژمارە سفر، 1998 ).
عزەت سڵێمان بەگ دووپاتی کردووەتەوە کە تەنیا ئەوان و هێزی حیزبی شیوعی لە داستانی هەندرێن ڕۆژی 12-05-1966 بەشدار بوون.
بەشێکیش لە پێشمەرگەکانی کاک عزەت یان شیوعی بوون یان دۆستی حزبی شیوعی بوون.. بارزانیش پاراستنی هەندرێنی بە پلەی یەکەم بە حزبی شیوعی سپاردبوو، کاک مەسعود بارزانی لە پەرتووکەکەیدا ئەمەی چەسپاندووەو دەڵێت: ئەرکی هەرە گەورە لە داکۆکی کردن لە هەندرێن لە ئەستۆی یەکە لەشکرییەکانی حزبی شیوعیدا بوو بڕوانە: مەسعود بارزانی سەرچاوەی پێشوو، ل 217.[1]