ئەمڕۆ یادی 37ەمین ساڵی کۆچی دوایی #ئیدریس بارزانی#یە کە لە ڕوژێکی وەک ئەمڕۆدا بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردی یەک لە سەرکردە دیارەکان و ئەندازیاری ئاشتی لەدەست دا.
لە ڕۆژی #31-01-1987# ئیدریس مەلا مستەفا بارزانی کۆچی دوایی کرد. ئیدریس بارزانی مل بە ملی سەرۆک #مەسعوود بارزانی# ڕۆڵێکی گرنگی لە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد و کوردستان و خەبات دژی داگیرکەراندا هەبووە. سەرۆک مەسعوود بارزانی دەربارەی ئیدریس بارزانی برای دەڵێت: ئیدریس بارزانی کەسێکی زۆر گەورە بوو، گەورەیی ئەو لە تێگەیشتن و پێگەیشتنی ئەو بووە، هەموو سیفاتەکانی #مەلا مستەفا بارزانی# لەناو ئەودا هەبوون، مرۆڤێکی ئاشتیخواز بوو و هیچ جارێک حەزی لە تۆڵەسەندنەوە نەبووە.
زۆرێک لە سەرکردەکانی کورد باس و پەسنی ئیدریس بارزانی دەکەن، ڕەوانشاد مام #جەلال تاڵەبانی#، دەربارەی ئەو کەسایەتییە وتویەتی: ئیدریس بارزانی کەسێکی ژیر بوو و پاشەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆی دەدیت.
#نێچیرڤان بارزانی# کاتێک باسی باوکی دەکات، دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی کە ئەرکی باوکم گران بوو، خۆی لە خوێندنەوەی پرتووک دور نەدەکرد و زۆربەی هۆزانەکانی، خانی و جزیری و وەفایی لەبەر بوون.
هەر دەربارەی ئیدریس بارزانی دا، #د. ڕۆژ نووری شاوەیس# دەڵێت: ئەو مرۆڤیکی کوردپەروەر و نەتەوەیی بوو، فەرق و جیاوازی لەنێوان کوردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستاندا نەدەکرد.
#فازڵ میرانی#یش دەڵێت: کلیلی چارەسەر کردنی هەموو کێشەکان لە دەستی ئیدریس بارزانی دا هەبوو.
سیاسەتمەدار #مەحموود عوسمان#یش دەربارەی ئیدریس بارزانی دەڵێت: ئەو مرۆڤێکی شەڕخواز نەبوو، حەزی لە شەڕ نەبوو، بە تایبەت شەڕی کورد و کورد.
هەروەها حەمید ئەفەندی، پێشمەرگەی #شۆڕشی ئەیلول#یش دەڵێت: ئیدریس بارزانی کەسێکی زۆر ژیر بوو و بیر و هزر و مێشکێکی سەربازی و ئیداری بەهێزی هەبوو.[1] [2]