ئەیوب مەحمود ئابڵاخی
زۆر ڕووداو و بەرخودان لە شۆڕشی باشووری کوردستاندا هەبوون کە ونن و نەبوونەتە فاکتێکی مێژووی و وەک بەشێک لەو بەرخودانانە بناسرێ، کە ئێستە لەسەر کەناڵەکان و گێڕانەوە مێژووییەکان دەبنە چیرۆکی بەرخودانی شۆڕشی کوردی، لەناو ئەم ڕووداوانەدا بۆ #هەولێر# گرنگە ڕووبەڕووبوونەوەکان و هێزی ڕێکخستن و دەرکەوتنیان لەناو هەولێردا وەک خۆی بناسرێت تا ڕاستییە مێژووییەکان ون نەبێت، ئەو ڕێکخستنەی بۆ یەکەمین جار لە هەولێردا بەیاننامەی بڵاوکردەوە و درووشمەکانی لە شوێنە دیارەکانی هەولێردا دەنووسی گرووپێک بوین کە خوێندکار بوین لە هەولێردا ، لێرەدا وەک خۆی هەموو ڕاستییەکان دەڵێم؛ تا ببێتە بەشێک لەو خەباتی بەرخودانە و ببێتە مێژووی سەلمێندراو.
کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو(سەدەی بیست) لە ساڵی 1978پەیوەندیم کرد بە ڕێکخستنەکانی پارتی سۆشیالیستی کورد (#پاسۆک# )و ناوی نهێنیم (شێرکۆ)بوو، لە ڕێگای عەبدوڵڵا کەریم (زەردەشت)ەوە بوو، ئەوەی مەبەستمە باسی بکەم ئەو سەردەمە چالاکی ڕێکخستن زیاتر خۆی لە بڵاوکردنەوەی نووسراوی حیزب و نووسینی دیوارەکان بە درووشمی دژبە ڕژێمی #بەعس# دەبینییەوە، ئێمەش وەک ڕێکخستن سەرەتای پایزی 1980 مانگێک ئەبوو شەڕی ئێراق-ئێران دەستی پێ کردبوو لەگەڵ کاک زەردەشت لە #سلێمانی# شەوێک چالاکی دیوار نووسینمان ئەنجامدا، دیوارەکانی شێخ محی الدین لە نزیک ئابڵاخ تا مەتحەفەکە و بەیتەرە لە نزیک شەقامی گشتی سالم، لەناوەڕاستی 1980پەیوەندیم کرد بە ئیحسان (هەڵمەت)ەوە، کوڕێکی تا بڵێی بە ئیمان و چاونەترس بوو، دڵسۆزبوو لەدەمەو بەهار شەوێک لەگەڵ ئەویش دیوارمان نووسی ئەم جارە لە چوارباخ و نزیک (مزگەوتی عەبدوڵڵا لوتفی)، لەمەیاندا من بە باشم نەدەزانی و شوێنەکە ترسناک بوو بەشداریم لە دوو، یان سێ نووسین کرد و وتم؛ ئەڕۆم و هەردوکمان ڕۆشتین. دوای ماوەیەک شانەکەی ئێمە (دەمانچەیەکی لامەی بچوک)مان وەرگرت و بەزۆری لای من بوو، چەند پلانێکمان داڕشت بۆ کوشتنی پیاوانی ڕژێم و سەری نەگرت، گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی بۆ هەولێر ساڵی1981بووە هۆی لەیەک دابڕانمان، چونکە هەڵمەت لە زانکۆ بوو، من لە شەشی زانستی. لە مانگی12ی 1981 لە (معهد اعداد المعلمین)لە هەولێر وەرگیرام، مانگی 2ی 1982لە هەولێر لەگەڵ هەڵمەت یەکترمان بینی وتی باش بوو لێرەیت بەرنامەم هەیە و مەگەر تۆ لەگەڵم تەواو بکەیت، وتم چی یە؟
وتی مامۆستایەکی عەرەبمان بۆ هاتووە هەموو سەرەتای محازەرەیەک 20 خولەک قسە بە کورد و قیادەی کورد دەڵێت.! دەیکوژین، وتم: چۆن؟ ئێمە شارەزانین تۆ دەڵێیت: ڕێکخستنمان هەیە لە هەولێر، بائەوان بیکەن و ئێمە هاوکار بین. وتی نا با ئازایەتی یەکە بۆ خۆمان بێت. بەڵام لە پێشدا دیوار ئەنووسین و چەند هاوبیرێکی ترمان لەگەڵدایە. ڕاستییەکەی لە دڵەوە ئەترسام، بەڵام ئەوانەی لەگەڵم کاریان کردووە دەزانن قەت بۆ هیچ کارێک نەم وتووە نایکەم! (داخیشم لێ دەهات لە هەولێر دیوارێکم نەدەبینی نووسرابێت، لە کاتێکدا لە سلێمانی ببوە شتێکی ئاسایی و گەڕەکێک نەبوو، دەیان جار دیوارەکانی نەنووسرابێت و ئەم چالاکییانە پێش 1980ش دەبینران. دوای ئەوە خۆشم بە پاس و تەکسی چەند گەڕەکێک گەڕام، هیچم نەبینی، تەنانەت گەڕەکە دورەکانیش).
سەرەتای مانگی3ی 1982 بوو کاک هەڵمەت وتی؛ حەزدەکەم شوێنی مامۆستاکەت پێ بڵێم؛ خۆم بە تەکسی دوای کەوتوم. پێم وابێت 4 یان 5ڕۆژ بەیانیان زوو دەهات بە شوێنما (ڕۆژەکان لەسەر یەک نەئەچوین) بە تەکسی ئەچوینە شوێنەکە وتی؛ گەڕەکی زانکۆیە خانوی تازەی لێ بوو، هەندێک شوێنی چۆڵ و هەندێک خانوو تازە ئەکران.کۆتا ڕۆژ بینیمان وتی؛ تۆ جوان سەیری بکە نەوەک من بناسێتەوە. من ڕێگایەکم دانا بۆ کوشتنی. کاک هەڵمەت وتی پلانەکەت جەهەنەمیە ئاسانت کرد. مەوعیدمان دانا و هەینی لە سلێمانی یەکترمان بینی و دەمانچەکەم داپێی وتی کچێک وتویەتی؛ من بۆت دەهێنم بۆ هەولێر. (ئەمانە ئێستا گێڕانەوەیان ئاسانە). من چەند نووسراوێکی مانگانەی حیزبم لا بوو، بردم لەگەڵ خۆم بەکەتیرە لەگەڵ نووسینەکان، هەڵمواسین بە دیوارەوە. گەڕاینەوە هەولێر، یەکمان بینی. وتی؛ هەموو شتێکم ئامادە کردووە. بۆیاخ و دەستکێشی خوری بۆ ئەوەی دەستمان پیس نەبێت، ئەگەر گیراین. ڕۆژێک پێش ئەنجامدان ئاگادارت دەکەمەوە. ئەوە بوو17 لەسەر 18ی 3ی 1982 سەرلە ئێوارە چومە بەشە ناوخۆیی ئەوان و پێش 12ی شەو هەڵساین.کاتژمێری سفر 12ی شەوبوو دەستمان پێکرد، دوای چەند خولەکێک گوێم لە دەنگی تەقەیەکی کەم بوو، بەڵام دووربوو. وەستام وتم؛ تەقەیە هەڵمەت وتی؛ دەتەوێت شارێکی وا تەقەیەکی تێدا نەبێت؟ ئەو جێگایانەی سەرەکین و لەبیرم ماون.
1-دیواری بەردی قەڵا سەر شەقامەکە ڕوو لە پارێزگا.
2-دیوای قەڵا دەرگای سەرەوە خشتەکە ڕوی ڕۆژهەڵات.
3-نەقڵیاتی شیمال.
4-ناو حەوشەی سانەوی کوردستان.
5-ناو ئامادەیی پیشەسازی کوڕان.
6-دوو لاندکرۆزەری سپی (منظمات) نزیک ناوبازاڕەکە.
7-دوو لاندکرۆزەری سپی شباب.
لە کارگەی مافور دەرچوین لەسەر شەقامە سەرەکی یەکە دائیرەیەک بوو گەڕاجیان بە بۆری ئاو بۆ درووستکردبوو. تانزیک کاتژمێر 3ی شەو یەکی قتویەک بۆیاخمان تەواو کرد، شایەنی باسە دوو جار تووشی دەوریە بوین هەرجارەو بە جۆرێک ڕزگارمان بوو، کەتەواو بوین هەڵمەت منی بردەوە بۆ بەشە ناوخۆیی خۆم بەرانبەر سانەوی کوردستان بوو، خۆی ڕۆشتەوە. پێم وابێت تا بەیانی تەنیا نیو کاتژمێر خەوتم کە هەستام هەرچاوم لەسانەوی کوردستان بوو، بینیم ئوتومیلی ئەمن و نەجدە بەخێرایی دەهاتن و ئەچون. منیش یەکسەر هاتمەوە بۆ سلێمانی. کاک فەرەیدون غەفور کەخزمی خۆمە لەگەڵ هەڵمەت لە کۆلیژ و بەشەناوخۆیی بەیەکەوەبوون، شەوهات بۆ ماڵمان، باران ئەباری، وتی؛ ئەمڕۆ کاتژمێر سێ ئیحسان لەناو محازەرە گیراوە. ڕۆژی دواتر عەسر، سێ هاوڕێم دوابەدوای یەک هاتن بۆ ماڵمان وتیان ئەمن هاتون بۆ معهد بە دواتا. منیش لە دایک و باوکم ئەشاردەوە چەند ڕۆژێک لە ماڵ دور کەوتمەوە. کاتێک هەواڵم زانی چەند هاوبیرێکمان گیرابوون. ئەوەی بۆ من جێگای داخ بوو نەحیزب نە هاوبیرێک لەمنی نەپرسی یەوە تا ئەو کات خۆمم لە ڕژێم شاردەوە تا لێبوردنی گشتی. هەمان ساڵ و مانگی 8 لێبوردنی گشتی بوو، خۆم ڕادەست کردەوە، دوایی زانیم ئەوتەقەیەی سەرەتا من گوێم لێ بوو لە شەوی چالاکییەکەی هەولێر، یەکێک لە هاوبیرەکانمان گیرابوو. دوایی ناوی من و چەند کەسی تریان ئاشکرا کردبوو. شەڕە شەقی دوای ڕادەست بوونەوەش دەستی پێ کرد، لە ئەمنی شئون تەلەبە زۆریان لێ دەکردم، کاریان لەگەڵ بکەم. ئیغرایان دەکردم، زەویم لە سلێمانی دەوێت، یان هەولێر. وەکالەت وەر ئەگریت. چالاکییان بۆبکەم. من ڕەتمکردەوە! وتیان بادەوام دابنرێت قسەدەکەین، سەرەنجام وازم لەخوێندن هێنا و نەچومەوە.
دوای لێبوردنەکە کاک هەڵمەت لە بەندیخانە دەرچوو، سەردانم کرد. وتی وام زانی تۆش گیراویت.! گەردنم ئازاد بکە تەنیا سێ کاتژمێر خۆم گرتووە ئیعترافم لەسەر کردویت. وتم لەوانەیە من بە یەک کاتژمێر هەموو شتێکم بوتایە. ئەو قسانەی لەپشوو ئەمانکرد لەو کاتەدا ناخوات. پێم وابێت پێش تەواو بوونی لێبوردنەکە چووە دەرەوە و بوبە پێشمەرگە و دەمانچەکەشی وەک ئەمانەت لەگەڵ خۆی بردبووەوە. مەخابن دوای ماوەیەک شەهیدبوو.
ئێستەش بەهۆی ئەوەی پاسۆک نەما و حیزبەکانی تر باڵادەستن و ڕاگەیاندنیان هەیە، چالاکی حیزبەکانیان دیارە و ئەوانی تریش ون بوون. مەبەستم لە ڕێگەی ئەم نووسینەوە ڕاستییەکان وەک خۆی بڵێم بۆ مێژوو. [1]